Nuri-Maliki

عەتا قەرەداخی: مالیکی و کورد.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەنگی ناڕەزایی زۆرینەی عێراقییەکان بەرامبەر بە مالیکی و حکومەتەکەی، عێراقی گەیاندۆتە قەیرانێکی خنکێنەر ، بە جۆرێک کە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ماوەی دەسەڵاتداری مالیکیدا لە کارکەوتووە ، بە تایبەتی لە ماوەی دوای پاشەکشەکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا .

ھەڵبەت مەبەست لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا گۆڕینی سیستێمی سیاسی بوو لە سیستێمێکی مەرکەزی بەھێزەوە بۆ سیستێمێکی فیدراڵی و گۆڕینی سیستێمی حوکمڕانی لە سیستێمێکی دیکتاتۆری شمولی فاشیەوە بۆ سیستێمێکی حوکمڕانی دیموکراتی کە ھەمووان ھاوبەش بن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا .

ھەرچەندە ئەوە ئاشکرایە کەلتووری دیموکراتی پەیوەندی بەشێوازی پەروەردەکرن و سیستێمی خوێندن و پەروەردەو سیستێمی پێکھاتنی خێزان و ئاستی ھوشیاری و ئامادەبوونی تاکەکەسەوە ھەیە ، بەڵام دوای ئەو مێژووە دوورو درێژەی حوکمڕانی پاشایەتی تاکڕەھەندو دیکتاتۆریەتی تاک حیزبی و دەسەڵاتی تاکەکەسی ، دەشیا سیتێمێکی حوکمڕانی ھاوبەش لەسەر بنەمای دیموکراتی تەوافوقی لەم وڵاتەدا درووست بکرایە.

دیارە دەسەڵاتی حەوت ساڵی رابردووی مالیکی و جەعفەری ئەو ئەگەرەی ھەڵوەشاندەوەو لەگەڵ بەھێزبوونی دەسەڵاتی عێراقدا دەسەڵاتی ناوەند بەگشتی و دەسەڵاتی تاکەکەسی سەرۆک وەزیران بە تایبەتی رۆژ بەرۆژ بەھێزتر دەبێت کە ئەوەش لەسەر حیسابی مەسەلەی دیموکراتی و سیستێمی فەرمانڕەوایی لامەرکەزییە لە عێراقدا ، ئەوەش لە ھەنگاوی یەکەمدا پێشێل کردنی دەستووری عێراقە.

ئەوەی خەڵک ھەتا ئێستا لێی دڵنیانییە ئەوەیە ئایا بەراستی ئەوەندە دەنگ لەپەرلەمانی عێراقدا کۆدەکرێتەوە کەبەشی لێسەندنەوەی متمانە لە مالیکی بکات ؟ دیارە ئەگەر ئەوەندە دەنگ کۆکرایەوە کە متمانە لە مالیکی وەربگیرێتەوە ، ئەوا مێژووی مالیکی لە سیاسەتی عێراقیدا بەرەو کۆتایی دەچێتء رەنگە رکەبەرەکانی مالیکی لەنێو حیزب و لایەنەکانی شیعەی عێراقی و تەنانەت لەنێو حیزبی دەعوەشدابەوە ئاسوودەبن کە مالیکی لە پۆستەکەی بھێنرێتە خوارەوە ، چونکە دەشێ ھەست بکەن کە مالیکی بووەتە بەربەست لەبەردەم ئەواندا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ھەموو پێیان وایە ئەو پۆستە لە دەستی شیعەدا دەبێت، تا ئەو کاتەی لە عێراقدا حکومەتێکی یەکگرتوو ھەبێت. بە گوێرەی مالیکیش کە ھەمان عەقڵیەت و دیدو بۆچوونی دیکتاتۆرە بستەباڵاکانی رۆژھەڵاتی ھەیەو ھەمان شێوەی سەدام حسێن و قەزافی و عەلی عەبدوڵاو بەشار ئەسەدو ئەوانی تر ناتوانێت تەسەوری ئەوە بکات کە لەکورسی فەرمان بھێنرێتە خوارەوە ، لەکاتێکدا لەسەردەمی حکومڕانی ئەودا عێراق لەرووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بیناکردنەوەوە ھیچ گەشەو پەرەسەندنێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیووەو تاکو ئێستاش بێجگە لەکوردستان ، عێراقی عەرەبی بەکەرکوکی داگیرکراویشەوە لە وێرانەیەک دەچێت ، ھەمان شێوەی ئەو وێرانەی دوای جەنگی جیھانی یەکەم درووستبوو ، کەبووە ئیلھامی نووسینی قەسیدە بە ناوبانگەکەی تۆماس ستێرن ئیللیەتی شاعیری بەناوبانگی ئینگلیزی بە ناوی وێرانە خاک .

بەڵێ عێراقییەکان ئەوانەی لەمێژوودا بەرەشە خەڵکی عێراق ناوبراون ، واتە گەل یان خەڵک ، مافی خۆیانە بە تەواوەتی ئەو سیستێمە سیاسیە رەتبکەنەوە لە کاتێکدا عێراق وڵاتێکە لەسەر دەریای نەوت و خاک و ئاوێکە پڕ لەپیت و فەڕ بەڵام ئەوان لە برسێتی و نەداری و ئەو پەڕی خراپیدا دەژین ، ئەویش لەسایەی ئەو سیستێمە سیاسیء رێبەرێتیەی ئێستادا کە ئاغای مالیکی جێگرەوەی رەسەنی سەدام حسین لە لوتکەکەیدایەو ھەمان شێوەی سەدام حسێن ھەموو دەسەڵاتەکانی لە دەستی خۆیدا ھێشتووەتەوە ، سەدام حسێن ئەگەر بە ناویش بوایە کەسێکی دەکرد بە وەزیری بەرگری و یەکێکی تریشی دەکرد بەوەزیری ناوخۆ ، بەڵام ئاغای مالیکی ئەوەش ناکات بەڵکو ھەرخۆی ئەو دوو وەزارەتە گرنگەش بەرَێوەدەبات .

بۆیە بۆ کەسان و لایەنێک کە بڕوایان بەوە ھەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق و لەسایەی عێراقێکی یەکگرتوودا بژین ھەقی خۆیانە بەگومانەوە سەیری ئەو ھەڵوێستانەی مالیکی بکەن و دەبێ لەوەش دڵنیابن کە ئەو شێوازە کارکردنە شێوازی دیکتاتۆرەکانەو ئەگەر مالیکی بەم عەقڵیەتەوە کە عەقڵیەتی سەرجەم عەرەبی شیعەو سوونەی عیێراقە کاربکات و بەردەوام بێت ئەوا لەکورتترین کاتدا عێراق دەگێڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی مەرکەزی بەھێزو جگە لەشیعە بەگشتی و حیزبەکەی مالیکی خۆی بەتایبەتی و کەسی خۆیشی لەوە تایبەتتر ، بوار نادات بەھیچ عێراقیەک دەنگی ھەبێت .

کەواتە ئایا داواکردنی لابردنی مالیکی رەوایە یان نا؟ بێگومان لە رووی ئەخلاقی سیاسیەوە ئەگەر ماالیکیء زۆر بەرپرسی تری عێراقیش بەتەنگ خەڵکی عێراقەوە بھاتنایە ، یان بەواتایەکی تر ئیلتیزامی ئەخلاقی سیاسیان ھەبووایە ، دەبوو دەیان جار خۆیان بەخوایشتی خۆیان دەستیان لەکار بکێشایەتەوە ، لەکاتێکدا بەھەزاران کەس لە لاوازی باری ئاسایشی وڵاتدا دەتلێنەوەو لە ئەنجامی ناکۆکی مەزھەبیء تایەفی بوونەتە قۆچی قوربانی کە زۆرینەی ئەو رووداوانە لە وڵاتانی دیموکراتیدا دەبێتە ھۆی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆو بەرپرسەکانی ئاسایش و تەنانەت زۆربەی کات لێپرسینەوەشیان لەگەڵ دەکرێت ، کەچی ئاغا دەسەڵاتدارەکانی عێراق بێباک لەخوێنی ئەو ھەموو ھاووڵاتیانە ھەمان شێوەی سەدام حسێن ھەر لەھەوڵی پتەوکردنی کورسیەکەیاندان .

بێگومان ئەو مانایانەی کە لابردن یان ھەوڵدان بۆ لابردنی مالیکی پێمان دەڵێت ئەمانەن . یەکەم ئەگەر ئەمجارە توانرا لە نێو پەرلەماندا متمانە لە مالیکی بسەندرێتەوە ، ئەوە مانای وایە عێراق ھەنگاوێکی گرنگ بەئاراستەی دوورکەوتنەوە لەسیستێمی دیکتاتۆری تاکەکەسی ھەڵدەھێنێت و بۆئەمەودواش ئەوە دەبێت بەکەلتوور کە ھەردەسەڵاتدارێک لە خواست و ویستەکانی گەل دووربکەوێتەوە یان دەستووری عێراقی پێشێل بکات یان بێتوانا بێت لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا یان تەنیا خەریکی خۆی و حیزبەکەی و مەزھەبەکەی یان تایەفەکەی بێت ئەوا نوێنەرانی گەلانی عێراق دەتوانن لەپەرلەماندا کش مەلیکی لێبکەن ، ئەوەش دەبێت بەربەستێکی باش لەبەردەم ھەر بەرپرسێکی باڵای عێراقیدا و رێگای نادات بەئارەزووی خۆی چۆنی دەوێت وابکات .

دووەم ئەگەر ئەمجارە نەتوانرا متمانە لەمالیکی بسەندرێتەوە ، دیسان ئەو فشارەی کە لەسەری درووستبووە ، دەبێتە جۆرێک لەوریاکردنەوەو دەشێ نەئەوو نەھیچ سەرۆک حکومەتێکی تر لەداھاتووی عێراقدا بوێری ئەوەی نەبێت پشت لە داواکارییەکانی گەل بکات و خۆی ھەموو دەسەڵاتە گرنگەکان بگرێتە دەست و دەستووری عێراقی پێشێل بکات ، بۆیە لەھەردوو حاڵەتەکەدا واتە چی متمانە لەمالیکی وەربگیرێتەوە یان نا ، ئەوا فشارێکی زۆر لەسەر کەسی سەرۆک وەزیران دانراوەو بەئاشکراش ئەو دەنگە بیسترا کە عێراقییەکان ناتوانن ھەروا بەئاسانی ئەوە قبوڵ بکەن جارێکی تر لەبری خەونی دیموکراتی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، دیکتاتۆریەت و فاشیەت و سەرکردەی تاکوتەنھا فەرمانڕەوایەتیان بکات .

پێموایە لە ئێستادا مالیکی کە ئەو کارکتەرەیە کە نوێنەرایەتی راستەقینەی سەدام حسێن دەکات لەرووی ھەڵسوکەوتیەوە لەگەڵ ئەوانی تردا ، تێدەگات ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت ، ھەروەک ھەرکەسێکی تریش لەدوای مالیکی بێت دیسان ھەرناتوانێت بەئاسانی بەپێی خواست و ویستەکانی خۆی کاربکات ، بەڵکو ئەم فشارە سەرئەنجام ئەوە جێگیر دەکات کەدەبێ ئەو کەسەی لەعێراقدا دەبێتە سەرۆکی حکومەت ، لەچوارچێوەی دەستووری عێراقیدا کاربکات و راستتر وایە بڵێین دەبێ جێبەجیکەری دەستوور بێت. کەواتە ئەوەی جێگای بایەخە لەم فشارەی کەتا ئێستا لەسەر مالیکی بەردەوامە ، ئەوەیە کە رێگا بگیرێت لە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی تاکەکەوس بۆ عێراق .

کوردو مالیکی : ئەوە ئاشکرایە کەکورد رۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لەدرووستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی دوای روخاندنی سەدام حسێنداو ، لەبەر ئەو ھەڵوێستەش سەرکردایەتی سیاسی کوردی رەخنەیەکی زۆری لێگیراوەو من تاکو ئێستاش بڕوام وایە نەدەبوو سەرکردایەتی سیاسی کوردی بچوایەتە بەغداو لەگەڵ کۆمەڵێ کەسی نێو پایتەختەکانی ئێران و دەوڵەتانی عەرەبی و ئەوروپادا ، کە رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو لە خەبات دژی بەعسدا ، دابنیشێت و دەوڵەتی عێراقیان بۆ درووست بکاتەوە ، وەکو ئێستاش دەیبینین ھیچ کام لەوسەرکردانەی کە بەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوون و بەپشتی ئەمەریکاو بەیارمەتی کورد گەیشتنەوە بەغدا ، ناتوانن دان بەمافەکانی کورددا بنێن . دواتریش کەجەعفەری بەحیساب دۆستی کورد کەکرا بەسەرۆک وەزیران ، ھیچ ھەنگاوێکی لەبەرژەوەندی کورد نەنا ، تاسەرئەنجام کورد دەوری خۆی بینی لەوەیدا کە لەکورسی سەرۆک وەزیری دوور بخرێتەوە.

پاشانیش مالیکی بەپاڵپشتی کورد بۆ جاری یەکەم بوو بەسەرۆک وەزیران و بۆ جاری دووەمیش لەسەر خوانی کورد لەھەولێر کرایەوە بە سەرۆک وەزیران ، بەڵام ئەمیش ھەمان شێوەی جەعفەری مامۆستای ، بەجدی دژایەتی کوردی دەست پێکرد.

پێشتر سونەکان دادو بێدادی زۆریان لەدەست مالیکی ھەبوو، بەڵام شتێکی ئەوتۆیان پێنەکرا بەڵکو بە پێچەوانەوە مالیکی توانی درز بخاتە نێو لیستی عێراقیەوە.

بەڵام کاتێ کورد بە ئاشکرا ناڕەزایی خۆیی بەرامبەر بەمالیکی نیشاندا ، مالیکی وای بۆدەچوو کەدەتوانێت چی بەرامبەر بەلیستی عێراقیەی نوێنەری سوونە کردووە ھەمان شت بەرامبەر بەکوردیش بکات . بەڵام کورد لە ھەنگاوی یەکەمدا مالیکی بەپێشێلکەری یاساو دژی فیدراڵی و دیموکراتی و بەکەسێک وەسفکرد کەدەیەوێت دیکتاتۆریەت بگێڕیتەوە بۆ عێراق ، لەھەنگاوی دووەمیشدا کورد رایگەیاند کەھەوڵدەدات بۆ سەندنەوەی متمانە لەمالێکی کە ئێستا مالیکی بەترسەوە سەیری ئەو مەسەلە دەکات و دەترسێت لەنێو پەرلەمان متمانەی لێوەربگیرێتەوە کە ئەوەش ئەگەرێکی نزیکە .

ئێستا کوردو مالیکی لەململانێیەکی سەختدان کە دەشێ کورد لە وەدەرنانی مالیکی لەئەنجومەنی وەزیران سەرکەوتن بە دەست بھێنێت بەوەش خزمەتێکی زۆری عێراقیەکان دەکات چونکە وەدەرنانی مالیکی مانای کۆتایی ھێنان بە ژیانی سیاسی ھەموو ئەوانەی کە خەون بەگێڕانەوەی عێراقەوە بۆ رژێمێکی مەرکەزی شمولی تۆتالیتارەوە دەبینن . لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەری ئەوە ھەیە کەدابەشبوون لەریزی کورددا درووست ببێت بە تایبەتی ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی لەژێر کاریگەری ئێراندا ناچار بێت دەنگ بۆ متمانە سەندنەوە لە مالیکی نەدات ، ئەوە مانای وایە رێکەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو ھەڵوەشاندنەوە دەچێت و لەبارێکی وەھاشدا ئەگەری ئەوە ھەیە کە پارتی لە حکومەتی مالیکی بکشێتەوە کە ئەوەش قۆناغێکی تر لەبارودۆخی سیاسی لە کوردستاندا دێنێتە ئاراوە کە زیاتر بە ئاراستەی لێکتر دوور کەوتنەوەی نێوان یەکێتی و پارتی کۆتایی دێت و من وەکو پێشتریش نووسیبووم دەشێ ھەوڵەکانی یەکێتی بۆ نزیکبوونەوە لە گۆڕان و ئەو ھەموو حیکایەتەی کە سکرتێری گشتی یەکێتی لە یادی سی و حەوت ساڵەی حیزبەکەیدا لە نێوان خۆی و رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕاندا گێڕایەوەو زیاتر لە بیست و پێنج جار ناوی کاک نەوشیروان مستەفای ھێنا ، بەڵگەی ھەست کردنی یەکێتیە بە پێویستبوونی دۆزینەوەی ھاوپەیمانی نوێ ئەگەر ھاتوو ھاوپەیمانێتی پارتی لە دەستچوو چونکە لە رووی ژمارەی کورسیەکانەوە، ئەگەر پارتی لە حکومەتەکەی مالیکی بکشێتەوە یەکێتی ئەوەندەی دەنگ نابێت کە مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق بێت.

کەواتە بەم بارەیاندا ئەگەری ئەوە ھەیە مانەوەی مالیکی درز بخاتە نێو ریزی ھاوپەیمانی کوردستانییەوە.

کەواتە بۆ کورد گرنگە بزانێت چی دەکات و باشتریش وایە ئەگەر شکستی ھێنا لە سەندنەوەی متمانە لە مالیکی بە شێوەیەکی یەکگرتوو، لە حکومەتی عێراقی بکشێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ رێکخستنەوەی ناو ماڵی خۆی و بە جیدی کاربکات بۆ جیابوونەوە لەو عێراقەی کە ئازادی و دیموکراسی و سەربەستی و گەیشتنی کورد لە سایەیدا بە مافەکانی جگە لە وەھم ھیچی تر نییە .