Imad-ahmad

عیماد ئەحمەد ” کەواسوری بەرلەشکرە . ئارام قزلەری .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە کاک عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوە بە پالەوانی کەناڵەکان و ڕۆژنامە کوردیەکان ، بەجۆرێک سەردان و چاوپێکەوتنەکانی چرکردۆتەوە وەک ئەوەی لەم کوردستانەدا کەس لەو زیاتر لەخەمی ئەم گەل و نیشتیمانەدا نەبێت .

زۆربەی بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەحکومەتی هەرێمدا بەژدار بوون و زۆربەی پەرلەمانتارانیش گرفتی گەورەیان هەیە لەسەر ناشەفافی گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان ، تەنانەت بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح  ، کە سەرۆکی کابینەی شەشی حکومەتی هەرێم بوو ؛ بێ ئاگا بووە لەو گڕی بەستانەو بە ڕاشکاوانە باسی لە کەم و کورتیەکانی کردوە ، ڕۆژانەش لەناو هۆڵی پەرلەماندا هەرئەوە ماوە پەلامارو شەڕە بۆکس دروست ببێت لەسەر بودجەو گرێ بەستە نەوتیەکان ، کە کەس نازانێت داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت .

سەیر لەوادایە لەوەتەی گرێ بەستە نەوتیەکان هاتۆتە ئاراوە هیچ بەرپرسێکی یەکێتی ئاگاداری ناوەرۆکەکەی نەبووە  ، جگە لەوەزیری جامتا ڕەشەکە ” ئاشتی هەورامی ” و ئەوانەی کە فەرمانڕەوای یەکەمن لەو بازرگانیەدا .

خێرە ئێستا کاک عیماد ئەحمەد ئاگای لەخشەی مارو مێرووە و هیچ گرێ بەستێک بەبێ ئەو ئیمزا ناکریت و دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە لە ناو حکومەتدا ، تۆ بڵێی فەرمان کرا بێت بە سەرۆکایەتی حکومەت ، کە کاک عیماد نابێت پشتگوێ بخرێت و دەبێت دەسەڵاتی تەواوەتی پێ بدرێت !!، گەروا بێت ! کەواتە ئەو هێزەی بتوانێت فەرمانێک بسەپێنێت بەسەر حکومەتی هەرێمدا ، بێگومان هێزێکی دەرەکییە ، گریمان ئەو بۆچونەش هەڵەیەو وانیە ، کەواتە کاک عیماد چاو بەرەوژێری ئەو شیرینیەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر لەڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە کە بەڕێز کاک نێچیرەڤان بارزانی ئوتومبیلێکی لاکسوسێکی بەخشیوەتە کوڕەکەی بەبۆنەی ساڵیادی لەدایک بونیەوە .

نەگبەتی گەلی کورد لەوەدایە گوێ لەهەر بەرپرسێکی بالای ئەم وڵاتە دەگریت ، ئەوەندە پەرۆشی ئەم گەل و نیشتیمانەیە وەک ئەوەی لەشامی شەریفەوە نێردرابێت بۆ کوردستان و خەمی گەورەی خزمەتکردن بێت بۆ ئەو میللەتە هەژارەی کە بەڕاست و چەپ دارایی و سەرخان و ژێرخانی وڵاتەکەی حەپەلوش ئەکرێت ، بۆ ئەو گیرفانانەی کە ئەوەندە قوڵ و چاوچنۆکن بەهیچ تێرنابن .

کاک عیماد ڕەخنە لە کاک عومەر فەتاح دەگرێت کاتێک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ناوچەی سەوز بوەو ئەم جێگری بووە ، لەسەدا بیست و پێنچی دەسەڵاتی پێ نەداوە ، بەڵام ئێستا لەم کابینەیەی کاک نێچیردا دەسەڵاتی تەواوەتی پێدراوە ، تۆ بڵێی کاک عومەر فەتاح ئەوەندە دیکتاتۆر بوبێت و غەدری لەجێگرەکەی کردبێت ، یان لێدوانەکەی کاک عیماد دەمان خاتە گومانەوەو پێمان دەڵیت بەخوا ئەم ماستە مویەکی تێدایە .

بەڕیز کاک عیماد جەنابتان لەتەڕ ئەخۆن و لەسەر پێخەفی ئاوریشمیش دەخەون خێرو بێری کوردستانتان بۆ خۆتان قۆرغ کردوەو ، لەهەر ناوچەیەک کۆشکیکتان دروستکردوە و ئاگاتان لە برسی نییە ، گەر جەنابت دەسەڵاتدارێکی بە ویژدان بویتایە چاو پۆشیت لە داهاتی ئەومیللەتە نەدەکرد کەتاڵان فرۆش دەکرێت ، گەر لەخەمی میللەتەکەتا بویتایە کۆشکێکی شاهانەت دروست نەدەکرد لە مێرگەپان ، کە کۆی تێچوی لە ملێۆنێک دولار تێدەپەڕێت ، پێمان بڵی بەچی و لە کوێوە ئەو سەروەت و سامانەتان بۆ ماوەتەوە یان هەمووی بەرهەمی خوێنی شەهیدانی گەلەکەمانەو بە ئارەزوی خۆتان تەخشان وپەخشانی دەکەن . بەڕیز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم یەک سەدە زیاترە باب و پاپیرانم لە قزلەرو مێرگەپاندا ژیاون و تاڵی و سوێری ژیانیان تیا چێشتوە ، لە کاتێکدا جەنابت بەقەد گەڵای دارێک دۆلارت سەرفکردوە بۆ باخێکی هاوینە ، بەڵام من ناتوانم  خێمەیەکم نییە لەجێگەی باب و پباپیرانم ، لەبەرامبەر کۆشکەکەی تۆدا هەڵبدەم . کە دێشنە ئاخاوتن ئەوەی ئەیڵین نایڵینەوە ، ئیتر خەبات و تێکۆشان و خزمەتکردنی چیمان پێ دەفرۆشنەوە .

هەرچەندە جەنابت و زۆربەی دەسەڵاتداران ئەم ڕەخنەو نوسینانەتان بەلاوە وەک بایەک وایەو بەلای گوێتاندا تێ دەپەڕیت ، کورد وتەنی خۆشەبون لە گەڵ ڕەخنەو نوسینەکاندا ، بەڵام مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات ، پەندێکی کوردی هەیە دەڵی ئەوەی دەنکێک گەنمی ماڵی پاشای خواردبێت هەر ئەبێت دای بنێتەوە ، واتە ئەو هەموو ناحەقی و بێویژدانیەی ئێوەمانان دەیکەن بەرامبەر خەڵکی کوردستان ، هەر دەگاتە سنورێک و کۆتاییەکی هەر دەبێت .

بۆیە زۆر بە ڕاشکاوانە بە جەنابت و تێگڕای دەسەڵاتدارانی یەکێتی نیشتیمانی دەڵیم : من وەک کادرێکی یەکێتی و بەوەفا بۆ خوێنی شەهیدانی نەمر ڕەخنەی خۆم دەگرم و بێ منەتیشم لەهەرکۆسپێک پێتە ڕێگام ، ئێوەی بەرپرسان سەری زمانتان و ژێری زمانتان باسی ئەوەیە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خاوەنی دەریایەک خوێنی شەهیدە ، ئەو دەریا خوێنەی ئێوە باسی دەکەن بە سەدان جۆگەلەی خوێنی بنەماڵەکانی وەک ئێمەو مانان پربۆتەوە ، من بەرگری لەخوێنی شەهیدەکانم دەکەم هەرگیز ڕازی نابین کەس  ، بازرگانی بەخوێنی کەسوکارەکانمانەوە بکات ، پێش ئەوەی یەکێتی موڵکی ئێوەی بەرپرسان بێت ، ئێمەی بنەماڵەی شەهیدان خاوەنی مێژووی ڕابردو و داهاتوی ئەو حیزبەین داواش لەبنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەندامان و کادرە بوێرەکانی یەکێتی دەکەم چاوپۆشی کردن لەکەم و کورتیەکانی ناو یەکێتی  ” خیانەت کردنە لە خوێنی شەهیدان و ئەو خەباتەی بۆی تێکۆشاون .

2,220 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت