3-ARAB1

حاشا من براى عەرەبم نیە .. ئاکۆ برایم

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەوەتەى وەکو کورد هەستم بەبونى خۆم ونەتەوەکەم کردوەو لەسەر ئەم خاکى عێراقە ئەژیم بەبێ خواست و بەزۆر کردویانم بەمواگنیى عیراقى و ، بەزەغت زۆرە ملێ کراوم بەبراى عەرەب و ناسنامەو رەگەزنامەى عێراقیان پێداوم ، ئەوەش لەکارە هەر قورس وگران و ئەستەمەکانى ژیانم بووە ، چونکە هیچ سات و کاتێک هەستم نەکردوە کەلەناو وڵاتێکدا بەئاسودەیى و ئارامى و سەربەستى دەژیم و براکەم لەپاڵامایەو هەمیشە پشت وپەنامە( برالەپشت برابێ ) ، هەمیشە بەتەسکەرەوە سیاسەت و قسەى ئەملاو لا برا و کەسم بوە ، بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع دوژمنێکى سەرسەخت و تا سەرئێسقان شوفێنى ونەفام و دواکەوتو بوە ، هەمیشە وبەردەوام هەوڵى داوە ملم بشکێنێت و لەخشتەم بەرێت ، یارى بەکەرامەت وناموسم بکات ، داب ونەریت و فەرهەنگ وکەلتور وناسنامەو بەهاى جوانم ناشیرین بکات ..

بەدرێژایى مێژوو ئەوە حاڵمان بووە ، هەرلەسەرەتاى دەرکەوتنى عەرەب و ئیسلامەوە تا رۆژگارى ئەمڕۆ هەمیشە بەدەست ئەو بەناو برا عەرەبانەوە ناڵاندومانە ، لەژێر ناو و پەردەى جۆراوجۆرى قەومى وئیسلامى دا کوژراوین و لەسەرخاکى خۆمان دەرکردن وتەعریب و ئەنفال و کیمیاویى وسوتماک کردنى خاک بوە بەبەشمان ، هەموو دەمو کاتێک بەچاوى بێگانەو نامۆ و بیانى و وەکو میوان لێیان روانیوین و هەرگیزاو هەرگیز بۆ هیچ شتێک وەکو هاووڵاتى و خەڵکى رەسەنى ئەم خاک ونیشتیمانە تەماشا نەکراوین ، لاى ئەوان ئێمە هەر نۆکەر و ئەڵقە لەگوێ وپیاو و خزمەتکارى دوژمنانیانین و بۆئەوەش پێویستە لەدیدگاى ئەوانەوە بەچاوى کەم وسوک وبچوک سەیربکرێین و لەبەرامبەردا سزاو نارەحەتى بچێژین و ماڵمان تاڵان بکرێت ، کچ وژنمان بەکۆیلە وجاریە بکرێن، سەروەت وسامانمان زەوت بکرێ ، کەرامەت وناموسمان بن پێ بخرێت. من وەکو خۆم هەموو نەهامەتى و ماڵ وێرانى و قڕکردن و زۆر و زەحمەتى و نەگەیشتن بەهیچ ئامانج و مەبەستێک وخۆڵانەوەمان لەناو بازنە و چوارچێوەیەکى داخراودا دەگێڕمەوە بۆ شوفێنى وعەرەبەکان بەهەموو مەزهەب و بیرو بۆچونەکانەوە لەگەڵ رێزم بۆ ( جواهیرى وحەسەن و هادى عەلەوى و شاکر خسباک و هاوبیرەکانى یان) بەڵام لەسەدا نەوەدى عەرەب ئەوە بیرو بۆچونیانە ، ئەوان هەمیشە زیندە بەچاڵیان کردوین، بەکافرو گومڕاو مونافیق هاوپەیمانى جولەکە ناساندویانین وتۆمەت و قسەى ناراست و بوختانیان داوەتە پاڵمان ، رێگەیان نەداوە سەرببزوێن ، داواى سەرەتاترین مافى خۆمان بکەین ، ئەوە سەدام و قاسم و عەبدولسەلام و عەبدولرەحمان و تا مالکیش زەقترین نمونەى ئەو شوفێنێتى و هەڵوێستە دزێوانەن  .

گەر سەرنج بدەیت بەدرێژایى مێژوو و لەگەڵ دروستبونى دەوڵەتى بەناوعێراق و قۆرخکردنى تەواوى دەسەڵاتەکان بۆ عەرەب و شوفێنیەکان بووە ، تاکە یەک پۆست وپلەو وماف و ئیمتیاز چیە بۆکورد بەرەوا نەزانراوە ، هەموو دەم نەک وەک هاووڵاتى پلە دوو بگرە لە خوار چوار وپێنجیشەوە حسابیان بۆکردوین ، من ئەوەى کەئێستا دەیبینم و لەبەغدا کورد پۆست و پلە و مەکانەى هەیە بەشتێکى رۆتین و کاتى دەزانم ، بەتێپەڕبونى رۆژگارو گۆڕینى بارودۆخى سیاسى و ئیقلیمى و ناوخۆیى ئەویش وردە وردە کاڵ دەبێتەوە ونامێنێت ، من بەدڵنیاییەوە دەیڵێم پاش چەند ساڵى دیکە هەست و بیرى ئەو شوفێنیانە دەگاتە ترۆپک و ئەو دەمە نەک وەزیر و مولحەقى سیاسى و پەرلەمانتار ، بگرە بۆ دەرمانیش بەڕێوەبەرێکى قوتابخانەیەکی سەرەتایش لەکەرکوک و مەندەلى نابینیت ، ئەوە هەمووان رابردوى چەندانى وەکو مالیکى و عەلاوى و مشعان جبورى و کێ و کێمان لەپێش چاوە، کاتێک بەناو ئۆپۆزسیۆن بوون کورد چى بۆنەکردن ؟ لەچ بارێکەوە کەمتەرخەمى نواند؟ هەر کورد نەبوو لەدواى راپەرینى 1991ببوە رێگا خۆشکەر و رێ ئاسانکار بۆ هەزاران عەرەبى شیعە و سونە وشوفێنى کە خۆیان لەزوڵم وزۆرى بەعس ببوێرن وپەنا بێنە بەر کوردستان، هەر لەناو خاکى کوردستاندا نەبوو کردمانن بەشت و بەشەو و روژ پاسەوانیان بوین و هەموو ئیش و کارێکمان بۆرایى دەکردن و ، تەنانەت زۆر جار لەبرى ئەوانیش بەناوى( مجلس الاعلى و وفاق وتەنى و مەلیکى دەستورى ) چالاکیمان دەکرد و دەستمان لەدوژمن دەوەشاند ، بەس بۆ ئەوەى زلهێزەکان دان بە بوونى ئەو هێزە دا بنێن وشتێکیان بۆ بکەن ، ئەدى پاش رزگاربونى عێراق و روخاندنى سەدام و دروستبونى حکومەتێکى نوێ ، هەڵوێست وپاداشتى ئەو شوفێنى و رەگەزپەرست وبەدنمەکانەى کە تا دوا رۆژى رمان ونەمانى سەدام میوانى ئەم خاک وئاوەى کوردستان بوون چى بوو؟ چیان بۆکورد وشۆڕش ومیللەتەکەى کرد؟؟ جگە لەپیلان گێرى و ئاژاوە و دووبارە تەعریب و راونان وماڵ سوتاندن و کوشتن و دەربەدەریمان؟ ئەوەتا هەموو بەئاشکرا دەبینین مالیکى ونوجیفى و شەهرستانى و زەیدى و جبورى و سەدر وزۆرێکى دیکەش تا سەرئێسقان رق وقین وبوغزیان بەرامبەر بەیەک هەیە و شیر وتیر لەیەک دەسون ، یەکتر تاوانبار دەکەن و سزاى مەرگ ولەسێدارەدان بۆ یەکتر دەردەکەن، لەهیچ خاڵ و بۆچونێکدا کۆک و تەبا نین و بەهەزاران دانیشتن و گفتوگۆ رێکەوتنیش ناگەنە ئەنجام ، بەڵام لەسەر مەسەلەى دوژمنایەتى و رق ئەستورى و پەراوێزخستنى کورد ودوورخستنەوەى لەدەسەڵات و بێبەرى کردنى لە خێر وبێر و خۆشى وڵات هەموو دەبنە براى گیانى بەگیانى و مەلاى سەلەفى سوێند بەسەرى ئیمامى شیعى دەخوات ..

هەموومان ئەو پاشەڕۆژەمان لەپێش چاوە و چاک درک بەوە دەکەین کە تاکە شتێک وایکردوە حکومەتى عەرەبى بەغدا لەبەرامبەر کورد و هەرێمەکەى بێدەنگ بێت و هیچ پەرچەکردارێکى نەبێت ، لەوەوە سەرچاوەى گرتوە کە جارێ حکومەت توشى شەلەلى سیاسى و قەیران و نەهامەتى و نغرۆى سەدان کێشەى ناوخۆ ودەرەکى بووە ، هەروەها جارێ هێزێکى تۆکمەوشەڕکەر و چەکى پێشکەوتوى دەست نەکەوتوە ، هەروابێتەو سیاسەتى نێو دەوڵەتیش ئەمڕۆ رێگا نادات بۆ کار وهێرشى هاوشێوەى سەدام و تورکیا ، ئەگەر نا بەنوێژى نیوەڕۆ دەیانکردین بەپۆڕى خوراو.

تۆ بنواڕە بەدەگمەن وترس و لەرز و دزى وخۆشاردنەوە نەبێت کوردێکى داماو و سەرگەردان نابینیت بۆ نەخۆشى وکارى تایبەتیش رێ بکەویتە بەغدا وجنوب ، ئەگەر بشچێت ئەبێت جۆرەها موجازەفەو گەمە لەگەڵ مەرگ بکات ، تا پێى نەزانن و توشى دەردى سەرى نەبێت، کەچى ئێمە هەمشە دەست ودڵمان فراوانە و لەماوەیەکى کەمدا رابردو لەبیر ئەکەین ئەنفال وکیمیاوى و گوند روخاندن و ئەمن و قەسابخانەى موسل وئەبوغرێب بێ ریزى و سوکایەتى دەبێتە خەون سەراب و بکەرانیشى کە سەرلەبەریان عەرەبن لامان دەبنە میهرەبان و بەخشندەو دڵسۆز ، هەر بەزۆر ئەیان کەینەوە بەبراى خۆمان ، زەویان دەدەینێ و پۆست وپلەیان پێدەبەخشین و لەترس وپەلامار دەیانپارێزین و دەرگایان بۆ واڵادەکەین ، ئەوەتا تۆ بنواڕە شەقام و ئوتێل وباخچە و کارگە و هەموو پڕاوپڕە لەعەرەب، خەریکە بەهێمنى ولەسەر خۆیى تەعریب دەکرێن ، ئەوان لێرە ژیان وسەروماڵ وکەرامەت و هەمووشتێکیان پارێزراوە ، لەمن تۆش خۆشتر رادەبوێرن،نەترس، نەگرتن ، نەتۆقاندن ، نەراونان ، نە ماڵ سوتاندن نە دەربەدەرى ، نایەتە رێگایان ، هاوکاریان دەکەین ، ئیشیان پێدەدەین ، جل وبەرگیان دەدەینێ ، تێریان دەکەین ، لە سەرما و ترس و ئەملاو لا دەیانپارێزین ، ئەوانیش لەسەرخاکى خۆمان لەناو کەس و کارى خۆماندا بە بەرچاوى براو خوشک و خزمەکانمەوە ئاوا پاداشتى ئەو هەموو دڵسۆزى و خەم و بەتەنگەوە هاتنەوەمان دەدنەوە ، دزیمان لێدەکەن ، بەپیلان وتاوانى جۆراوجۆر براو ئامۆزاو خزمەکانم سەردەبڕن و بەبەرد دەیانکوژن و گیرفان و باخەڵەکانى تاڵان دەکەن ، ئوتومبێلەکەى دەفڕێنێت ، ئەمە تاکو ئێستا دەیان کارەساتى وتراژیدى وا جەرگبڕمان بینى .. 

بەڕێزینە بەرپرسان و خەمخۆرانى وڵات و نیشتیمان و کوردستانەکەم نامانەوێت ، نامانەوێت ، هەرگیزاو هەرگیز ئاو ئاگر نابنە دۆست ، گورگ ومەڕیش قەت قەت دەست لەملى یەکتر ناکەن ، ئەگەر برایەتى ئەوها بێت وهەمیشە بەزیان و ماڵوێرانى و رژانى خوێنى کورد لەسەر حساب وبەرژەوەندى عەرەب کۆتایى بێت ، حاشا هەزاران جار حاشا من برام نیە وباوک وباپیریشم هەر تاقانە بوون ، ئیدى بەسە با خۆمان فریو نەدەین و بەو قسەو خەیاڵاتانە خۆمان لەخشتە نەبەین ، ئەوان بەڵێنێکەو داویانە بۆ بەرژەوەندى وگەیشتن بەپلەو دەسەڵات و بەکارهێنانمان وەکو ئامراز و سەرکەوتنى خۆیان وەکو زڕ براش حسابمان بۆناکەن و لە ریزى دوژمنیش ئەژمارناکرێین. رەنگبێت تۆ دوژمنەکەت زەلیل بێت روحم و سۆزت بۆى بجوڵێت چاکەى لەگەڵدا بکەیت و ئەوەى کردویەتى لێى ببوریت و فەرامۆشى بکەیت ، بەڵام ئەوان هەموو دەموکاتێک خاوەن یەک بیرو باوەڕى شوفێنى پڕ لەرق وقینن کە مەزڵوم وژێردەست وچەوساوەبوون خۆیان دەکەنە مەڕ وپەپوولە وفریشتە ، هەر کە هەلیشیان بۆسازا ئەوپەڕى بێ نمەکى و سپڵەیى و بێ وەفایى دەنوێنن ..

من پێم خۆش نیە و جەرگم ژان دەکات رۆڵەى کوردى بێتاوان وکاسب و هەژار لە پێناوى تەماع و دزى و چاوچنۆکى بەدەستى پیس وچەپەڵى ئەو نەفرەت لێکراوانە بکوژرێت ، تکایە چارەیک با چەیدى عەرەب زاڵنەبێت بەسەرمان ولەسەرئاو و خاک وموڵکى خۆشمان زوڵم ئیهانەمان لێ نەکەن و جەرگى دایکانمان نەسوتێنن ..

سنورێک بۆ ئەو ناهەقى و زوڵم غەداریە دابنێن. لەتازەترین خەبەریشدا پەرلەمانتارێکى شیعە دەڵێت هەرگیز کوردو شیعە دۆست و هاوپەیمان نین ، و لەولاشەوە قائیدێکى عەسکەرى کۆنە بەعسى هەرەشە دەکات و دەڵێت لەمەولا دەبێت کورد بە کارت و کەفیل بۆیان هەیە پێ بخەنە ناو شارى کەرکوکەوە .

ئاغاى مالیکیش بڕیارە داوە کە لەمەولا رێگە نەدرێت بەوئوتومبیلانەى ژمارەى شارەکانى هەرێم یان پێوەیە بێنە ناو سنورى دەسەڵاتى عەرەب ، ئیدى نازانم خێر وبێرى ئەو برایەتیە و ئەو خۆ هەڵ خەڵەتاندنە تاکەى بەردەوام دەبێت؟؟ روداوەکانى ئەم دوایەى دوز خورماتو و هەڵپە و قسە و هەڕەشەى ئەو کۆنە بەعسى و عەرەبانەش باشترین بەڵگەو سەلمێنەرى ئەوەن کە لەدوژمنێکى بوغزن وقین لەدڵ و تادوارادە سپڵە زیاتر هیجى تر نین .

لەگەڵ رێزم بۆ شیعرەجوانەکانى شاعیرانى پایەبەرز گۆران و بێکەسى نەمر ئیدى لەمەودوا شیعرى ( براى عەرەبى چاوڕەشم ) و (دۆستایەتى کورد و عەرەب زۆر کۆنە) لەبیرو زهنى خۆمدا دەسڕمەوە ، چونکە من هەست ناکەم هیچ دەم و کاتێک برایەکى عەگاڵ بەسەر و دیشداشە لەبەر و چاو رەش و دۆستى کۆن و بەوەفام هەبوبێت و داکۆکى لە بچوکترین ماف و هەقى رەوام کردبێت ، ئەوەى پێى دەوترێت برا هەمیشە چەقۆ لەمشت و تفەنگ بەشان بووە و حەزو خەون خۆزگە و خەونەکانى سەربڕیوم گەنج و لاوانى ولاتى خەڵتانى خوێنى کردوە . .

ئەوان عەرەبن وبرایەتیان هاوشێوەى هابیل و قابیلەو بڕایەوە

3,415 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست