سلێمانی لە نێوان شارو بوون بەپایتەختی رۆشنبیری و نامۆبووندا نووسینی : عەتا قەرەداخی ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

سلێمانی یەکێکە لەشارە نوێیەکانی کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش .

بەپێی زۆرێک لە بۆچوونەکان کاتێ میرانی بابان شاری سلێمانیان بیناکرد بەمەبەستی ئەوە بوو کە بیکەن بەپایتەختی میرنشینەکەیان . شێوازی بیناسازی و نەخشەی بنەڕەتی شار بەشوێنی درووستکردنی گەڕەکەکان و مزگەوت و بازاڕو گەرماوو ئاوو ئاوەڕۆوەکانەوە جۆرە نوێکارییەکی تێدابووە . کە زیاتر جۆرێک بووە لە شێوازی بیناسازی شار ئەگەرچی ئەو شێوازە سادەش بوو بێت. 

دیارە ئەوە ئاشکرایە کە لەرووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە شار لەئەنجامی گواستنەوەی کۆمەڵگە لەقۆناغی ژیانی لادێ یان قۆناغی ئابووری فیودیالیەوە بۆ قۆناغی ئابووری سەرمایەداری درووست دەبێت کە لەئەنجامی ئەو پەرەسەندنەدا شار ھێزی کار لەلادێوە بەرەو لای خۆی رادەکێشێت و لەو سەروبەندەشدا بازاڕی ناوخۆو بازاڕی ھاوبەش و چینی ناوەند درووست دەبێت کە ئەو چینەش بەرھەمھێنی کەلتووری شارو عەقڵی شارەو بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردیش کە لەرووی سیاسی و ئیدارییەوە داگیرکراوو دابەشکراوبووە ، درووستبوونی چینی ناوەند ، ئەگەر درووست ببووایە ، رۆڵی دیارو لەبەرچاوی دەبینی لە ھەڵگرتنی ئەرکە دیموکراسیەکاندا کە مەسەلەی نەتەوایەتیش دەکەوێتە ئەو رووبەرەوە .

بۆیە دەشیا لەگەڵ درووستبوونی شاردا ئەگەر شار لەئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا درووست ببووایە ، چینی ناوەند ببووایەتە خاوەن و ھەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی کوردی و لەو سەروبەندەشدا کورد بەئاراستەی رزگاربوون و سەربەخۆیی ھەنگاوی بنایەو لەبارێکی وەھاشدا ئەو شارەی کە بابانەکان درووستیان کرد تا بیکەنە پایتەختی میرنشینەکەیان ، ئەوا ببوایەتە پایتەختی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی .

بەڵام دیارە سلێمانی سەرباری ئەوەی کە وەھا درووستکراوە کەببێتە پایتەختی میرنشین بەڵام خاسێت و سیفاتەکانی شاری وەکو شارێکی سرووشتی ھەڵنەگرتووە و تەنانەت ئێستاش پاشی تێپەڕبوونی دوو سەدو بیستء حەوت ساڵ بەسەر درووستکردنیدا تاکو ئێستاش لەگەوھەردا زیاتر لەوەی خاسێتەکانی شاری ھەبێت خاسێتەکانی گوندی ھەیەو تاکو ئێستاش سلێمانی بەشێوەیەکی ئاسۆیی بەپێی ناوچەو خێڵ و عەشیرەتەکانی ئەو رووبەرە جوگرافیایەی کەپێی دەگوترێت سلێمانی ، دابەشکراوە .

میرنشینی بابان دوای گواستنەوەی بۆ پایتەختی نوێی کەسلێمانی بووەو بە تایبەتیش سێ دەیەی کۆتایی تەمەنی میرنشینەکە ، دەبێتە زەمینەی دوو دیاردەی دیارو لەبەرچاو کەتاکو ئێستاش کاریگەری و ئاسەواری ئەو دوو دیاردەیە نەک تەنیا بەسەر سلێمانییەوە بەڵکو بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە دیارو لەبەرچاوە . یەکەمیان بوونی سلێمانییە بەزەمینەی نوێ بوونەوەی رێبازەکانی تەسەوفی نەقشبەندی و قادری و زیاتر ئاشکرابوونی ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەودوو رێبازە کە لەگەوھەردا بریتی بووە لەناکۆکی و ململانێی فیکری و ئایینی کەلوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتی بابانیش دەوری دیاری ھەبووە لەزیاتر برەو پێدانی ململانێکەداو سەرئەنجامیش پشتگیری کردنی لوتکەی دەسەڵاتی میرنشین لەشێخ مارفی نۆدێ و لە رێبازی قادری بوونەتە ھۆی ئاوارە بوونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و تا ئەندازەیەک لەباربردنی بۆچوونەکانی مەولانا کەدەشێ وەکو پرۆژەیەکی بەئاکام نەگەیشتوو لێی بڕوانرێت . کەواتە دەشێ وەھا سەیر بکرێت کەسلێمانی لەسێ دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەھەمدا زەمینەی ململانێی فیکری بووەو تەنانەت دەشێ وەھاش لێکبدرێتەوە ھەر لەو قۆناغەدا تووندو تیژی فیکری و تەنانەت ھەوڵیش بۆ جۆرێک لەتیرۆری فیکری لەسلێمانیدا دەرکەوتووە کاتێ کەھەوڵی کوشتنی مەولانا دراوە .

  دووەم دیاردەی لەبەرچاو لەسێ دەیەی دوایی تەمەنی میرنشینی باباندا دەرکەوتنی بەرھەمی داھێنەرانەی شیعری کوردییە لەسنووری ئەو میرنشینەداو بەتایبەتیش لەسلێمانیدا کەئەویش لەسەر دەستی شاعیرانی بابان ، نالی و سالم و کوردیدا بووە کەبەسێ کوچکەی بابان ناسراون . ئاستی داھێنانی ئەم شاعیرانە بەجۆرێک بەرزو نایاب بووە کەلەمێژووی شیعری کلاسیکی کوردیدا دیارو لەبەرچاو بووەو تاکو ئێستاش وەکو ئەزموون و ئاستێکی بەرز لەداھێنان سەیر دەکرێت  .

ھەرچەندە لەراستیدا ئەزموونی شیعری سێ کوچکەی بابان سەرباری ئاستی باڵای داھێنان تیایدا لەرووی جیھانبینی شیعری و بەرھەمھێنانی شیعرێتەوە ، بەڵام جۆرێک لەگەڕانەوە بۆنێو کەلتوورو ھونەری شیعری کلاسیکی عەرەبی و فارسی تێدایە بەتایبەتی لەو سەردەمەدا زمانی شیعری کوردی شووناسێکی تایبەتی ھەبوو کە بەشێوەزاری گۆرانی و بەکێشی پەنجە بووە کەئەویش کێشی گاتاکانی ئایینی زەردەشتیە کەوەک ئاشکرایە ئەو ئایینە پێشتر پەیامی رۆحی کورد بووەو کێشی گاتاکانیش ھەمان کێشی فۆلکلۆری کوردییە کەئەوەش جۆرێک لەرەسەنایەتی شیعری شێوەزاری گۆرانی نیشان دەدات و ئەم شێوازە زیاتر پەیوەستە بەگوتاری نەتەوەیی کوردییەوە .

نالی و ھاوڕێکانی لەزمان و کێش و بینای شیعریدا کودەتایەکیان بەسەر ئەو شێوازەدا کرد کەزیاتر سیمای کوردیبوونی ھەبوو ، لەبری ئەوگەڕانەوە بۆ بەکارھێنانی کێشی عەرەبی کەکێشەکانی خەلیلی ئەحمەدی فەراھیدییە . ھەروەک لەھەندێ کاتیشدا گەڕانەوە بۆمەسنەوی فارسی دەبینرێت کەھەردوو حاڵەتەکە ئاراستەیەکە بەپێچەوانەی ئاراستەی بیناکردن و بەرھەم ھێنانی گوتاری نەتەوەیی کوردییەوە کە لەشیعری شێوەزاری گۆرانیدا خۆی دەبینیەوە .

  بەڵام دیارە لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی داھێنانی شیعری کلاسیکی کوردی لەم قۆناغەدا بەگشتی و لە لای نالی بەتایبەتی تاکو ئێستاش بەجۆرێک بەرزو باڵا بووە کەبووەتە جێگای سەرنج و لەسەر ئاستی کوردستانیش لایەنگرو شوێنکەوتووی زۆری بۆ درووستبووە بەجۆرێک دواتر لەلایەن ئەو کەسانەوە کەھەوڵی نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردییان داوە ئەم شێوازە شیعرییە بەقوتابخانەی شیعری بابان ، یان سلێمانی ناوبراوە ، کەواتە ھەر لەسەردەمی باباندا بەجۆرێک لەجۆرەکان سلێمانی خۆی وەکو پایتەختی رۆشنبیری کوردی پێشکەش کردووە .  ھەڵبەت ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کەشارو شارۆچکەو گوندەکانی تری کوردستان ھیچیان پێشکەش نەکردووەو ھەموو شتێ ھەر سلێمانی بووە ، نەخێر بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کەپێگەی سلێمانی لەبواری رۆشنبیری کوردیدا لەکوێدابووە .

لەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیھانیدا سلێمانی دەبێتە ناوەندی راپەڕینەکانی شێخ مەحمودی حەفید کەبۆ یەکەمجار لەمێژووی راپەڕینەکانی کورددا ، داوای پێکھێنانی حکومەتی کوردی لەباشووری کوردستان دەکرێت .  راستە پێشتر شێخ عوبەیدوڵای نەھری و دوای ئەویش شێخ عەبدولسەلامی بارزانی داواکاری جۆرێک لەسەربەخۆیی سنوورداریان بەرزکردۆتەوەو خەباتیان لەپێناودا کردووە بەڵام داواکارییەکانی شێخ مەحمود لەسەر زەمینەی واقیع و لەسەر جوگرافیای سلێمانی جێبەجێ کراوە ئەگەرچی دواتر بەھۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی ئینگلیزەکان و جووتبوونی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ عەرەبی عێراق بووەتە ھۆی ھەرەس پێھێنانی حوکمڕانییەکەی شێخ مەحمود بەڵام لەرووی مێژووییەوە ئەو حوکمڕانییە بایەخێکی زۆری ھەیەو وەکو سەرەتایەکی بەھێزی داواکاری ناسیونالیستانەی کورد سەیر دەکرێت ، ئەگەرچی لەو قۆناغەدا ناسیونالیزمی کوردی لەئاستێکی ھێجگار لاوازیشدا بووە . ھەر لەسەروبەندی دەسەڵاتدارییەکەی شێخ مەحموددا چالاکی رۆشنبیری لەسلێمانیدا دەرکەوتووەو رۆژنامە دەرکراوە کەنوخبەیەک لەرۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمە لەوبوارەدا رۆڵیان ھەبووە .

سلێمانی لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بووەتە زەمینەی نوێبوونەوەی شیعری کوردی بەجۆرێک تاکو ئێستاش کاریگەری ئەو تازەگەرییە شیعرییەی لەسلێمانی و کەلەلایەن چەند شاعیرێکەوە دەستی پێکردو گۆرانی نەمر بووە کارەکتەری سەرەکی و رابەری ئەو بزووتنەوە شیعرییە کە گواستنەوە بوو لەشێوازی کلاسیکەوە بۆ شێوازی نوێ ، جۆرێک بووە لەدابڕان لەمێژووی کەلتووری کوردیداو ئەم گۆڕانکارییە لەشیعری کوردیدا لەماوەیەکی کورتدا جوگرافیای کوردستانی گرتەوەو لەشوێن و  جیگاکانی تری کوردستانی گەورەدا شاعیرانی تر بەشداری ئەو رەوتە نوێیەیان کرد کە لەسلێمانییەوە دەستی پێکرد .

لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٩لە سلێمانی گۆڤاری گەلاوێژ دەرچوو کە بۆ ئەو قۆناغە رۆڵێکی دیاری ھەبووە لەبواری رۆشنبیری کوردی و پەرەپێدانیدا . ھەروەک چەندین رۆژنامەو گۆڤاری تر لەسەدەی بیستدا لەسلێمانی دەرچوون و چەندین کتێب چاپکراوەو ھەر لەساڵی بیستەکانەوە چاپخانە ھێنراوەتە سلێمانی و زۆرێک لەخوێندەوارانی ئەو قۆناغە لەدەوری چاپخانەو رۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەکان کۆبوونەتەوەو بەئاشکرا ھەستکراوە کە بزووتنەوەیەکی دیاری رۆشنبیری لەم شارەدا ھەیە . کاروانی نوێی شیعری کوردیش واتە نەوەی دوای گۆران پێیەکی بەھێزی لە سلێمانی بووە ئەویش شانبەشانی رابەرانی تری شیعری نوێی کوردی لە جێگاکانی تری کوردستان شێوەی بزووتنەوەیەکی دیاری وەرگرتووە.  لەبواری چیرۆکدا گۆڤاری گەلاوێژ بووەتە مینبەرێکی باش بۆ برەودان بەبڵاوکردنەوەی ئەم ژانرە نوێیە ئەدەبییە کەدواترو لەساڵانی پەنجاکان بۆدواوە ئەم ژانرە ئەدەبییە لەکوردستاندا گەشەی کردووەو لەو رووەشەوە سلێمانی وەکو ناوەندێکی رۆشنبیری لەکوردستاندا رۆڵێکی دیاری ھەبووەو شانبەشانی محەمەد مەولود مەم ، حسێن عارف پێشەنگی ئاستی داھێنانی چیرۆکی ھونەری کوردی بووەو دوای مێژوویەکی درێژی ئەدەبی لادێ یان کۆمەڵگەی لادێ لێرەوەو لای حسێن عارف ئەدەبی شار دەست پێدەکات ، بەدوای ئەویشدا چەندین ناوی تر بەشداری دیاریان لەوبوارەدا کردووە .  سەرەتای حەفتاکان کاتێ ململانێ و گفتوگۆی ئاشکرای نێوان ئاراستە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکان لەکوردستاندا بەرەو فۆرمەلەبوون دەچوو کە بزووتنەوەی روانگە لەو رووەوە دیاربوو ، ھێزی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە لەسلێمانی بوو .

لە رووی سیاسیشەوە زەمینەی پێکھێنانی کۆمەڵەی رەنجدەران وەکو رێکخراوێکی نوخبەی رۆشنبیر کەدەیوویست لەژێر ھەژموونی پارتی و شێوازی سەرکردایەتی ھەرەمی و تەنانەت کاریزمی نێو پارتی بێتە دەرەوە .  کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان پێگە سەرەکیەکەی لەسلێمانی بوو کەدواتر رۆڵی دیارو لەبەرچاوی لەبواری رۆشنبیری سیاسی و شۆڕی چەکداری و بەرگریکردن لەکوردو مافە رەواکانیدا بینی . لەبوارەکانی ھونەردا دیسان شان بەشانی شارو شوێنەکانی تری کوردستان سلێمانی ئامادەبوونێکی دیاری لەکوردستاندا ھەبووە .  سەرباری ھەموو ئەمانە سلێمانی لەماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا پێگەیەکی دیاری ململانێ سیاسیەکان و ناکۆکیە فیکری و سیاسی و حیزبیەکان بووەو ھەمیشە وادەردەکەوێت کەشارێک بێت پڕ لەجوڵەو ناکۆکی و  ململانێ .  لەسەرەتای سەدەی نۆزدەوە چۆن زەمینەی دوو رێبازەکە بوو ، بەھەمان شێوە ئەو دیاردەیە لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی عێراقی و لکاندنی باشووری کوردستان بەو دەوڵەتەوە لەنێو گروپ و دەستە کۆمەڵایەتی و فیکری و حیزبییەکانی ئەم شارەدا دیارو ئاشکرا بووە .  لەپەنجاکان بەدواوە جێگای ململانێی شیوعییەکان بووە لەگەل پارتی و ناسیونالیستەکاندا .

ھەندێ جار ئەو ناکۆکی ململانێیە گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوەو لەشەستەکاندا جێگای ناکۆکی نێوان باڵەکانی پارتی بووە . لەم ماوانەی دوایشدا ھەرچەندە ئەم شارە وەکو لانکی یەکێتی نیشتیمانی دەردەکەوت بەڵام بوو بەیەکەم زەمینەی سەرھەڵدان و دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز بەرامبەر بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی کەئەوەش کاریگەری ئاشکرای لەسەر پێگەی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا داناوەو درووستبوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەھێزەش دەرئەنجامی نەتوانینی بێدەنگبوونی ئەم شارەیە بەرامبەر بەھەر ھێزو گروپێک کەپشت لەخواست و داواکارییەکانی جەماوەر بکات .  کەواتە دەتوانین بڵێین سلێمانی ئەوشارەیە کەناتوانێت لەگەڵ کەس بێت و ناشتوانێت بەئاسانی لەئەوانە قبوڵ بکات کە لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەستەو گروپ و کەسە نزیکەکانیاندا پێ لەبەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمان دەنێن . ئێستا سلێمانی شاری گروپە جۆراو جۆرەکانەو لەو رووەشەوە تائەندازەیەک خاسێتی شاری ھەیەو سەرباری ھەژموونی نادرووستی حیزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتی نائاسایی نوخبەی سیاسی کوردی بەسەرییەوە بۆ ئەوەی دەنگی کپ بکرێت بەڵام ئەگەر تۆ ھاووڵاتیەک بیت وەکو من و لە ناو خەڵکی ئەم شارەدا ھەڵبسیتء دابنیشیت، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە کەلتووری باوی ئەم شارە ئەو کەلتوورەیە کە بڕوای بە بوونی تاکەکەس و تواناو لێھاتوویی تاکەکەس ھەیەو ھەر ئەوەش وایکردووە کە لەم شارەدا لەدوای شێخ مەحمودی حەفیدزادەوە لەبری درووستبوونی سەرکردەی کاریزمی و رابەری تاک و تەنھاو گەورە ئەو کادیرە جۆراو جۆرانە درووست دەبن کەئەندامی ئاسایی ناو کۆمەڵگەن و کوڕو نەوەی خێزانە ئاساییەکانی ئەم شارەن و ھەرئەوانەش لەم شارەدا دەتوانن بوون و ئامادەبوونیان ھەبێت چونکە خۆیان درووست بوون .

راستە ئێستا حیزبە کوردییەکان بوون بە پشت بۆ درووستکردنی بە ناو ھەندێ سەرکردە لەم شارەدا کە زۆرینەشیان خەڵکی دەرەیوەی شارنء ئەگەر لەحیزبەکانیانیان بھێنیتە دەرەوەو ئەو سەروەت و سامانەیان لێ وەربگریتەوە کە لەداھاتی گشتی خەڵک و نیشتیمانیان دزیووە ئەوا لەسفری دوای فاریزەش کەمتر دەبن . بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا بەھەزارەھا کەس لەم شارەدا لەسەر پێی خۆی راوەستاوەو لەسەر بنەمای ئامادەبوونی خۆی بوونی ھەیە ، ھەرچەندە دەسەڵاتی سیاسی کوردی ئێستا رێگا بەو سواپایە نادات ئەرکی بەڕێوەبردنی شارو وڵات بگرێتە ئەستۆ ، بەڵام مێژوو رەوتی خۆی دەکات و قۆناغی بەلاوەخستنی عەقڵی شارو تواناو لێھاتوویی تاکە بێپشتەکان کۆتایی دێت ، ئەوەش ئەو کاتە دەبێت کە مێژووی سلێمانی وەکو شار دەست پێدەکات و عەقڵی شار تیایدا باڵادەست دەبێت .

سلێمانی کاتێ دەبێت بەپایتەخت کە تیایدا عەقڵ و کەلتووری شار باڵادەست بێت و کۆتایی بەعەقڵی خێڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خێڵ و دەسەڵاتی ئەو نوخبە سیاسیەبێت کە نەدەتوانن لەکەلتوورو عەقڵی شار تێبگەن نەدەتوانن دان بەبوونی ئەو کەلتوورەدا بنێن نەدەتوانن کار بۆ بەرھەمھێنانی ئەو کەلتوورو عەقڵە بکەن نەدەتوانن پارێزگاری لەبوون و کەرامەتی تاکەکەس بکەن نەچاویشیان بەوەدا ھەڵدێت کە لەسلێمانیدا عەقڵ و کەلتووری شار پێبگات و پەرەبسەنێت چونکە ئەگەر کەلتووری شارو عەقڵی شارو ئەخلاقی شارو ئەتەکێتی شار لەسلێمانیدا باڵادەست بێت کەتەنیا ئەو کاتەش سلێمانی دەبێتە پێشەنگ و پایتەخت ئەوە بچووکترین بوارو تەسکترین رووبەر بۆ ئەو عەقڵە سیاسیەی ئێستاو بۆ ئەو نوخبە سیاسیەی ئێستاش نامێنێتەوە کەبەبێ ئەوەی نە لەرووی بوون و ئینتیماوە نەلەرووی عەقل و رۆشنبیری و تێگەیشتنەوە شاریین و لەشار تێبگەن کە ھەر ئەوەش وای لێکردوون بەرببنە جەستەی شارو نیشتیمان بەگشتی و لەپێناوی خۆیانء حەزو ئارەزووەکانیان و بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حیزبییەکانیاندا ئەو جەستەیە دەیانجار خەڵتانی خوێن بکەن . ئەوەی کەئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن کە سلێمانی دەکەنە پایتەختی رۆشنبیری جگە لەفریودان و خەڵەتاندنی جەماوەر ھیچی تر نییە چونکە سلێمانی پێویستی بەکارو بیناکردن و جەماوەرەکەشی پێویستی بەئازادی و دیموکراسی گێڕانەوەی ئەسڵی کەرامەتی کوردیەتی و نەتەوایەتی و عەدالەت و یەکسانیە ، چونکە سلێمانی تەنیا کاتێک دەبێت بەپایتەخت کەجەماوەری سلێمانی لەسەر ئاستی تاکەکەس لەم شارەدا بەتەواوی ھەست بکات خاوەنی بوون و ھەموو مافەکانی خۆیەتی و ئەوەی بەڕێوەی دەبات خۆیەتی و لەخۆیەتی و لەئاستی ئەوەدایە بەڕێوەی ببات .

نەک وەکو ئەوەی ئێستا کە ئەوەی بەتەنگ کەرامەت و ویژدانی خۆیەوەیە ، ئەوەی ھەست و  ھوشیاری ھەیەو دەتوانێت تێبگات ھەست بکات کە غەریب و نامۆیە لەم شارەداو بەشێوەیەکی ئاشکرا لەھەمان چرکەساتەکانی ئەو قەلەق و نیگەرانیەدایە کەپێشی نزیکەی سەدو نەوەد ساڵ وای لەمەولانا کرد شار بەجێبھێڵیت و رێگای ئاوارەی بگرێتەبەرو پرۆژەکەشی لەبار ببرێت .

1,072 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت