ئاکۆ برایم: بێ پلانى و خەمساردى حکومەت جەستەو ناخمان ئەسوتێنێ.

دەستپێک درورد ورەحمەت بۆگیانى پاکى ئەو سێ قوربانیە سوتاوەى ئوتێل فیردەوس دەنێڕم،لەناخى دڵەوە پێم ناخۆشە و هەست دەکەم کەس و کارو ئازیزو نزیکى خۆمن،بەداخەوە ،داخۆ دەبێت لەگەڵ جەستەیاندا چەندە خۆزگەو […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

دەستپێک درورد ورەحمەت بۆگیانى پاکى ئەو سێ قوربانیە سوتاوەى ئوتێل فیردەوس دەنێڕم،لەناخى دڵەوە پێم ناخۆشە و هەست دەکەم کەس و کارو ئازیزو نزیکى خۆمن،بەداخەوە ،داخۆ دەبێت لەگەڵ جەستەیاندا چەندە خۆزگەو خەیاڵ وبیرو لێکدانەوەیان سوتابێت،دەبێت چەندە بەرنامە و پلانى پاشەڕۆژیان لە سینەدا بوبێت گازو دوکەڵ خنکاندى،دەبێت چەندێک خولیاو حەزو ئاواتیان بوبێتە قەرەبروت ؟؟ بەداخەوەئەوانیش وەکو زۆرێک لە هاوڵاَتیانى ئەم وڵاتە بەهۆى کەمتەرخەمى و نەبونى هیچ بەرنامە پلانێک بوونە قوربانى وچراى تەمەنیان خامۆش بوو ..

ئەرێ بەرپرسان گەورەکان کاربەدەستان، بیرێک بکەنەوە ،تاکەى سوتان،تاکەى کوشتن، تاکەىخنکان، تاکەى نەهامەتى و ماڵ وێرانى،تاکەى سوتانى جەرگى دایکان؟تاکەى بەشمان هەر پرسە و نەخۆشخانەوقوڕپێوان بێت؟ وەڵلاهى بەبیلاهى وڵات و حکومەت بەو شێوەیە ناڕوات بەڕێوە، ژیان ئاوا ناگوزەرێت، ئیدى بەسە حەوێەلە و تاقەتمان نەما. تاکەى بەهۆى خەمساردى و ئیهمالى و بێ بەرنامەو پلانى ئێوەوە، گیانى رۆڵەکانمان ئاوا بێ نرخ و سوک دەکەن؟ کێ تاوانبارە؟ کێ کەمتەرخەمە؟ کێ سزا دەدرێت؟؟ توخوا ئەمەش دیزەبەدەرخۆنە مەکەن و بەپێکهێنانى لیژنەو ئەملاو لاسەرى مەنێنەوە و قڕو قەپى لێ مەکەن.. ئەوە ئەوان رۆیشتن وتیاچوون جێگەیان بەهەشت بێت ،بەڵام با هەروا بەسانایى وبێ قیمەتى سەیرى رووداوەکە نەکرێت، ئەوەى دورونزیک دەستى تێدا بووە و، تیایدا کەمتەرخەمبوە سزاى زۆر توند بدرێت .

سەرەتا ئەوەى کە لاى من کەمتەرخەمە و دەبێت بەر لەهەرکەس و لایەنێک لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەیمانگەى ناوبراوە،لەبەرچى؟؟ئەو وەزارەتە دەڵێی ریزە دوکان و بازار و قەیسەرى دەکاتەوە، هەروادەکات زانکۆیەک یان پەیمانگەیەک لە شارێک یان شارۆچکەیەک دەکاتەوە، کار وابڕوات گوندەکانیش زانکۆیان بەردەکەوێت .

دەستان خۆش بۆ بەرەوپێش بردنى رەوتى خوێندن و زانست، بەڵام بەڕێزەکانم زانکۆ وپەیمانگا و خوێندنى باڵا هەروا گاڵتە نیە،تۆ نە پسپۆرت هەیە ، نەجێگاى زانکۆت هەیە، نە بەرنامە وپلانت هەیە، نە شوێنى خوێندکارانت هەیە،ئیدى بەچى زانکۆى دیکە دەکەیتەوە؟؟ دە سەبر بگرە بۆ خۆدەرخستن و نمایشکردن فلق زانکۆیەک مەکەرەوە، دوو زانکۆ و پەیمانگاى باش و پرۆفیشنال َ زۆرباشترە لەسەدان زانکۆى ئاست نزم و کرچو کاڵ،ئەودەمە تەواو بەسەر سەرجەم کێشەکاندا زاڵ دەبیت،ئاستى خوێندن و زانیاریش بەرزدەبێتەوە، هەموو ساڵێکیش بەدەست دەیان هەزار خوێندکارى دەرچووە گیرناخۆیت و نازانیت چیان لێ بکەیت،هەروەها لەکۆڵ مانگرتن و خۆپیشاندان دەبیتەوە، بڕێکى یەکجار زۆریش داهات و پارەشت بۆ دەگێڕدرێتەوە ، زانکۆ وپەیمانگاش وەکو جاران ناو وناوبانگى بەرز دەبێتەوە. ئاگادارم ساڵانە بە سەدان و هەزاران دەفتەرە دۆلار تەنها بۆکرێى بیناى بەشى ناوخۆى تەرخان دەکرێت. دوو ئەوەندەش بۆ کەلوپەل وشتو مەک و، کرێى هاتوچۆ و چى و چى، ئەوەندەى دیکەش بۆ دەرماڵەى خوێندکارانى دەرەوەى شار، باشە ئێوە بەخێرێ لە دەربەندیخان و رانیە و قەلادزێ و چەمچەماڵ وکەلارو کفرى وقەرەداغ و بنى دونیا زانکۆ وپەیمانگاتان کردۆتەوە، باشە ئەى ماناى چیە کەسێکى خەڵکى دەربەندیخان، یان قەڵادزێ بێتە سلێمانى بخوێنێت،یان خوێندکارێکى سلێمانى ناوى لە کفرى بێتەوە. ئەوە چ عەبقەرى و زیرەک و فەیلەسوفێک ئەو سیستەمەى دارشتوە؟ باشە بۆ بیرێک لەحاڵى ئەو خوێندکارانە ناکەنەوە بۆهەریەکەیان لەشوێنى خۆیان ناویان نایەتەوەـ ئێوەش و ئەوانیش لەو سەرئێشەیە رزگاردەبن، بەراستى هەقە لەسەر ئەوە لێتان بپرسرێتەوە ، بەرپرسى دووەم لەو رووداوە، ئوتێلەکە وبەڕێوەبەرایەتى گەشتو گوزارە، ماناى چى و لەسەر چ بنەمایەک تۆ مۆڵەت دەدەیت بە ئوتێلێک کە هیچ مەرجەکانى سەلامەتى و پەیژە و شوێنى رزگاربوونى نیە، ئاگادارکەرەوە و ئاگرکوژێنەوەهەر نابینیت؟یان ئەمەش هەروەکو سەنتەرى مەساج و باڕو نادیەکان لەبەر خاترى کاک فڵان وکاک فیسار چاوپۆشى لێکراوە و مۆلەَتى پێدراوە؟ دەبێت ئێوەش خۆتان بەبەرپرس بزانن و حسابى خۆتان بدەن .

بەرپرسیاریەتیەکى دیکە دەکەوێتە ئەستۆى بەرگرى شارستانى، ئەوان هەرلەپاش روداوەکەى ئوتێل سۆما ، تۆزێک خۆیان گورج کردوەو کەوتنە گەڕان وسەردان و داخستنى ئەو ئوتێل و ئاپارتمانانەى چەند قاتن و، مەرجى پێویستیان تیا نیە،بەڵام بەداخەوە ئێمە هەمیشە ئەکەوینە دواى روداوەکە ودواى ئەوە ئەکەوینەخۆ رێگەو شوێنى پێویست دەگرینە بەر،پاشانیش بە تێپەڕبوونى کات لەبیرى دەکەین. ئەمەش لەو لەبیر کرا وانەیە،بڕواناکەم تا دوێنێش بەرگرى شارستانى، هەرزانیبێتى ئەو ئوتێلە لەسلێمانیدا هەیە حەریق و کەرەستەى پێویستى ئاگر کوژێنەوەى تێدا بێت، ئەى بەڕێزینە ئیش و کارى ئێوە چیە؟ لەسەر چ بنەمایەک موچە وەردەگرن و خزمەت دەکەن؟ بۆچ پێش ئەو روداوە ئەو شوێنانەتان بەسەر نەکردوە و ئاگادارتان بکردنایەتەوە، بە گرتنە بەرى رێو شوێنى گونجاو، ئێوەش لەو کارەساتەدا کەمتەرخەمن و پشکتان بەردەکەوێت، بەوە خۆتان مەپەڕێننەوە بڵێن بەزوترین کات گەیشتینە شوێنى روداوەکە و، لەماوەیەکى کەمدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، ئاسودەتردەبوین و هەستمان بەئارامى و دڵنیایى زیاتر دەکرد کە پێش کارەساتەکە سەلامەتى پاراستنى گیانى ئەو کەسانەتان کۆنتڕۆل بکردایە .

لایەنێکى دیکە کە ئەویش لاى من بەرپرسە لایەنى ئەمنى و پاسەوانیەتیە، لەسەرجەم بەشەناوخۆییەکاندا پاسەوان هەیە، چونکە هەموو دەزانن ئەوانەى لەوبەشە ناوخۆییانەن کەسانى دەرەوەى شارن،رەنگبێت تیایاندا بێت دوژمن دار بێت، یان کێشەیەکى خێزانى لەگەڵ کەسى تردا هەبێت،یان بەشێکیان کچن وکەسانى خراپ و نەفس نزم بیانەوێت شتێکیان لێ بکەن. ئایا پاسەوانێتى سەدو پەنجا خوێندکار بە تاکە پاسەوانێکى مەدەنى دەکرێت، کە هیچ دەسەڵات وتوانایەکى نیە؟ بێگومان نەخێر، خۆ هەموو ئاگاداربوون چەند مانگ لەمەوپێش عەشیرەتێک بەچەکەوە دایان بەسەر سجنى میرمنداڵان لەگەڕەکى کارێزەوشک وسەرجەم پاسەوانەکانیان چەک کرد و تا بەیانى خۆیان حاکم بوون، ئەى گرنتى چیە بۆ ئەوەى کارەساتى وا لەو بەشە ناوخۆیانەش روو نەدات؟! باشە ئەگەر بهاتایە چەند پاسەوانێک لەوێ بونایە و بەسەرە پاسەوانیەتیان بکردایە بێگومان هەر زوو هەست بەو روداوە دەکرا وهەموو خوێندکاران و خەوتوانى ناو ئوتێلەکەى بێدار دەکردەوە، ئەو دەمە نەزیانى ماڵى دەبوو نەگیانى..کەواتە ئەو شوێنەشى کە پاسەوانیەتى لەسەر شانە جا پۆلیسە یان پەیمانگەیە یان ئوتێلەکەیە یان هەر لایەنێکە ئەویش زۆر زۆر بەرپرسە .

کاکى وەزیر براى پەرلەمانتار ئازیزى بەڕێوەبەر خاڵەى عەمیدى کۆلیژ و پەیمانگاکان ،ئەى هەموو خاوەن هەست و ویژدانەکان،بەسە بەس بەزەى یەکتان بەحاڵى ئەو خەڵکەدا بێتەوە، ئەو خەڵکە مەڕو ماڵات وئاژەڵ نیە،لەسەر هیچ و خۆرایى و لەبەلاش گیان ببەخشێت ، داخۆ دەبێت ئەو قوربانیانە بەچ نەگبەتى ودەردى سەرى و نەبونى و بێوەژن کۆشى و مەمرەو مەژى،بەحەماڵى وکرێکارى و نەدارى و دەستگێڕى، زۆرانبازیان لەگەڵ ژیاندا کردوە سەریان نەوى نەکردوە،تا گەیشتۆتە ئەو قۆناغە و بەئومێدى ئەوەش روویان لەو شوێنانە کردوە تا بڕوانامەیەک بەدەست بێنن ولەهەژارى وکولە مەرگى رزگاریان بێت،سبەى رۆژ خۆیان وخێزانیان لەبەریان بحەسێنەوە، بەڵام بەداخەوە رۆحى ئەوانیش وەکو رۆحى سوتاوەکانى ئوتێل سۆما و خنکاوەکانى لافاوەکان بون بەساقەى سەرى ئیهمالى و بێ پلانى لایەنى بەرپرس  .

2,840 جار بینــراوە

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئاکۆ براهیم

ئەرشیڤی بەڕێز: ئاکۆ براهیم