Ako-Ibrahim

رۆژهەڵاتم بۆ بێ دەنگیت؟ : ئاکۆ برایم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانێکە باشورم سەربەست وئازادە ولەچنگى رەشى داگیرکەران رزگارى بووە،سەربارى ئەوهەموو کەموکوڕى و گەندەڵى و ناعەدالەتیەوە، بەڵام خۆشى لەخۆمان بۆتە خاوەن کیان و حکومەتى خۆى، بۆتە ماڵ و لانەو شوێنى حەوانەوەى هەزاران کوردى بەشەکانى دیکە،لەژێر سایەو سێبەریدا بە ئاشتى و ئارامى دەگوزەرێن. باکوریش دەیان ساڵە گڕو گڵپەى بڵێسەیەکى گەرم و، سوتێنەرى داگیرساندوە ،بەهەزاران و ملیۆنان گیانفیداو قارەمان و، خۆڕاگر لە خەبات و بەرخودان دان ،بۆ بەدیهێنانى مافى زەوتکراو، شەو و رۆژ لە کۆششدان، رۆژانە بەرەو دۆندى سەرکەوتن، هەنگاو دەنێن و لەنزیکەوە بۆ نزیکتر ..

کوشتن،راونان،زیندانى کردن، سوکایەتى پێکردن، تۆپ و تانک و زریپۆش و فڕۆکە و جۆرەها چەک و ئامرازى سەرکوتکەر، ناتوانێت یەک تۆزقاڵ لەورەیان بێنێتە خوارێ ، لە رەنج و فیداکاریان پەشیمانیان بکاتەوە، ئەوەتا هەموو دەبینن دوژمنى زاڵمى بەدکار چى ناکات، هەموو رێگا وشێوازەکانى سەرکوتکردنى گرتۆتەبەر، تا میللەتى رابووـ میللەتى شۆڕشگێر، چاوترسێن بکات، بەڵام ناتوانێت وبۆى ناکرێت، ئۆجەلان زیندانى دەکات، خۆناتوانێت هزرو بیرو ئایدۆلۆژیاى قۆڵبەست و کەلەپچە بکات، ساکینە و فیدان تیرۆردەکات،بەسەدان و هەزاران ژنانى روسورى وڵات لەرق و قینى ئەتاتورکەکان دێنە مەیدان ، دەبنە بۆمبى زیلان و گولەرئاسا، ئۆردوى دوژمن خاپور دەکەن، رەهشان و بێریڤان و عەگید شەهید دەکات،بە هەزاران خورت و لاوى بەجەرگى دیکە لەدایک دەبن ..

ساڵانێکە دوژمن دەیەوێت ئەو دەنگە زوڵاڵە ئەو رابوون و بەرخودانە کپ بکات ،بەڵام بێ ئاکام بوو، هەربۆیە ئێستاکێ ئەردۆگان و فاشیستە ئەتاتورکەکان،گەیشتونەتە ئەو باوەڕەى کە ئیدى زەبر وزەنگ و کوشتن وسێدارە ،دادیان نادات، ناتوانێت بەر بەو لەهیە بگرێت ، ئەو گڕو کڵپەیە دامرکێنێتەوە ،بۆیە بە ناچارى و ئیجبارى تەسلیم بەئیرادەى گەل دەبن و بیر لەوەدەکەنەوە کە بەخۆشى خۆیان ئەو مافە بدەن ،تا بەڕەکە لەژێر پێیان دەرنەهاتوە.نەکەوتونەتە بەر شاڵاو رق و قینى گەل . رۆژئاواشم گەرچى ساڵانێک و عومرێک بوو بەدەستى رژێمى ئەسەدى پیاوکوژەوە دەیناڵاند، هەموو مافو بەهایەکى لێ زەوتکراوبووـ بەهەموو شێوازێکى دڕندانە قەتل و عامى دەکردن و ، بەردەوام هەوڵى ئەوەى دەدا بون وناسنامەى کوردانى حەسەکە و قامیشلۆ بسڕێتەوە، پێتان سەیر نەبێت کە تاکو ئێستاش دەیان هەزار کوردى رۆژائاوا هەڵگرى هیچ ناسنامەیەک نین و، نکوڵى لەبوونیان دەکرێت، نیوسەدە جینۆساید،تەعریب و تەبعیس وکوشتن و خنکاندن و راوە دونان،نەیتوانى هەست و سۆزى کوردانى رۆژئاوا لاواز بکات و، لەو خۆزگەو ئاواتیان پاشگەزیان بکاتەوە،ئەوەتا ئێستاکە دەبینن چۆن پۆل پۆلن کوڕان و کچانى گیانفیدا، دڵ پڕ لەحەسرەت، بست بەبستى خاکى وڵات لە پاشماوەى بەعسیەکان و بەچکە ئەسەدەکان پاک دەکەنەوە ، راویان دەنێن و بۆخۆیان خەریکى سازکردن و پێکهێنانى حکومێکى خۆوڵاتین و،بەشێوەیەکى جوان و عادیل ئەو دەڤەرە ئازادکراوانە دەپارێزن و بەڕێوەى دەبەن، ئەوانیش وا خەریکە بە ئامانج و ئاواتى خۆیان دەگەن، لەدیلى و ژێردەستى و جەورو ستەم رزگاریان دەبێت و کۆت و بەندەکان دەپسێنن،ئەمرۆ یان سبەینێ ئەوانیش کیانیێک یان هەرێمێکى سەرەبخۆ، بۆخۆیان دروست دەکەن و بەرى رەنجیان دەچننەوە و ژیانێکى سەربەست وئازاد و پڕ لە ئومێد و سەربەرز بەسەر دەبەن .

ئەى رۆژهەڵاتم، مەڵبەندى قارەمانان ،کوانوى شۆڕش، خاوەنى یەکەم حکومەتى دیموکراتى کوردى، تۆ بۆ بێخەمیت؟ بۆ دەنگت نیە، هیچ ناکەیت ؟لەهەمبەر ئەو هەموو ناهەقى و سێدارەو زوڵمە بۆ دەنگت نوساوە؟ خۆتۆ لانکەى شۆڕشگێران بویت، لەهەمووان زیاتر مافى ئەوەت هەیە کە شانازى بکەیت بەوەى خاوەنى پێشەواى چاونەترس بویت، بەسەدان شەهیدى وەکو قاسملو شەرەفکەندى و شوان و مەلا ئاوارەت کردۆتە دیارى بۆ رزگارى نیشتمان، دەریاچەیەک خۆێنت بۆ ئازادى رشتوە، ئەوەتابراو خوشکانى باکور، رۆژئاوا ،باشور، زەماوەندى عیشق و ئازادیان گرتوە ، هۆرە وبالۆرە و سترانى سەرکەوتن دەخوێننن، بانگت دەکەن، تا لەگەڵیان بیت، بەشدارى ئەو دیلانێ و زەماوەندەیان بکەیت، بچیت بەدەسرۆکەى سورى بەخوێن نەخشاوى شەهید دکتۆر فوئاد وهاوەڵانى، سەرچۆپى بگریت .

ئیدى بەسە، دانیشتن و بێ دەنگى و خۆ دورەپەڕێز گرتن و بێ خاوەندارێتى وادەى بەسەرچوە، رۆژ رۆژى هەستان و بەرخودانە ،رۆژى تۆڵە سەندنەوەیە ،رۆژى هەق و حیسابە ،ئەوەتا سنەى خوێناوى،مهابادى مەڵبەندى گیانبازى، کرماشانى شۆڕشگێرم، موکریانى گیانبازم، هەمووتێکڕا بانگتان دەکەن،داواى سەربەخۆى و سەرفرازیتان لێدەکەن، بۆچ وەستاون و بێ جوڵەن، دەى رابن ،بەرگى کۆن بدڕێنن و بە بەرگى تازە و نوێ و بەبیرو ئایدۆلۆژیاى مۆدێرن رابەرایەتى شۆڕشێکى سەرتاسەرى بکەن، چیدیکەچاوەڕێى رەحمەتى پارت ولایەنى پاشکەوتو پاشڤەڕۆ مەبن، ئەوانە تەواو لەکوردایەتى و خەبات و قوربانیدان ساردبونەتەوە و هەگبەیان هیچى تیا نەماوە، ناتوانن هیچ گوڕانکاریەک بکەن کورد واتەنى (دەستیان گرتوە بەکڵاوى خۆیانەوە) دەبێت لەمەلا ئەو بیر و دید و بۆچونە چەوت و بێ ئەنجام سواو کۆنانە وەلابنێن ، بە بیرو باوەڕو هەست و ئایدۆلۆژیایەکى کامڵ و پڕ لە بیرو باوەڕ بکەونە خۆ، ئەمڕۆ باشترین فرسەتە،چاکترین هەلە، وەک دەبینن بەهارى ئازادى سەرانسەرى رۆژهەڵاتى ناوینى گرتۆتەوە، هەر دیکتاتۆرە ریسواو نغرۆ دەبێت،هەر دەسەڵاتى فاشیستە هەرەس دێنێت، هەر زاڵمە بەسزاى خۆى دەگات، هەل و دەرفەتێکە وهاتۆتە پێش،ئەگەر نەیقۆزنەوە و لەدەستمان بچێت و نەزانن چۆن بەکارى بێنین ،ئەوا رەنگبێت سەدان ساڵى دیکە دەرفەتى وا نەیەتە گۆڕێ. بۆ ئەو رۆژگارە و دەم و وادەى لەمێژە هاتووە،بۆ سەرهەڵدان وراپەڕنیش سبەینێ درەنگە و کات بەسەر دەچێت .

4,055 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت