Sirwan-Abdul

‌سیروان عەبدول : دەنگی بۆمب وەک زەنگی بەخەبەرهێنانەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاکە شتێک کە لە ئێستادا بتوانین بە دڵنیاییەکی زۆرەوە سەبارەت بە ناسنامەی تەرەفی پشت تەقینەوەکانی دوێنێی پایتەخت بیڵێین ئەوەیە کە تا ئێستا ناتوانین بە دڵنیاییەکی زۆرەوە بڵێین کێ لەپشت ئەو تەقینەوانەوەیە . هەر ئەم نادڵنیاییەشە کە ئەوە دەکاتە ئەرکێکی هەنوکەیی و گرنگ کە بە جیدییەتێکی زۆر و بە شەفافییەتێک و بە عەقڵێکی ڕەخنەییەوە دوای دەستنیشانکردنی پلانداڕێژەران و هاوکاران و ئەنجامدەران و تەنانەت سەبەبکارانی ئەو کارە بکەوین .

لە دەقی ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پەیامەکەی ئەمڕۆی « سەرۆکی سەپێنراوی هەرێمی کوردستان» – دا ، وا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی و سیاسیی هەرێم نیازێکی ڕاستەقینەیان نییە ، نە لەوەدا کە لێکۆڵینەوەی جیددی لە دۆزەکەدا بکەن و ، نە لەوەشدا کە شەفافانە خەڵک لەو زانیارییانەدا بەشدار بکەن کە هەیانە لەسەر دۆزەکە و لەو لێکدانەوانەدا کە دەیکەن بۆی . بەڵام ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە شەفافییەت هەر تەنها ئەوە نییە چاوەڕوانییمان هەبێت دەسەڵات بە خواستی خۆی هیچ نەشارێتەوە، بەڵکو ئەوەشە کە زانیاریی لەژێر دەستی دەربێنین و کاری ناشەفافانەی لێ قورس بکەین. هەروەها جیدییەت لەدواکەوتنی دۆزێکی وا خەتەرناکدا هەر ئەوە نییە پێداگریی لەسەر ئەرکی بەرپرسانی ئەمنیی و سیاسیی بکەین بۆ لێکۆڵینەوە و دواکەوتنی سەرەداوەکان، بەڵکو ئەوەشە کە سەرباری هەوڵی ئەو بەرپرسانە بۆ دەرکردنی دۆزەکە لە دەست فەزای گشتیی و وونکردنی لەناو دەهلیزە تاریکەکانی بیرۆکراتییەت و حوکمداریی نامەسئولانەی خۆیاندا، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەو ڕووداوە خەتەرناکە بکەینە باسێکی گەرمی ناو فەزای گشتیی .

ئەوەی کە لە فەیسبوکدا لەژێر ناوی «دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام»دا نووسراوە و میدیاکان وەک ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتیی پیشانیان دا، نە ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتییە لە کردەوە تیرۆریستییەکە، وە نە ئاماژەیەکی وای تیایە کە پیشانی بدات «دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام» خاوەنی ئەو سایتەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا ووردبوونەوە لەو دەقەی کە نووسراوە و لێکۆڵینەوە لە ماهییەتی ئەو دوو پەیجە لە تویتەر و فەیسبوک، بۆی هەیە سەرەداوی گرنگ بەردەست بخات. هەڵپەی دەستپێشخەریی میدیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بڵاوکردنەوە و پیشاندانی ئەو پۆستانەی فەیسبووک وەک بەڵگەی بەرپرسیارێتیی ئەو ڕێکخراوەیە و، نەبینین و گرنگیینەدانی میدیاکان بەوەی کە دەقەکان بە زمانێکی عەرەبیی پڕ لە هەڵەی وا نووسراون کە زۆر لەوە دەچێت لەلایەن کەسێکی کوردزمانەوە (یان ڕەنگە فارسزمانەوە) نووسرابن ، ڕۆژنامەگەرییەکی ناڕەخنەیی و خۆشباوەڕانەیە کە هەرچییەک بێت ئەو ئامرازە نییە کە کۆمەڵگای ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەهەر کات زیاتر لەئێستادا پێویستی پێیەتی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو دوژمنانەی کە بەنهێنیی لە سەنگەردان بۆ زەربەلێدانی .

ووردبوونەوە لەو دۆزە و گەڕان بەدوای وەڵامدا بۆ پرسیارە بێوەڵامەکانی ناوی ، گرنگیی گەورەی هەیە، نەک هەر تەنها لەبەر ئەوەی هێرشێکە و گرنگە بەرپرسان لێی بدۆزرێنەوە ، بەڵکو لە حاڵەتی هەرێمی کوردستاندا تەنانەت ئەوەش سەختە بزانرێت بۆی هەیە چی تەرەفێک بەرژەوەندیی لە هێرشێکی وادا هەبێت و بۆی هەیە چی دافعێک لەپشت ئەو هێرشەوە بێت. ئەگەر هێرشێکی تیرۆریستیی لە کەربەلا یان حەلەب یان یان قەندەهار یان مەقادیشۆ یان بۆگۆتای کۆڵۆمبیا یان هەرێمی باسک لە ئیسپانیا ڕووبدات، سەخت نییە کەسێک یەکسەر بزانێت بۆی هەیە چی تەرەفێک ئەنجامدەری بێت. بەڵام لە حاڵەتی هەرێمی کوردستاندا و لەم سەردەمەی ئێستادا ئاسان نییە بزانرێت ئایا بەدیارییکراویی چی تەرەفێک هەیە بەرژەوەندیی و دافعی وا ئاشکرای هەبێت لە هێرشکردنە سەر دەزگاکانی ئاسایش لە هەولێر کە ئەو هەموو پلانڕێژییە زۆرەی بۆ بکات و ئەو ژمارە ئینتیحارییە زۆرە بۆ ئەنجامدانی بنێرێت و دواییش ئیعلانی بەرپرسیارێتیی خۆی نەکات لێی و بۆی گرنگ نەبێت خۆی بکاتە خاوەنی. ئەمە مانای ئەوەیە کە هێزێک هەیە لە بۆسەدایە بۆ زەربەدان لە کۆمەڵگای ئێمە لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای ئێمەش (بە هەرحاڵ خەڵکەکەی بەڵام مەرج نییە دەسەڵاتدارانی) هیچ ئاگایەکی لە ماهییەت و نیازخراپیی و قەبارە و توانای دەستوەشاندنی ئەو هێزە نییە و، تەنانەت ئەوەش نازانێت کە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم دەزانن بۆچی و لەلایەن کێوە ئەو کارە ئەنجام دراوە یان نا. هەبوونی دوژمن و ناحەز خەتەرناکە، بەڵام بێئاگابوون لە هەبوونی دوژمن و ناحەز و بێئاگابوون لە هەر نابەرپرسیارێتیی و ناشەفافییەتێک کە دەسەڵاتدارانی وڵات بۆی هەیە لە دۆزێکی وادا مومارەسەی بکەن، کارەکە خەتەرناکتر دەکات .

بە دەربڕینێکی تر: دەنگی ئەو بۆمبانەی دوێنێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەقینەوە، زەنگێکی بەخەبەرهێنانەوەیە کە پێمان دەڵێت ئەو ئارامیی و سەقامگیرییەی لەو هەرێمەدا هەیە ئارامیی و سەقامگیرییەکە کە دوژمنی گەورەی هەیە. لەبەرامبەردا، گرفت ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێمە وەک دەردەکەوێت دەنگی بۆمبیش خەبەری ناکاتەوە و تەنها یەک ڕۆژ دوای ڕوودانی ڕووداوێکی وا گەورە و خەتەرناک لەناو هەرێمەکەیدا، پێدەچێت بە تەما بێت پشت بکاتە ئاڵۆزییەکانی ئەو دۆزە و لەوە زیاتر دوای نەکەوێت و لێی وورد نەبێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت