kunjrini-01

کونجـــرینی : شەڕی داهاتوی بارزانی و ئاپۆ ..

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی دووم /

عێراقی سەدام و ئێران و تورکیاو ناتۆ پشتگیریەکی باشی مانەوەی پارتی بوون ، پەکەکە لەکام هاوکێشەی بەرەنگاریدا بوو .

پارتی لەبەلەمی دیموکراسیدا خۆی دەبینێتەوەو سەوڵی دەسەڵاتی دەستاو دەست لێدەدات .

پارتی دەست دەداتە بەردێک ، بەتواناو قۆچەقانەی ئەم و ئەو دەیهاوێژێت .

لای پارتی سیاسەتی دوودیویی لەپێداوەندێکدا جێگای دەبێتەوە ” کورد پەروەری ، دوژمن دۆستی ” .

حەڤدەی شوبات ” کۆتایی بەو ڕستەیە هێنا ، کە ” بارزانی ” لەچەند بۆنەو کۆڕێکدا چەند بارەی دەکردەوە : ( کە جارێكی تر قبوڵ ناکەم خوینی کورد بەدەستی کورد بڕژێت ) ، بەڵام وا بینیمان بەدەستی چەکدارەکانی ئەو و بەبڕیاری خۆی ڕژا .

دژایەتی پارتی بۆ پەکەکە .

ئەگەر هەڵەی کوشندەی سیاسەتی پارتی نەبوایە لەبەردەم پەکەکەدا ، بەپێی ئەو ستاتوسە جوگرافیایەی ، کەهەیەتی . لە ئێستادا پەکەکە ” لەڕەوشێکی تر و هەڵوێستێکی شێلگیرانەتردا ، لەگەڵ تورکیادا مامەڵەی دەکرد . بەرەنگار بوونەوەی پارتی بۆ پەکەکە ، لەچێوەی دوو حیزب یاخود هاوپەیمانی تورکیاو پارتیدا نییە ، بەڵکوو هەژمارکردنە بۆ ڕابردو و داهاتوو ، لەسەر بنەمای ڕێشەکێشکردن و کۆتایی هاتنە ، یاخود بەشێکە لەتۆڵە . دامەزراندنی پەکەکە سڕینەوەی باڵادەستی بەشێکی گەورەی پارتی بوو لەباکوردا بەناوی ” دە ، دە قەدە ” وە . یاخود کۆتایی باڵادەستی ” ماڵباتی بارزانی ” یە لەو بەشە گەورەدا . بۆیە پارتی لە ساڵی 1993 دا زۆر بێبەزییانە سەدان گەریلەی دیلکراوی بەبەرچاوی جەنەڕالەکانی تورکەوە گولە بارانکرد .

تێگەیشتن لەپارتی .

لەگۆشەیەکی سیاسیی ڕوونەوە بروانینە پارتی وەک ئەوەی هەیە ، لەقەیرانێکدا دەیبینین بەمێژووی خۆی بەسەریدا نەهاتووە . ئێستا ئێمە لەتەنیشت دەهۆڵەکەوەین ، نەک لەدوورەوە بەدەنگی سەرسامین . لەمەو پێش پارتیمان دەبینی زۆر لەوە گەورەترو خاوەن هەیبەت و دەسەڵات تر بوو . دەمان بینی لە ڕۆژئاوادا لەهەموو هاوکێشەکاندا باڵادەست بوو ، ئەسەد هانای بۆ پارتی دەبرد نەک بارزانی بۆ ئەسەد .

لەباکوردا ، لەکارەساتی هەکاریدا ، بینیمان چۆن هۆزو خێڵ و گوندنشینەکان بەهاوبەشی هێزێکی پچووکی پارتی ، هێزە گەورەکەی یەکێتیان ، تەنها بەتێخوڕینێک ” شیتاڵ شیتاڵ کرد .

لەڕۆژهەڵاتدا ، چۆن ویستیان لەپێشی پێشی پاسدارەوە بڕۆن و هەموو شۆڕشگێڕەکانی ئەو دەڤەرە ، ئاودیوی عێراق بکەن و توشی نەکسیەکیان کردن ، تا ئێستا نەیان توانیووە بێنەوە بەخۆیاندا .

خەڵکی سادەو تێنەگەیشت و لەسیاسەت ، بەچاوێکی کورت بینینەوە دەڕوانێتە پارتی . یان پارتی بۆخۆی عەزیمە هەرکاتێک ویستبێتی عێراق و ئێران و تورکیاو ناتۆ و ئەمەریکا بێنێتە سەرخەت ، یاخود پارتی ئەو هێزەیە لەچەقی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا جێگیرەو لەتەنگەشەکانیدا هەموو لایەکی بۆ دەخرێتە گەر .

لەپاش ڕاپەڕین لەشەڕی نێوان یەکێتی و پارتیدا ، ئێران و عێراق ئینجا تورکیاو پاشان هەموو هێزەکانی ئەم وڵاتانە بۆ پاراستن و هاوسەنگی هێز لەکوردستان هاتنە سەرخەت و بەهانای پارتییەوە هاتن . شەبەحی بڕیاردەرێکی زلهێزی باڵادەست ، لەهاتنە ژورەوەی ئەم هێزانە دەبینرێت . گەر بەوردی سەرنج بدرێت گەمەکە ئەوەنییە ، مرۆڤی ساکار خوێندنەوەی بۆ دەکات . هاتنی ئەم هێزانە بۆ ڕووخان و دامرکاندن و لەباربردنی ئەزمونەکەی هەرێمی کوردستان نەبوو . بەڵکوو ئەم هێزانە بەبێ شەبەحێکی باڵادەست ئاوها بەئاسانی نەیان دەتوانی بێنە مەیدانەکەوە .

سەدام لە 31 ئابدا هەولێری داگیرکرد و خەرجیەکی زۆری دا . لەو وەختەی سەدام هەولێری داگیرکرد ، هەموو هەرێمی کوردستان لەپڕۆژەی داگیرکردن و قەلاچۆکردنی ڕژێمدا بوو . بەڵام هەوڵ و ماندوبونەکەی بۆ پارتی جێهێشت . لەولاشەوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەسەر هەولێردا دەسوڕانەوە بەبێ ئەوەی هیچ پەرچەکردارێکیان هەبێت ، بەپێی بریاریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبوایە هێزەکانی ڕژێم لەهەولێردا ڕووبەڕووی هاوپەیمانان بوونایەتەوە . کەچی هاوپەیمانان بەڕۆکێت باشوری عێراقیان ، کوتا .

گەمەی دووەم ئەوەیە ، لەشکری تورکیا هێزی دووەمی ناتۆیە . بەپێی پەیڕەوی پەیمانی ناتۆ 1949 ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەو هاوپەیمانییەدا ، بەبێ ڕەزامەندی سەرکرایەتی هاوپەیمانەکە ، ناتوانن هیچ هێزێک بنێرنە دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانەکە . دەبینین لەساڵی 1995 وە زیاتر لە سێ هەزار سەرباز و جبەخانەی تورکیا لەناوچەکانی زەرد جێگیرکراون و پارێزگاری لەدەسەڵاتی پارتی دەکەن . کەواتە ڕووبەڕووبونەوەی پارتی ، ڕووبەڕووبونەوەی ناتۆیە .

ژیری و چانسی سیاسی پەکەکە .

لەدوای گرتنەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ، قسەوباس و لێکدانەوەو بۆچوونی زۆر لەسەر گیرانەکەی وترا ، بەڵام حەقیقەتی لێکدانەوەکان نزیک نەبوو لەژیرانەی ئاپۆ .

نەچونی ئاپۆ بۆ ناو گەریلە ، گەر نەدۆزینەوەی ڕێچکە ونەکان بێت ، یاخود پیلان بێت بۆخۆدەربازکردن ، یان تەکتیک و پیلانێکی ورد بێت بۆداهاتووی پەکەکە. گرنگ لەکردەیەکەدا چەند سود بەخۆت و حیزب و گەلەکەت بگەیەنیت .

ئەگەر ئاپۆ ڕوو لە قەندیل و سەنگەری گەریلە بکردایە ، گومانی تیا نەبوو ، ئەو پیلانەی لە نایرۆبی جێبەجی کرا ، لەقەندیل بەنرخ و پیلان و شێوەیەکی تر جێبەجێ دەکرا ، لەوێ تەنها ئاپۆ نرخی ئەو پیلانە بوو ، بەلام لەقەندیل ” ئاپۆ و گەریلاو پەکەکەش لەگەلەکۆمەکیەکی پارتی و تورکی و ناتۆدا ، نرخی زیاتر دەبوو .

لەنایرۆبی تەوژمی بیرکەرنەوەو ڕێچکەی توڕەبوونەوەکانی دوژمن و هاوپەیمانان ” لەئاپۆدا ساردکرانەوە . ئەو بۆچوونەی ” سەری مارەکە بگرە جەستەکە بۆخۆی شەکەتە ” لەئاپۆ و پەکەکدا وا دەرنەچوو . سەرکردایەتی قەندیل ژیرانە خۆیان بەخودی ئاپۆوە بەستەوە ، ئەمجارەیان ” جەستکە ، سەرەکەی ڕزگارکردو ” ئەو فەلسەفەیەی بەدرۆخستەوە . دوژمن و هاوپەیمانەکان بەچۆکداهاتن و گفتوگۆکانی ئەمڕۆ بەرهەمی خۆڕاگری و ژیرانەی ئاپۆ و قەندیل و ئیرادەی گەلی باکور و گۆرانکاریەکانی ناوچەکە یە .

لەبەشی داهاتوودا ، شیکاریمان بۆ کێشی پارتی و پەکەکە لەناوەندی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوادا بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو دەبێت .

1,686 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست