Ata-Qaradaxi-4

کورد : گەڕانەوە لە نەتەوەوە بۆ خێڵ : نووسینی : عەتا قەرەداخی

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 لێرەوە ئاشکرایە لەو کۆمەڵگەیانەدا کە رەوتێکی ئاسایی پەرەسەندنیان ھەبووە دامەزراوەکانی ھەر قۆناغێک بە سرووشتی لەسەردەمی خۆیدا پێکھاتووە، ھەروەک ھیکڵ باسی دەکات ، بە سیانەیەک ناوی دەبات لە خێزانەوە دەست پێدەکات بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و لەوێشەوە دەگات بە دەوڵەت .

لەو کۆمەڵگەیانەشدا کە پەرەسەندنێکی نائاساییان ھەیە وەکو زۆرێک لە کۆمەڵگە رۆژھەڵاتیەکان ئەوە لە خێزانەوە گواستنەوە بۆ دامەزراوەی خێڵ ، عەشیرەتەو لەوێشەوە ھەندێ جاری پێکھاتنی دەوڵەتی خێلە ، ھەندێ لەم کۆمەڵگەیانەش ناتوانن قۆناغی ژیانی خێڵایەتیان بەجێبھێڵن ، بە ئاسانی کۆمەڵگەی مەدەنیان تێدا درووست نابێت ، ژیانی سیستێمی خێڵایەتی بەھەموو خاسێتەکانییەوە درێژە دەکێشێت ، بۆ ماوەی درێژ دەمێنێتەوە .

لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا ھەمیشە ئاراستەی فەرمان شوازێکی ھەرەمی دەبێت کە ھاوشێوەی پێکھاتەی ھەرەمی خێڵەو ئاراستەی فەرمانیش لە ھەرەمی خێڵدا لە لوتکەوە بەرەو بنکەیە ، واتە فەرمان یەک ئاراستەی ھەیە ئەویش لە لوتکەوە بەرەو بنکەیە ، ھەر بۆیە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا مەسەلەی دیموکراسی و ئازادی لەبەردەم قەیران یان جۆرێک لە وەھم و رووکەشبووندایە .

 لە مێژووی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا ئەگەرچی بنیادێکی خێڵایەتیشیان ھەبووبێت ، کاتێک ناسیونالیزم پەرەی سەندووەو بووەتە بەرنامەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری، ئەوا ھەموو دامەزراوە ناوچەییەکانی لە جۆری دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت و دەستەو گروپە ناوچەییەکانی لە نێو ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە جەماوەیەدا دەتوێنەوەو لەیەکەیەکی گەورەتردا رێکدەخرێن کە یەکەی نەتەوەیە .

 بەڵام لەو کۆمەڵگە خێڵایەتیانەدا کە پەرەسەندنێکی نائاساییان ھەیەو ناسیونالیزم نەبووەتە بەرنامەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری ئەوە دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت بە خۆیان و ھەموو بنەماو خاسێت ئامادەبوونەکانیانەوە ماونەتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەو تاکو ئێستاش دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت بە زیندووی ماونەتەوەوبوون و ئامادەبوونی خۆیان لە رووبەرێکی فراواندا پیادە دەکەن .

 بێگومان لە ئێستادا سەرباری ئەوەی لەم بەشەی کوردستاندا کورد زیاتر لە بیست ساڵە خۆی خۆی بەڕێوە دەبات و لەرووکەشدا کوردستان لە رووی بیناسازی و رێگاوبان وشەقام و ھۆیەکانی پەیوەندی کردنەوە دیمەنی کۆمەڵگەوە وڵاتێکی تا ئەندازەیەک پێشکەوتووی ھەیە بەڵام لە رووی بنیادی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و لە رووی تەقسە کۆمەڵایەتیکانەوەو لە رووی عەقڵی باڵادەستەوە جۆرێکی ترەو ھەرگیز لە ئاستی ئەو رووکەشە گەشە کردووەدا نییەو دەتوانین بڵێن لە گەوھەردا کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خێڵایەتیەو تەنانەت دامەزراوەی حیزبیش لێرە سەرباری ئەوەی کە حیزب زیاتر دامەزراوەی کۆمەڵگەی شارە بەڵام حیزبی کوردی وەکو ئەڵتەرنایتیڤی خێڵ و عەشیرەت دەردەکەوێت بە تایبەتی لە رەفتارو لەو گوتارەشی کە ھەڵیگرتووە. چونکە بە گوێرەی کورد وەکو نەتەوە دەبێ بەرنامەی حیزبی کوردی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی بێت ئەگەر ئەو حیزبە لەوە پەڕیبێتەوە کەدامەزراوەی خێل بێت .

 بەڵام کاتێ: کە حیزب لە کوردستاندا بەرنامەی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی نەبێت مانای وایە حیزبێکی لۆکاڵیە لە رووی گوتارەوە یان وەکو فارابی باسی دەکات دامەزراوەوەی شاری ناتەواوە چونکە دامەزراوەوی شاری تەواو ھەڵگری گوتاری شارە کە گوتاری شاری تەواویش لە چەمکی فارابیدا بە مانای دەولەتی سنووردار دێت کە ئەو دەوڵەتە سنووردارەش بریتی بووە لە دەوڵەتی ئیسلامی سەردەمی فارابی خۆی. بەھەرحاڵ لە کوردستاندا گوتاری باڵادەست تاکو ئێستا نەبووەتە گوتاری تەواو واتە گوتاری نەتەوەیی چونکە گوتاری نەتەوەیی لە بوونی دەوڵەتدا پێناسە دەکرێت .

 ئەوە ئاشکرایە کە عەقڵ و ستراتیژی خێڵ ناوچەییە چونکە دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت لەسەر بنەمای دووانەی خوێن و دەمار پێکھاتووە کە ئەمەش مانای ئەوەیە سەرجەمی ئەندامانی خێڵێک یان عەشیرەتێک ھەمان رەگ و ریشەیان ھەیە کە دەشێ ئەوەش لە رووی دۆکیومێنتێکی مێژووییەوە پاڵپشت بکرێت کەپێی دەگوترێت درەختی بنەماڵە .

سەرجەم ئەندامانی خێڵ یان عەشیرەت لە رووی مەعنەوییەوە پەیوەستن بەو ھاوخوێنی و ھاودەمارییەوە و ئینتیمایەکی ئاشکرا بۆ ئەو رەگ و ریشەیە لە کۆمەڵگە خێڵایەتیەکاندا ھەیە لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی شاردا ئینتیما بۆ ئەو دامەزراوەو بۆ بنەماو پایەی سەرەکی ئەو دامەزراوەش ، کەخوێن و دەمارە ھەرەس دەھێنێت و تاکەکەس بە جۆرێکی ترو بە ئاراستەیەکی تر شوێنی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا دیاری دەکات و لەسەر بنەمای بوون و ئامادەبوونی خۆی شووناس بە دەست دەھێنێت نەک لەسەر بنەمای ئینتیمای خێڵایەتی و عەشەرتایەتی .

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئینتیما بۆ کامیان بەھێزترە ؟ بۆ خێڵ و عەشیرەت یان نەتەوەو نیشتیمان؟ ئایا کامیان لە کوردستان باڵادەستەو زیاتر کاری پێدەکرێت: دەستوورو یاساکانی بەڕێوەبردن ، یان داب و نەریت و یاساو رێساکانی خێڵ و عەشیرەت ؟ ئایا ئێستا شوێن و پێگەی سەرۆک خێڵ و شێخ و ئاغاو بەگ لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری کوردستان لە لایەک و لەبەرامبەر جەماوەردا لەلایەکی ترەوە لە کوێدایە؟ ئایا لە دوای راپەڕین دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت لە کوردستاندا بەرەو لاوازی و پووکانەوە چووە یان جارێکی تر زیندوو کراوەتەوەو رێزو بەھای بۆ گێڕدراوەتەوە؟ ئایا لە نێوان دەسەڵاتی ئێستای کوردی و حیزبی کوردیدا دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت لە کوێدایە؟ ئایا کۆکردنەوەی خێڵ و عەشیەرتەکانی کوردستان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا بریتی نییە لە ھەوڵێکی جیدی بۆ زیندوکردنەوەو بەھێزکردنەوەی ئەو جۆرە دامەزراوەیە کە کاتی بەسەرچووەو تەنانەت لە مێژووی خۆیشیدا نەیتوانیووە لە کوردستاندا بە ئاراستەی یەکگرتنء و یەکبوون بجوڵێت واتە کاربکات بۆ درووستکردنی فیدراسیۆنی خێڵایەتی و دەوڵەتی خێڵ پێکبھێنێت ، ئایا لە ئێستادا زیندووکردنەوەی ئەم دامەزراوە بێجگە لە گێڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ بارێک کە تیایدا ئینتیما لە جیاتی نەتەوەو نیشتیمان بۆ خێڵ و عەشیرەت و ناوچەیەکی دیاری کراو زیاتر ھیچی تر نییە کە ئەمەش بەتەواوەتی ناکۆکە لە گەڵ گوتری شاردا کە گوتاری نەتەوەییەو وتیایدا ئینتیما تەنیا بۆ نەتەوەو نیشتیمانە .

 ئەوە ئاشکرایە خێڵ لە کوردستاندا نەیتوانیووە لە نێوخۆیدا یەکگرتن درووست بکات و بەو پێیەش فیدراسیۆنی خێڵایەتی پێکبھێنایەو دەوڵەتی خێڵی لە مێژووی کورددا درووست بکردایە .

ھەروەک پێشتر باسمان کردووە لە کاتێکدا کە خێڵ لە کۆمەڵگە ئاساییەکاندا دەوڵەتی خێڵی پێکھێناوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا خێڵ دامەزراوەی میرنشینی پێکھێناوە ، کەئەگەر ئەم دامەزراوە واتە میرنشین بەراورد بکرێت بە دامەزراوەی دەوڵەت ئەوا میرنشین دامەزراوەیەکی ناوچەیی دواکەوتووترو بچوکتنرە لە دەوڵەت و لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیشەوە مانای ئەوەی ھەیە کە کۆمەڵگە لەبری بەرھەمھێنانی دەوڵەت دامەزراوەی میرنشینی بەر ھەم ھێناوە .

 ھەروەک لەدوای ھەڵوەشاندنەوەی میرنشینەکانیش  ، خێلی کوردی وەکو یەکەیەکی ناوچەیی ماوەتەوەو پارێزگاری لە بنەماکانی خۆی کردووە کە ئەوەش لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە مادیء مەعنەوییکانی خێڵ و عەشیرەت خۆیدا بووەو ھەرگیز بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە نەجوڵاوە .

تەنانەت لە سەرھەڵدانی راپەڕینەکانی کورددا ھەر لەسەردەمی بزووتنەوەی بەردخانییەکانەوە ، عەقڵی خێڵ و ستراتیژی خێڵ بەربەست بووە لەبەردەم یەکگرتنی پێکھاتە جیاوازەکانی نەتەوەداو رێگای نەداوە ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان یەکبگرن و ببنە ھێزێکی پتەو کە سیماو خاسێتی نەتەوەیی ھەبێت .

 ئەوەتا دەبینرێت بەگشتی بزووتنەوەکانی کورد لە سنووری ناوچەیەکی دیاریکراو تەنانەت لە سنووری عەشیرەت یان خێڵێکی دیاری کراو یان ھەر ھیچ نەبێت لە سنووری بەشێکی کوردستانی دابەشکراودا ماونەتەوەو نەیانتوانیووە ھەموو جەستەی نەتەوە بگرنەوە .

ھۆی سەرەکی ئەم دیاردەیەش لاوازی ناسیونالیزمی کوردی و باڵادەستبوونی عەقڵ و ستراتیژی خێڵایەتی کوردی بووە لە کوردستاندا .

 لە دوای روخاندنی رژێمی پاشایەتی لە عێراقدا ، یاسای چاککردنی کشتوکاڵ دەرچوو ، کەبەپێی ئەو یاسایە زۆرینەی زەوی خاوەن موڵکەکان دابەش دەکرا بەسەر جوتیاراندا. ھەرچەندە ئاغاو بەگ و شێخە خاوەن موڵکەکانی کوردستان بەو یاسا رازی نەبوون و لەبنەڕەتیشەوە پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول ژمارەیەکی دیارو لەو ئاغاو بەگ و شێخە خاوەن موڵکانە دەستیان دابووە چەک بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵاتی قاسم کە لە گەوھەردا مەبەستیان کوردایەتی نەبوو بەو ئەندازە کەھەوڵیان دەدا یاسای چاککردنی کشتاوکاڵ جێبەجێ نەکرێت .

بەھەرحاڵ ئەو یاسایە لە سوودو بەرژەوەندی جوتیار بوو بەڵام ئاغاو بەگ و شێخی خاوەن موڵک توانیان ھەمان ئەو جوتیارانەی کەلەو یاسایە سوودمەند دەبوون ، بەکاربھێنن بۆ رێگرتن لە جێبەجێکردنی یاساکە. بەھەرحاڵ بەعس وەکو رژێمێکی تۆتالیتار کە ھات ئەو یاسایەی ھەڵنەوەشاندەوە ، ئەگەرچی کوردستانی بە نەخشەیکی بەرنامە بۆداڕێژراو قۆناغ بە قۆناغ والێکرد کە دەستی جوتیاری کوردی لە زەوی بڕی و بەوەش رێگای خۆشکرد بۆ ئەوەی سەرجەمی خەڵکی لادێ لە ئۆردوگا زۆرە ملێکان و لە شارەکادندا کۆبکاتەوەو لەو رێگایەشەوە وەھایان لێبکات بەشێکیان بکات بەخەفیفەو پاداشتی زۆرێک لە ئاغاو بەگ و شێخی سەرخێڵ و سەرۆک عەشیرەت پاداشت بکات و بیانکات بە موستەشارو جوتیارەکانی ئەوساش کەزەوییەکانی ئەمانیان بەسەردا دابەشکردبوو بکات بەخەفیفەی دوای ئەوان.

بەڵام لە دوای راپەڕین و درووستبوونی دەسەڵاتی کوردی زۆرێک لەو ئاغاو بەگ و شێخانە کرانەوە بە خاوەنی ئەو زەویانەی کە پێشتر بەسەرجوتیارەکاندا دابەشکرابوون بەوەش جارێکی تر دەسەڵاتی کوردی ئیعتیباری بۆ ئاغاو بەگ و شێخەکان گێڕایەوە لەسەر بنەمای بەلاوەنانی جوتیاران و ئەو کەسانەی کە زەوییەکانیان بەسەردا دابەشکرابوو.

سەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتەی دەسەڵاتی کوردی و شان بەشانی ئەوەش رێگاخۆشکردن بۆ درووستبوونی یەکێتی شێخان و زیندووکردنەوەی سەرخێڵ و سەرۆک عەشیرەتەکان و سەرباری گێڕانەوەوی زۆربەی ئەو زەویانەی کە دابەشکرابوون بۆیان ، کردنیان بەھاوبەشی ئابووری شاریش لە درووستکردنی کۆمپانیاو وەرگرتنی تەندەرو کردنەوەی بەنزینخانەو مارکێت و بینای زەبەلاح و کردنی خۆیان یان کەسە نزیکەکانیان بە ئەندامی پەرلەمان و وەزیرو پێدانی پۆستی تری بەرزی حیزبی و حکومی و بەدوای ئەوەشدا یارمەتیدانیان بۆ درووستکردنی بنکەی رۆشنبیری خێڵ و عەشیرەت و کۆکردنەوەیان بە ناوی زیندووکردنەوەی کەلتوورو داب و نەریتی کۆنی ئەو خێڵ و عەشیرەتانە بەپاساوی ئەوەی کەگوایە بەشێکە لە کەلتووری نەتەوەیی کورد.

 ئەوشێوازی بایەخدانەی دەسەڵات بەم یەکە کۆمەڵایەتیانەی کە کاتیان بەسەرچووە ، جارێکیتر دابەشکردنەوەی یەکێتی نەتەوەیی کوردە کە ئێستا لە قۆناغی پێکھاتندایە .

 ئێمە دەزانین کە حیزب لە کوردستاندا لە بری ئەوەی ھۆکاری یەکخستنی کوردو یەکگرتنی بێت ھۆکاری دابەش بوون و پەرتبوون بووە ، بەھەمان شێوە ئێستا ھەرچۆن خێڵ و عەشیرەتی کوردی لە رابردوودا دابەشبوو پەرتبوو بووە ، ئێستاش لە زیندووکردنەوەی کەلتووری خێڵایەتیدا کەئەویش لە برەودان بە خێڵ و عەشیرەتەکان و درووستکرنی بنکەو کۆمەڵە بۆیان بە ناوی بنکەو کۆمەڵەی رووناکبیرییەوەو پاشانیش ھەریەکیان رۆژێکی تایبەتی لەساڵەکەدا بە ناوەوە ناونراوە کە سەیران و مەراسیمی خێڵایەتی خۆیانی تێدابکەن ئەوەندەی تری جەستەی کوردی پەرتکردووەو پەرت دەکات. چونکە کاتێ خێڵ و عەشیرەت زیندوو دەکرێتەوە لەھەر رێگایەکەوە بێت مانای وایە بانگەشە بۆ بارزڕاگرتنی کەلتووری خێڵ و عەشیرەت دەدرێت کە ئەویش لەسەر بنەمای خوێن و دەمار درووستبووەو بەوپێیە بانگەشە بۆ کەلتوورێک دەکرێت کە پایەی خۆین و دەمار بەرھەمی ھێناوە ئەویش کەلتوورێکی داخراوو تەنگە نەفەسەو تەنیا خۆی دەبینێت و بڕوای بەبوونی خۆی ھەیەو لەم کەلتوورەو لەدامەزراوەی خێڵیشدا بە گشتی ئینتیما بۆ خودی خێڵ و عەشیرەت و ئەو دامەزراوە ناوچەییەکانە کە ئەوەش پێچەوانەی چەمکی نەتەوەو مەسەلەی نەتەوایەتیە چونکە لەبری ئینتیما بۆ نەتەوەو نیشتیمان ، ئینتیما بۆ خێڵ و ناوچەو خوێن و دەمارو درەختی بنەماڵەی خێڵ و عەشیرەتە .

 کاتێ خێڵ و عەشیرەتی کوردی خۆی درووستدەکاتەوەو بنکەی رۆشنبیری خۆی درووست دەکات و رۆژی ئاھەنگ گیڕانی خۆی دیاری دەکات ؛ مانای وایە زەمینە سازیی دەکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو کەلتوورو عەقڵە داخراوەی خێڵ کەپێی وایە ئەم لەپێش ھەموو ئەوانی ترەوەیەو بۆ ئەوەی ئەم ھەبێت ؛ دەبێت ھەموو ئەوانی تر بسڕێتەوە. کەواتە ئەگەر چەمکی نەتەوە ھاوواتای یەکگرتن و یەکبوون بێت ! ئەواچەمکی خێڵ و عەشیرەت ھاوواتای دابەشبوون و پەرتبوون و ئینتیمایە بۆ خێڵ و عەشیرەت و خوێن و دەمارو ناوچەکە ئەمەش ئەگەر بەراوردی بکەیت بەھەندێ قۆناغی رابردوو لەمێژووی نزیکی کورددا ئەوا وەکو گەڕانەوە لەنەتەوەوە بۆ خێڵ دێتە پێش چاو ، ئەمەش لە راستیدا پێچەوانەی رەوتی مێژووەو وەکو بەرنامەیەک سەیردەکرێت بۆ ھێشتنەوەی کورد لە قۆناغی دابەشبوون و پەرتبووندا.

راستە لەکەلتووری خێڵاتی کوردیدا خاڵی گەش ھەیە ، بەڵام ئەوە بەوە زیندوو ناکرێتەوە کە ھەر خێل و عەشیرەتێک رۆژی تایبەتیان ھەبێت بۆ چوونە سەیران. بەڵکو دەشێ ھەموو لایەنە پۆزەتیفەکانی دامەزراوەی خێڵ و ژیانی خێڵایەتی وەکو توخم و رەگەزەکانی بیناکردنەوەی کەسێتی سەیربکرێن بەمەرجێ بەچاوی رەخنەوە بخوێندرێنەوەو ئەو لایەنە پۆزەتیفانە بڵندبکرێن تا ئەوئاستەی دەتوانن ببن بەبنەما بۆ یەکگرتنەوەو یەکبوونی نەتەوە کەئەوەش لە قۆناغی درووستبوونی ناسیونالیستێکی پەرەسەندووی ئەوتۆدا دەبێت ، کە ئەو ناسیونالیستە ببێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری .

306 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست