‎بەیان ئیبراهیم: لە تەنیشت نەوشیروان مستەفاوە، (نما و چیا) خاوەنى جوگرافیاى گردەکە.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

‎بە بڕواى من پرسیار لەهەموو جوڵەیەکى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا ڕەوایەو لەجێى خۆیدایە، هەرگیز نابێت ئەم دوو کوڕە وەک دوو مرۆڤى ئاسایى چێژ لە ژیان و لە پچوکترین ماف و تەنانەت لە مەجلیس و دانیشتنى تەرفیهیش ببینن، نابێت سەرمایەى گەورەو ئوتومبیلى ناوازەو مەزرەعەو ڤێلاى گرانبەهایان هەبێت، نابێت عاشق ببن و هەرگیز ئەویندارى بکەن، لە کورتترین مانادا نابێت نماو چیا بە دڵى خۆیان لەچوارچێوەیەکى سادەو ئاسایى گەنجانەشدا مومارەسەى ژیان بکەن.
‎رەنگە هەندێک ئەوەى سەرەوە بەتاوان و بێویژدانیەکى گەورە بزانن، بەڵام لە سنوردارکردن و تاریکترکردنى ژیان و لەو رێگریە گەورەترو مەزنتر و بە شکۆتر ئەوەیە کە “نما و چیا کوڕى نەوشیروان مستەفان”. نەوەى نەوشیروان بوون باجەکەى قورسە، وەک چۆن لە ڕابردویشدا هەموو ئەوانەى لەبازنەى خانەوادەى نەوشیروان بوون نەدەبوو لە سەرمایەو پلەو پۆستە باڵاکان نزیک ببنەوە.

‎راپۆرتەکەى ئاوێنەو وروژاندنە گوماناویەکە.!
‎ناوەڕۆکى راپۆرتەکەى رۆژنامەى ئاوێنە لاى هەموان ئاشکرایە، کە بە بۆچونى من، دەکرا ساتى بڵاوبونەوەى راپۆرتەکە لانیکەم هەفتەیەک پاش یان پێشبکەوتایە تا چیدى گومانى گواستنەوەى ڕوناکیەکەى لەسەر (31ى ئاب) نەچێتەسەرو… هتد.
‎راستە ئێستا بەپێى یاسا هەر یەکە لە نما و چیا دەتوانن بە تەنها تەلەفۆنێک بزوتنەوەى گۆڕان فڕێبدەنە دەرەوەى سنورى جوگرافیاى گردەکە، دەتوانن بەتەنها نامەیەک بە رێکخەرى گشتى بزوتنەوەکە بڵێن سبەى مەیەرەوە بۆ گردەکە، دەتوانن بە پێى یاسا مامەڵە بە گردەکەو هەموو کەرەستەو دەزگاکانیەوە بکەن. بەڵام پەلە پەل و رکابەرى پێشوەختە بۆ شکاندنیان بۆ؟ توانج و ڕەخنەو تەشهیرو ناوزڕاندن و چواندنى نماو چیا بە (عودەى و قوسەى) بۆ.؟ ئیعلانکردنى دوژمنایەتى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا بۆ؟ بە تاڵانچى ناساندنى نماو چیا بۆ؟
‎ئایا پێش ئەو هەڵمەتە چڕە و پاش بڵاوبونەوەى راپۆرتەکە نەدەکرا چاوەڕێى وتەیەکى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا بین؟ نەدەکرا بزانین لایەنى سەرەکى بابەتەکە دەڵێن چى؟ نەدەکرا بۆ حورمەتگرتن لە رۆحى پڕشکۆى نەوشیروان بەتەنها (24) کاتژمێر دەرفەت بدەین بە کوڕەکانى تا وەڵامێک یان وتەیەکیان هەبێت؟

‎پەیوەندى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمپانیاى وشە.!
‎مێژوى دروست بوونى بزوتنەوەى گۆڕان چەند ساڵێک دەکەوێتە پاش دروستبوونى کۆمپانیاى وشە، ئەو کات کە کۆمپانیاى وشە هەبوو شتێک نەبوو بەناوى بزوتنەوەى گۆڕان، خاوەنى ئەم کۆمپانیایە خودى نەوشیروان مستەفا بوو، خاوەنى ئەم (122دۆنم) زەویە خودى نەوشیروان مستەفا بوو، لە راستیدا بزوتنەوەى گۆڕان کە سەرى هەڵداو وەک پارتێکى سیاسى بەشدارى هەڵبژاردنى کردو دواتر وەک حیزب مۆڵەتى کارکردنى پێدرا، کۆمپانیاى وشە وەک سپۆنسەرو وەک تەمویلى میدیایى بەهەموو دەزگاو کەرەستەکانیەوە خزمەتى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد.
‎هەڵەیەکى گەورەیە وابزانین و واتێبگەین کە کۆمپانیاى وشەو گردەکەى زەرگەتە موڵکى بزوتنەوەى گۆڕان بوون.
‎ئەوەى جێگەى پرسیارەو دەبوو ڕوون و ئاشکرابوایە پەیوەندى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمپانیاى وشەیە، رونە ئەگەر کۆمپانیاى وشەو گردەکەى زەرگەتە موڵکى بزوتنەوەى گۆڕانن.. بۆچى بەناوى نەوشیروان مستەفاوەبوون؟ سەرکردایەتى بزوتنەوەکە بۆچى لەماوەى (8 ساڵ)ى رابردودا ئەم بابەتەیان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا یەکلایی نەکردەوە؟ پرسیارێکى زۆر سادە.. ئایا بزوتنەوەى گۆڕان گردەکەى زەرگەتەى لەکوێ بوو؟ لەکێى کڕى و بەچەند کڕى و بۆچى کردى بەناوى نەوشیروان مستەفاوە؟ کەى چۆن و بەچ رێیەک بزوتنەوەى گۆڕان کۆمپانیاى وشەى دامەزراند؟ چەندیان دا بە کەرەستەکانى دەزگاکانى کۆمپانیاى وشە؟
‎ئاشکرایە کە کۆى ئەم موڵکو پشکە زۆرو زەوەندانە بەناوى خودى نەوشیروان مستەفاوەبوون، بە بۆچونى من سلێمانى و خەڵکەکەى هێندەى باڵاى مێژوو قەرزارى خودى نەوشیروان مستەفان کە توانى (122دۆنم) زەوى لەناوازەترین شوێنى ئەمشارە بپارێزێ و ئەگەر خودى نەوشیروان مستەفا نەبوایە بەبێ شک ئێستا ئەم گردى زەرگەتەیە چەندین باڵەخانەو باڕ و دیسکۆ و …هتد، بەرپرسەکانى لێدەبوو. ئێستا ئەم گردى زەرگەتەیە گەرمترین بازاڕى موڵک و خانەوبەرەو شوقە دەبوو. ئەوە نەوشیروان بوو ئەم جوگرافیایەى بە پاکى هێشتەوەو کردیە میمبەرى خەڵک.
‎بابپرسین پاش کۆچى نەوشیروان موڵک و ماڵ و هەرچى لەپاش بەجێدەمێنێت چیان بەسەردێ و دەچن بۆ کوێ؟ پێموایە وەڵامەکەى ئاسان و سادەو رونە.
‎لێرەوە بابەتى گرنگ چۆنێتى بیرکردنەوەى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفایە، جۆرى ئەو چوارچێوەیەیە کە بزوتنەوەى گۆڕان و ئەم دوو کوڕە پێکەوە کۆدەکاتەوە، روئیاى نماو چیایە بۆ بزوتنەوەکەو بۆ خەڵک و بۆ سیاسەت. ئایا خەڵک و خەبات، گەل و خزمەت لەکوێى بیرکردنەوەى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفان؟ سلێمانى لاى ئەم دوو کوڕە چییەو خەڵکەکەى چین؟ لەم گۆشە نیگایەوە چۆن ئەم پشکە زۆرو زەوەندانە بەکاردەهێنن؟ ئایا نەوشیروان مستەفا لەمبارەیەوە چى بەکوڕەکانى وتوە؟
‎بۆیە بەراى من پێویستە چاوەڕوانبین، بزانین ئەوان چى دەڵێن؟ ئایا دەیسەلمێنن کە هەڵگرى تایبەتمەندیەکانى نەوشیروان مستەفان؟ لێرەوە ئەوەى رۆڵ دەبینێت دڵسۆزانى رێبازەکەى نەوشیروان و خەمخۆران و پارێزەرانى هەیبەتى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت