خالید دلێر و پەیکەرەکەى و خانوەکەى ماڵى کاک پێشڕەو : ئاکۆ برایم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم نوسینەم وەڵامێکە بو نوسینێکى بەرێزێک بەناوى پێشڕەو اسماعیل عارف بەناونیشانى( تکایە پەیکەرەکەى خوالێخۆش بوو خالید دلێر لەنزیک ماڵى ئێمە دامەنێن!) کەلە ماڵپەڕى کوردستان پۆستدا بڵاوکراوەتەوە، منیش وەکو نەریت و عورفێکى رۆژنامەوانى ئەم وەڵامەم بۆنوسیوە و ناردم بۆماڵپەڕى ناوبراو ،بەڵام پاش چاوەڕوانیەکى زۆر هیچ ئەسەرێکى نەبوو،پێم وابێت ئەو ماڵپەڕە بەڕێزە وەڵام دانەوە و رەخنەو رەئى جیاواز قبوڵ ناکات بۆیە نوسینەکەمیان دانەبەزاند، بۆیە پەنام بردە بەر ماڵپەڕى رەهێڵ پۆست بەئومێدى ئەوەى لاى ئەوان شانسى بڵاوکردنەوەى هەبێت.

بەندە ساڵانێکى زۆر و تەمەنێکە خالید دلێرم دەناسى و شارەزاى هەست و بیرو ناخی بووم، زۆر شتى لێوە فێربووم، ئەتوانم بڵێم لەبوارى ئەدەب ،شیعر ، سیاسەت ،کۆمەڵایەتى دا مامۆستام بووە و تا دوا ترپەش شانازى دەکەم، کە لەژیانمدا کوردێکى پاک و دڵسۆز و خاوەن ئاکار و نمونەیی وەکو ئەوم ناسیبێت، ئەو رەحمەتیە بۆ من و زۆرێک لەهاورێیانم رابەر و رێنیشاندەر و پێشڕەو بوو ، لەساڵانى 1977 تائەو دەمەى نەخۆشى زەفەرى پێ برد و کەفتە کارى سەرجێگا بوو رۆڵى بەرچاوى هەبو لە هۆشیارکردنەوە پێگەیاندنى لاوان و گەنجانى شار .بەتایبەت لاوانى گەڕەکى کارێزەوشک ،هەتا مردو گیانیشى دەرچوو سەربەرز و سەر بڵند و روو سور بوو ،سەرى بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەوى نەکرد، ئەوە بەتەنیا من نایڵێم و بیرکردنەوەى خودى خۆم نییە دەتوانن پرسیار لەزۆرێک لە خەڵکان و کەسان بکەن بەتایبەت ئەوانەى رۆژێک ئەو پیاوەیان ناسیوە و بە دیدارى شادبوون.

کاتێک لە ماڵپەڕى کوردستان پۆست ئەو نوسینەى کاک پێشڕەوم خوێندەوەکە، دەڵێت:( تکایە پەیکەرەکەى خوالێخۆش بوو خالید دلێر لەنزیک ماڵى ئێمە دامەنێن!) تەواو رامام و توشى حەپەسان بووم ،کە لەناوەڕۆکى نوسینەکەیدا ناڕاستەوخۆ ئەوە بەیان دەکات گوایە خالید دلێر پیاوى بەعس و سەر بەرژێم بووە ،بۆیە ئەو خانوەی ماڵى ئەوان کەرژێم داگیر یکردوە بەوانى داوە. ئەمەش لاى ئەو بەڕێزە جێگەى پرسیارو مشتومڕە و لەرقى ئەوشتە تەنانەت پێى خۆش نییە پەیکەرەکەشى لەنزیک ماڵى ئەوان بێت.

بۆیە هەقى خۆیەتى منیش وەکو کەسێک کە ساڵانێکى زۆر لەنزیکەوە خالید دلێروخێزانەکەیم ناسیوە لەهەمبەر ئەو ئەرک وکارو خزمەتەى کە بەڕێزیان بەمن و کورد کوردستانیان کردوە سوکە وەڵامێکى کاک پێشڕەو بدەمەوە :-

سەرەتا لەنوسینەکەى خۆیەوە دەست پیًَبکەم ودەپرسم باشە کاک پێشڕەو باوکى بەڕێزتان کاتێک چووە دەرەوە چۆن بو لەبەر چى یەکسەر کرا بە لێپرسراوى ئازوقە ولۆجستیک ؟!چۆن چۆنى متمانەى ئەوەى پێکرا؟ لەکاتێکدا کەسێکى ون و نەناسراوبوو؟ ئەى پێم ناڵێیت چۆن چۆنى لەناو ئەو هەموو خێزانە پەراِگەندە و ئاوارە ولێقەوماوەدا کە خێمەیان نەبوو، بۆپارویەک نان هەموو شتێکیان قبوڵ دەکرد، کەچى دەوارە شڕێک و نانەوردەى پاشماوەیان پێ رەوا نەدەبینین ،کەچى شانس و ئیقبالى ئێوە وا بوو باوکتان ببێت بەلێپرسراوى ئازقەو نانتان بکەوێتە رۆنەوە و یەکسەر بەڕێشتان بکەن بۆ شارى خانە،پاشان بەوەش رازینەبوون ،چونە پاڵ حەجەکە و بونە دراوسێى ماڵباتى بارزانى و لەشارى لەنەغەدە گیرسانەوە؟؟ ئێوە لەگەرمەى شۆڕشدا کە خەڵک نانى نەبوو بیخوات وسواڵ و درۆزەى دەکرد ، گژو گیاو بەروى دەکرد بەنان، کەچى لەسایەى باوکتانەوە لە خۆشترین کەیف و سەفادا راتان دەبوارد، بڵێیت باوکتان کە سەرپەرشتى ئازوقە و شتى کردوە هیچ ئەملاو لایەکى نەکردبێت،یان بەیەک چاو سەیرى ئێوە و خەڵکانى سڤیلى کردبێت؟؟ بڕواناکەم، ئەوەیان زۆر زۆر ئەستەم وقورس و گرانە.

بۆخێزانەکەى خالید دلێر پێم وابیت تاوانێکى گەورەت کردکەزۆر بەبێ رێزى بەمولازم موحسینتان شوبهاند ، ئەو کەسێکى بەرێز و دیار و ناسراو وئەسڵى شارى سلێمانیە و خزمى نزیکى هونەرمەند عومەرى کەریم ئاغایە و ناویشى عیسمەت نیە و قومرى ناوە.

شتێکى دیکە کە مایەى گومان و هەڵوەستەیە تۆ زۆر بێباکانە ئەو کەسەت کرد بە پیاوى رژێم ،بەڵام کاک بەهادین ى خزمتان کە ئەفسەرى گەورە بووە پێم وابێت رۆلێ بەرچاوى هەبووە ،لە وکاتە هەستیارەدا کە هەرچى ئەفسەرى کورد هەیە بەنمونەى(ئەنوەرى مەجیید سوڵتان وستارى سەعید خەلەف و ئەحمەدفەتاح وملازم جوامێر و مولازم عومەر و ….) زۆرێکى دیکەیان لەبەر هەڵوێستى نیشتمانى یان هاتبونە ریزى شۆڕشەوە و ببوونە فەرماندە و ئامر بەتالیۆن ،کەچى ناسیاوە شۆڕشگێڕەکەتان لەسەر سنور چەکى لەشۆڕشگێران ئەسەندەوە و پسولەى تەسلیم بوون و نەفیکردنى بۆ خواروى عێراق بۆ ئەکردن؟؟! ئەدى نهێنى و مانەوەى ئەو ناسیاوەتان لەو کاتو زروفە ناسکەدا لەریزى دوژمندا چى بوو؟ ئەوپیاو و هاوسۆزى بەعس بوو یان پیرێکى سەر سپى وەک خالید دلێر؟؟؟ئەتوانیت پێم بڵێیت حیکمەت و سڕەکەى چی بوو؟؟ پاشان بۆ ئەوەى پێمان بڵیت کەسێکى وەتەنى و کورد پەروەربوە حکومەت لەسەر ئەوەى نەبوە بەبەعسى پاش چەند ساڵ خانەنشینى کرد ،من پێکەنیم دێت، کورد و ئەفسەرى گەورە و لەگەرمەى شۆرشدا خزمەتى دوژمن بکات و، لەگەڵ ئەوان نەبوبێت بەعسى نەبوو بێت!! بەخوا کاک پێشڕەو لێم ببورە ناچێتە عەقڵى هیچ کەسێکەوە.

شتێکى دیکە باسیدەکەیت لام سەیرە ئەویش ئەوەیە گوایە سەردانى وەزیر بابەکرت کردوە تا لەرێگەى ئەوەوە شتیچکت بۆ بکریچت ، وەزیر وتویەتى تا باوکت خۆى تەسلیم نەکاتەوە خانو وەرناگرنەوە،کە ئەوە قسەى وەزیر نەبووە بەڵکو لە یاساو رێساکانى بەعسدا بووە شمولى هەموو کەسێکى کردووە، کەچى لەولاشەوە دەڵێت پاش واستە و ئەملا و لا خانوەکەمان وەرگرتەوە، ئەبێت ئێوە چى بووبن وا لەوەزیر باڵادەست ترتان بینیوەتەوە ئەو کێشەیەى بۆ چارەسەرکردون ؟!ئەم ماستە نەک مویەک بگرە تۆپەڵە موشى وا تیا، یان پێت شەرمە بڵێت باوکیشم وەک زۆرێک لەخەڵکان هاتەوە و تەسلیم بۆوە ؟ بەوشێوەیە خانوەکەمان وەگرتەو

. شتێکى دیکە کە کەس قەناعەتى پێناکات ئەوەیە دەڵیت ئەوکاتە من کرێکارى غابات بووم لە بەکرەجۆ، باوەڕهێنان بەمەیان تۆزێک زەحمەتە چونکە سەردەمى ئەوسا بەپێى یاساى کار ئەبوایە کرێکارو ئیش کەر تەمەنیان 18 ساڵ بێت، کەچى تۆ بەتەمەنى کەمەوە لەوێ دامەزرایت، هەموو دەزانین تاکە مەرجى ئەوکاتە بۆ دامەزراندن و ئیش کردن لە فەرمانگەکانى میری ئەبوایە کەسەکە خزمەتى سەربازى تەواو بکردایە؟ بۆ ئەوەیان وەلامتان چیە؟

بەهەرحاڵ پیرۆزتان و خانوەکەتان وەرگرتەوە ،بەڵام ئەوەش بزانە ئەو سەردەمە ئەو خانوانەو سەرجەم خانوەکانى کارگەى چیمەنتۆ و کشتوکاڵ و کارگەى جگەرە ئیدارە محەلى و،.. هیچى موڵکى تایبەت نەبوون،تا بڵێیت خانوەکەمان ، هەموویان موڵکى حکومەت بوون، بەوکەسانەش دەدرا کە لەو شوێنانە کاریان دەکرد،چەندین جار بینیومە دەتوانیت خۆشت پرسیار بکەیت، کاتێک کەسێک وازى لە وەزیفە دەهێنا یان دەگواسترایەوە بۆ شوێنێکى دیکە دەبوو ئەو خانوەش چۆڵ بکات ،چونکە تەملیک نەبوو لەسەر هیچ کەسێک، بەڵکو لەهەوەڵەوە تا ئەخیر موڵک وماڵى حکومەت بوو، پاش راپەڕین بڕیارى ئەوە دەرچوو کە بکرێت بەناوى ئەو کەسانەى کەتیایدا نیشتەجێن ئەویش بەو مەرجەى ئەم دەست و ئەو دەستى نەکردبێت..

جا پێم خۆشە منیش هەنێک باسى ئەو خالید دلێرەت بۆبکەم تا بەڕێزتان باش باش بیناسن، ئەو پیاوە بەدرێژاى تەمەنى خۆى و بنەماڵەى لەخزمەتى کورد و شۆڕشدابوون، لە هەموو سەردەمەکاندا بەشى هەر راونان و دەربەدەرى و راکردن بووشەقى زەمانە جارێک لە کەرکوک و جارێک لە کۆیە و جاریچک لەسلێمانى یارى پێدەکرد، تامردیش سەرى بۆ هیچ بەرپرس و سەرکردەیەک نەوى نەکرد ،هەموشیان دەست لەسەر سنگ بون بۆى، بەڵام قەت جارێک روى نەکردە بارەگاى هیچ کامیان. بەدەر لەوەش ئەوبرایەکى لەشەهیدە سەرکردەکان بوو، زاواکەى ئەندام مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى هەموو دارایى یەکێتى بوو، خوشکە زاکەى لەسەرکردایەتى بوو. دەیتوانى وەک زۆرێک لەخەڵکىدیکە ئەو پۆست و مەنسەبانە ئیستیغلال بکات وبۆ مەرامى تایبەتى خۆى بیانخاتە کار سودى لێ وەربگرێت ،یان ئەویش وەکو هەر یەک لە بنەماڵەى شەهیدە سەکردەکانى یەکێتى لە ماف و ئیمتیازى خانو ئوتومبیل و مووچە سودمەندبێت ،بەڵام نەفسیەتى قبوڵى نەکرد ،تا چاوى لێکنا هەر بە مووچەى خانەنشینى ژیانى دەگوزەراند، ئەو تاکو دواساتى ژیانى بۆ یەک چرکەش مەیلى بەلاى یەکێتى وپارتى نەچوو قەت دانى خێرى پیا نەنان، لەبەرامبەردا ئەوان هەموو سازشێکیان بۆدەکرد و چەندین پۆست و ئیمتیاز و بەرژەوەندیان بۆ واڵاکردبوو،ئەو چەپ بوو هاوسۆزى زەحمەتکێشان و پارتى کرێکاران(پەکەکە) بوو، هەمیشە دەیگوت تاوانە مرۆڤ خاوەنى بیروباوەر و تەرزێکى شۆڕشگێرى گەورەو مەزن بێت ،کەچى بێت لەقاڵبى حیزبێک و پێرەوێکى کرچ و کاڵدا لەقاڵبى بدات.

خالید دلێر ئەوەندەى لەژیاندا بوو خزمەتى بەرچاوى ئەدەب و هونەر و شیعر وسیاسەتى کرد و توانى پاش خۆى شتێک بەجێبێڵێت کە ئەوەى بیناسێت شانازى پێوە بکات ،ئەو لەبرى کۆشک وتەلار و موچەى بەرز وریزە ئوتومبیل و کۆمپانیا و تەنکەرە نەوت، (نامیلکەى شیعرى بەرەو لوتکەى ئاوات وئاگرو گوڵ و کتیبَى هێمن وهەژار و چەندین ئاوازى گۆڕانى ئەگەر وەفایە هەربەسە وئەى قومرى،)بەمیرات بۆ بنەماڵەکەى جێهێشتوە، پێم سەیرە ئێمە هەمیشە بەزیندویى ناتوانین هیچ بەبەرامبەرەکەمان بڵێن نەبادا وەڵاممان بداتەوە و دەستەکەمان ئاشکرا بێت، بەڵام کاتێک دڵنیا بووین لەژیاندا نەماوە ئۆغرى کردوە ئەوجا دەکەوینە رەخنە و رێکخستنى شتى بێ سەروبەر خۆزگە ئەو نوسینەت پێش مردنى بوایە تا بۆخۆشى بەقەلەمە خامەکەى وەڵامى بدایتایەتەوە ،لەکۆتایدا حەزدەکەم پێتان بڵێم خالید دلێر چەندین ساڵ نەخۆشى سەرجێگا بوو ،تا ئەو کاتەشى کە گیانى سپارد و بستە زەویەک چیە نەیبو، بێ جێگەو لانە بوو لەماڵى خەڵاتى کچىدا بوو، ئەوەش بۆخۆى جوانترین وراستگۆترین ژیان بوو کەبەسەرى برد . 

2,531 جار بینــراوە