یوسف خەلیل : چیبكەین ! تا بەردەوامی بدەین بەخۆشەویستی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتێك هەستت كرد ئەو كەسەی خۆشتدەوێت .. مەیلی لە یەكێكی دیكەیە ، یا كەوتۆتە ژێر كاریگەری یەكێكی دیكەوە .. تۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا دەكەیت .. دەنگی لێدادەبڕیت یا بەدووی ئەو بۆشاییەدا دەگەڕێی كە دروستبووە و ئەمەی هێناوەتە گۆڕێ ؟

لە خۆمەوە دەست پێدەكەم

لەمبارەیەوە نەورۆز مەولوود بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە : سەرەتا لە خۆمەوە دەست پێدەكەم و بەخۆمدا دەچمەوە .. پاشان لێكۆڵینەوە لەگەڵ كەسی بەرانبەر دەكەم بە مەبەستی تێگەیشتن لە بار و دۆخەكە و گەیشتن بە ئاكامێك و لێك نزیكبوونەوەی زیاتر بۆ زانینی ئاستی بیروڕای یەكدی و وە هەوڵدان بۆ ئاشكراكردنی ئەو نهێنیانەی كە لە ناخیدایە و پێوانەكردنی ئاكاری كەسی بەرانبەر لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو خێزانەی كە تێیدا پەروەردە بووە و قبوڵكردنی ئەو تەنگوچەڵەمانەی كە دێنە پێش و كاركردن بۆ چارەسەركردنی بە شێوەیەكی لە خۆبوردووانە ..

ئەم هەنگاوەی كاك نەورۆز كارێكی باشە بەڵام نەك كە روویدا پاشان بیر لەمە بكرێتەوە بەڵكو پێش ئەوەی رووبدا ئەم هەنگاوانە بنرێ ..

پێم سەیرە كەسانێك هەن لە كەسێك زیاتریان خۆش دەوێت

هەروەها ڤارۆ هەردیش لەمبارەیەوە گوتی : مرۆڤ یەكجار خۆشەویستی دەكات ، ئەگەر هاتوو هەزار كەسیشت خۆشبوێ‌ لە ئەنجامدا یەكێك هەڵدەبژێریت ، من وەك خۆم پێم سەیرە كەسانێك هەن لە كەسێك زیاتریان خۆش دەوێت ، راستە هەڵسوكەوتی مرۆڤ و بیركردنەوەی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی كە جیاوازە بەڵام من هەرگیز ئەو كەسانە بەسەركەوتوو نازانم كە بەو شێوەیە زوو دڵدەگۆڕن ، وەكاتێك ئەو كەسەی خۆشم ئەوێ‌ ئەگەر زانیم مەیلی لە یەكێكی كەیە یان كەوتۆتە ژێر كاریگەریی یەكێكی دیكەوە ، بێگومان زۆر زۆرم پێناخۆش دەبێت و بە هەموو شێوەیەك بێ موناقەشە لێی جیادەبمەوە و زەربی سفری ئەكەم ، چونكە ئەو كەسە ئەمڕۆ جێگرەوەیەك بۆ من دانێ‌ بێگومان بۆ كەسی دووەم و سێیەم بەهەمان شێوە دەبێت ، لێرەدا شتێك هەیە نابێت لەبیربچێت ئەو لە بیربردنەوە رەنگە بۆمن قورس بێت ئەبێت هەوڵبدەم هەرچۆنێك بێ لە بیری كەم چونكە من كچم بەسۆزم ناتوانم وەك كوڕێكی دڵڕەقبم كە بەلایەوە زۆر ئاسانە لەو جۆرە كارە بكات چونكە دروستبوونی نێر لە گۆشت و ئێسقانێكی رەق و توندرەو دروست بووە بەشێوەیەكی گشتی ناڵێم لەسەدا سەد ، وەبۆ پێشهاتی ئەم بابەتەش بێدەنگ نابم و پێی دەڵێم كە تۆ كەسێكی شایستەی هیچ نیت ، لێرەدا كە باسی كوڕ دەكەم چونكە خۆم كچم، ئەگەر كچێك وا بەرانبەر كوڕێك بكات .. بەڕای من كوڕەكەش ئەبێت هەمان هەڵوێستی هەبێت لەبیر خۆی بەرێتەوە ، خۆ ئەمە فیشەك نیە لە دەستیان دەرچوبێت لە كۆتاییدا هەر ئەوەندە دەڵێم ئەو كەسانەی لە كەسێك زیاتریان خۆشدەوێ‌ وەك نەخۆشی دەروونی وایە تازە فێری بوون و ناتوانن ئەو هەڵسوكەوتەیان بگۆڕن چونكە ئەو جۆرە كەسانە تەواو پێچەوانەی ئەو پەندەن كە دەڵێت : مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان چۆن قازانج ئەكەی تا نەكەی زیان، لای ئەم جۆرە كەسانە ئەژین بۆ مردن و ناژین بۆ ژیان…

ڤارۆش تا رادەیەك لە مەبەستەكە نزیكدەبێتەوە بەڵام نایەوێت خۆی زاماربكات ، چونكە ئەم هەڵانە بێ‌ هۆكار دروستنابن .. فەرامۆشكردنی پەیوەندی نێوان بۆشایی دێنێتەئارا و ساردبونەوە دروستدەكات ..

ژیان بریتی نیە لە تەنها عەشقێك

هەروەها هۆزانیش كە تا ئێستا بێدەنگ بوو وتی : دیارە مامەڵەكردن لەگەڵ وەها حاڵتێكدا قورسە بەو پێیەی مرۆڤایەتی بەگشتی بەشێوەیەكی موتڵەق پابەندە بە سۆز و هەستەوە ، بەڵام وەك خۆم گەر باسی بكەم ئەوا لە هەموو بارێكدا منیش ئەو كەسە وەلا دەنێم و گۆشەی چاو و دڵم فراوانتر ئەكەمە رووی عەشقێكی تر چونكە ژیان بریتی نیە لە تەنها عەشقێك و بەس بەڵكو دەبێت مرۆڤ بەردەوام توانای عاشق بوونی هەبێت ، بەو شێوەیە بێوەفایی كەسی بەرانبەر شەرمەزار ئەكەیت ..

هۆزان هاورێی بەرێز بەمكارەت هەمان شتی ئەوت دوبارە كردەوە ، ئەی بۆ تۆ نەتپرسی بۆ ئەو تۆی وەلانا ؟

بەردەوام لەو حاڵەتە دەترسم !!

بەهەمان شێوەش رێناس فایەقیش وتی : روودانی حاڵتێكی لەو جۆرە زۆر ناخۆشە .. نازانم چۆن باسی لێوە بكەم ؟ لەو رۆژەوەی هەستم بە عاشقبوونی خۆم كردووە لەگەڵ ئەو كەسەی خۆشم دەوێ‌ .. بەردەوام لەو حاڵەتە دەترسم !! جا ئەگەر بێت و كەسێكی دیكە جێگەی من لە دڵی ئەودا بگرێتەوە من چیبكەم ؟ بۆیە دەڵێم هەر كەس بەڵێنی خۆشەویستی بەیەكێك دابێت و مەیلی بەلای كەسێكی دیكەدا بێت ئەوا من بەخستنە پاڵی دوو كردار ناوی لێدەنێم (تاوانبار و كافر) تاوانبار بەوەی دڵێك دەكوژێ و كافرە بەوەی راستگۆ نەبووە لەگەڵ خۆشەویستەكەی بەرانبەر بەو بەڵێن و پەیمانانەی پێیداوە ..

رێناس خان ئەگەر ئەوەندە دەترسی لەو كارەساتە مەهێڵە دروست ببێت ئەمەش بە تەواوكردنی یەكدی بۆ هەمیشە دێتە ئارا ..

ناوی نانێم خۆشەویستی

ئارام عوسمانیش زۆر وردكارانە بۆ بابەتەكە چوو : خۆشەویستی گۆڕینەوەی هەست و سۆزە بۆ یەكتری ، ئەو دوو كەسەی دەچنە ناو ئەو دونیا تایبەتەوە پێویستە بە روونی قسە لەگەڵ یەكدا قسە بكەن و ئەوە ببڕێننەوە كە هەردووكیان رازین بە هەموو شتەكانی یەكتری ئەگینا ناوی نانرێ‌ خۆشەویستی ، بەڵكو تەنها حەز و ئارەزوویەكە دوو كەس دەیانەوێ‌ بۆ ماوەیەكی كاتی بەیەكەوەبن و دواتر داببڕێن ، خۆشەویستی هێندە گەورەیە بڕواناكەم هیچ هێزێك كاری لێبكات ، ئەگەر بەراستی یەكدیان بوێت هیچ هێزێكی مادی یا مەعنەوی ناتوانێ‌ كاریان لێبكات ، هەڵبەت ئەوەی لێرەدا باسی لێوە دەكرێ ناوی نانێم خۆشەویستی تەنها حەزە لە نێوان دووكەسدا دواتر كەسێكی دیكە دێت و ئێدی ئەو كەسە رەنگە بڕوانامەی زیاتری هەبێت دەوڵەمەندتر بێت سەرنجراكێشتر بێت كاریگەری لەسەر دروستكات و عەقڵیەتی ئەم كەسە هەڵدەگێڕێتەوە !! ئەم دوو كەسە كە حەزیان لە یەكبووە یاخوود ئارەزووی یەك دەكەن بۆ ماوەیەك پێكەوە دەبن كە كەلێن دەكەوێتە نێوانیان دوور دەكەونەوە لە یەكدی ، كاتێك ئێمە باسی خۆشەویستی دەكەین لەگەڵ حەزدا با جیای بكەینەوە كە حەز شتێكە و كاتییە و لە هەموو كەسێكدا هەیە بەڵام خۆشەویستی هەمیشەییە و لەگەڵ كەسەكاندا دەمێنێتەوە ، ئەو كاتەی حەز لە نێواندایە هەموو شتێك بۆی هەیە رووبدات بەڵام كە ئەبێت بە خۆشەویستی هیچ هێزێكی دەرەكی ناتوانێ‌ كاری تێبكات .. بۆیە جیاوازن لە یەكدی ، حەز لە دەرەوە كاریگەری لێدەكرێ بەڵام ئەو كاتەی دەبێت بە خۆشەویستی هیچ شتێك ناتوانێت كار لەم دوو كەسە بكەن ..

كاك ئارام بۆچوونت جوانە گەر بۆشایی دروست نەكرێت ئەگینا بەمشێوەیە نامێنێتەوە ..

باشترین رێگاچارە گەڕانە بە دوای هۆكاردا

تارا حەمە سەعیدیش بەدەم لەبەركرنی نۆتەی مۆزیكەوە وتی: هەركاتێك خۆشەویستیت كرد ئاگاداربە كەسێكت خۆشبوێت كە شایەنی ئەوە بێت ، چونكە یەكێك لە بەها جوانەكانی خۆشەویستی قوربانیدانە وە مەج نیە هەموو كەسیش شایەنی ئەو قوربانیە بێت ، بێگومان لە پەیوەندی خۆشەویستیدا وەك هەموو پەیوەندییەكانی تر كێشە و گرفتی تێدایە بە تایبەتی لەسەرەتای پەیوەندییەكەدا تا ئەو كاتەی هەردوولا بە تەواوی یەكتری ئەدۆزنەوە ، بەبڕوای من مرۆڤ هەركاتێك بەراستی كەسێكی خۆشبوێت ناتوانێت وا بە ئاسانی لە دەستی بدات ، لەبەر ئەوە باشترین رێگا چارە گەڕانەبە دوای هۆكاری دروستبوونی ئەو گرفتەدا و چارەسەر و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی ، چونكە زۆر ئەستەمە بە ئاسانی داڕمانی خۆشەویستی قبوڵ بكرێت ….

تاراخان بە حەزەرەوە لە بابەتەكە دەدوێت ، راستە هەموو پڕۆسەیەك پێویستی بە پلان و ئامادەكاری هەیە تا ئەنجامەكەی بەباش بكەوێتەوە..

پڕكردنەوەی كۆمەڵێك بۆشاییە بۆ یەكتری

لەگەڵ هەڵمژینی هەناسەیەكی قوڵدا ئازاد جەلالیش وتی : خۆشەویستی لەسەر بنەمایەك دروست دەبێت ئەویش متمانەیە بەیەكدی و پڕكردنەوەی كۆمەڵێك بۆشاییە بۆ یەكتری لە نێوان ئەو دوو رەگەزەیا ، هەمیشەش ئەوە ئەو حاڵەتە دروستدەكات كە ئەو كەسەی بەرانبەرت یەكێكی تر بۆ خۆی راكێشێ‌ بە بڕوای من تەنها بۆشاییە ئەوە دروستدەكات !! بۆیە پێش ئەوەی ئەو حاڵەتە رووبدات بەگرنگی دەزانم كارێكی وا نەكەین كە بەرانبەرەكەمان هەست بە بۆشایی بكات وەك (گرنگی پێنەدەیت ، بە لاوەكی قسەی لەگەڵ بكەیت ، گرنگی بە قسەكانی نەدەیت ) ئەمانەن ئەو حاڵەتانە دێننە ئارا ، لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا ئەو حاڵەتانە قبوڵ ناكرێت خەڵك لە جیاتی ئەوەی بچێت بەدوای چارەسەردا بگەڕێت بە دوای ئەوەدا دەگەڕێ بچێت دەستی بچێتە خوێنی ئەو كەسەی كە خۆشەویستەكەی بردووە .. جارێ‌ لە پێشدا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ‌ بەڵام چارەسەریش ئەوەیە بەدوای ئەو خاڵە لاوازانەدا بگەڕێت كە بووەتە هۆی دروستبونی ئەو حاڵەتە ، بێگومان كۆمەڵێك خاڵی لاواز هەیە هەموو مرۆڤێكیش خۆی ئەزانێ‌ ئەو خاڵە لاوازانە چیە لە خۆیا كە وایكردووە بەرانبەرەكەی دووربكەوێتەوە ، چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانە ئەبێتە هۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكە توندوتۆڵ بێت بەڵام بەشێوەیەكی تر حەزدەكەم زۆرێك لە كچ و كوڕ لە مڕۆدا هەندێك جار كۆمەڵێك شتی مادی ئەیانگۆڕێت مەسەلەكە لێرەدا پەیوەندی بەبۆشاییەوە نابێت ، پەیوەندی بەوەوە دەبێت ئەم كوڕە لە خۆشەویستەكەی جوانترە دەوڵەمەندترە پایەدارترە بڕوانامەی لەو بەرزترە ، بۆ هەردوولا ئەو حاڵەتە هەیە ، پێم وایە بەشێوەیەكی زۆریش تەنها نەك لە كاتی خۆشەویستیا بەڵكو دوای پڕۆسەی هاوسەرگیریش ئەو حاڵەتانە بەشێوەیەكی بەرچاو روویانداوە ، ئامارەكانی دادگاش شایەتی بۆ ئەو حاڵەتە دەدەن ..

كاك ئازاد توانی مەبەست بپێكێت بۆیە كردمە دوواكەس هیوای خۆشبەختی بۆ دەخوازم ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت