ferydwn-abduqadir

دەبێت ئێوە لەبیرى بێکاریدا بن ” بەڕێز فەرەیدون عبدولقادر .. ئاکۆ ئیبراهیم ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم نوسینەم وەڵامێکە بۆ نوسینێکى بەڕێز فەرەیدون عبدالقادر کەلەرۆژنامەى کوردستانى نوێدا بڵاویکردەوە ، منیش ئەم وەڵامەى خوارەوەم لا گەڵاڵە بوو ، ناردم بۆ رۆژنامەى ناوبراو ، بەڵام بەداخەوە پاش چاوەڕوانیەکى زۆر هیچ ئەسەر و وەڵامێکى نەبوو ، بۆیە لەبەر گرنگى باسەکەو هەستیارى وپەیوەست بوونى بە رۆژگارى ئەمڕۆ و بارو گوزەرانى هاوڵاتیانەوە ئەم چەند دێڕەم نووسى و پەنام هێنایە بەر ئەم ماڵپەڕە بەڕێزە ، بەوهیوایەى لاى ئەوان شانسى بڵاوکردنەوەى هەبێت .

بەرێز کاک فەرەیدون عبدالقادر لە رۆژنامەى کوردستانى نوێ ژمارە (5913) گۆشەى کڵاورۆژنە دا بابەتێکى لەژێر ناوى( لەبیرى بێکاریدابن ) نوسیوە تیایدا باس لە بەرزبونەوەى ئاستى زانستى و زۆرى دەرچوانى قوناغەکانى زانکۆو پەیمانگاکان کردوە کە ئەمەش رێژەى زۆرى بێکارى زیاد کردوە ، و تیایدا داوادەکات کە لەرێگەى دامەزراندنەوە ئەو دیاردە ى بێکاریە چارەسەر بکەن . من بۆخۆم ساڵانێکى زۆر وەکو فەرمانبەر لەبەرێوەبەرایەتى بەکارخستن وراهێنانى پیشەیى فەرمانبەر بووم لەو بوارەدا کارم کردوە و هەندێک ئەزمون و شارەزایم دەست کەوتوە ، هەروەها زۆر بابەت و نوسینیشم لەسەر ئەو دیاردەیە نوسیوە کەدیارترینیان نوسینێک بوو بەناوى ( چۆن سەرت نابێت بەباگردێن ) لەکوردستانى نوێدا دابەزیوە ، پێم خۆشە لێرەدا هەندێک رونکردنەوە و بەرچاو روونى بدەم بەکاک فەرەیدون و لایەنى بەرپرس و خەمخۆر تا بەپیێ کار و بەرنامەى خۆیان دیراسەى بکەن و هەوڵى کەمکردنەوەى ئەو رێژە زۆرەدا بدەن وسنوردارى بکەن .

سەرەتا بەکاک فەرەیدون دەڵێم زۆربەى کێشەو گرفت و ناڕێکى کارەکانمان لە بێ بەرنامەیى و بێ پلانى سەرچاوەى گرتوە ، ئەوەتا وەک بەڕێزت ئاماژەت پێدا کەزۆربوونى زانکۆو پەیمانگاکان کارێکى باش و شیاوە و نیشانەى پێشکەوتن وبەرەوەپێش چوونى ئاستى زانست و زانیاریە ، بەڵام من بەپێچەوانەى بەڕێزتەوە دەڵێم زۆرى کێشەکە لەوەوە سەرچاوەى گرتوە تۆ بڕوانە نەک شار بگرە شارۆچکەش نەماوە زانکۆ یان پەیمانگاى تیا نەبێت ، بەڵام پێداویستى زانکۆ و جێگا ورێگاو پسپۆرى تایبەت و وانەبێژى لەئاستى زانکۆدا نیە هەندێکیان هەر سیماى قوتابخانەشیان پیوە نیە نەک زانکۆ وخوێندنى باڵا ، هەروەها ئەو خوێندکارانەشى ساڵانە خوێندن تەواو دەکەن لەگەڵ رێزم بۆ یان لەدواى چوارساڵ خوێندن و ماندوبوون هیچ شتێکى تازەیان دەست ناکەوێت و گەنجینەى زانیارى و زانستیان یەک زەڕەڕِە ناچێتە پێش تەنها ئەوەندە نەبێت لەبرى ئەو هاتوچۆو ماندوبونەى کەچوار ساڵ دەیکەن بڕوانامەیەکیان دەدرێتێ ئەوبڕوانامەیە دەبێتە پێوەر و ناسنامەى .وەک بەڕێزت دەڵێیت ساڵانە 27 هەزار کەس لەبوارە جیاجیاکاندا دەرەدەچن ، بەڵام لە و رێژەیە نزیکەى 25 هەزاریشى سودیان لێ نابینرێت ، کە من لام باشترە بۆ ئەوەى ئاستى زانست و زانیارى و سەنگ و بەهاى زانکۆکان وەکو جارانى لێ بێتەوە تا بتوانرێت هەوڵ بدرێت ژمارەى زانکۆکان کەم بکرێتەوە و کۆمەڵیک کادر و پسپۆڕى کەم و پوخت بخرێنە ناو کارو وەزیفەوە زۆر باشترە لە دەیان هەزارى بێ ئەزموون و نابەڵەد ، ئەمە سەرەتاى کێشەکەیە .

لەو نوسینەتاندا تەنها باسى دەرچوى زانکۆو پەیمانگاتان کردوە هیچ ئاوڕێکتان لە دەرچوەکانى دیکەى وەکو ئامادەیى و بێ بڕوانامەکان نەداوەتەوە کە ئەوانیش مروڤن وئەندامى ئەم کۆمەڵەن ئەوانیش مافیان هەیە کە ئیش و کارێکیان دەست بکەوێت ، من زیاتر تەرکیز دەکەمە سەر ئەمانە ئەمانن کە بەڕاستى کارکەرن و خاوەن هێز وبازوون لە بیناسازى پیشەسازى میکانیکى و ئەلکترۆنى و زۆر پیشەى تردا رۆڵیان هەیە و وڵات دەبوژێننەوە نەک دەرچوى زانکۆ وپەیمانگا ، چونکە لێرە هەموو پیشە و کارێک ئەبێت لەکەل کەسێتى و بڕوانامەو پایەى کۆمەڵایەیتیدا بگونجێت ، ئەستەمە خاوەن بڕوانامەیەک ببینیت بەکارێکى وەکو دارتاشى یان ئاسنگەرى یان میکانیکى یان چاپەمەنى یان بیناسازى یان هەر کارێکى نزمتر لەبڕوانامەکەى رازى بێت ، ئەوان تەنها کار و وەزیفەى سەر مێز و کورسیان دەوێت ، کەواتە ئەو لایەنە بە بەتاڵى دەمێنێتەوە ! کێ پڕى دەکاتەو پارسەنگى دەداتەوە ؟! بێگومان کەسانى دەرچووى ئامادەیى یە پیشەیەکان و بڕوانامە نزمەکان ، بۆیە پێویستە بۆ بوژاندنەوەى بوارەکانى ژیان و ژێرخانى ئابوورى ئەوان وەکو هێز وسەرچاوەى کارى ژیان سەیر بکرێن نەک بخرێنە پەراوێزەوە .

ئەمڕۆ بەهۆى کۆچى پێچەوانەى خەڵکانى لادێ وشارۆچکەکان بۆ ناوشارەکان لەدوو لاوە زیانى گەیاندوە لەسەرێک ئەوانە بەلێشاو هاتونەتە ناوشار و هیچ کارو پیشەو دەست رەنگینیەک نازانن ، یان دەبنە چەکدار یان پاسەوان و فەرمانبەرى بچووک و خزمەتگوزار ، لەسەرێکى دیکەوە کەرتى کشتوکاڵى و ئاودێرى وئاژەڵدارى کە بڕبڕەى پشتى ژیانە پەک دەخەن و بەهەتیوى دەمێنێتەوە ، ئەوەتا بۆخۆتان دەبینن تاکە یەک سەوزەومیوەو بەرهەمى کشتوکاڵى وسپیایى چیە بەرهەمى خۆمان نیە هەمووى ئێرانى وسورى و تورکین ، من بە بەڕێزِتان دەڵێم کە بۆخۆتان ساڵانێک لە حکومەتدا باڵادەست بوون و ئێستاش قسەتان دەڕوات ، بۆچى هەوڵ و تەقەلا نادەن ئەو دیاردەیە کەم بکەنەوە ، یەکەمیان : بەڕێگاى بوژاندنەوەى گوندەکان و فەراهەمکردنى سەرجەم پێداویستى یەکانى ژیان و گەیاندنى پڕۆژەى خزمەتگوزارى ئاو وکارەبا ورێگا وبان و قوتابخانەو بنکەى تەندروستى و .. بۆیان و دابینکردنى کەرەستە و پێداویستى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى و هەروەها هاندانى دەوڵەمەند وسەرمایەدارەکان بەکردنەوەى کارگەى بچوکى وەکو دۆشاو و میوە و شیرەمەنى لەقووتونان و … لە نزیک ئەوشوێنانە تا بەرهەمەکانیان بەزیادە نەچێت و خەسار نەبێت ، ئەوانیش سودى لێ ببین و بەمەش سەدان کەس کارى چنگ دەکەوێت چەندین خێزان دەبوژێنەوە . دووەم: رێگرى کردن لە هاتنى خەڵکانى لادێ و گوندەکان بۆناو شار و ناچارکردنیان بە گەڕانەوە بۆ لادێ ، چونکە من دەیان کەسم پێ شک دێت خۆى خاوەنى سەدان دۆنم زەویە لەلادێ کەچى دێت لێرە حەماڵى و دەست فرۆشى دەکات ، هەروەها هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو کڕین و فرۆشتنانەى بەوزەویە کشتوکاڵیانەوە کراون و ئێستا بونەتە ڤێلا و باخ و شوراکراون ، بەمەش لەسەدا پەنجاى زەوى کشتوکاڵى بون بەقوربانى کەسانى بەرپرس و دەست رۆیشتو . گەورەترین هەڵەیەک کەحکومەت ساڵانە دەیکات و زیاتر رێژەى بێکارى داپۆشراو ( بطالە مقنعە) زیاد دەکات ، دوو هۆکارە .

یەکەمیان : پێدانى بیمەى بێکاریە بەوخاوەن بڕوانامانەى کە دانەمەزراون ، بەمەش دەرچوەکە بێخەم دەکات کە داهاتێکى هەیە تا چەند ساڵ مسۆگەرە،کە دەکرا لەبرى ئەوە بیر لەشتى دیکە بکرایەتەوە ، لەسەنتەرە پیشەیەکاندا ئەو دەرچوانە لەسەر کارو پیشەیەک رابهێنرانایە و بۆماوەیەک راهێنان و خولیان ببینایە ئەوجا لەبرى هاتوچۆ و نانخواردن وەک دەرماڵە ئەو بیمەیەشیان پێبدانایەو پاشان کە لەخولەکە دەردەچوون بەپیێ داواکارى و خواستى بازار بخرانایەتە ناو کەرتى تایبەتەوە .

دووەمیان : بەلێشاو دامەزراندن وتەعین بوون زەنگێکى خەتەرناکە من وا گوماندەکەم ساڵیکى دیکە هەموو کورد ببێتە فەرمانبەر و موچە خۆرى جێگرى بێ بەرهەم ، ئێستاش بەهەزاران فەرمانبەر هەیە لە فەرمانگەکاندا موچەیەکى خەیاڵى وەردەگرێت بەڵام بارتەقاى ئەو موچەیە کار و ئیش ناکات ، بگرە زۆریشیان هەر زیادە و پێویست نین ، تۆ لەبرى ئەوەى پیاچونەوەیەک بەوانەدا بکەیت رێژەى ئەوانە کەم بکەیتەوە دێیت ژمارەکە کەڕەتى سێ و چوارى دەکەیت ، ئەمەش وایکردوە کە زۆربەى کەسەکان حەز و ئارەزویان بۆ کار و وەزیفەى حکومى بێت ، ناهەقیشیان نییە چونکە لەکەرتى تایبەتدا هیچ بیمە و دەستەبەرێک نیە ، کە زامنى پاشەرۆژى بکات ، من براى خۆم بەدرێژاى 15 ساڵ لە کەرتى تایبەت کاریدەکرد مانگانەش بیمەو رسوماتەکانیان لێ وەردەگرت ، بەڵام کاتێک وەفاتیکرد حسابى هیچیان بۆ نەکرد ، ئەمە گرفتەکە یە دەبێت هەڵوەستەى لەسەربکرێت ، بپرسێت لە بەڕێوەبەرایەتى کار و دەستەبەر هۆیەکەى چیە ؟ بۆچى ولەبەرچى ئێوە مانگانە بڕێکى زۆر پارەى خەیاڵى لەو شوێنانە وەردەگرن ئەدى بۆچى ، بۆ کاتى پێویست کە کرێکارەکە نەخۆش دەبێت یان ئەندامێکى جەستەى لەدەست دەدات یان دەمرێت ئەو پارەیە سەرف ناکەن یان وەکو کرێکار یان کارمەند بە موچەیەک خانەنشینى بۆ نابڕنەوە ، ئەى بۆ کەى هەڵیدەگرن؟؟ . خەڵک کە متمانەى بە کەرتى تایبەت نییە لەبەر ئەمەیە چونکە تائێستا یاسایەکى کارپێکراومان نیە لەبەرژەوەندى ئیشکەرانى کەرتى تایبەت بێت ، تازە وەزارتى کار خەریکى دارشتنى یاسا و رێسایە بۆ ئەوە .

خاڵیکى دیکە کە تایبەتە بە بەڕێزتان و کەسانى هاوشێوەتان ، ئێوە ئێستاکە خەریکى وەبەرهێنان و پڕۆژەى گەشتیارین و بۆ ئەوەش چەندین شوێن وجێگاتان هەیە کە ژمارەیەکى زۆر خەڵک لە زۆر بواردا کارى تێدا دەکەن ، بەڵام ئەوەندەى من هاتووم بۆ سەردان و شوێنەکانم بەسەر کردۆتەوە سەرنجم داوە بەشى زۆرى ستاف و کارمەندەکانتان کەسانى بیانى و غەیرى کوردن ، کەئەمەش رادەى بێکاریەکەى زیادکردوە و کرێ وهێزى کارى دابەزاندوە ، ئەدى بۆچى لەبرى ئەوانە کەسانى خۆمان ناخەنە جێگایان ؟ ئێوە دەتانەوێت بەکرێیەکى کەم و کارى زۆر کرێکاران و ئیشکارانى خۆمان هاوشێوەى بەنگلادیشى ونیپاڵى کارتان بۆ بکەن ئەوەش ئەستەم و نەگونجاوە ، چونکە بیانییەکە سەڵت وقوتە و نەخێزان نە مناڵ نەپێداویستى نە کرێ ى خانو و هاتوچۆى دەوێت ، شەو رۆژ وەک سەعات هەڵدەسوڕێت لەبەرامبەردا 250 و 300$ وەردەگرێت کێشەى خواردن و خەوتنیشى نیە ،ئەو ئەو پارەیە خەرج ناکات بەڵکو دەینێرێتەوە بۆ وڵاتى خۆى بۆ ئەویش پارەیەکى زۆرە ، لەبەرامبەردا ئەوەش بزانە ئەو کرێکارە سامان وداهاتێکى لەبن نەهاتوش لەوڵاتەکەى تۆ دەباتە دەرەوە زیانێکى مادى چاکیش بەسامانى نەتەوەیى دەگەیەنێت ، کە ساڵانە بەملێونان دۆلار مەزەندە دەکرێت ، بۆیە پێویستە بەڕێزتان وسەرجەم خاوەن کارەکان بیرێک لەو دیاردەیە بکەنەوە زیاتر هەل و دەرفەتى کار بۆ کەسانى خۆ وڵاتى برەخسێننن و رەچاوى بارى بژێوى ژیان وگرانى بازاڕ و زۆرى پێداویستى بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە کار بە بێکاران بسپێرن ، ئەکەر هەریەکەو بەردەرگاى ماڵى خۆى خاوێن بکاتەو شار تەواو جوان خاوێن و رەونەقدار دەبێت .

3,570 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت