Goran-2

پشتیوان عەبدوڵا : تکایە فریای ” گۆڕان” ە کەمان بکەون ! .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەڕێزان نەوشێروان موستەفا و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان  .

دەسەڵاتێکی گەندەڵی ٢٣ ساڵە ، زۆرینەی کۆمەڵگای کوردیی گەندەڵ کردووە ، بۆ زۆرکەس گەندەڵیی بووە بەپیشە و بووەتە هۆی دروستبوونی توێژێکی مشەخۆری پان و بەرین لە کۆمەڵگادا. یەکێک لە کۆڵەگە مرۆییەکانی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتاریانیزمە totalitarianism ملیشیاییە وەک هەر دەسەڵاتێکی تری تۆتالیتاریانیی و دیکتاتۆریی ، وێڕای سیستمە سیاسییە گەندەڵەکە ، مرۆڤە گەندەڵەکانن لە تەک مرۆڤی گەمژە و چەتەدا. دەسەڵاتێکی دژە مرۆیی و ملهوڕ ، ناتوانێک دەسەڵاتێکی میلیشیایی و تۆتالیتاریانیی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت و بەردەوامیی پێ بدات ئەگەر ئەم سێ جۆرە مرۆڤە لە کۆمەڵگا بونیان نەبێت و بەرگریی لێ نەکەن.

بەم هۆکارانە، لە یەکەمین رۆژەکانی دەستبەکاربوونی ئەم دەسەڵاتی کوردییە، بانگهێشتی کرد بۆ مرۆڤە گەمژە و چەتە و گەندەڵەکان کە پەیوەست بن پێیەوەو لە دەوری کۆببنەوە. لە ڕێگەی ئەم مرۆڤانەوەیە، دەسەڵات دەتوانێت بەرنامەکاریی و عەقڵیەتی ئۆتۆماتیزمیی لە کۆمەڵگادا بسەپێنێت. لە ڕێگەی گەمژەکانەوە چەواشەی ڕاستییەکان دەکات و کۆمەڵگای پێ لە خشتە دەبات، لە ڕێگای چەتەکانیەوە چاو لە نەیارەکانی دەسەڵات وە یان هەر کەسێک کە نووزەیەکی ناڕەزایەتیی لێوە بێت سووردەکەنەوە و ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن و بڕیاری مەرگ و ژیان، برسییبوون و تێربوون، نەخۆشیی و لەشساغیی بەسەر مرۆڤەکاندا دەدەن. وە لە ڕێگەی گەندەڵەکانیشەوە دەسەڵات دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە خەلک گەندەڵە و گەندەڵیی رەگەکەی لە کولتوورەوە سەرچاوە گرتووە.

ئەم دەسەڵاتە بە بەردەوامیی ئەم سێ جۆرە مرۆڤەی لە ئاستی کۆمەڵگادا بەرهەم هێناوەتەوە. دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتاریانیی و پۆست تۆتالیتاریانییەکان هەمیشە ترسە غەریزییەکانی مرۆڤیان چڕتر کردووەتەوە: ترسی ئازار، ترسی برسییبوون و ترسی مەرگ. لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکانیشدا ترسێکی تریش هەیە کە ترسی لەکەداربوونی کەسایەتییە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە روانگەی بیر و بۆچوونی ئەخلاقیی و شەرەفەوە، مرۆڤەکان پۆلێن دەکات. کاتێک دەڵێم ئەخلاق و شەرەف دیارە مەبەستم ئە و ئایدیا و دیدە باوەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا سەبارەت بە ئەخلاق و شەرەف هەیە. ئەمە بابەتێکی ترە و لێرە قسەی لەسەر ناکرێت.

گەر بمانەوێت کۆمەڵگا بگۆڕین و دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەر و دژی ئازادیی و نادادپەروەریی بەلاوە بنێین و کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و ئازاد بنیات بنێین ئەوا ناکرێت بە هەمان فەرهەنگ و مێنتاڵیتیی کە دەسەڵات لە کۆمەڵگاد جێی خستووە شەڕی دەسەڵات بکەین. دەبێت وەک گۆڕان و گۆڕانخوازان لە فەرهەنگ و عەقڵیەتیی تاکەوە دەست پێ بکەین. فەرهەنگێک لە کۆمەڵگادا بنیات بنێین کە بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتیی و کایە رۆحیی و مەعنەوییەکان وەک خۆشەویستیی بۆ مرۆڤ، دادپەروەریی، دڵپاکی، هاوڕێیەتیی، دەستپاکیی، مرۆڤدۆستیی و پاراستی کەرامەتی مرۆیی هەموو تاکێک و هتد …. بۆ مرۆڤەکان بگێڕێتەوە. ئەو بەها و کایانەی کە ساڵەهای ساڵە دەسەڵات زەوتی کردوە و مرۆڤەکانی لێ خاڵیی کردووەتەوە. دەسەڵات مرۆڤەکانی کردووە بە زیندەوەرێک، تەنیا بەدوای کایە ماددییەکان و غەریزەکانیان کەوتوون. وای لە تاک و کۆمەڵگا کردووە، بە درۆ و ناڕاستگۆیی و دووڕوویی درێژە بە ژیان بدەن.

ئێمەی گۆڕان بینیمان چۆن ئەندام پەرلەمانێکمان لە ناو پەرلەمان هاواری دەکرد و دەیگوت بودجە بودجەی گەلە. من تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام وای دەگوت تەنیا بۆ ئەوەی رۆڵ و ئەجێندای خۆی بە دەسەڵات نیشان بدات وە بڵیت من هەم وئەگەر ئاوڕم لی بدرێتەوە، ئەوە ئامادەم بڵێم بودجە بودجەی دەسەڵاتە.

بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە کتێبی قەیرانی شارستانیی لە خۆرهەڵاتی ناوین و چارەسەری شارستانیی دیموکراتییدا دەڵیت: ئە و کەسەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا خەسڵەتەکانی دیمۆکراسیی و سیاسی و ئەخلاقیی لە گوتە و ڕەفتاریدا لە خۆی نیشان نەدا شۆڕشگیر نییە. لە گەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆراندا زۆر رووداو لە کۆمەڵگای کوردییدا رویدا، زۆر دەنگی نارازیی بە دەسەڵاتی کوردیی کپ کرا، لەمانە تیرۆر کردنی نووسەری گەنج سەردەشت عوسمان و رووداوەکانی ١٧ شوبات کە بۆ ماوەی ٦٢ ڕۆژ بەردەوام بوو دەیان منداڵ و گەنج و لاو بوون بە قوربانیی( بەشەهیدبوون و برینداربوون) یان ئازار و ئەشکەنجە دران.

زۆر لەو کەسانەی ئەمڕۆ بە پێشگری (- د- دکتۆر) لە دەوری گۆڕان کۆبوونەتەوە، جا لەناو کوردستان بێت، یان لە هەندەرانەوە گەڕابێتنەو، لە ساتە سەختەکاندا هیچ هەڵویستێکیان نەبوو. لە ساتەوەختی گرتن و تیرۆر کردنی سەردەست عوسماندا، هەندێک لەمانە بە بەڵگەوە، نەک هەر بێدەنگ بوون و تەنانەت لە فەیسبووکەکەشیاندا ئیدانەی ئەو تیرۆرەیان نەکرد. رێک لەو کاتەدا پێیوەندیان نەک هەر باشبوو لەگەڵ دەسەڵاتدا و خەریکی پێکهێنانی لۆبیی کوردیی بوون بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات و بۆ ئەم مەبەستەس لە بارەگاکانی دەسەڵات کۆبونەوەیان دەکرد و کەمپەینیان بۆ ئەو جۆرە لۆبییە دەکرد. دواتریش ١٧ شوبات هات و گەنجانی کوردستان، چەندین قوربانیان دا ، ئەوکاتەش، ئەمان بە واسیتە و بە مەحسوبییەت لە زانکۆ بێ مەعریفەکانی کوردستاندا تەعین بووبوون، بە هەمان شێوە بێ هەڵویست مانەوە.ئەمجۆرە دکتۆر و پۆست دۆکترایانە، هەمیشە نەیان ویستوە دڵی دەسەڵات لە خۆیان بڕەنجێنن.

پرسیار ئەوەیە بۆجی لە ئێستادا، بەهۆی ماستاوکردن و موجامەلەکردن و خۆبردنە پێشەوە لەهەندێ کەسایەتیی گۆڕان، نزیک دەبنەوە لەگۆڕان، یان دێنە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە، دەستبەجێ ئەم بزوتنەوەیە پۆست و مەقامی مەعنەوییان دەداتێ. من پێموایە چەند هۆکارێک هەن.

• هەندیکیان پێیان وایە کە تاکە ڕیگا بۆ ئەوەی دەسەڵات باشتر ئاوڕیان لێ بداتەوە و پرۆژە وەهمیەکانی خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا ساغبکەنەوەو بڕێکی باش پارەیان دەست بکەوێ،دێنە ناو یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە، گۆڕانیش باشترین شوێنە بۆ ئەم بازرگانییە سیاسییە.

• هەندێکیان پێیانوایە دەسەڵات دوا قۆناغەکانی تەمەنی خۆی بەسەر دەبات و دەیانەوێت بۆ دەستکەوتی ماددیی وپۆست، جێگا و شوێنێک بۆ خۆیان لە گۆڕاندا مسۆگەر بکەن.

• هەندێکیان هەست بەوە دەکەن کە ئەم ساڵ ئەگەری زۆر هەیە لە کوردستان هەلبژاردنەکان بکرێن و ئە و سات بە بەدیهێنانی پۆستێک لە دەست بیکاری هەندەران و بیمەی بێکاری ئەو ولاتەی لیی دەژین کە بەشی شتیکی ئەوتۆ ناکات ڕزگاریان دەبێت و لە پڕیک دەبن بە کوڕیک.

• هەندێکیان بۆنی ئەنجامدانی کۆنگرەی گۆرانیان کردووە و هەر لەبەر ئەوە کاتێک لە هەلبژاردنەکانی دەرەوەی گۆران ناویان وەک ئەندام کۆنگرە دەرنەچوو جانتاکانیان پێچایەوە و گەڕانەوە بۆ کوردستان، بەڵکو لە رێگای ناسیاویی برادەرایەتیی و بە تەزکیە ببن بە ئەندامی کۆنگرە.

بەریزان ئەوەی دەبینریت ململانێیەک نییە لە پێناو چوونە پێشەوەی بزوتنەوەی گۆران و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان، ئەمجۆرە کەسانە دەیکەن. پێشگری ( دکتۆر و پۆست دکتۆرا) بوون بە گەورەترین کێشە بۆ خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی کوردستان. کێشە ئەوە نییە کە چۆن ئەمانە بڕوانامەکانیان بەدەست هێناوە. من باش ئەوە دەزانم کە لە ڕێگای خوێندنی سەر ئینتەرنێت بۆ نموونە لەگەڵ زانکۆیەک کە تەنیا لە ئینتەرنێتدا پەیجێکی هەیە و یەک ژوور و یەک ئاودەستی بە شێوەی فیزیکیی نییە ،ساڵانە دەیان دکتۆری علوج هەڵدەهێنێت. ئەم دەردە خۆ بە ئەکادیمییزان و پسپۆربوونە لە دکتۆریی و پۆست دکتۆرادا ، گەیشتووە بە پزیشکەکانیش، ئاخر دکتۆرمان زۆرە بە ڤێرژنی پزیشک، کاتێک لە نەخۆشخانەش دێتە دەرەوە و دێتە ناو ژیانی سیاسییەوە، وەک ئەوەی خەڵک هەمووی لە شەماعییە بن، هەر دەبێ بە دکتۆر بانگی بکەن.

ئەم دکتۆرانە زۆر سەیر و سەمەرەن. شاشەی تەلەڤزیۆن و مینبەری رادیۆ و لاپەرەی رۆژنەمەکانیان، لەڕێگەی موجامەلەو برادەرایەتیی و دیاریی بەخشینەوە، داگیر کردووە. بەلام لە واقیعدا زۆربەیان بێ مەعریفەن و کرداردا نەیانتوانیوە ببن بە پێشەنگی خەڵک. نەیانتوانیوە لە پراکتیکدا بێنە مەیدان. دیارە من مەبەستم هەموویان نییە و کەسانی شارەزا و پسپۆر و مەیدانییان تێدایە.

حەز دەکەم لێرەدا ڕوداوێکتان بۆ باس بکەم کە لەسەر ئەو در و قارەمانانە کت و مت جیبەجی دەبێت. برایەکم فیتەرە و گوتی ڕۆژیک کەسێک بە ناوی مەحمود، کە خۆسم دیناسم ، بانگی کردم بۆ چاککردنەوەی ئوتومبێلەکەی، گوتی کاتێک گەیشتمە لای لێـم پرسی :” کاک مەحمود ئوتومبێلەکەت چیەتی” گوتی مەحمود وەلامی دامەوە و وتی ” بە کاک بانگم مەکە من لە ئەسڵدا مامۆستام”. براکەم وتی منیش پێم وت ” بمبورە مامۆستا مەحمود”. براکەم وتی ئەوە بو سەیارەکەم چاک کردنەوە و مامۆستا مەحمود گوتی فەرمۆ وەرە مالەوە چایەک بخۆرەوە. براکەم وتی منیش چوم. گوتی کاتێک دانێشتین، ژنەکەی مامۆستا مەحمود بانگی مەحمودی کردو ووتی” خولە سەیارەکە چاک بۆوە”. براکەم وتی منیس لە ناخی خۆم وتم، بە کاک رازی نەبو لە دەرەوە کە چی لە مالەوە بە خولە بانگی دەکەن. کێشەی هەندێک لەم در انە ئەمەیە ، حیساب بۆ (د) ەکەیان ناکرێت لە شوێنی خۆی و ئەو وڵاتەی تیایدا بەدەستیان هێناوە کە چی لە لای خۆمان و لە میدیاکان بە (د) نەبیت قبوڵیان نی یە بە ناوی تر بانگ بکرین.ئەم بەرێزانە بەرامبەر بە خەڵکی هەژار و لەمینبەری میدیاکان قسەی زل دەکەن و بەرامبەر بە دەسەلات بێ دەنگن و کاتێک کار دەگاتە سەر پراکتیک و کردار و روبەڕوبونەوە لەگەل دەسەڵات زمانیان تەتەڵە دەکات و قاچیان دەلەرزێت.

دونیایەکی سەیرە گوڵـم. فەرهەنگی کۆمەڵگا و گۆرانکاری بەم (د)و(د) ئاسایانە ناکرێت. گۆرانکاری بە کەسانێت دەکریت کە بڕوایان بە جەمکی دادپەروەری کۆمەلایەتی هەیە و لە گفتار و رەفتاردا شۆرشگیرن. ئەم تیڕوانینەی ئەم (د) و (د)ر ئاسایانە تا سەر ئیسقان دژایەتی و ناکۆکی هەیە لەگەل چەمکی دادپەروەری کۆمەلایەتی.

فەیلەسووف و تیۆریستی سیاسیی جۆن راولس John Rawlsلە پەرتووکی تیۆریی دادپەروەریی کۆمەلایەتییدا دەڵیت: دوو بنەمای سەرەکیی دادپەروەریی هەن کە بریتیین:

یەکەم: هەلی یەکسان بۆ هەمو تاکەکانی کۆمەڵ

دووەم: کایە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا دەبێت بە شێوازێک دابەش بکرێت کە زۆرترین سوود بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بگەیەنێت .

ئەوەی ئەم دکتۆر و پۆست دکتۆرایانە، دەیکەن وە ئەوەی میدیاکان بۆیان دەکەن و بەدەمیانەوە دەدەن، ڕێک پێچەوانەی ئەم بۆچونەی راولسن لەسەر چەمکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی .

کەواتە گۆرانەکەم،، و گۆرانخوازانم، چیتر خەڵکانێکی هەلپەرست لەسەر ئازارەکانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان زل مەکەنەوە. ئێمە پێویستمان بە تایتڵی (د) نیە پێویستمان بە کەسانێکە ، وەک ماهماتا غاندی گوتویەتی ” ئەو جۆرە گۆڕانە بە، کە ئومێدت هەیە لە کۆمەڵگەدا بیبینیت “.

4,195 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست .