Dubai

کامەران وریا قانع : دوبه‌ى نرخی سه‌ركه‌وتن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌مه‌ ناونیشانى ئه‌و كتێبه‌ یاساغەیه‌ له‌ دوبه‌ى كه‌ باسى ئه‌و دیارده‌ شاراوانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ پشت ئه‌و پێشكه‌وتنانەن كە له‌ ئاوادان كردنه‌وه‌ی ئەو میرنیشينە روویانداوه‌.

ئه‌م كتێبه‌ له‌ سویسرا لە ساڵى 2012 به‌ زمانى فه‌ره‌نسى نوسراوه‌ له‌ لایه‌ن ” نه‌بیل مالك” به‌ ره‌گه‌ز میسرى كه‌ زیاتر له‌ 15 ساڵ له‌ دوبه‌ى ژیاوه‌ وه‌كو نوێنه‌رى یه‌كێك له‌ بانكه‌كانى سویسرا.

نووسه‌ر ئه‌لێت ” ئه‌وه‌ى له‌ دوبه‌ى روویدا ئه‌توانین ناوى بنێین معجزه‌, چونكه‌ ئه‌م میرنیشه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌ خاوه‌نى سه‌رمایه‌ى مرۆڤى بوو, نه‌سه‌رمایه‌كى دارایى, نه‌ ته‌كنه‌لوجیاى پێشكه‌وتو , نه‌ ئاو و هه‌وایه‌كى له‌بار نه‌ شوێنى گه‌شتیارى وه‌كو میسرو لوبنان… هتد به‌ڵام توانى ببێته‌ یه‌كێك له‌ سه‌نته‌ره‌ هه‌ر گرنگه‌كانى بازرگانى جیهان” نوسه‌ر به‌رده‌وام ئه‌بێت ئه‌لێت” به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ له‌رووى ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ نه‌یتوانى هه‌مان پێشكه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنێت له‌ رووى یاساكان و مافه‌كان, له‌وێ ئه‌میرێك هه‌یه‌ وه‌كو به‌رێوه‌به‌رێكى گشتى كۆمپانیایه‌ك ئه‌و میرنشینه‌ به‌رێوه‌ ئه‌بات, كه‌ توانى سوود له‌ ناكۆكى نێوان دراوسێكانى وه‌رگرێت ” .

نوسه‌ر ئه‌لێت : وه‌كو ئیلتزامێكى ئه‌خلاقى ناتوانم بێ ده‌نگ بم له‌و هه‌موو حاله‌ته‌ نا یاسایانه‌ كه‌ روویان دا له‌ ماوه‌ى ئه‌م 25 ساڵه‌ى ئاوادان كردنه‌وه‌ وه‌كو ” زۆر بوونى رێژه‌ى له‌شفروشى له‌ یانه‌كانى شه‌وان , ده‌پرسێت ده‌سه‌ڵاتداران چۆن رازى بوون ئافره‌تانى زۆر گه‌نج كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 16 و 15 ساڵ زیاتر نیه‌ ئه‌م كارانه‌ بكه‌ن؟, به‌ شێوه‌یه‌ك دوبه‌ى بوته‌ مەلهایه‌كى گه‌وره‌, هه‌روه‌ها قورسى خراپی بارودۆخی ئه‌و كرێكاره‌ بێگانانه‌ كه‌ له‌وێ كار ئه‌كه‌ن ، كاتێك ئه‌وان پروپاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كە به‌سیسته‌مێكى ئابورى لیبرال كار ئه‌كه‌ن , باشترین نموونه‌ له‌ كاتى دروست كردنى گه‌وره‌ترین بورج ( خه‌لیفه‌) 800 كرێكار گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ , ئه‌مه‌ش بارێكى سروشتى نیه‌ و ئه‌بێت سنورێكى بۆ دابنرێت.

هه‌روه‌ها بوونى مه‌رجی كه‌فیلێكى خۆماڵى تا بتوانیت له‌وێ كار بكه‌یت كه‌ ئه‌توانێت به‌ ئاسانى ئیفلاست پێبكات ئه‌گه‌ر كه‌سێكى خراپ ده‌رچوو” نووسه‌ر كه‌ باسى هاولاتى ئه‌كات ئه‌لێت : ئه‌م چه‌مكه‌ هیچ گرنگیه‌كى پێنادرێت , دانیشتوانى بنه‌ره‌تى دوبه‌ى نزیكه‌ى سه‌د هه‌زار بو سه‌دو په‌نجا هه‌زار ئه‌بێت له‌ تێكراى سه‌رنشینى دوبه‌ى كه‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌سه‌, ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه‌ خێراییه‌ وایكردوه‌ نوخبه‌یه‌كى نه‌خوێنده‌وار له‌ پیاوان له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ دروست بێت كه‌ به‌ ته‌نها بوون به‌ كه‌فیلى كۆمپانیایه‌ك ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌دارى گه‌وره‌,به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئافره‌تان زیاتر روو له‌ زانكۆكان ده‌كه‌ن, ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ دوا رۆژى ئه‌و میرنشینه‌ به‌ ده‌ست ئافره‌ته‌وه‌ بێت.

دوبه‌ى ئێستا بوه‌ته‌ تێكه‌لێك له‌ لوس ئه‌نجلس و مونتكارلۆ و میامی, ئیتر چۆن ئه‌توانى نه‌وه‌ى داهاتوو په‌روه‌رده‌ بكه‌یت كاتێك چاویان ئه‌كه‌نه‌وه‌ خه‌ڵكانێك پاره‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ بێ هیچ خوێنده‌واریه‌ك. هه‌روه‌ها خراپی ره‌وشى په‌روه‌رده‌ و زۆر بوونى رووداوه‌كانى هاتوچۆ كه‌ بیست جار زیاتره‌ له‌ ولاتێكى وه‌كو سویسرا, ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نه‌بوونى میدیاى ئازاد و هه‌ڵبژاردن … هتد . له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نووسه‌ر دوارۆژى دوبەی به‌ باش ئه‌بینیت, ئه‌گه‌ر چاكسازى تیا بكه‌ن .