Sakine-Cansis.1

سامان فەرەج : ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە تاوانەکەی پاریس و تیشکێک بۆ ناسنامەی بکوژ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

( ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ١٥یەنایەر٢٠١٣ دا ئامادەکراوە ، سەرەتایەکی زانستی یەو بۆ قسەکردن لەسەر بکوژەکە هەرچەندە چەند لێکۆلێنەوەکانی ئێستا کەسێکیان خستوەتە نێو بازنەی گومانەوە بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکە و دووا ئەنجام نیە )

لێکۆڵینەوە و قسەکردن لە سەر تاوانی کوشتن بەگشتی کارێکی تایبەتە بە دامەزراوی دژەتاوان و ئاسایش ، کەچی لەم کارو پرۆسێسەدا ڕۆڵی خەڵکی سڤیل و ئاسایی پێوانەی بۆ ئەکرێ و سود لەهەموو گۆشەنیگایەک ئەبینرێ ، بەهەمان شێوە لەتاوانی تیرۆرکردنی سیاسیانەدا ، نەک هەر لێکدانەوەو بۆچونەکانی خەڵک بەهەند وەرئەگیرێ بگرە لەهەنگاوە بەراییەکاندا بەدواچون لە مێژووی ئەو ڕووداوە و ڕووداوی هاوشێوە دەکرێ و کۆمەڵێک گریمانە دێتە ئاراوە کە ، ڕەنگە زۆر لەو گریمانەو بۆچونانە ڕۆشناییەک بهێننە ئاراوە کە کاریگەر بن لە دەست نیشانکردنی پێناسی بکوژدا .

ئەوەی شایانی وتنە بکوژی سیاسی ڕەنگە کەسێک یان کەسانێک بن کە لەڕووی یاساوە تاوانکارن بەکوشتن و تیرۆر . وە یاسای کەسێتی و یاسای دژە تیرۆریان بەسەردا ئەسەپێنرێ ، بەڵام لەپشت ئەم دەستانەوە کەسانێک یان دەزگاو پارت و ئۆرگانێک هەن کەیاسای سیاسی نێودەوڵەتی ئەتوانێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات . لەمێژووی سیاسی کوردا کوشتنی سیاسی لەلایەن گروپ و کەسانی گلادیۆ ئاسا وە هێجگار زۆرە ، دورترینیان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی شێخ مەحمودی حەفید ( مەلیک مەحمود ١٨٨٢-١٩٥٦) لەباشوری کوردستان و لەشاری سلێمانیدا ، دەستێکی نادیار و لەپشت دەسەڵاتێکی نیمچەئیسلامی شێخەوە ( حکومەتی خواروی کوردستان ١٩١٨ -١٩٢٢) ، بیریارو مامۆستاو فەیلەسوفێکی و ئەستێرەناسی وەک (جەمال عیرفان) تیرۆر ئەکات و هەتا ئەم ساتەش ئەو ڕووداوە ، ئەو تاوانە نەک هەر بە ئاکامێکی دادپەروەرانە نەگەیشت بەڵکو ڕووداوەکە و فایلی ئەم کەیسە هەر لەناو تەمومژی ناعەدالەتیدا ماوەتەوەو تۆزی لەبیرچونەوە و فەرامۆشکردنی لەسەر نیشتوە ، وە هەروەها لە ١٠فێبرایەری ١٩٧٠دا و لە شەقامێکی ئەستەمبوڵ دا و بە ڕۆژی ڕووناک خوێندکارێکی کورد بە نێوی (حسەین ئەرسەلان تاش) ـەوە درایە بەرگولــلەی تورکە ڕاستڕەوەکان و پۆلیسی تورکیش زۆر بە بێخەمیەوە ئەوەیان نیشان ئەدا کەدۆزینەوەی بکوژەکە کارێکی ئەستەمە و ساڵانی دواتر هەر لە تورکیادا جەندەها کەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەوانی کوردی و دژە بیروباوەڕی شۆڤێنینانەی تورکی لەنێوبراون و لەنێو ئەبرێن هەروەها ساڵگارێکی پێشتر و لەدوای ئاگربەستی شەڕی چەندساڵەی عێراق – ئێران لە ڤیەننا و لە تاوانێکی تردا دکتۆر قاسملو ، لەگەڵ هاوەلەکانی ، عەبدوڵلای غادێری و دکتۆرفازڵ ڕەسوڵ لە ١٣یولیو ١٩٨٩، تیرۆرکران و دواتر پێناسی بکوژەکان ئاشکرابوو کە ، گلادیۆی دەزگای موخابەراتی ئیێرانی بوون و لە ساتەوەختی دانوستاندنی ئاشتی نێوان ئێران و شۆرشی کوردی لەئێران کە ، دکتۆر قاسملۆ سەرۆکایەتی ئەکرد و بە یاریدەیی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دانوستاندنەکان دەستیان پێکرد بوو ، هەڵیان بۆ ڕەخساو لە دوو ڕووەوە زیانیان بە کێشەی کورد گەیاند کە ، یەکەم لە لەناوبردنی دکتۆر قاسملۆدا بوو ،کە خاوەنی کەسایەتی و بنکەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بوو چ لەئاستی خەڵکی کوردستان چ لەنێوەندی سیاسی دنیا ، جگە لە کارنامە ئەکادێمی و فەرهەنگی یە بە تواناکەی وە لە ڕوویەکی ترەوە لەکەدارکردنی کەسایەتی سیاسی کورد بوو ، چونکە تاڵەبانی لە سەرەتای ساڵی هەشتاو نۆوە وەک ناوبژیوانێک ڕۆلی ئەبینی لەنێوان دەوڵەتی ئێران و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی ڕۆژهەڵات ، کاتێکیش تاوانی تیرۆرکردنی دکتۆرقاسملۆ ئەنجامدرا هاوکات زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکانی جیهان لەڕوانگەی جیاوازەوە پەنجەی گوناهباریان بۆ تاڵەبانی ڕائەکێشا کە ، ئەو هۆکاربووە لەم پرۆژەیەدا ، کەچی ڕاستی مەسەلەکە ئەمە نەبوو . پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران بەرنامەی لەنێوبردنی بەرهەلستکارانی خۆیانیان ( وەک قاسملو ) نەخشاندبوو ، بەڵام چاوەروانی کات و شوێنی شیاویان ئەکرد بۆ دەست وەشاندن و تیرۆرکردنیان ، بۆیە کاتێک لە کۆتایی ساڵی هەشتاوهەشتدا بە چاودێری تاڵەبانی ، نوێنەرانی ئێران کۆئەبنەوە لەگەڵ قاسملو ، پاشتر بۆ دانیشتنەکانی دواتر مەودای دانیشتنەکان ئەگۆڕن بەبیانووی سەرقالبونیان بە مردنی رابەری ڕۆحی ئێرانی ، ئمام خومەینی یەوە و ئیترکۆبونەوەکان ئەخرێتە مانگی یۆلیوی ساڵی هەشتاو نۆ وەو ، تالەبانی نوێنەری خۆی ڕەوانەی ئەم کۆبونەوەیە ئەکات کە ئەویش دکتۆر ( فازڵ رەسوڵ ) ی ئەکادێمی کارونووسەر و میدیاکارە ، لەساتەوەختی کۆبونەوەکان لە ڤیەننەدا ، ئێرانیەکان ئاڕاستەی پرۆسەی ئاشتبونەوە ئەگۆرن بە کوشتن و تیرۆرکردنی ئەو سێ کەسایەتییە ، کە لەراستی دا تەنها دکتۆر قاسملۆ خاڵی پێکان بووە و ئەو دووکەسەی تریش ، لەکات و شوێنی نالەباردا تووشی چارەنوسی نالەبار بوون و کۆتایی بەژیانیان هێنراوە . هاوکات زۆرێک لە میدکانی دنیا ، مانشێتی ( کورد کورد ئەکوژێ ) ـان بڵاو ئەکردەوە ، بۆ نموونە ڕادیۆی مۆنیتکارلۆ ڕۆلی گەورە ی ئەبینی لە لکەدارکردنی کەسایەتی تاڵەبانی بەتایبەتی و کەسایەتی ئینسانی کوردی بەهەمووجیاوازی بیرکردنەوەو حزبی و سنورو دیالەکتییەکانەوە بەگشتی . ئاقاری ڕاستیەکان ئاشکرابوو ، گومانی تاوان تەنها داگیرکەرانی کوردستان بوون نەک دلسۆز و چالاکوانانی کورد ، ئەوەی لەم نووسراوەدا ڕووناکی ئەخرێتە سەر دیاریکردنی هەموو بۆچون و گومانێکە بەبێ سڵکردنەوە و گویدانە هەست و سۆزی نەتەوەیی هیچ کەس و گروپ و لایەنیک ، چونکە بەدواگەڕانی زانستی پەنابردنە بۆ سەرچاوەی جۆراوجۆر و جوڵاندنی هەموو تاڵە دەزوەکان بە مەبەستی بەدیکردنی تۆڕی جاڵجاڵۆکە و ئاشکراکردنی پێناسی بکوژ .

شوێن و کات و چونیەتی ڕووداوەکە

پاریس ، پایتەختی فەڕەنسا ، ناوچەی ئارۆندسمێنتی دەیەم ، شەقامی ڕو لە فەیتە باڵەخانەی ژمارە ١٠٦ ، نزیک وێستگەی شەمەندەفەری گارێ د نۆرد ، ڕواڵەتی ناوچەکە ، شوێنێکی بێگانە نشین ومۆڵگای بیانی وەک تورک و کورد و ئافریکی و ەسانی تری کۆچکردوو کە پڕە لە ودوکان و فرۆشگای بیانی .

بەگشتی دەڤەرێکی هەژارنشینەو ئەم باڵەخانەیە پەیمانگای کوردی یە لە پاریس کە ، دامەزراوەیەکی رەسمی و یاسایی یە و ئەندام و هەڵسوڕاوانی ئەم دامەزراوە لەژێرپەیڕەوی یاساکانی دەوڵەتی فرەنسی دان شایانی باسە نزیکەی ١٥٠ هەزار کورد لە فرەنسا ئەژین و لەسەدانەوەی کوردی تورکیان و زۆربەشیان نیشتەجێێ پاریسن . کاتی ڕووداوەکە شەوی چوارشەممە ٩ی یەنایەری ٢٠١٣ بەداواوە وئاشکرابوون و زانین بە کارەساتەکە دەوروبەری سەعات دووی شەو ، واتە ١٠ی یەنایەر ، قوربانیەکان کە سێ ژنە کوردی باکورن ، بۆ دواجار کە بینرابن لەلایەن بەڕیوبەری بالەخانەکەوە بوووە لە ئێوارەی چوارشەممە دا . پاش ئەوەی کەس و دۆستەکانیان پەیوەندیان پیێوە ئەکەن و بێ وەڵام ئەبن لەگەڵیان ، گومان و پەرۆشی بێ هەوال بوونیان ڕاکێشیان ئەکات بۆ بەردەم باڵەخانەکە ، پۆلیس ئاگادار ئەکرێ و لە دوا هەوڵدا پۆلیس دەرگای بالەخانەکە ئەشکینن و سەعات دووی بەرەبەیانی ،١٠ یەنایەری٢٠١٣ ، لاشەی سێ ژنی کورد بەدی ئەکرێ ( شایانی باسە پاش ئەوەی خوێن لەژێر دەرگای ئۆفیسەکەوە بەدی ئەکرێ ، ئنجا پۆلیسەکان ئەکەونە تەقەڵای شکاندنی دەرگاکە )

دووان لە قوربانیەکان یەکی بە سێ ٣ گولـــلە لەگەردند( مل ) ـا پێکراون و ئەوی تریش بە چوار گولـــلە لە ناوسک و ناوجەوانیدا ، ڕەنگە ئەوەی کە گولــلەکان نراوە بەسکی یەوە نزیک بو بێت لەدەرگاکە ، شێوازی کارەساتەکە ئەوە دیاری ئەیات کە ، بکوژەکان زیاد لە یەک کەس بوون .  ڕەنگە دووان یان سێ بکوژ بن ، چونکە پێکانی دووکەس بەهەمان شێوە ئەوە دەرئەخات کە چۆن بکوژەکان لەیەک کاتدا دەستیان لە دووکەس وەشاندبێ و قوربانی سێهەمیش ڕەنگە لەهەوڵی خۆ دەربازکردنا بووبێ یاخود هەر لەسەرەتاوەو لەگەڵ پێکانی ئەمدا لە پێشەوە کارەکە دەستی پێکردبێ و دواتر لەیەک ساتدا دووژنەکەی تر پێکرابن و هەروەها یەکجۆر چەک کەدەمانچەی پەرەبێڵە ( پەرەبیلیۆم )و دوومارکەی جیاوازی فیشەک بەکارهێنراوە .

وەک باسیش دەکرێ لەیلا و ساکینە بەسەردان چوبنە ئۆفیسەکەی فیدان دۆغان کە ئەکەوێتە فاتی یەکەمی باڵەخانەکەوەو هەرلێرەشدا تاوانی تیرۆکردنەکە ئەنجام دراوە . بەر لە ڕووداوەکە پۆلیسی فرەنسی چاودێری جوڵە و چالاکیەکانی دوان لەقورابنیەکانی کردوە بەگومانی مامەڵەکردنی چەک و تەقەمەنی ،کەواتە پۆلیسی فەرەنسی بەئاگایە لەم کەسانە ، وەک ئەشڵێن گەر بیانەوێ بەدواچون بکەن لەسەر کێشەی کوشتنەکەیان ئەوا زۆر بابەتیان لەلایە بۆ دەستپێکردنیان لە لێکۆڵینەوە و یەکلای کردنەوەی کێشەکە .

ئەم ئۆفیسە هیچ جۆرە کامێرایەکی چاودێری تیادانیە ، چونکە رواڵەتی کارکردنی کەسانی پەناهێندە و چالاکوانی سیاسی بریتی یە لە خۆشاردنەوە لە چاوی کامێراو چاودێریی . لەگەڵ ئەمەشدا دەرگای ئەم ئۆفیسە کۆدی تایبەتی هەیە و تەنها کارمەندەکانی ناو ئەو ئۆفیسە دەرک بەو کۆدە ئەکەن و ڕۆژێک بەر لە ڕوودانی تاوانەکە سیستەمی زەنگی باڵەخانەکە لەکارخراوە ئەمەش بۆ دڵنیا بوونە لە ئەگەری هاتنی هەرکەسێکی ناوادە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەدا ، ئاخۆ بکوژەکە ، یان بکوژەکان ڕاستەوخۆ و لەسەرخواستی قوربانیەکاندا چوبنە ناو ئۆفیسەکەوە ؟ یاخود جۆرێک تەکنیکیان بەکارهێنابێ بۆ چونە ناو ئۆفیسەکەو ئەنجامدانی تاوانەکە ؟ دیارە ئەگەری دوەمیان زیاتر شایانی قسەلەسەرکردنە چونکە پرۆفایەڵی قوربانیەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە لەئەزموونی کارکردنیاندا ئەگەری هەموو کارەساتێکیان لێکداوەتەوەو هەرگیز بواری ئەوەیان نەخوڵقاندوە کە ، هیچ کەس و لایەنێک سەردانیان بکات بەبێ لێکدانەوەی هەموو سنورێکی خۆپاراستن لە کارەسات و تیرۆر ، لەلایەکی ترەوە ، وەک چۆن قسەکەری پۆلیس و بەدواداجونی تاوانی فرەنسی ڕایگەیاند ( ئەو تاوانەی ڕوویداوە بەشێوەیەکی تێروتەسەل پلانی بۆ داڕێژراوە ) ، ئەوانەی بەم کارە هەستاون و لە ناودڵی وڵاتێکی وەک فرەنسادا ، دیارە هەموو لێکدانەوە و وردەکاریی و نەخشەیەکیان داڕشتوەو پاشان ئەم کارەیان ئەنجامداوە ، هەروەک لە ڕوونکردنەوەیەکی پارتی کرێکارانیشا ئاماژە بەوە کراوە کە ( شیوازو شوێنی ڕووداوەکەوەئەوە دەرئەخات کە ئەم کارە پیوسیتی بە کۆمەک و پلانێکی پری نێودەوڵەتی یە ) . وە لەکارخستنی زەنگی باڵەخانەکە ئەگەری ئەوە بەتاڵ ئەکاتەوە کە بکوژەکان بەشێوەکی قبوڵکراو جوبنە ناو ئەو باڵەخانەیەوە .

وەک دەرئەکەوێ قوربانیەکان لەیلا شایلە مەز ، کە لەدایکبوی مەرسین ، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ خێزانەکەی دا نزیکەی دەساڵە پەناهێدەن لەوڵاتی ئەڵمانیا و لە منداڵیەوە تێکەڵ بە کێشەی کورد و بزاڤی نەتەوەیی کورد بووە و ، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ دا چوەتە کوردستان و وەک گەریلا بۆ دووساڵ لەشاخ ماوەتەوەو دواتر گەڕاوەتەوە ئەوروپا و وەک هەڵسوڕاوێکی بزاڤی لاوانی ئازادیخواز لە ئەوروپادا چالاکی نواندوەوە و لە شەوی ٩ی یەنایر٢٠١٣ تیرۆرکرا .

فیدان دۆگان ناسراو بە ڕۆژبین ، لەدایکبوی ١٩٨٢ ماراش ، لەگەڵ خێزانەکەی بۆ پەیداکردنی بژێوی و کار ڕوویان کردۆتە فرەنسا وخوێندنیشی لە سالسبۆرگ تەواوکردوەو بوەتە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و لەساڵی ٢٠٠١دا گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان و پاشتر گەراوتەوە ئەوروپا و وەک نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان لە پاریس و بەلجیکا کاری کردوەو ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر بناسرێ لەلایەن خەڵکانی بیانیە و کوردی یەوە .

ساکینە جانسز : لەدایکبوی تونجەلی (دەرسیم ) ١٩٥٨ ، لە خێزانێکی عەلەوی ( شێوازێکە لە ئاینزای شیعە و سۆفیزم ) کە لە دە خوشک و براپێکدێ ، گەشەی کردوەو قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوەو هیشتا قوتابی بوو کە تێکەڵ بە بیرو باوەڕی مارکسی بوو ، دواتر لە دامەزراندنی پارتی کرێکاراندا ڕۆلێ بینیوە ، واتە ساکینە دووەم ژنە لەگەڵ کەسیرە یڵدرم (سەکینە یڵدرم : واپێدەچێ کە هاوسەری پێشوی ئۆجەلان بێت و ئێستا لە وڵاتانی سکەندناڤیا ژیان بەسەر ئەبات ) دا کە ڕێکخەر و دامەزرێنەری پێککە بوون لە ساڵانی حەفتاکاندا و دوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا ، ساکینە دوچاری زیندانی بووە و لەزیندانا چەندەها شیوازی بەرەنگاربوونەوەی نیشانداوە لە مانگرتن لەخواردن و ڕێکخستنی ژنان لەناو زینداندا و پاشتر لە ١٩٩١ دا ئازاد کراو ڕووی کردۆتە سوریاو لوبنان و نزیک بوتەوە لە سەرۆکی پارتی کرێکاران و کارا بوە لە ڕۆلی سیاسی و پارتیزانیدا ، ئەوسا لەچیاکانی کوردستانی باشوور باڵێکی توندی گەریلای ژنانی پێکهێناوە و سەرۆکایەتی ئەو ژنانەی کردوە کە بەخواستی خۆیان و لەپێناو ڕزگاری کورد ڕوویان لە چیاکان کردوە یاخود لەترسی بەزۆر بەشودان و خۆ پاراستن لەدەسەلاتی خێزان و بنەماڵەکانیان رویان کردۆتە پێ کەکە . ساکینە لەگەڵ یەکێک لەسەرکردەکانی پێ کەکەدا کە ناسراوە بە مورات کەرەیلان ، هێجگار پەیوەندی و متمانەی پەیداکردوە ، پاش لە ناوبردنی مەمەدشەنەر کە سەرکردەیەکی پێ کەکە بوو ، هەمان ڕۆلی ئەو سەرکردەیە بە ساکینە سپێردراو گەیشتە ئەوروپا و لەساڵی ١٩٩٨ دا مافی پەنابەری سیاسی لە فڕەنسادە وەرگرت  .

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەساڵی ٢٠٠٧ دا و لە سەفارەتی ئەمریکی لە ئەنقەرەوە دزەی کردوە کە ویکیلیکس بڵاوی کردۆتەوە ، دەستنیشانی ناوی ساکینە جانسز و ڕیزا ئالتن کراوە کە دوو ئەندامی کارای پێ کەکەن لە کۆکردنەوەی پیتاک بۆ پی کەکە ، ساڵانە بڕی پەنجا هەتا سەدملیۆن دۆلاریان بۆ کڕینی چەک و خەرجی یەکانی پێ کەکە کۆکردۆتەوەو وەک دوو کاریزمای تیرۆر و ترسناک دەستنیشانکراون ، بۆیە پێشنیاری ئەوە ئەکەن کە دابڕکردنی ئەو سەرچاوە داراییە گرنگترین هەنگاوە بۆ پەکخستنی نەیارەکانیان .

لەلایەکی ترەوە کەسایەتی ئەم ژنە ، کەسایەتییەکی جیاواز و کارا بووە و ئازایانە بیروراکانی خۆی پێشنیار کردوەو ئەزموونی سەختی ڕابردووی لەزیندان و شاخدا ڕۆلیان هەبووە لەسەر هەڵسوکەوتی ، تەنانەت لە نێو کوردەکانی ئەوروپا و پاریس دا بە ژنە دڵ نەبەز و قارەمانەکە ناوبراوەو بە نازناوی سارای دڵ ئازاو نەبەز بانگیان کردوە ، ڕەنگە سەرکێشی و باوەڕبەخۆبوونیشی مایەی لێکدانەوەی جیاوازتربن تا ئەوەی کە ، ڕەنگە کەسان و ئەندامانیکی تری سەرکردایەتی کەوتبنە دژایەتییەوە بەڵام ڕوواڵەتی کارەکانی ئەوە نیشان ئەدەن کە جیاوازیی بۆچون و لێکدانەوەکانی هۆکارنەبوون بۆ دژایەتی و ناکۆکیکردن لەگەڵیا لەنیوڕیزەکانی پێ کەکە دا .

ئەگەر و گومان …

لە دوای ڕووداوەکەو لە ساتی ناڕەزایی کوردان لەپاریس١٠یەیایەر٢٠١٣ ، پەرلەمانتاری کورد سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەوەی بە مانگرتوانی پاریس ڕاگەیاند ، کەڕەنگە ئەگەر و گومان لەسەر دەست و دەولەتی جیاوازهەبێ بەڵام ئەوە جێگەی گومانی تیا نیە ئەوەیە کەتەنها داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان سودمەند بوون لەم تاوانە ، بۆیە بکوژەکە تەنها دوژمنانی کوردستانن . لەم خاڵەوە چەند ئەگەرێک دائەنێین بۆ دیاریکردنی پێناسسەی بکوژەکان :

١- خودی سەرکردایەتی پارتی کرێکاران و پێ کەکە .

هەرلە سەرەتای ڕووداوەکەدا ، پێ کەکە تورک و ئەرگەنەکۆنی بە بەر پرسیار زانی و ئەوەی دوپات کردەوەو شیوازو شوێنی ڕووداوەکەوە ئەوە دەرئەخەن کە ، ئەنجامدانی ئەم کارە پیوسیتی بە کۆمەک و پلانێکی پری نێودەوڵەتی یە . لەلایەکی ترەوە ژنە پەرلەمەنتاری کوردی تورکیا سەباحەت تونجەلی وتی ، ئەوگولـــلانە کە سەری قوربانیانەی پێکاوە بەهەمان شێوە سەری قسەکردن لەسەر ئاشتیشی پێکاوە ، بەڵام ئەگەری دانوسان و ئاشتی ڕەنگە هێشتا هەر لە ئارادابێت .

لەدوای تاوانەکە لە ئەستەمبوڵەوە ، هیو پۆپی کۆنە جۆرنالیستی بریتانی لە ئەستەمبوڵ و لێکدەرەوەی تەنگژەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە مێژووی پێ کەکەدا لەسەرکوتکردنی ئەندامەکانیدا ، بەڵام ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ، نابێ بڕیاربدەین لەسەر پێناسی بکوژەکە بە تێروانین لە مێژووی پێ کەکە .

لەڕاستی دا پێ کەکە وەک هەرپارتێکی تری چەکداری نێوچەی ڕۆژهەڵاتی و هەردامەزراوەیەکی تر کە مامەڵەی کوشتن و خوێنی لەگەڵ کراوە ، زۆرجار ناڕێکی ئەندامەکان و لادانیان لەهێڵ و سنوری دیاریکراوی پارتەکە بە کوشتن و سەرکوتکردن لەلایەن خودی پارتەکەوە ، وەڵام دراوەتەوە ، ئەو شێوازەی کە ماوتست تۆنگ و ستالین و شوڕشگێرانی کوبا پەیڕەویان کردوە ،پ ێ کەکەش هەمان کاردانەوەی بەرامبەر خیانەت و ئەگەری تێکدانەکان بەکارهێناوە ، چونکە هەلومەرج و توانای دوژمنەکەی ئەناسێ کە چەند لەبار و لە کەمیندان بۆ لەخشتەبرن و درزخستنە نێو ڕیزەکانی پارتەوە لە هەموو کات و شوێنێک و بە جۆرەها شێوازی جیاواز .. بەلام وەک ئاماژەمان پێدا پرۆفایەلی ساکینە و هاوەڵەکانی بەدەرەلەماکی دژایەتی و ناکۆکی لەگەڵ ئەندام وپارتەکەیدا ئیتر ئەگەری ئەم گومانە زۆر لاوازە و سەرچاوەی ئەم گومانانە لە ووتەو نووسراوی تورکەکان و دۆستەکانیاندا بەدی ئەکرێ ، بە مەبەستی جیاواز ، وەک ئەوەی کەئەوان مامەڵەی دوژمنانەی خۆیان لەگەڵ پێ کەکە ئەکەن و ئەگەری هیچ دانپێدانێکی باشیان لێ بەدی ناکرێ کە لە بەرژەوەندی پێ کەکە وهەقیقەتی کێشەی کوردستانی دابێت . بۆیە ئاساییە لە پاریسەوە تاشین بۆرج ئۆگڵوکە سەفیری تورکە لە یەکەم ڕۆژی کارەساتەکەدا گومانی بۆ کەسانێک برد کە لەنیێو خودی ئۆفیسەکەدابن و بەڵگەشی شێوازی چونەژوورەوەیان بووە بۆناو ئۆفیسەکە و دواتریش ئەردۆگانی سەرکردەی تورک هەمان بۆچونی دووبارەکردەوەو سەرئەنجام بە تیرۆری ناکۆکی نێوخودی پێ کەکەیان ئەژمارد کرد . بەڵام مەسەلەی چونە ناوەوەی بکوژان ئاماژەمان پێدا چۆن ڕویداوە ، ئەمە خۆی وەڵامێکە بۆ ئەو گومانە ناڕاستە .

ئەگەری داگیرکەرانی کوردستان

سوریا . ڕەنگە سوریا و ڕژێمەکەی ئەسەد دەستیان سوربێ بەخوێنی کەسانی وەک رەفیق حەریری لە لوبنان و سەدان کارەساتی تر ، بەڵام لەئێستادا تێوەگلانیان لەنێو شەری خۆ ڕزگارکردن لە ڕووخان هەموو دەروازەو پلانێکی تری لێ داخستون . خۆ مەودای ئاشتی تورک و بزاڤی کوردی لەم قۆناغەدا و بگرە شەرکردنیشیان کارانیە بۆ گۆڕینی مەودای مانەوە وئامانجی مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد ، کەواتە دوورو نزیک سوریا بەدەرە لە پێناسەی بکۆژەکە .

دەولەتی عێراق ؛ هەرچەندە لەمێژودا دەزگای موخابەراتی سەدامی بە جۆرەها شێوازی تیرۆر هەستابێ لەدژی نەیارەکانی خۆی بەڵام مەودای بۆچونی دژایەتی دەسەڵاتی مالێکی و پێ کەکە شایانی هیچ سەرنجێک نیە لەم قۆناغەدا لەکاتێکدا دوژمن و نەیاری سەرەکی مالیکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراقە بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی . کەواتە ئەگەری دووەم داگیرکەریش هەر مەحالە .

ڕژێمی ئێران : رواڵەت و چۆنیەتی ڕووداوەکە زۆر نزیکە لە کارو چالاکیەکانی دەزگای موخابەرتی ئێرانی لەدژی نەیارەکانی لە هەموودنیادا ، پێش وەخت ئاماژەمان بە کارەساتی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆ دا ، بۆیە مافی هەمووانە کە بەگوومانەوە بروانینە دەسەڵاتیی ئێرانی و هەوڵە هۆڤییەکانی لەتۆقاندن و لەناوبردن دا … هەرچەندە بژاک کە بزاڤێکی درێژکراوەی پێ کەکە یەو ئەمڕۆ سەرسەختانە دژایەتی ئێران ئەکات بەڵام بوونی مێژوویەک لە دژایەتی نیوان سەفەوی و عوسمانی هەتا ئەمڕۆش کاریگەری هەیە ، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیشە لە لێدانی هەموو بەرژەوەندیەکی تورکیدان ، لەساتەوەختی ئێستاشدا ڕەنگە وەستانی شەرێ نێوان تورک وبزاڤی کوردی لەتورکیا هاودژبێ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئێران ، ئاشکراشە ئێران هەمیشە داگیرسێنەری ئاگری پشیویەکانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات وئەجندای تیرۆری ئێرانی ئەزمونێکی زۆری هیە لەتیرۆردا . سەرباری ئەوەی کە تورک وئێران خاوەنی مێژویەکی قوڵن لە ناکۆکی بەڵام لە ئاست کێشەی کورد و دیدگەیەیان بۆ بزاڤی کوردی تەباو هاوبیرن ، وەک چۆن تورک دەوڵەتانی زلهێز و ئەجندای ئیسرائیلی تاوانبار ئەکا بە هاوکاریکردنی پێ کەکە ، بەهەمان شێوە ئێرانیش پارتی بژاک بە خوڵقاوی ڕۆژائاو ئەمریکاو ئیسرائیل ئەزانێ . لە نێتوەرکی گلۆباڵ ریسێرچی کەنەدیدا ئەم بۆچونە ئاماژەی پیدراوەتەوە .

دەرئەنجام ئەگەریی دەستی ئەجندای ئێرانی گریمانەیەکە کەتەنها لە ڕوخساری تیرۆرکردنەکەدا دروست ئەبێ نەک بەهۆی بوونی بەڵگەی بەهێزو لەباروە . بە بەراوردکردن لەگەڵ گریمانەو بۆچونەکان لەسەر گلادیۆی تورک ئەم گریمانەیە لاگیر دەکەین و تیشک ئەخەینە سەر ئەگەری ئەجندای تیرۆری تورکی .

گلادیۆی تورک و دەوڵەتی تورک

پێکهاتە و مێژووی دەوڵەتی تورک چەند لاپەڕەیەکی ڕەشن لە میژووی جیهان بەگشتی و خۆرهەڵات بەتایبەت ، دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای چەوساندنەوەو دەرکردن و ڕەچەکوژی خەڵکانی ڕەسەنی ناوچەکە هاتە ئاراوە وەک کوردو ئەرمەن و یۆنانیەکان . لەدوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٠ ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانی تورک جۆرەها پرۆژەی خۆ دەربازکردن لە قەیرانەکان لەسەرخوێن وگیانی نەتەوەکانی ناوچەکە پەیڕەو دەکەن وهەر سەردەمەو بە پرۆژەو یاسایەک جوانکاری بۆ جەوهەری دەوڵەت ئەکەن ، لە تورکیادا ئینقلابی سەربازی یەکەم کەبەسەر دیمێریلدا کرا کۆمەڵێک یاسای عەسکەرتاری هێنایە ئاراوە ، هەتا ئێستاش پیادەئەکرێن و خەڵکی کوردستان باجی ئەم یاساو ڕژێمە یەک لەدوایەکەیان بەخوێن و گیانی خۆیان داوە .

دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک لەجەوهەردا عەسکەری و ڕەگەزپەرستی و لە ڕواڵەتدا دیموکراتی و هەم ڕۆژئاوایی هەم ئیسلامی یە . لەگەڵ ئەو هەموو ئینقلابە یەک لەدووایەکەشدا ئاستی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کوردا بەهەمان دۆخدا ئەروات ، کە لەناوبردن و دەمکوتکردن و تاوانبارکردنە .

بەهاتنی پارتە ئیسلامی یەکەی ئەردۆگان و گول بۆ ناوگۆڕەپانی سیاسی تورکیا ٢٠٠٣ ، هەمان کارتە دۆراوەکانی باپیرانیان بەکارهێنایەوە . بانگەشە و بەنگێشی کورد و گەلانی تر ئەکەن لەژێر ناوی برای ئیسلامی وبرای هاونیشتمانی تورکی دا بەناوی پرۆژەی جارەسەکردنی کێشەکانەوە هەوڵە خوێناویەکانی تورک هەر بەردەوامە بۆ سەرکورد و سنورو ناوچە کوردنشینەکان ، چ لە سنوری دەوڵەتی تورکا یان لە سنوری پارچەکانی تری کوردستان . لەلایەکی ترەوە و بە نیمچە نهێنی هەوڵی کۆبونەوە ئەدەن لەگەڵ ئەو سەرکردانەی پێ کەکە کە بە تیرۆرست ناویان ئەبات . چەند جارێک ئاگربەست هاتۆتە ئاراوە بەڵام لە ناکاودا سوپای تورک دەستی وەشاندوەو گرێبەستی ئاشتی و ئاگربەستەکان بەخوێنی کوردەکان کۆتایی پێهێنراوە . ساڵی ٢٠١١ کاتێک نوێنەری ئەردۆگان خەریکی کۆبونەوە بوو لە ئۆسلۆ لەگەڵ زوبێرئایداری نوێنەری پێ کەکە لە بەلجیکا ، ئەوزوبێرئایدارەی کە میدیاو ئەجندای تورکی بە تیرۆرست و بازرگانی تلیکاک نێوی ئەبات ، ئاگربەستێک هاتبوە ئاراوەو دواتر فڕۆکەکانی تورک بە شەهیدکردنی سیوشەش هاولاتی کورد لەسنوری کوردستانی عیراق – تورکیادا نیەتی خۆیان ئاشکراکرد کە هەركاتێ هەوڵی ئاگربەست و ئاشتی درابێ ئەجندای تورک خۆی پێ ئارام ناکرێ و لەوساتانەدا دەست ئەوەشێنێ ، ئەمەش سیاسەتی زۆرێک لەداگیرکەرانی کوردستان بووە کە سود یان لە ئاگربەست و ئاشتیەکان بینیوە بۆ جێبەجێکردنی تاوانی جیاوازتر ( بۆ نمونە هەوڵی لەناوبردنی بارزانی باوک لە ساڵانی حەفتا و شەهیدکردنی زۆرێک لەکادرو سەرکردەکانی ی ن ک لە میانەی مفاوەزاتەکەی ١٩٨٤دا)، ئەجندای تیرۆری تورکی وەک دەزگای ئێف بی ئای ئەمریکی لای وایە ، ئاشتی و ئاگربەستی گروپە تیرۆریستییەکان تەنها بۆ سودمەند بوون و خۆ ڕێکخستنەوەیانە بۆ شەڕێکی تری تیرۆر .

شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی ئاشتی و خەباتی دبلۆماتی لە پرۆژەوبەرنامەکانی ئۆرگانی مافەکانی مرۆڤدایە کە هانی پێ کە کە و ڕێکخراوی پڵنگی تامیل بدرێ بۆ فیربوون لە خەباتکردن دوورلە توندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا ، ئەمە سەرپاری ئەوەی کە دوا مانگرتنی زیندانیان لەخواردن ئەردۆگان کەوتە تەقەڵای گفتوگۆ لەگەڵ ئاپۆدا لەزیندانی ئیمراڵی و دواتر لەڕێێ مەمەد ئۆجەلانی برای ئاپۆوە پێشنیاری ئاپۆ بۆ شکاندنی مانگرتن ڕاگەیەنراو لە سی ویەکی دیسمبەرەوە پەیامی ئاشتی ڕاگەیەنرا ، بەڵام هەر لەدوا دە ڕۆژ ، لە پاریس دا سێ ژنە کورد تیرۆر ئەکرێن .

وەک وتمان چۆنیەتی ڕووداوەکە ، ئەوە ئاشکرا ئەکات کە ئەم کارە پیلانێکی توندو تێروتەسەلی بۆ داڕێژراوە ، زۆرێک لە گریمانەکان گلادیۆی تورک بە بکوژ و ئەنجامدەری کارەکە ئەزانن ، چونکە لەساڵانی حەفتا بەدواوە ، ئەو ئەجندا نهێنی و تۆقینەرەی داکۆکی لە جەوهەرە رەگەزپەرستیەکەی تورک ئەکات ، کە بە ئەرگەنەکۆن ، ناودەبرێ ، لە سەدان کاری هاوشێوەو خویناوی تردا ڕۆلێ بینیوە ، ئەرگەنەکۆن خواستی باڵی توندرەوەکانی تورک و سەرکردەکانی سوپا جێ بەجێ ئەکات . لە ڕۆژی دەی یەنایەر هەڵوێستی تورک لە حوسین چەلیکەوە دەستی پێکرد کە نکوڵی ئەوەی کردە کە ، تورکیا ئەنجامدەری ئەو تاوانەبێت و بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە سەفیرەکەی تورک لە پاریس کە تاشین بۆرج ئۆگڵوە ئەوەی ڕوونکردەوەکە ئەوەی ئەم کارەی ئەنجام داوە بەبێ زۆر کردن و بەئاسانی چوەتە ناو ئەو شوێنەوە وە ، لەکاتێکدا بۆلیس لەدوای ڕوداوەکە دەرگاکەیان شکاند تاجۆنەتە ناو ئۆفیسەکە ، دواتر ئەردۆگان ئەم قسانەی بەهەند وەرگرت و دوپاتی کردەوە ، تاشین لای وابوو کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کوژراوەکان بکوژەکە ئەناسن چونکە دەرگای بۆکراوەتەوە و چوەتە ناوەوە ، ئەردۆگان لە بەیاننامەیەکی وەزاریدا ئەمانەی ڕونکردەوە ( لە کاتی سەردانی بۆ سنغال ) کە رەنگە کەسانێک لایان چاک نەبێ ئاشتی بەرقەرار بێ ئەنجامدەری ئەو تاوانەی خستە سەرملی پێ کەکە و ئەندامانی پارتەکە . کە ڕەنگە ئەمە ئاسایی بێت بۆ دوولایەنی دژ کەیەکتر تاوانبار بکەن بەڵام دواتر هەڵوێستی ئەردۆگان لە ١٢یەنایر٢٠١٣ بریتی بوو لە شێوازێکی ڕەقتر ، کە تاوانبارکردنی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا بوو بەوەی : ( ئەبی فرەنسوا هوڵاند بۆ دنیای شیبکاتەوە هۆکاری کۆبوونەوەو دیداری لەگەڵ تیرۆریستەکان چی بووە ، هەر دوو مانگێ بەرلەئێستە چاوەڕێێ هەلوێستی ئەنتەر پۆل و دەسەڵاتی فرەنسیمان کرد لەئاست تیرۆرستەکاندا کەچی هێچ . تیرۆرستەکان خۆیان پاک و بێگەردنین مێژویان پڕیەتی لەمە ئەوە ئەڤین جانسەزی دەزگیرانی مهەمەد سەنەر بەهەمان شێوە لەناوبرا .. بۆیە زەرورە فرەنسیەکان ڕاستی بخەنە بەر ڕوناکی و ئەوانەش کە دەوڵەتەکەمان تاوانبار ئەکەن خودی خۆیان بێ توانان لە وەلامدانەوەی ئەو تیرۆرانەی لەنێوە خودی ڕێکخراوەکەد ئەکرێ ) ..

دواهەمین هەلوێستی ئەردۆگان بریتی بوو لە نواندنەوەی نەرمی لە بەشداری کردن لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی سێ قوربانیەکەدا بە گەڕانەوەیان بۆ خاکی نیشتمان . ئەوەی پێویستە تیشکی بخریتە سەر یەکەم لێدوانی سەفیرەکەی تورکە لە پاریس ، ئاخۆ هۆی چی بێ یەکسەر پەنا ئەبات بۆ ڕوونکردنەوە لە شێوازی چونە ژوورەوەی بکوژەکان و دەرگای ئۆفیسەکە ، ئاشکرایە لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە ساخ بوەتەوە کەبەر لە روودانی تاوانەکە سیستەمی زەنگی دەرگاکە لەکارخراوە ، تۆ بڵێێ ئەمە تەنها بۆ چونێک بێت ؟ یان نیشانە بێت بۆ ئاگاداربوونی لە شێوازی پرۆسێسی ئەنجامدانی کارەکە ، ئەو مافی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدات وەک سەفیر و دپلۆماتێک کە کردەوەکە شتێکی نادروست بێت و بگرە ئەشتوانێ بەڵگەی تر بەکاربهێنێ بۆ تاوانبارکردنی پێ کەکە ، وەک ئەوەی ئەردۆگان ئاماژەی پێ داوە بە ناتەواوی و هەڵە ، بەڵام دپلۆماتی دەوڵەتێک چۆن مافی ئەوە بەخۆی ئەدا کە دەستنیشانی پێکهاتەیەک بکات ، وەک دەرگاو چونە ناوەوە بۆ ناو ئۆفیسەکە ، کە هێشتا لێکۆڵینەوەکان لە سەرەتای کارکردنیان بوون هیچ ئەنجامێکی بەراییان نیشان نەدابوو لە یەکەم ڕۆژدا ؟ لەلایەکی ترەوە خاوەنی قوربانیەکە ، کوردەکان بەگشتی و دەمیرتاش بەتایبەتی ئاماژە بە یەک خاڵ ئەدا کە ، تەنها دوژمنانی کورد بکەری ئەم کارەن بەبێ دەستخستنە سەر لایەن و دەوڵەتێك .

هەق وایە پۆلیس و لێکۆلەرەوە فەرەنسی یەکان زیاتر لەم وتانەی ئەم دپلۆماتە ووردببنەوە ، کەڕەنگە تروسکایی لایەنێکی تاوانەکەی لیێ بەدەرکەوێ . وەک دیارە لەدوانزەی مانگدا ئەردۆگان توندڕەوانە تر و بێ ڕێزانە تر مامەڵەی کرد و سەرۆکی فەڕەنساشی تاوانبار کرد و لە هەڵەو شپرزەییدا ناوی فاتیمە تەمەری خێزانی مەمەد شەنەری کردە ئەڤین جانسز ، و سێ قوربانیەکەی بە تیرۆرست ناوبردەوە ، ئەبوایە لەژێر ڕۆشنایی قێزکردنەوە لەتیرۆرست و بەقەد قەبارەی تاوانبارکردنی سەرۆکی فرەنسا ، بڕیاری وەرنەگرتنەوەی تەرمەکانیشی بدایە ، ئەوێک کە بە زیندویی و مردویی ناویان ئەبات بە تیرۆریست چ مانایەکی تیایە ئەگەر ڕێگە لەگەڕانەوەی تەرمەکانیان نەگرێ وەک ڕیزگرتن لە بیرو قسەکانی خۆی و نیشاندانی هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە حکومەتی پاریس ، کەچی بە پێچەوەنەوە لە هەڵوێستەکانی دواتریدا نەرمی نیشان ئەدات و لەگەڵ کوشتەکەشدا پرسە ئەگێڕێ و بڕیاری بەشداریکردن ئەدا لەبەخاک سپاردنیان ، هەروەها ئەردۆگان سوچی راستیەکی تر نیشان ئەدات کە ئەویش سەلماندنی ئەو زانیاریانەیە کە لە سەفارەتی ئەمریکی وە لەئەنقەرەو بەر لەساڵگارێک دزەیان کرد و ئەوەیان ئاشکراکرد کە لە چاودێری و کۆتاییهێنانن بە سەرچاوە داراییەکانی پێ کە کە لە ئەوروپا کە ساکینە جانسزیش ، خاڵی مەبەستە لەم مەسەلەیەدا ، هەرچەند ئەردۆگان لەڕووی یاسایی و جوانکاریە وە ناوی ئەنتەر پۆل ئەبات بەڵام خۆی لەخۆیدا ئەوە ئەگەیەنێت کە چۆن ساڵانێکە ساکینە بوەتە نێچیرو لە هەلوومەرجی لەبار ئەگەڕێن بۆ پێکانی ، لەکاتێکدا ساکینە بەشیێوەیەکی یاسایش لە فڕەنسادا ژیاوەو مافی پەناهێندەیی هەبووە .

شایانی باسە گریمانە و بۆچونەکانی ئەم ڕاپۆرتە ئەمانگەیەنیتە ئەو ئەنجامەی کە ساکینە تاکە نیشانە لێکراو بووە لەم تاوانەدا و بوونی ئەو دووژنەی تر تەنها ئامادەبوونیان بووە لەکات و شوێنی ناشیاوداو سەرەنجام بە هاوشێوەی کارەساتەکەی دکتۆر قاسملۆ و هاوەڵەکانی بوونەتە قوربانی گلادیۆی دوژمنانی کورد و لەگەڵ ئەمەشدا پێناسی بکوژەکە پشکی شیێر لەلای ئەجندای تیرۆری تورکی نیشان ئەدات ، هەرچەندە ئەمە بۆ چوون و لێکدانەوەیە و بەس ، بەڵام هەموو بۆچوونەکان لەم قۆناغەدا ئەتوانرێ سودی لێ ببینرێ و دوا ئاکامیش لەلای یاسا و مێژووە .

سەرچاوە و پەراوێزەکان

Alex Peter Schmid, A J Jongman, A New Guide to Actors, Authors, Concepts, Data Bases, Theories, & Literature ,2005, Transaction Publishers

2(ووشەیەکی ئیتالی یە هێمایە بۆ ڕێکخراوی گلادیۆی ئیتالی کە لەپشت دەسەڵاتەوە ئەرکی لەناوبردنی نەیارەکانی دەسەڵاتی جێ بەجێ ئرکرد بەشێوازێکی نهێنی ولە سەردەمی جەنگی ساردا لەلایەن ناتۆوە کارئاسانیان بۆ ئەکرا بۆ بردنی کەسانی کۆمۆنیست سەرەتای ووشەکە لە گلادیۆسەی ڕۆمانیەوە هاتوە کە مانای ئەو شیرە شاراوەیە ئەدات کە شەرکەر وشیربازەکان لە نیو پێلاو لەدوری پێیاندا شاردویانەتەوە ولەکاتی تەنگاویدا پەنای بۆ ئەبەن بۆ لەناوبردنی بەرامبەرەکەیان )

3جەمال نەبەز، چەند هوردەکارییەک دەربارەی……گۆڤاری میدیا ١٩٢ ،بەرواری ٢٤/٥/٢٠٠٥ بەرلین

4 جەمال نەبەز، کوردستان وشۆڕشەکەی، تەرجەمەی کوردۆ عەلی لە ئەڵمانیەوە،لە بلاوکراوەکانی نۆکسە، چاپی ١٩٨٥

5 Dr Ali Kilic, Respect to Dr Abdoulrahman Ghassemlou, Paris Jul 2008,PDF,

http://www.pen-kurd.org/fransi/ali-kilic/Respect-to-Dr-Abdoulrahman-Ghassemlou.pdf

6 3 Kurds Are Killed in Paris, in Locked-Door Mystery, DAN BILEFSKY and ALAN COWELL, The New York Times, 10 Jan 2013,

http://www.nytimes.com/2013/01/11/world/europe/three-kurdish-activists-killed-in-central-paris.html?_r=1&

7 15,000 rally in Paris over Kurd killings, AFP, The Nations, 13Jan2013, http://www.nation.com.pk/pakistan-news-newspaper-daily-english-online/international/13-Jan-2013/15-000-rally-in-paris-over-kurd-killings

8 Three Kurdish female activists shot dead in Paris، William HILDERBRANDT، France 2410 Jan 2013http://www.france24.com/en/20130110-france-paris-three-kurdish-women-murder-shooting-cime?autoplay=1

9 Sakine cansiz, Wikipedia,15Jan2013,http://en.wikipedia.org/wiki/Sakine_Cansiz

10 Sakine Cansiz Murdered: PKK Founder’s Execution Highlights Women’s Role In Kurdish Insurgency،SUZAN FRASER 01/11/13,HUFF POST WORLD, http://www.huffingtonpost.com/2013/01/11/sakine-cansiz-pkk-execution-kurdish-women_n_2457081.htm

11 Kurds rally in Turkey over murder of 3 women activists in Paris, By Ivan Watson and Gul Tuysuz, CNN,January 11, 2013,

http://edition.cnn.com/2013/01/11/world/europe/turkey-france-kurd-murders/index.html

12 Who killed 3 PKK members in Paris?,MURAT YETKİN, Hurriyet Daily News,January/11/2013

http://www.hurriyetdailynews.com/who-killed-3-pkk-members-in-paris.aspx?pageID=449&nID=38816&NewsCatID=409

13 Suspicion Growing About Possible Link between outlawed Kurdistan Workers’ Party (PKK) and Israel, By Ercan Yavuz, Global Research,5 August 2010,

http://www.globalresearch.ca/suspicion-growing-about-possible-link-between-outlawed-kurdistan-workers-party-pkk-and-israel/20482

14 جەمال نەبەز، کوردستان وشۆڕشەکەی، تەرجەمەی کوردۆ عەلی لە ئەڵمانیەوە،لە بلاوکراوەکانی نۆکسە، چاپی ١٩٨٥

15 ڕوخسارە لێکچوەکانی داگیرکار، ڕێبوار ڕەشید،پارتی سەربەخۆیی کوردستان ٢٠١١/٢٨/١٠ http://www.pskurdistan.com/rebwarrashid0014.htm

16 Criminalizing Dissent in America under the Anti-Terrorism Legislation: Going After Political Organizers, Michael Deutsch, Global Research, 15 November 2010, http://www.globalresearch.ca/criminalizing-dissent-in-america-under-the-anti-terrorism-legislation-going-after-political-organizers/21944

17 Who killed 3 PKK members in Paris?,MURAT YETKİN, Hurriyet Daily News,January/11/2013

http://www.hurriyetdailynews.com/who-killed-3-pkk-members-in-paris.aspx?pageID=449&nID=38816&NewsCatID=409

18 Hollande must explain why he met with terrorists: Turkish PM,, Hurriyet Daily News,January/12/2013,, Hurriyet Daily News, http://www.hurriyetdailynews.com/hollande-must-explain-why-he-met-with-terrorists-turkish-pm.aspx?pageID=238&nID=38915&NewsCatID=338

19 Selahatin Demirtash, profile

1,476 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست