شەریف هەژاریی : سیاسەتی پەکەکە لە ڕووی ستراتیژییەوە هەڵەیە !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێک بیست ساڵە پەکەکە لە ڕووی پارتزانییەوە خەباتی شکۆدار ئەخولقێنن، وەلێ تەنگەتیلەیی ئایدۆلۆژیایان و ئەفسانەبوون لەو هزرەدا تووشی هەڵەی سیاسیی-ستراتیژی کاریگەردانەری کردوون ، هەر ئەمەش بووە وایکردووە سەرەتا باس لە سەربەخۆبوونی گشت بەشەکان و یەکگرتنەوەیان و، پاشان گۆڕینی بۆ کۆنفیدراڵیی و ، پاشتر داوای ئۆتۆنۆمی دیموکراتی بۆ هەر پارچەیەک و ، لە ئێستاشدا سیستمی کانتۆنی ” شار- بەڕێوەبەری” یان هێناوەتەکایەوە !

هەر یەک لەم ئاراستەی دروشم گۆڕینانەیان ، کتومت ناواقیعیبوونیان بووە لە خوێندنەوەی ستراتیژ دا ، واتە ڕاستە لە ڕووی پارتیزانییەوە گیانبازبوون ، وەلێ لە ڕووی سیاسیی – ستراتیژیەوە تەنانەت لە حیزبێکی خێڵەکی وەک پارتی ناواقیعی تربوون !

چەند هۆکارێکی سەرەکی هەیە کە پەکەکەی تووشی ئەم ستراتیژ – گۆڕینانە لە درووشم دا کردووە ، دیارترینیان ناواقیعیبوونی ئەو باڵەیانە کە هەڵگری ئایدیای تەنگەتیلەی ستالینیزمن ! هەرچی ئەکەن نازانن چی بخوازن ! هەربۆیە سەرکردەکانی پەکەکە تا ئێستا هەڵەی سیاسیی – ستراتیژی خۆیانیان نەدۆزیوەتەوە ، بۆیە ئامانجی داواکاری سیاسییان ناڕوونە . ترسناکتر لە هەموو شتێکیش ، پێموایە پەکەکە لە هەندێ قۆناغدا زۆر بە ئاسانی ئەبنە تۆپی بەرپێی سیاسییەکانی ئێران -ڕووسیاوە، بەم پێیە : ئایدۆلۆژیاکەیان وایکردووە سەرەڕای هەر ڕۆژە و داواکارییەکی جیاوازیان هەیە بۆ دواڕۆژی کوردستان ئەوا ئێران – ڕووسیا بە ئاسانی بەکاریان دێنێت !

لە دوێنێوە هەواڵ گەرمە کە پەکەکە کانتۆنی شەنگالیشی ڕاگەیاندووە، ئەمە کتومت لە قازانجی ئێران و شیعەی عێراقە ، هەروەها لە ڕووی نەتەوەییشەوە سودی بۆ تورک و سونەکانیش هەیە ، چونکە تورکمان و سونەکانی کەرکوکیش بەهەمان شێوە داوای هەرێمی سەربەخۆی کەرکووک ئەکەن ، کەوابوو هەرێمی سەربەخۆی شنگال هاوتەریبە بە کارکردەکانی ئێران-شیعە بۆ لاوازکردنی هەیمەنەی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و ، زیاتر لەوەش هاوتەریبە بە داواکارییەکانی تورکمان و عەرەبە سونەکانی کەرکووک !

پرسیار ئەوەیە ، بۆ پەکەکە گەندەڵی پارتیی و یەکێتیی ناقۆزنەوە و ئەوانیش خراپتر لە پارتیی و یەکێتیی سیاسەت ئەکەن ؟

وەڵام : پێموایە سەرەڕای ناواقیعیبوونی ئایدۆلۆژیا تەنگەتیلەکەیان، ئەوا پەیوەندییە نا-هاوسەنگەکانی ئێران – پەکەکەیە ، ئێران لە گۆڕەپانەکەدا زۆر بە ئاسانی پەکەکە و یەکێتی ئەسوڕێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی ! هەربۆیە لە بری ئەوەی پەکەکە لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد و سەربەخۆیی بڕیاری خۆیداببوایە ! کەچی ڕاستەوخۆ خۆیخستووەتە ناو بەرژەوەندییە ئێرانییەکانی ئەنتی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی کوردانی باشورەوە !

ئەم سیاسەتەی پەکەکە هاوتەریبیشە بەو سیاسەتانەی کە ڕۆژگارێک لە ژێر دەستی حافیز ئەسەد دا ئەیانووت : کوردستانی سوریا بوونی نییە و کورد لە سوریا میوانن و لە تورکیاوە کۆچیان بۆ کردووە!! هەروەها هاوتای گۆڕینی ئاڵای کوردستان و ناوی پێشمەرگە بە گەریلایە کە پێکەوە هەموو ئەمانە : هەلەی سیاسیی -ستراتیژی کوشندەن بۆ پەکەکە !

ئاواتەخوازم ، هێندەی جوامێرییەکانی کچان و کوڕانی پەکەکە لە بەرخۆدانەکاندا ، ئاوهاش سەرکردە سیاسییەکانی پەکەکە درک بە هەڵە – ستراتیژژیەکانی خۆیان بکەن و دەلاقەیەک لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژئاوادا بکەنەوە و کاربکەن هاوسەنگانە لەگەڵ ئێرانا سیاسەت بکەن! چونکە ئێران تەنها و تەنها مەبەستی ئاژاوە و پەرتکردنی بزووتنەوەی هەقخوازی کوردە لە گشت بەشەکاندا!! ئەگەر نا ، حاڵی پەرتەوازەبوونی یەکێتیی لە ئێستادا ئەوا چاوەڕوانی پەکەکەش ئەکات ، چونکە هەر هێزێک ئێران دەستی تێ بخات ئەوا وەک بزووتنەوەی ئیسلامی جاران هێندە بەکاریان ئەهێنێت کە پاشتر هیچ ئیعتیبارێکی کاریگەریان نامێنێ و گەر ئەو هێزە بیانەوێت لە قۆناغێکیش دا سەربەخۆیی خۆیان بگێڕنەوە ئەوا هەر ئێران لە ڕێی کەسانی ڕوێنراو لە ئۆرگانەکانیان دا جیابوونەوە دروست ئەکا و دەیان باڵیان لێ پێک دێنێت ، هەر وەک چی هێنا بەسەر بزووتنەوەی ئیسلامیدا و چۆن ئێستا یەکێتی تەواو بێ سەروبەرە بووە، ئەوا پەکەکەش زوو فریا نەکەوێ ئێران وای بەسەر دێنێ !

تاکە قازانجی ئەم کانتۆن ڕاگەیاندنە ئەوەیە : پارتیی و یەکێتی زۆر کوردی ڕۆژهەڵات ‘ دیموکراتیان ‘ فرۆشت کەچی دیموکرات هەڵوێستیان هەر نەتەوەیی بوو ، بەڵام ئەم کانتۆن ڕاگەیاندنەی پەکەکە پەیامێکە بۆ پارتیی و یەکێتیی کە ئەگەر دەست بخنە پارچەکانی دیکە ئەوا ئاسانە حیزبەکانی ئەو بەشانەی دیکەش لوت و گوێتان بکەن و بە پارتیی و یەکێتیی بڵێن : بەسیەتی ئیتر تاکەی کوردی باکور و خۆرهەڵات بە تورک و فارس ئەفرۆشن . بەمپێیە ڕاستە کە پارتیی و یەکێتیش کەمیان بە پەکەکە نەکردووە ! بەڵام هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێ و پێویستە پەکەکە لەم قۆناغەدا کە باشوری کوردستان لە هەموو ڕوەکانەوە لە قەیراندایە ئەوا گەر گۆشتی کوردی باشوریش ئەخوا، ئێسکەکانیان نەشکێنێ !!   

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت