کورد لەناو کێڵگەیەکی مینڕێژ کراودا .. ئارام قزلەریی ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەزۆربەی ووڵاتانی عەرەبیدا ڕاپەرین سەری هەڵدا بەناوی بەهاری عەرەبیەوە، کە داڕمانێکی گەورە بوو بۆ هەندێک لەسەرکردە عەرەبە دیکتاتۆرەکان کە ماوەی چەندین ساڵ بوو دەستیان گرتبوو بەسەر دەسەڵاتداو میللەتیان بەزەبری هێز دەچەوساندەوە ، لەسەرەتادا لەوڵاتی تونسەوە ڕاپەڕین دەستی پێکردو هاوڵاتیەکی هەژاری ئەو وڵاتە خۆی کردە بڵێسەی ئاگری خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری و ناڕەزایی گەلی تونسیش دەستی پێکرد و کۆتاهی پێ نەهات تاکار گەیشتە ئەوەی سەرۆکی ئەو وولاتە ناچار بکرێت کورسی دەسەڵات بەجێ بهێڵیت و ژیانی مەنفا هەڵبژێرێت بۆ خۆی و ماڵ ‌و منداڵی .

لەدوای وڵاتی تونس ئاگری ڕاپەڕین‌و ناڕەزایی تەشەنەی کرد بۆ میسرو یەمەن‌و لە هەندێک ووڵاتی تری عەرەبیدا جموجۆڵیکی کەم دروست بوو بەڵام خۆپێشاندانەکان تەشەنەی نەکرد.

ئەو هەموو کێشەو گرفتانەی لەو وڵاتانەدا دروست بون سەریان هەڵدا کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبوو لەسەر کوردو هەرێمی کوردستان ، لەبەر ئەوەی لەڕوی جوگرافیاوە نزیک نەبون و تەنها گۆڕانکاریەک بوو لەناو خۆی ئەو وڵاتانەدا.

ئەوەی ئێستا گرفتی گەورەی داهاتوی هەرێمی کوردستانە بارودۆخی سوریایە کە ماوەی چەندین مانگە خۆپیشاندان تیایدا هەڵگیرساوە و ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی سوریش کەوتۆتە وێزەی هاوڵاتیانی بێتاوان‌و ڕۆژانە سەدان کەس لەپیرو گەنج‌و مناڵی ناو لانک دەکاتە قوربانی‌و بەتانک و فرۆکە و چەکی قورسەوە دەست ناپارێزیت لەقەتڵ وعام کردنی خەڵکی بێتاوانی شارو شارۆچکە و گوندەکان .

خاکی سوریا لەڕوی جوگرافیاوە گرنگی زۆری هەیە سنوری بەچەندین وڵاتەوە بەستراوە لەوانە ( تورکیا ، ئیسرائیل ، لوبنان ،عێراق ، هەرێمی کوردستان ) باری ئابوری زۆر دەوڵەمەندنیە تەنها پێگەی خاکەکەی وای کردوە کە هەندێک لەووڵاتە زل هێزەکان جیهان پشتیوانی لێ بکەن ‌و ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرەی کە لەدەسەڵاتدایە بمێنێتەوە و نەڕوخێت .

ئەوەی زۆر گرنە کە کورد حسابی بۆ بکات سیاسەتێکی ژیرانەیە لەبەرامبەر ئەم بارو دۆخەی ئێستای سوریاو تێوە نەگلانە لەشەڕێکی نەخوازراو کە ببێتە هۆی ماڵ وێرانی بۆ گەلی کوردو ، کورد نەبێتە داردەستی هیچ وڵاتیکی دراوسێ‌و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری نەهێنن .

ئەوەی بەدی دەکرێت لەکەناڵەکان ‌و ڕۆژنامەکاندا سیاسەتی جیاوازو گفتو گۆی جۆراو جۆرە کە دەبیسترێت لەبەرپرسانی کوردو هەر لایەنەو بەجۆرێک مامەڵە دەکات لەگەڵ بارو دۆخەکەدا ، گەلی کورد لەم ساتە وەختەدا لەناو کێڵگەیەکی مین ڕیژکراودایە و ووڵاتانی دراوسێش وەک کورەیەکی ئاگرین وان لەبەرامبەر خواست و داخوازیەکانی میللەتەکەماندا و حکومەتی ناوەندیش وەک گورگ خۆی مەڵاس داوە چاوێکی لەسەر کوردستانە .

نەئێران نەتورکیا نەسوریا نەحکومەتی عێراق هیچ کات و زەمەنێک نێتی پاکیان نەبوە لەگەڵ گەلی کورداو بۆ مەرامی خۆیان نزیک بونەتەوە و هەرگیز چاویان هەڵ ناهاتوە بەو ئارامیەی کە لەهەرێمی کوردستاندا هەیە ، ئەوەی زۆر گرنگە بۆلایەنە سیاسیەکان یەکڕیزی‌و تەبایی نێوانیانە کە بپارێزن‌. دەبێت هیچ لایەنێک بڕیاری تاک ڕەوانە نەدات‌و هەوڵ بدرێت کوردستان نەکرێتە گۆرەپانی شەڕو پێکدادان‌ ، ئەو ئەزمونەی ئەمڕۆ هاتۆتەدی بەخوێنی هەزاران شەهیدی گەلەکەمانە نابێت بکرێتە قوربانی سیاسەتێکی هەڵەی دەسەڵاتداران و بەبڕیارێکی سەرکێشانە هەمووی لەدەست بدرێت ‌و ڕیسەکەمان ببێتەوە بەخوری‌و بۆدەیان ساڵی تر بگەڕێنەوە دواوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت