kunjrini-01

بەڵێ گەندەڵی هەیە .. کونجــرینی ..

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

لەنێوان سەنتراڵە داڕێژراوەکانی حکومەت و پەڕلەمانی کوردستاندا بۆشاییەکی زەق گورزێکی ڕێک و پێک لەکۆمەڵگاکەمان دەدات و مەبەستە سیاسییەکان دەیانقۆزنەوە .

حکومەتی کۆمەڵگای مۆدێرن بەدوای ڕێکخستنە ژیارییەکاندا وێڵە ، کار لەسەر گەشەکردن و جوانکاری و بنیادنانی سیستەمەکانی دەکات .

حکومەت هەر ئەوەندە نییە موچەو خزمەتگوزارییەکان بەنابەچڵی دابین بکات ، بەڵکو دەبێت بەدوای ڕێگاچارەی نەخۆشیە هەنوکەیە شاراوەکانی کۆمەڵگادا بگەڕێ و لەو دەروازەوە ئاشتی بۆ کۆمەڵگا دابین بکات .

زۆر سیستەمی پچوک پێویستن لەکۆمەڵگادا بۆئەوەی بەئاسانی زاڵ ببین بەسەر سیستەمە گەورەکان دا ، لەولاتانی ناجێگیری سیاسی ؛ سیستەمە پچوکەکان بەهۆی مەنفەعەتە سیاسییەکانەوە فەرامۆش دەکرێن ، لەکۆمەڵگای ئێمەدا لەخیابی سیستەمە پچوکەکاندا ، کردە سیاسیە نامۆکان تەراتێنیانەو کۆمەڵگایەکی ناجێگیر و سیستەمی چەوسانەوەی وردیلانەی بەردەوام ” بۆزاڵ بوونی دەستەو تاقمێک بەسەر هەموو کۆمەڵگادا جێگیر دەکرێت ..

نەبوونی سیتەمەکانی وەک سیستەمی ڕێز ، سزای بەردوام بۆسەرپێچیکاری پچوک ، پاکی و ژینگەپاریزی ، گەشەی کۆمەڵگا ، تەندروستی ، بنەمای پەروەردە لەهەرێمی کوردستان ،  دەسەڵات دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەکی مێژوو .

دەکرێت سیستەمە پچوکەکان لای کۆمەڵگای ئێمە بەچاوی کەمەوە تێی بروانرێت ، بەلام تێڕوانی کەم دەگەرێتەوە بۆ نەموونی بەئەزمونگەری لەبنەما سەرەکییەکانی گەشەی کۆمەڵگا ، بۆ نمونە :

نمونەی یەکەم /

لای ئێمە سۆزی زۆری دایک و جێبەجێکردنی هەموو داخوزییەکانی منداڵەکەی سەرئەنجام هۆکارە بۆ فەرامۆشکردنی کۆمەڵێک رەفتار لەگەڵ دەوروبەرو هاوڕێکانی ، بەم کارەش کەسێکی نادروست بەرهەم دێنێت . لای سویسرییەکان ئەو منداڵەی لەدوای سێ ساڵەوە فێری ئاودەست و ڕێکوپێکی نانخواردن و لەبەرکردنی جلوبەرگ و ڕەفتاری ڕێز لەگەڵی کەسی بەرامبەر و پاکوخاوێنی و لەپێکردنی پێڵاوەکانی نەبێت بەکەسێکی نادروست هەژمار دەکرێت و لەکۆبونەوەیەکی هاوبەشی مامۆستاکانی و سەرپەرشتیاری منداڵەکە دەدرێتە بەر کۆرسی پسیۆلۆجی بۆ چارەسەرکردن و ڕێککردنەوەی منداڵەکە ، یاخود لەماوەی ساڵێکدا هەرمنداڵێک چەند جارێک هاوڕێکانی ئازار بدات بەهەمان شێوە دەخرێتە بەردەم پسیۆلۆجی .. لەکۆمەڵگای ئێمەدا گرنگی بەم ئەرکە نیشتمانییە نادرێت و هەست بەوە ناکرێت سۆزی دایک لەکۆمەڵگای ئێمەدا چ کێشەیەک بەرهەمی دێنیت و چ جۆرە مرۆڤێکی نادروست ئامادە دەکات .. دەبێت حکومەتی کۆمەڵگا بەوردی کار لەسەر ئەم چەمکە بکات .

نمونەی دووەم /

حکومەتی کۆمەڵگای مۆدێرن ” جوانکاری دەرەوەی ماڵەکان لەئەستۆ دەگرێت و دیزاینی خانووەکانیش پێشنیار دەکات و مەرجەکانی دەرەوەی خان و دەسەپێنێت . واتە ئەو گەشتیارەی کەدێتە وڵاتێکەوە یەکەمجار ئەرکەکانی حکومەت سەرنجی ڕادەکێشێت .. کەچی لەکوردستان بەپێچەوانەوە ، ناوماڵەکان جوان و دەرەوە پشتگوێ خراو ..

نمونەی سێهەم /

پیلانی ڕێکوپێک بۆ شەقامەکان ” جوانی وڵات و کەمکردنەوەی ئەرکی تەندروستی و دەستگیرۆیی ئابوری و کەمکردنەوەی ناڕەزایی بەرهەم دێنێت . لەئەوروپا لە هەرشوێنێک پێکدادانی ئۆتۆمبیلەکان زۆر بوون ” لەویادا پیاچونەوە بەکەمو کوڕییەکانی شەقامەکەو کامێرەی شارەوە بۆ چاودێرکردنی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلەکان زیاد دەکرێت .. بەپێی زیانە مرۆیی و ئابورییەکانیش سزای شۆڤێرەکان لەسەر سەرپێچیکردنەکان زیاد دەکرێت ..

نمونەی پێنجەم /

ڕێکخستنی سیستەمی تەندروستی ئەرکێکی گرنگی حکومەتی کۆمەڵگایە ، ئەم سیستەمە دەبێت ڕێکبخرێت ، لەهەر گەڕەکێک مۆڵەت بدرێت بەچەند پزیشکێك کلینیکی کۆمپلێت دابمەزرێنرێت و لەنێوان چەند گەڕەکێکدا نەخۆشخانەیەکی گەورەو پڕ لەتەکنەلۆژیاو دکتۆری پیشەیی لەبوارە هەمەجۆرەکانی تیا بێت ، جگەلەوەی لەبوارەکانی پاک و تەمیزی و ئیداریی لەسەر شێوەی نوێی تیا پرۆگرام کرابێت ..

نمونەی شەشەم /

حکومەتی کۆمەڵگا بەدوای چارەسەرە بنەڕەتییەکاندا دەگەڕێت ، کێشەی بێکاری و هەلی کاردۆزینەوە هەمیشە لەگەشەکردندایە .. کۆتایی کێشەکە لەدامەزراندنی دەرچوانی ئامادەیی و زانکۆکاندا نییە ، بەڵکوو لەنەبوونی پیلانی بنەڕەتیدایە ، لەوێوەیە چۆن کۆی کۆمەڵگا لەم چەمکە بئاڵێنرێت . واتا لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە دەبێت دەست پێبکەین ، لەو ساتانەوە وانەکان لەسەر بنەمای زانستی دەست پێبکات ، قۆناخ بەقۆناخ خوێندکارەکان لەگەڵ گەشەی ئابوری و پیشەسازی ئاشنا بکرێن . لەئەوروپادا خوێندکاری پۆلەکانی دووای چواری بنەڕەتی ئاشنا دەکرێن بەکارگەو کۆمپانیاکان و سودی ئەو شوێنانەیان بۆ شیدەکەنەوە ..

نمونەی حەوتەم /

پاک ڕاگرتنی ژینگە هۆکاری سەرەکی تەندروستی کۆمەڵگایە ، لەکۆمەڵگای تێگەیشتودا بۆ ئەوەی بیکاتە نەریت ، منداڵ لە پۆلەکانی ساوایان و پاشان بەچڕی فێری منداڵ دەکرێت . سزاکانی وەک لەدەرەوەی تەوالەیت ” پیساییکردن و تفڕۆکردن و بنێشت فڕێدان ، هەروەها فڕێدانی کەلوپەل لەسەر شەقام و لەدەرەوەی تەنەکەی زبڵەکان پێیان ئاشنا دەکرێت . دەربارەی بوونی سەوزایی بۆ ژیان و ئەرکی ئەو لەپاراستنی فێر دەکرێت ، ئاگاداردەکرێنەوە لە ڕێژەی سزای ئەو کەسانەی کەلەدرەوەی تەوالێت میزوپیسایی دەکەن ..

نمونەی هەشتەم /

ڕێزگرتن ” خاڵێکە لەسەرچاوەی گەلانی پێشکەوتو . ئەم چەمکە ئەو ئاوێنەیە ڕووی گەلێک بەگەلێکی تر ئاشنا دەکات . لەوڵاتی سویسرا تەنها بۆ ئەو کەسانەی فێرخوازن کار لەسەر کاسەی مارکێتەکان بکەن ، ماوەی یەک مانگ وانە وەردەگرن بەوشێوەی چۆن ڕەفتار لەگەك کڕیاردا بکەن و بەچ زمانێک سەرنجیان ڕابکێشن . سیستەمی ڕێز لەنێوان مامۆستاو قوتابی .. لەنێوان شێف و فەرمانبەر .. لەنێوان فەرمانبەرو خەڵکی دا .. لەنێوان کۆی خێزانەکان ” ئەو ئالەتانەن بنەمای ئاشتی کۆمەڵگا بنیاد دەنێن ، بۆیە لەحکومەتی کۆمەڵگادا کۆی سیستەمەکە پێ لەسەر گرنگی ئەم چەمکە دادەگرێت .

ئەم سیستەمانە ئەرکێکە بۆجێگیرکردنی بیرکردنەوە شاراوەکانی تاک بەتاکی کۆمەڵگا ، بەرچاوڕوونیە بۆ مرۆڤەکان چۆن هەنگاو هەڵبنێن و لەوە تێدەگەن لەکویادا ئەرکی ئەو دەست پێدەکات و خاڵە بەتەنگ هاتووەکانی حکومەت چیین ؟ . نیشتمان پەرەوەری و هەستی نەتەوەیی لە منداڵانی ئەو خاڵانەوە گەشە دەکەن لەگەلێکی جێگیردا تەواوی ئەرکەکانی حکومەت سیستەماتیک  دەکرێت  و حیزب و دەڵەت  دەوری خۆی دەگێرێت و کۆمەڵگاش دەزانێت چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بەرنامەی حیزب و دەوڵەت بکات ..

نەبوونی  نێت بۆ بنیادنانی سیستەمە پچوکەکان  ، سەرەتای نێتی دەسەلاتە بۆ تەراتێنی گەندەڵی ..

2,784 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست