لاوک کونجرینی : لەنێوان قەزافی و بارزانی و تاڵەبانیدا چی ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 
ئێمە سواری قیتاری دیموکراسی بووین، بەگەیشتن بەئامانجمان دادەبەزین . ( ئۆردۆگان)
ئێمە خۆمان ناخەینە تۆڵەی خۆکوشتنەوە، تاوانبارانی حوکمی پێشو، ئەوانەی دەستیان سورە بەخوێنی خەڵکی یان گەمەیان بە دارایی گشتییەوە کردووە؛ قبول ناکەین بهێنرێنە بەردەرگای (نەهزە)، بەڵکو دەبێت ببرێنە بەردەرگای دادگاو لەوێ مافی خۆیان پێبدرێت ( ڕاشت خەنوشی ).
دەگێڕنەوە تاوانەکانی مێژووی دەسەڵاتی قەزافی تا مانگی فابریوەری 2011 لەکوشتار: نەگەیشتۆتە 100 کەس و لە زیندانی سیاسی نەگیشتۆتە 65 هەزارکەس.
بەڵام لەکوردستان لەژێر ڕکێفی پارتی و یەکیتی دا بەهەزاران کوژراوی سیاسی و بەهەزاران زیندانی سیاسیمان هەیە ، کەچی باس لەئازادی و مافی مرۆڤ و ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی ڕەها دەکرێت …
زۆر بەڕێکەوت مرۆڤەکان لە شێوەدا لەیەک دەچن، دەشێت لە بیرکردنەوەو ڕەفتاردا هاوتابن. سەرئەنجامی بیرکردنەوەو کۆتایی ژیانی دیکتاتۆرەکان یەکن، بەڵام زەمەن و شوێن ئاکاریان دەگۆڕێت. بیرکرنەوەو ڕەفتاری هەموو دیکتاتۆرەکان وابەستەن بە کورسی دەسەلات و کۆکردنەوەی زیاترو زیاتری سەرمایە، لەم پێوانەدا خوێنڕشتن و جیهانی تۆقاندن و ژیانێکی تراژیدیا بنیاد دەنێن، بۆیە دەسەڵاتەکانیان بە تراژیدیا کۆتایی دێت. هەموو دیکتاتۆرەکان بە خوێن هاتوون و بەخوێن ڕۆیشتوون، سەرئەنجام هەموو شتێک لەدەست دەدەن.
بن عەلی ڕۆیشت بەو هەموو جەبەروتەی دوایەوە، لەبەدەم هەڵمەتی ناڕازییەکانی خەڵکدا خۆی نەگرت و، لەماوەی 30 ساڵی رابردوو ئەوەی لەسەریەکی نا، بەجێی هێشت و بەتەماش نییە ئەوەی لەدەستیدایە بیخوات.
موبارەک، لەکونجی زینداندا خزا، کەچی 198 هەزار ئەمنی تایبەت و داڕشتنی دیوارەکۆنکرییەتییەکانی حیزبی سەرکردەو داراییەکی بێشومار فریادڕەسی نەبوون، پێفرۆشتنەوەی سەروەرییەکانی ڕابردوی دادی نەداو لەبەردەمی دادگایەکی گەلدا چاوڕێی سزاکانێتی.
قەزافی بۆ ماوەی چل ساڵ تەمەنی حوکم بۆ بنیادی خەونەکانی، هەرەسی هێنا؛ خەونی سپی نەهاتە دی و توشی خەونێکی ڕەش هات و بەتراژیدا کۆتای بە جەستەشی هات، قەزافی خاوەنی پەرتوکی سەوزو پڕۆژەی یەکێتی ئەفریکاو تەختی ئیمپراتۆری عەرەبی بوو. بینیمان چۆن و بە چ شێوەیەک بەدەست جەند گەنجێکەوە گەمە بەجەستەی کرا.
لەکوردستان قەیرانی دیموکراسی و گەندەڵی و گەمەکردن بەدارایی گشتی و مۆڵدانی دەسەڵات لەلایەن دوو خێزانەوە، هاوتایە بەقەیرانەکانی وڵاتانی عەرەبی. قەیرانی سیاسی و ئیداری لە وڵاتانی عەرەبی تائێستا سێ دەسەڵاتی ڕاپێچی بەردەمی دادگاو چارەنوسێکی تراژیدیا کردووە. لەمەڕ ئێمە هەستی هەڵسانەوەو بەرەنگاری و بەرگری کردن لەخود، هەرەسی هێناوەو ئەوەی گەلانی عەرەب قبوڵیان نەکرد، لای ئێمە مایەی شانازییە.
هەست و جوڵە لەکۆمەڵگای ئێمەدا شکستی هیناوەو بەدوای قەیرانەکاندا وێڵ نییە. مێژوومان پڕە لە شکستی تاکەکان لەئاست دەسەڵاتدا. هەمیشە تاکی کورد چۆکدادەر بووە لەئاست دەسەڵاتی ڕەهادا. دەسەڵاتەکان زۆر بەئاسانی توانیویانە پێوانەی مێشکی مرۆڤی کورد بکەن و دواتر بەپێی خواستی خۆیان کارکردەیان لەسەری هەبێت، ئەم وانەیە بۆسەرانی کورد پێداویستییەکی ژیانییە، ئەوان لەو شوێنەوە دەست پێدەکەن پایەکان دامەزراو و کەرەسەکان ئامادەو، ڕێگایەکی دووریان بۆ نزیک بۆتەوەو فەرمان و وتارەکان دەگۆڕن.
هەموو ئاوازە تۆتیالیتارەکان هاوچەشنن، گلەیی و ناڕازییەکان لە یەک تەنگەوە هەڵدەکەن. مرۆڤ و نەتەوەو دین و ڕەنگەکان وێنەی ناڕازی بونەکە دەگۆڕن. ئەمەیان هی لیبیایە ئەوەیان هی میسرەو ئەمەیان هی کوردستانە. بەڵام لەبنەمادا هەمویان هاوچەشنن و دەسەڵاتەکانیش نەوەی یەک تروکاندنن.
کاتێک باس لە نەهامەتی گەلی لیبیا دەکرێت، قەزافی وەک نمونەی دڕندە دێتەوە، کاتێک باس لە دروشمی ڕابوونی گەلی میسر دەکرێت، تەنها گەندەڵی و دەسەڵاتی تاکخێزان و پێشیلی ماڤی مرۆف دەکرێت، کاتێک باسی هەرێمی کوردستان دەکرێت دروشمی ناڕازییەکانی میسر ئامادەیەو دەتوانین هیچ پشوویەک نەدەین و هەمان دروشم بەرزبکەینەوە.
لەوڵاتانی وەک تونس و میسرو لیبیا، خەڵکە ناڕازییەکە بۆ ئەوە ڕاپەڕین تا شەبەحی دەسەڵاتی دەستاودەست و گەندەڵی و پێشەلی مافی مرۆڤ نەهێڵێت. ئایا دەسەڵاتی لا ئێمەش تاوانبار نییە بەم تاوانانە؟.
لای ئـێمە بۆماوەی چل ساڵ زیاتر لەنێوان دوو بەردەئاشی دوژمنەکانی دوێنێ و هاوپەیمانەکانی ئەمڕۆدا بەهەزاران کورد هاڕدران، لەونێوەدا ململانێی نادروستیان بەسەدان کەس تیرۆرو بەهەزاران زیندان و بێ ڕێژەش دەربەدەرو خانە لێتێکچوکران. لەمە تاوانتر چی هەیە؟.
دوژمنەکانی دوێنێ و دۆستەکانی ئەمڕۆ پاش ئەوەی ڕێککەوتن مەدرەسەی گەندەڵی پێشکەشی ئیدارەی گەلی کوردبکەن و بۆخۆیان و دارودەستەکانیان بەملیارەها دۆلاریان سەریەک نا. لەمەزیاتر چ گەندەڵییەکی تر هەیە ؟.
دوژمنەکانی دوێنی و دۆستەکانی ئەمڕۆ . شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان نەوەکانیان لەپاش خۆیان بێنە سەرحوکم و، درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتی دەستاو دەست بدەن. ئایا لەمەزیاتر چ بەرەیەک تر هەیە بۆ ڕماندنی ستراکتور دیموکراسی؟.
پێشێلەکان لە کوشتنی تاکێکەوە تا هەزاران، ڕێژەی تاوانەکان یەکلایی دەکەنەوە نەک کاڵ بوونەوەی تاوان. پارتی و یەکێتی بەهەزاران خەڵکیان لەسەر پارتی بوون و یەکێتی بوون کوشتووە، واتە تاوانی نیشتمانیان ئەنجام داوە، واتە تاوانبارن بەکوشتنی خەڵک. واتە مافی مرۆڤ پێشەلکراوە.
گەندەڵی قورگوراگەی هەموو گەلی گرتووەو بۆ خۆشیان دان بەگەندەڵیدا دەنێن و پاکانە بۆ چارەسەری دەدۆزنەوە و هەربۆخۆشیان بەشێکی گرنگی ئەو گەندەڵییەن. واتە لێپرسراوی گەندەڵی هەرخۆیانن.
سێبەری سەرۆک هەموو ڕۆژێک فەرمان دەردەکات و، لەئاستێکی بەرزدا نمایش دەکرێت و، هەموو چرکەساتێک لەئامادەباشیدایە بۆ جێگۆڕکێ. ڕۆژ نییە کوڕانی سەرۆک لەسەر مێدیاکانی حیزبدا وەک سەرۆک نەبینرێت. واتە گەوجاندنی دیموکراسی پرۆسەیە.
ئەوەی گەلی کوردو گەلانی ڕاپەڕیوی عەرەب جیادەکاتەوە، جگە لەناو و بەرگ و کلتورو نەتەوە تەنها هەستە، هیوادارم هەستی کورد بگاتە ئاستی هەستی گەلانی عەرەب و ئێمەش بەهەمان تەوژم کۆتایی بەدەسەڵاتی گەندەڵ و دەستاو دەست و پێشەلکاریی مافی مرۆڤ بهێنین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت