Shino-Muhemed

ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى مسوڵمانان له‌ جیهاندا چه‌نده‌.؟! شنۆ محەمەد .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌ گوێره‌ى دواهه‌مین سه‌رژمێر دانیشتوانى جیهان نزیکه‌ی به‌ حه‌وت ملیار كه‌س مه‌زه‌نده‌ کراوه‌، شوێنکه‌وتوانی ئیسلام ژماره‌یان به‌ یه‌ك ملیار خه‌مڵاندووه‌ . واته‌ له‌ هه‌ر حه‌وت كه‌س له‌ جیهاندا یه‌ك كه‌س باوه‌رى به‌ ئاینى ئیسلام هه‌یه ‌..!

ئه‌گه‌رچی نازانین له‌ڕێی چ سه‌رژمێریه‌که‌وه‌ ژماره‌ی موسڵمانان به‌ یه‌ک ملیار خه‌مڵێنراوه‌ ، یاخو به‌ چ ئامارێک، به‌ چ پێودانگێک ، له‌ کوێ و له‌ چ کاتێکدا ئه‌م سه‌رژمێریه‌ به‌ئه‌نجام گه‌یشتووه‌ ، به‌ڵام با وای دابنێین که‌ ئه‌وان ڕاست ده‌که‌ن و یه‌ک ملیار موسڵمان له‌ جیهاندا هه‌یه‌ با ئێمه‌ سه‌رنجێك بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و یه‌ك ملیار مسوڵمانه‌و به‌ چاوێكى كراوه‌و ئه‌قڵانیه‌وه‌ لێی بڕوانین ، داخۆ ئه‌مه‌ ڕاسته‌، یان ژماره‌یان زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ كه‌ خۆیان مه‌زه‌نده‌یان کردووه ‌.؟!

ئه‌و ملیار مسوڵمانه‌ی ئه‌وان ئاماژه‌یان بۆ داوه‌ که‌متر له‌ نیوه‌ى له‌ شوێنکه‌وتوانی ( شیعه‌ ) ن . شیعه‌گه‌راکانیش ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ زیادبووندان . ئه‌وی دیكه‌ش ( سوننه‌ ) ن . هه‌ر یه‌ك له‌م ڕێبازانه‌ خۆى به‌ مسوڵمانى راسته‌قینه‌و ئه‌وى تی به‌ كافرو هه‌ڵگه‌راوه‌ له‌دین ئه‌زانێت . شیعه‌كان ئه‌ڵێن سوننه‌كان مسوڵمان نین و شوێنیان ئاگرى دۆزه‌خه‌ ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش سوننه‌كان ئه‌لێن شیعه‌كان مسوڵمان نین و شوێنیان دۆزه‌خه‌ .! سوننه‌كان به‌ هه‌موەدەو شێوه‌یه‌ك شیعه‌یان پێ ڕه‌فزه‌و شیعه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه ‌.!

گه‌ر ئێمه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و دوانه‌ وه‌ك ئیسلامى راسته‌قینه‌ وه‌ربگرین ئه‌وا ژماره‌ى مسوڵمانه‌كان له‌ ملیارێك مسوڵمانه‌وه‌ دا ئه‌به‌زێت بۆ نزیکه‌ی نیو ملیار مسوڵمان یان ڕاستتر بڵێین شه‌ش سه‌د ملیۆن !!!

گه‌ر به‌ لۆژیکه‌وه‌ سه‌رنجێكى هۆشمه‌ندانه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و شه‌ش سه‌د ملیۆن مسوڵمانه‌ ، دووباره‌ ژماره‌یان كه‌م ئه‌بێته‌وه‌ بۆ چوارسه‌د ملیۆن مسوڵمان چونكه‌ له‌ ناویاندا لانى كه‌م دووسه‌د ملیۆن منداڵ و نه‌خۆشی تێدایه‌ ( نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیه‌کان ) كه‌ گه‌شه‌ی هیچ یه‌کێک له‌و توێژانه‌ نه‌گه‌شتۆته‌ ئه‌وه‌ى خۆڕسکانه‌ خۆیان بڕیار له‌سه‌ر باوه‌ڕی دینی و خودایی بده‌ن ، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌وانیش له‌سه‌ر دین ئه‌ژمار بكرێن تا ئه‌و كاته‌ى ته‌مه‌نیان ئه‌گاته‌ سه‌روى هه‌ژده‌ ساڵ یاخود بیرکردنه‌وه‌ی ڕوونی خۆڕسکانه‌ .

گه‌ر زیاترو فراوانتر وردی بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا زیاتر ژماره‌ى مسوڵمانان كه‌مترو كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ من و عوسمانى مه‌لا و مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی و ملیۆنانى وه‌ك ئێمه‌ كه‌ نه‌ك بێ دینین به‌لكو باوه‌ريان به‌ خوداش نيه‌ كه‌چى له‌سه‌ر ئاینى ئیسلام ئه‌ژمار كراوين .! له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ به‌ ملیۆنان مرۆڤ هه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ ناسنامه‌ مسوڵمانه‌و هیچ كاتێک سروتێکى ئاینى جێبه‌جێ نه‌کردووه‌و له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕه‌کاندا جیاوازیان نییه ‌، به‌مه‌ش لانى كه‌م ژماره‌یان كه‌م ئه‌بێته‌وه‌ بۆ سێ سه‌د ملیۆن مسوڵمان .

خۆ ئه‌گه‌ر ڕێساو یاساکانی ئیسلام ، به‌و شێوه‌یه‌ی قورئان و موحه‌ممه‌د داوایان کردووه‌ جێبه‌جێ بکرێن ، ئه‌وه‌ له‌و سێسه‌د ملیۆنه‌ش سێ سه‌د هه‌زاری نامێنێته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و ڕێساو یاسایانه‌ ئه‌مه‌نده‌ سه‌خت و ….. ، ئه‌مه‌نده‌ ….. و دوور له‌ سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تین ، که‌سێک نییه‌ بتوانێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌هه‌شت بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات ، هه‌ر بۆیه‌ به‌شی زۆری موسڵمانان له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خودا نییه‌ باوه‌ڕدارن به‌ڵکو له‌ ترسی دۆزه‌خ به‌ ناچاری ملیان که‌چ کردووه ‌.