جەمال چاوشین : یادەوەریەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کڕینی ماشێنی پەیکان ، دەعمکردنم لەگەڵ ئیتڵاعات .

وەکو لەبەشەکانی تردا باسمکرد شۆڕشەکەمان درێژەی کێشاو ئاسۆی ڕزگاریمان لا دوور بوو ، ژیانیش ڕۆژ بەڕۆژ لامان قورس دوبوو ، بەتایبەتی بۆ پێشمەرگە خێزاندارەکان . کاتێ چوم بۆ سلێمانی شتێ پارەم لەدایکم وەرگرت و شتێک زێڕیشمان هەبوو ئەویشم هێناو فرۆشتم و لەسەقز ئۆتۆمبیلێکی پەیکانم پێکڕی ، شۆفێرییەکەم باش نەبوو . برادەرێکم هەبوو ناوی شاخەوان بوو ووتی هەتا تۆ خۆت فێری لێخوڕین دەکەیت بەباشی ، کاری تەکسی پێدەکەم ، ووتم : زۆرباشە . ئۆتۆمبیلەکەم دایە دەست شاخەوان و خۆم چووم هەندی دەرسی لێخوڕینی سەیارەم وەرگرت ، هەستمکرد دەتوانم سەیارەکەی خۆم لێبخوڕم و بەکاری بهێنم ، سایەقیەکەی شاخەوانیش زۆر باش نەبوو چەندچار سەیارەکەی بردبووە گەراجی حەوشەکەیانەوەو هەموو جارێک خۆی کێشابوو بەدرگای گەراجیەکەداو هەرجارەی لایەکی سەیارەکەی دەقوپان و دەڕوشاند .

ڕۆژێک ووتم شاخەوان وابڕوات هەتا بەهار بۆیاخی پێوەنامێنێت . شاخەوان ئەم قسەیەی منی پێخۆش نەبوو سویچەکانی دایەوە دەستم و توڕە بوو ڕۆشت .

ئەو کۆڵانەی ماڵی ئێمەی لێبوو لەشاری سەقز کۆڵانێکی باریک بوو ، چێگەی راگرتنی سەیارەی نەبوو سەیارەکەم لەقەراخی جادە گشتیەکە ڕاگردو دوو سێ ڕۆژ نەمجوڵاند وەرزی زستان بوو بەفر لەئەرزا بوو . شەوێک کوڕەکەمان زۆر نەخۆش بوو وویستمان بەسەیارەکەی خۆمان بیبەین بۆ نەخۆشخانە ، سلفم لەسەیارەداو ئیشی نەکرد بەهۆی ساردی ئاو و هەواوەو پاتریەکەی دابەزی بوو ووزەی تێدا نەمابوو ، هەرجۆنێک بوو پاڵمان پیوەناو خستامەن کار و کەوتینەڕێ ؛ لە فلکەی ئازادی سەیارەیەکی جێب لەپێشمەوە بوو وەستاو جادەکەش بەهۆی بەفرەوە تەواو خلیسک بوو ، بۆئەوەی خۆمی پێدانەماڵم ئیستۆپم گرت ، سەیارەکەم خلیسکاو خۆم پیاماڵی . نەفەرەکانی ناوچێبەکە هەمویان سەر بەدەزگا ئەمنیەکانی سەقز بوون بەجەکەوە بۆم دابەزین ، پشتی ملیانگرتم داوای هەویەیان کرد و سەیرێکی ناوسەیارەکەیان کردو هاوسەرەکەم و منداڵە نەخۆشەکەمان پێ بوو . ووتیان دەتکەین بەخاتری ئەو منداڵە نەخۆشە ناتبەین بۆ ئیتڵاعات . هەرچەندە سەیارەکەم هەندێك چەمەلەغی پێشەوەی قوپاند ، بەڵام باش بوو نەچاتم بوو لەدەستی ئیتڵاعاتەکان .

سەفەرکردنمان بۆ شاری مەریوان و کانی دینار .

کۆمەڵێ ماڵی خزم و ڕەفیق و بڕادەرم لە شاری مەریوان و کانی دینار ” دەژیان . لەگەڵ ئازاد وەندەرێنەیی تەگبیرمان کرد بەخێزانەوە بەسەیارەی خۆمان بەمیوانی بچین بۆ سەردانیان . سەرەتای وەرزی بەهار بوو ، شەوی مابوو کەوتینەڕێ ، دنیا ڕووناک بووەوەو گەیشتینە نزیکی شارۆچکەی دیواندەرە لەوێ لەتاسەیەکماندا {شەفت و بۆڵبرین } ی تایەیەکی دواوەی سەیارەکەمان شکاو دەستی کرد بەخڕە خڕ . دابەزین و تۆزێک سەیرمانکردو هیچمان لێنەزانی . هەرچۆنێک بوو خۆمان گەیاندە شاری دیواندەرەو لەبەردەم دوکانێکدا وەستاین ؛ هێشتا زووبوو دوکانەکە نەکرابووەوەو لەدەرگای ماڵێکی تەنیشت دوکانەکەمانداو ژنێک دەرگای لێکردینەوە ، پرسیاری فیتەرمان لێکرد ، ژنەکە ووتی : کوڕەکەی من فیتەرەو وەرنە ژورەوە ئێستا لەخەو هەڵی دەستێنم . چوینە ژورەوە نان وچای بەیانیمان خوارد و ماڵێکی زۆر بەڕێز بوون ، خزمەتێکی باشیان کردین . فیترەکە هەستا لەخەو ، تایەی سەیارەکەی کردەوە ووتی بۆڵبرینێک و شەفتەکەی شکاوەو دەبێت بیبەی بۆ شاری سنە بە { پرێس } بۆڵبرینەکەی دانێیتەوە ، لێرە پرێسی لێ نیە . لەگەڵ ئازاد و هاوسەرەکانمان سەیارەیەکمان بەکرێ گرت هەتا شاری سنە ، ئەوان چون بۆ ماڵی کاک عەمەر کە پێشمەرگەو هاوڕێمان بوو ، منێش ئەوەی پێویست بوو کڕیم و کردم ، گەڕامەوە بۆ شاری دیواندەرەو سەیارەکەم چاککردەوەو شەوو درەنگ گەیشتمەوە شاری سنە لای ئازاد ، ئەوشەوە ماڵی کاک عمر خزمەتێکی باشیان کردین سوپاسمان کردن و ، بەیانی ڕۆیشتین بەسەلامەتی گەیشتینە کانی دینار .

گیرانی سەیارەکەم لەشاری مەریوان .

لە کانی دینار ” یەک حەفتە زیاتر ماینەوەو سەردانی ماڵی هەموو خزمان و برادەرانمان کرد ، سەفەرێکی خۆش و کاتێکی خۆشمان بەسەر برد ، ڕۆژێک لەماڵی شێخ سالار یاری کۆنکەنمان دەکرد لەسەر قەڵ ، قەلەکەش کڕاوەو لێنراوەو ئامادەیە بۆ خواردن ، مامەقالە ووتی نەفەر لەکانی دینارەوە زۆر هەیە بۆ مەریوان بە پێجەوانەشەوە سەیارەش زۆر کەمە سەیارەکەم بدەرێ دەچم ئیشی تەکسی پێدەکەم سویچەکەم دایەو ڕۆیشت . دوای عەسرێکی درەنگ مامە قالە هاتەوە ووتی سەیارەکەیان گرتووە لەسەیتەرەکەی مەریوان داوای خۆت دەکەن ، لەگەڵ مامەقالەدا ڕۆشتین سەیارە نەبوو بەناچاری لەدوای پیکابێکەوە سواربووین تاگەیشتینە سەیتەرەکەو وەرەقەم پێبوو ژمارەی سەیارەکەشی لەسەر بوو ، سەیری وەرەقەکەیان کرد ووتیان سەیارەکەتان دەدەینەوە ، بەڵام ٣٠٠ تمەنتان غەرامەت دەکەین . ٣٠٠ تمەنیان خەرامەیان بۆنوسین مامەقالە ووتی ٢٠٠تمەنم پێپەیداکردووە 100 تمەنم خستە سەر ٢٠٠ تمەنەکەی مامە قالە و غەرامەکەمان داو سەیارەکەم وەرگرتەوەو گەڕاینەوە بۆ کانی دینار و مامە قالە ووتی کاسبی باشم کرد .

کڕینی هەندی کڵاشی کوردی .

لەسەروبەندی گەڕانەوەمان ڕۆژێ جوین بۆ شاری مەریوان ئازاد ووتی بۆ لەگەڵ خۆمان هەندێ کڵاش نەکڕینوو بیبەینەوە بۆ شاری سەقز برادەرێك هەیە ناوی {خ }پێشمەرگەیەکی هەژاری کەم ئەندامە لەسەقز شت دەفرۆشێ ، ئێمەش ئەم کڵاشانەی دەیدەینی بۆمان بفرۆشێ هەقی فرۆشتنەکەی شتێ پارەی دەدەینێ ، من لای خۆمەوە ئۆکەیم بۆ پێشنیارەکەی ئازاد کردو ڕۆیشتین بۆ بازاڕ و خۆمانکرد بەدوکانی کڵاش فرۆشەکانداو بەکۆمەڵ ١٠٠ جوت کڵاشی باشمان کڕی ، وابزانم جوتی بە٦٠ یان٧٠ تمەن بوو ، کردمانە سێ گوێنیەوە خستمانە سندوقی دواوەی سەیارەکەو گەڕاینەوە بەرەو شاری سەقزو گەیشتینە سەیتەرەکەی بیچاڕ . ئەم سەیتەرەیە هەمیشە زۆر توند و گیربوون لەگەڵ مسافیری ئەوڕێگەیە ، خەڵکیان زۆر ئەزیەتدەداو بیانویان پێ دەگرت ، پاسداری زاڵگەکە داوای وەرەقەیان لێکردین و ووتیان سندوقی سەیارەکەتان جی تێدایە ، ووتم سێ فەردە کڵاش ، پرسیاری کردەوەو وەرەقەی ئەو کڵاشانەتان پێیە ؟ ووتمان : کڵاش وەرەقەی بۆچییە . پاسداری سەیتەرەکە خێرا بانگی هاوکارێکی تری خۆی کردو بەمنی ووت وەرە خوارەوەو سندوقەکە بکەرەوە . منیش دابەزیم و سندوقی سەیارەکەم بۆکردەوەو دەستاین کرد بەپشکنین و ووتیان کوا { کڵاش } وتم ئەوەتا لەو گوێنیانەی بەدەستانەوەیە ، کەوام ووت پاسدارەکە تورە بوو ، قسەیەکی ناشیرینی کرد ووتی{بگو کەفش } نەک کڵاش ، بە زمانی فارسی بە کڵاشینکۆف دەڵێن کڵاش ، وایان زانی سێ فەردە کڵاشینکۆفم پێیە بێ وەرەقە ، ئەوان بۆ کڵاشینکۆف دەگەڕان من کڵاشی کوردیم پیشان ئەدان بۆیە توڕەبون ، باش بوو لەم هەڵە زمانەوانیەدا بەئاسانی نەجاتمان بوو گەڕاینەوە شاری سەقز .

کڵاشەکانمان تەسلیمی هاوڕی{ خ } کرد .

دوای گەڕانەوەمان بۆ شاری سەقز ڕۆژی دوایی {خ}مان دۆزیەوە قسەمان لەگەڵ کردو ووتی : کڵاشەکان جوتی ١٠٠تمەن دەکات ، کڵاشەکانمان تەسلیم کرد ڕۆشتین پاش سێ ڕۆژ {خ}مان بینیەوە ووتی ٨ جوت کڵاشم فرۆشتووە چوتی بە١٠٠ تمەن پارەی ئەو چەند جوتەی داینێ ئێمە ڕۆشتین بۆ مەقەڕ سەرە واجبمان بوو ، دوای ١٠ڕۆژ گەڕاینەوە بۆ سەقز چوینە بازار{ خ }دیار نەبوو هەواڵمان پرسی ووتیان ڕۆشیتووە تەسلیم بەڕژێمی بەعس بۆتەوە لەگەڵ خۆی کڵاشەکانیشی بردۆتەوە . ئەوسەردەمە لێبوردنی گشتی{ عفوی عام } بەکراوەیی هەبوو هەرکەسێ تەسلیم بەعێراق دەبووەوە ئەگەر پارەی پێبوایە ئەیدا بە ئەشیا ، وەک خەنە و کڵاش و شتی تر لەگەڵ خۆیاندا دەیانبردەوە . ساڵ هاتوو ساڵ ڕۆشت ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ ڕویدا ، ئێمەش بەسەربەرزی گەڕاینەوە شاری سلێمانی ، ساڵی ١٩٩٢ بوو ، لەگەڵ ئازاد ڕۆژێک بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ چوینە کەبابخانەکەی قادر لەسەرو چادەی ئۆرزیباک ، لەسەر مێزێک دانیشتین و سەیرمانکرد {خ} لەوێیەو بانگمان کردو تۆزێ سەرزەنشتمان کرد . داوای لێبوردنی کرد ووتی : پارەم پێنەبوو بەو پارەی ئێوە گەڕامەوە بۆ عێراق . ئێستاش هەموو پارەکەتان بۆ دەگێڕمەوە ، ئێمەش بروامان پێکردەوە لەگەڵ ئێمە لەسەر یەک مێز دانیشت داوای خواردنیشی بۆ ئێمە کردو سوێندی زۆری خواردو ووتی : دەبێت ئێوە میوانی من بن ووتمان باشە . کاتێ نانخواردنەکەی تەواو کردو بەبیانووی دەست شتنەوە پێش ئێمە هەستاو ڕۆیشت . مێزەکەی ئێمەی پیشانی خاوەن کەبابخانەکە دابو وە پێی وتبوو ” خواردنەکەی من عایدی ئەوبرادەرانەیە ، واتا لێرەش فێڵی لێکردین نەک پارەی کڵاشەکانی نەداینەوە بەڵکو پارەی خوادنەکەشی کەوتە سەرئێمە .

916 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست