Mamosta-Pshko

قه‌یرانێک ، هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین . پشکۆنه‌جمه‌دین

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆمه‌ڵی کوردستان، پاش بیست ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین و حوکمی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، له‌ قه‌یرانێکی جیددی و مه‌ترسیداردا ده‌ژیێ! قه‌یرانێک، ئاوێنه‌ی شکستی حوکم و ئیفلیجیی سیستێمی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنمان ده‌داته‌ ده‌ست و له‌وێدا ده‌شێ نموونه‌ی ناشیرینی به‌ واقیعکردنی خه‌ونه‌کانمان بۆ ئازادی و ئاستی نیشتمانپه‌روه‌ری و مافی هاوڵاتیبوون ببینین .

قه‌یرانێک پێمان ده‌ڵێ: بیست ساڵانه‌، ئێمه‌ ده‌ستمان به‌ چمکی درۆیه‌کی گه‌وره‌وه‌ گرتووه‌ و له‌ وه‌همی دیموکراتی، کرانه‌وه‌، چاکسازیی سیاسی و کۆمه‌ڵاێتی و فه‌رهه‌نگیدا ده‌ژین .

قه‌یرانێک، له‌ژێر کارکردی زریانێکی رۆژهه‌ڵاتگردا، ده‌ته‌قێته‌وه‌ و دێت هه‌رچییه‌کی له‌ ماوه‌ی بیست ساڵاندا بنیات نراوه،‌ ژێراوژووری ده‌کات و که‌س نازانێت به‌ کوێمان ده‌گه‌یه‌نێت ؟

ئه‌م قه‌یرانه‌، ڕووداوێکی کتوپڕ و له‌خۆڕا یاخود به‌ ئه‌نقه‌ست دروستکراو نییه‌ و سه‌رچاوه‌که‌ی سیستێمێکی ناته‌ندروست و نامۆی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تییه‌ که‌ بیست ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ ڕه‌گه‌ز و خه‌سڵه‌ته‌ نائه‌قلانییه‌کانی خۆی ده‌رباز بکات و فۆڕم و نێوه‌ڕۆکێکی گونجاو له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی حوکمکردنی مۆدرندا، بۆ خۆی ببینێته‌وه‌! سیستێمێک که‌ بێ هووده‌ که‌ڵه‌وه‌کیشی له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌و خۆگونجاندن له‌نێو مۆدێلێکی حوکمکردندا ده‌کات که‌ لانی که‌می به‌رانبه‌ریی سیاسی و کۆمه‌ڵاێتی دابین بکات .

جیاوازیی کۆمه‌ڵاێتی، هه‌ژاری و بێکاری ، جووتکۆمه‌ڵی ( کۆمه‌ڵی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات) ، بێپلانی ، گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری دیارده‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌کانی سیستێمێکی سیاسین که‌ پێویستی به‌ ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی هه‌یه‌ ، چاکسازی له‌ سیستێم و پاکسازی له‌ جومگه‌کانی حیزب و ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا ، ته‌نها ڕێگه‌چاره‌ی ده‌ربازبوونه‌ له‌ قه‌یرانه‌ پڕ زه‌بر و تووڕه‌ییه‌که‌ی ئێستای کوردستان

داخۆ ده‌کرا ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌م دۆخه‌ی ئێستای نه‌گات ؟‌

داخۆ ده‌شیا شه‌قامه‌کانی سلێمانی ، ئاوا هه‌ڵنه‌چن و سیمای ڕاپه‌ڕینه‌ خوێناوییه‌که‌ی بیست ساڵ پێش ئێستا ، دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ؟

من پێم وایه‌ ده‌کرا و ده‌شیا ئه‌گه‌ر :

* ده‌سه‌ڵات ، هه‌ر نه‌بێ له‌ پاش ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ ، که‌مێک لووتبه‌رزیی سیاسیی خۆی نه‌وی کردبا و خه‌می خه‌ڵک و شه‌قامی کوردیی به‌ هه‌ند گرتبا، تۆڕێکی لێکگه‌یشتنی له‌نێوان ده‌سگاکانی خۆی و ڕۆشنبیران و توێژه‌رانی سیاسی و کۆمه‌ڵاێتیی کورددا چێ کردبا و گوێی له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌کانیان گرتبا !

* ده‌سه‌ڵات ، فه‌زایه‌کی ته‌ندروستی بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌ گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن خولقاندبا و وه‌کو به‌شێک له‌ سیستێمی سیاسی و پرۆسه‌ی دیموکراسی لێی ڕوانیبا !

* ئۆپۆزیسیۆن ، خۆی به‌ زه‌بر و توندوتیژی بارگاوی نه‌کردبا ، له‌ ئه‌دا و کاری ئۆپۆزیسیۆنبوون گه‌یشتبا ، ڕک و کینه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی حیزبیی تێکڵاو به‌ پرۆسه‌ی کاری خۆی نه‌کردبا ، له‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی دیفاکتۆی له‌ ململانێی حیزبی به‌رهه‌مهاتوودا، بۆ ئۆپۆزیسیۆنێکی نۆرماڵ گۆڕدرابا! جیاوازیی نێوان مانگرتن و خۆپیشاندان و “ڕاپه‌ڕین”ی کردبا! ئۆپۆزیسیۆن ، پشوودرێژتر با و به‌ ئه‌قڵێک کاری کردبا که‌ له‌گه‌ڵ لۆژیکی کاری ئۆپۆزیسیۆن که‌ ‌ته‌مه‌نێکی ئێجگار کورتی هه‌یه‌ ، گونجابا !

* میدیای کوردی ” ئازاد و نائازاد!”، به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی به‌رزتریان له‌ ئه‌ستۆ گرتبا و به‌شێک نه‌بوونایه‌ له‌ قووڵکردنه‌وه‌ی که‌لتووری توندوتیژی !

ئه‌م دۆخه‌ی کوردستان، قه‌یرانێکه‌ هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین و شکستی سیاسی و ئه‌خلاقیی هه‌موومان نیشان ده‌دات !

ئێستاش :

* ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ پله‌ی یه‌ک ، ئۆپۆزیسیۆن ” بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان” یش له‌ پاش ده‌سه‌ڵات ، ئه‌رکی هێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ و ڕێگرتن . له‌ هه‌ڵکشانی توندوتیژی و خوێنڕژتنی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

* حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ ئاستێکی به‌رزدا ، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌راندا دابنیشێت ، گوێیان لێ بگرێت و داخوازییه‌کانیان له‌ کورتترین ماوه‌دا ، جێبه‌جێ بکات .

* خۆپشانده‌ران ، جیاوازیی دۆخی کوردستان و مه‌ترسییه‌کانی ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له‌به‌رچاو بگرن و سنوورێک له‌نێوان خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕیندا دابنێن !

* ده‌سه‌ڵات زه‌وینه‌یه‌ک بۆ دیالۆگ و دانووستاندن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن چێ بکات و پرۆژه‌یه‌ک بۆ چاکسازیی ڕیشه‌یی له‌ سیستێمی سیاسی ، ئیداری و قه‌زاییدا دابڕێژن و له‌ژێر ساباتێکی زه‌مه‌نیدا جێبه‌جێی بکه‌ن !

12 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست