Pshtiwan-abdulla

دکتۆر پشتیوان عەبدوڵا : دەسەڵاتی تۆتالیتارستی و تاکی ئۆئۆتۆتالیست .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

دیارە لە چەند ساڵی رابردو دا قسە و باسێکی ئێجگار زۆر کراوە سەبارەت بە ماهیەتی سیاسی دەسەڵاتی کوردی لە کوردستانی باشور . لایەنگران و ئەندامانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە ڕوانگەی ئینتمای حیزبی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و حیزبیان هەر یەکەیان تیڕوانین و لێکدانەوەیەکی تایبەت لە سیستەمی سیاسی کوردستان دەکات . ئەوەی دەیکەن یان خویندنەوەی بەرنامەی حیزبەکانیانە ( کە تەنها نوسینێکی مردوی سەر پەڕاوێکە ) بە ڕوی کۆمەلگا و لەسەر ئەو بنەمایەش سیستەمی سیاسی کوردستان ناوزەندە دەکەن لایەنێکیان پێیان وایە لە ڕوانگەی بەرنامە سۆشیال دیمۆکراتەکەی حیزبەکەیان ئێستا کوردستان قۆناخی دیمۆکراتی گوزەر دەکات و لە داهاتویەکی دوور یان نزیک دا بەرنامە سۆشیال دیمۆکراتەکەیان دێتە دی ، وە لایەنەکەی تریان پێیان وایە – تەنها لەبەر ئەوەی ووشەی دیموکراتی ئاماژەی پێ کراوە لە ناو ناوی حیزبەکەیان – ئەوا سیستەمی حوکمرانی کوردستان دیمۆکراتیە هەرچەندە ئائستاش ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانیان وا دەزانن کە دیموکراتی و دیمۆکراتی و دیمۆکراسی چەمکی جیان وە یان قۆناغی جیای سیستەمی کۆمەلایەتی ئابوری کۆمەڵگان . ئەمە بەشێکی کارەساتی کۆمەگای ئێمەیە .کەسێک نەزانێک سۆشیال دیمۆکرات یان دیمۆکراتی مانای چیە و خەسڵەت و بەرنامەکانی چین و بێت بەرگری لە ئەحزابی بە ناو سۆشیال دیمۆکرات و بە ناو دیمۆکرات بکات و لەسەرئەو بنەمایەدا سیستەمی سیساسی کۆمەلگای کوردی بداتە بەر لێکۆلینەوە و شرۆڤەی سیاسیمان بۆ بکات .!

ئەو بەڕیزانە تەنانەت ئەوەندە نەزانن وە یاخود گەمژەن وە یان گەمژەکراون کە ئەو پرسیارە لە خودی خۆیان ناکەن کە ئایا هیچ سیستەمێکی حوکمڕانی لە کوردستان هەیە ؟ وە ئەگەر هەیە ، چ جۆرە سیستەمێکە ؟ وە هەروەها بۆ ناسینەوەی سیستەمی سیاسی هەر ولاتێک دەبێت چ پیوەرێک و معیاریک بەراوردی پێ بکریت و بەکار بهێنرێت ؟ وە ئایا ئیش و کارە سەرەتایەکانی دەوڵەت و حکومەت چین، کاتێک دەلێم دەولەت و حکومەت دیارە مەبەستم هەر حکومەتێکە هەر لە دیکتاتۆری کلاسیک و شمولی تا تۆتالیتاریستی و پۆست تۆتالیتاریست و تا لیبرال و دیمۆکراتی . وە ئەگەر حکومەتێک نەیتوانیبێت بە ئەرکە دەستبەجێ و هەنوکەییەکانی سەرشانی هەڵسابێت ، ئەو بەڕیزانە پێیان وانی یە کە ئەم حکومەتە هەرەس و شکستی هێناوە ؟ وە یاخود ئەو بەڕیزانە راستیەکان باش دەزانن بەڵام لە ڕوانگەی بەرژەوەندی مادی خۆیانەوە دەستبەرداری ژیان کردن لە ناو ڕاستگۆیی دا بوون . ولەبەر ئەوە ژیان دەکەن لەناو درۆدا . هەوڵ دەدەم لەم نوسینەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندەها پرسیاری تربدەمەوە و شرۆڤە و قسە و باسی لەسەر بکەم ئەڵبەتە لە ڕوانگەی بیر و بۆچونی خۆممەوە مرۆڤەکان لە بارودۆخی سروشتی دا و بەر لە دروست بونی حکومەتەکان و دام و دەزگای حکومی یە فەرمیەکان دا خاوەن ٣ مافی سەرەکی بون هەروەک جۆن لۆک و دەیڤید هوم لە نوسینەکانیان سەبارەت بە کۆنتراکتی کۆمەلایەتی قسەی لەسەر دەکەن.ئەو ٣ مافەس بریتن لە :

یەکەم – مافی ژیان

دووهەم – مافی ئازادی

سیهەم – مافی مولکداریەتی

بەلام دیارە ژیان کردن لە بارودۆخی سروشتی دا سەخت و دژوارە لەبەر ئەوەی مرۆڤ وەک تاکیکی کۆمەلایەتی پیوەستی بە هاوکاری و هەماهەنگی تاکەکانی تر هەیە . ئەمەش شتێکی بەلگە نەویست و ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە هەرلەبەر ئەوەش شتانێک کە مرۆڤ جیا دەکەنەوە لە گیاندارەکانی تر بریتین لە زمان و بیرکردنەوە .

بۆ ئەوەی لەم بارودۆخە سروشتیە سەخت و ترسناک و دژوارە دەربچن مرۆڤەکان دێن بە یەکەوە بریار دەدەن و حکومەت و پێکهاتەی حکومی دادەمەزرێنن . واتە شەرعیەت بە کەسێک یان بە دەستەیەک دەدەن وەک دەسەڵات بۆ راپەراندنی کارەکانیان . دیارە پیدانی ئەو شەرعیەتە بێ قەید و شەرت و ڕەها نی یە.تاکەکان ئامادەن پابەندی ئەو چوارچیوە یاسایی یە بن کە دەسەڵاتەکەیان لەسەر بنەمای کۆدەنگی گشتی بۆی دیاریکردون بە مەرجیک دەسەلاتیش ٣ مافەکەیان بپارێزێت : مافی ژیان و ئازادی و موڵکداریەتی . لەبەرامبەردا تاکەکان پابەندی یاسا دەبن و ئامادەن بەرامبەر بە پاراستنی مافەکانیان ئەرک وەک هاولاتی لە ئەستۆیان بگرن . لیرەدا ئەوەی پیی دەوتریت کۆمەلگای سیاسی دیتە ئاراوە پابەند بەو بنەمایانە ئەرکە هەنوکەیی و سەرەکیەکانی هەر حکومەتێک بریتی یە لە پاراستنی نیزام، سەروەری یاسا، بەرقەرارکردنی ئاسایش بۆ تاکەکان و کۆمەلگا.ئەم ٣ چەمکە جارێکی تر لە یەکەوە نزیکن و بە ناو یەکدا چون، پێشیل کردنی هەر یەکێکیان دەبێتە هۆی نەمان و پیشیل کردنی دوانەکەی تر .

لیرەدا روبەروی یەک پرسیاری زۆر گرنگ دەبینەوە کە ئایا شتێک هەیە لە کوردستان بە ناوی پاراستنی نیزام، سەروەری یاسا(کە هەر ٣ مافە سروشتیەکەی مرۆڤەکانی پاراستبێت) و بەرقەرارکردنی ئاسایش؟ دیارە مەبەستی من لە نیزام ، نیزامیکی گشتی و چونیەکە نەک ئەوەی هەر کاربەدەستێک بۆ خۆی دەسەلاتیکی ڕەهای هەبێت و بۆ خۆی حکومەتێکی بچوک بێت.وە کاتێک باس لەسەروەری یاسا دەکەم مەبەستم لە یاسایەکە کە :

یەکەم: ئەو ٣ مافەی بنەرەتی و سروشتی مرۆڤەکانی تیا پاریزراو بێت

دووهەم: هیج کەس و تاقم و لایەنێک خۆیان لەسەرەوەی ئە و یاسایە نەبیننەوە

کە من لیرەدا دەتوانم بە هێنانەوەی هەزارەها ڕوداوو بەڵگە لە ٢ دەیەی ڕابردودا ئەوە نیشان بدەم و بیسەلمێنم کە سەروەری یاسا لە کوردستان خەیاڵ و گالتەجاری یە و لە بنەڕەتەوە بونی نی یە . دیارە بە قسە و گوتارە ڕازاو و بریقەدارەکانی دەسەڵات یاسا بونی هەیە و سەروەری یاساش پاریزراوە بەلام لە کرداردا شتێکی ترە و هەروەک کورد وتەنی ئاش لە خەێاڵیک و ئاشەوانیش لە خەیاڵیکی تر . بۆ نمونە لە زۆریک لە شوێنە فەرمی و نافەرمیەکانی هەریمی کوردستان دا وینەیەکی مەسعود بارزانی بە هەڵواسراوی دەبینرێت کە تیایدا پۆلیسێک لە یەکێک لە فەرمانگە حکومیەکانی هەرێمی کوردستان دەمانجەکەی پشتی مەسعود بارزانی لیدەکاتەوە پێش ئەوەی مەسعود بارزانی لە پرسگەی فەرمانگەکە بچێتە ژورەوە ( دیارە ئەمە لە ڕوانگەی چاودێرێکی بیانی ، ئەگەر شارەزای بارودۆخ و واقعی سیاسی کوردستان نەبیت ، دان بەوەدا دەنێت کە لە کوردستان دا بە فیعلی یاسا سەروەرە) وە لە ژیر وینەکە دا نوسراوە ( سەرۆک بارزانی دەفەرموێت : دەبێت یاسا سەروەر بێت ) . ئەمە یە جیهانی دیارکەوتەکانی سیستەمە تۆتالیتارستی و دیکتاتۆری یەکان ئەم سیستەمانە هەمیشە خاڵی هاوبەش و جونیەکیان ئێجگار زۆرە . بۆ نمونە لە ولاتیکی وەکو زایر کە بە دەست دیکتاتۆریکی وەکو مۆبوتۆ دەناڵینیت ، پەیکەری مۆبوتو لە چەندەها شوێن دروست کراوە و لە ژیر پەیکەرەکە نوسراوە ( سەرۆک موبوتو دەڵیت : دەبێت یاسا سەروەر بێت) . جیهانی دیکتاتۆرو تاتالیتارستەکان بە ڕاستی جیهانێکی دەرکەوتو و زاهیریە لە زۆربەی شتەکان لە یەکچون .

 ڤالکاڤ هاڤیل لە نوسراوی هیزی بی هیزەکان دەلیت (شتێک بەناوی ئازادی بونی نی یە بەبێ یەکسانی لەبەردەم یاسا ، وە شتیک بەناوی یەکسانی لەبەردەم یاسادا بونی نی یە بەبێ بونی ئازادی ). واتە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سەروەری یاسا بریتی یە لە ئازادی مەدەنی و یەکسانی هەموو هاولاتیان لەبەردەم یاسا . ( یەکسانی لەبەردەم یاسا و ئازادی پەیوەندی راستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە) کە ئەمەشیان لە بنەرەتەوە بونی نی یە لە کوردستانی باشوردا . سەبارەت بە مەشیان دەکرێت جارێکی تر هەزارەها نمونە بە بەڵگەوە بهینینەوە هەرلە ساتەوختی هاتنە سەرکاری دەسەلاتی کوردی تاوەکو ئیمڕۆمان کە چۆن شتێک بە ناوی سەروەری یاسا و یەکسانی هاولاتیان لەبەردەم یاسادا بونی نی یە …

هەرچی سەبارەت بە بەرقەرارکردنی ئاسایشە دیارە ئەمە چەند لایەنیک لە خۆیەوە دەگرێت وەکو :

یەکەم – پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵ لە تاکە زیان بەخشەکانی کۆمەلگا

دووهەم – پاراستنی تاکەکان بەرامبەر بە یەکتر

سێهەم – پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵ لە دەزگا ئەمنی و چەکدارەکان

چوارەم-پاراستنی ولات و کۆمەلگای سیاسی لە هیرشی دەرەکی وئەو هیزە ناوچەیی و نێو دەولەتیانەی کە دەیانەوێت دەستبخەنە کاروباری وولات وه ئاسایش وولات بشیوینن .

لە روانگەی ئەم ٤ خالەی سەرەوەدا بۆمان رون دەبێتەوە کە حکومەتەکەی هاوپەیمانی کوردستانی نەک هەر نەیتوانیوە بە ئەرکی سەرشانی هەلبستیت لە پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵ و وولات بەلکو خۆی بەشێکی سەرەکی بوە لە شێواندنی ئاسایش و نانەوەی پەشیوی.کەواتە حکومەتەکەی یەکێتی و پارتی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریان شکست و هەرەسیان هیناوە و تا ئیستاس نەک هەر نەیان ویستوە ڕێگا جارەیەک بدۆزنەوە بۆ دەرچون لەم گێژاوە بەڵکو هەمیشە خەریکی چەواشە کردنی خەڵک و جەماوەر بون و کوردستان بە بەهەشتی ئاسایش و دیمۆکراتی ناوچەکە ناوزەندە دەکەن. مەگەر جار بە جارێک نەبێت کە کاربەدەستەکانیان خۆیان لە بیر دەکەن و ئەو سات واقعی بارودۆخەکە باس دەکەن و راستی یەکان دەدرکینن .

بۆ نمونە چەند مانگێک پێش ئیستا سەرۆکی بە ناو پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی داوای لە رۆشنبیران کرد و وتی” ئەوەی راستی بێت پەرلەمان شکستی خواردوە ،جونکە هەمو بڕیارەکان لە دەرەوەی پەرلەمان و لە لایەن حیزبە سیسیەکانەوە دەدرێن” وە هەروەها فازیل میرانی سەرەتای ساڵی رابردو وتی” ئێمە بە مەرجێک بکوژانی ١٧ شوبات تەسلیم بە دادگای سلێمانی دەکەین ئەگەر ڕێگامان پێبدەن کە دادوەری خۆمان لەگەڵیان بنێرین بۆ دادگایی کردنیان” وە دەسەلاتی جێبەجیکردنیش لەمانە باستر نەبوە.تا ئیستا حکومەت ناچۆتە ژیر باری لایەنی چاودێریکردنی پەرلەمانەوە و بەشیکی بەرچاویش لە داهاتەکەی(داهاتی نەوت و گومرک ) دیارنین و حکومەت ئامادە نی یە ئاماژە بەو داهاتانە بکات. دیارە من لێرەدا نامەوێت ئاماژە بە ئیش و کارەکانی تری حکومەت ،بە شیوەیەکی گشتی، بکەم، کاتێک دەڵیم حکومەت مەبەستم هەر حکومەتێکە. دیارە ئەرکەکانی تری حکومەت لایەنی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی فەرهەنگی و کۆنترۆلی بازار و پەرەسەندی ئابوری هتد بە خۆیەوە دەگرێت. دیارە لە هەموو ئەمانەش دا حکومەتی هەرێم شکستی هێناوە و بەشی شێری بەرکەوتووە .

ئەمانە بەڵگەی کۆنکریتین لە خودی زمانی کاربەستە بالاکانی دەسەڵات کە هەر ٣ ئۆرگانە سەرەکیەکەی دەسەلات (یاسا دانان، دادوەری و جیبەجیکردن)شکستیان خواردوە …

لە کاتێک دا هەروەکو لە پیشوتر ئاماژەم پێکرد حکومەت تەنها لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە شەرعیەت بە دەست ناهێنێت بەڵکو زیاتر لە ڕێگای پاراستنی ٣ مافە بنەرەتی و سروشتی یەکەی مرۆڤەکان ئەمەش ئەلبەتە لە ڕێگای چەسپاندنی سەروەری یاسا (یاسایەک ئەو ٣ مافەی تیا پارێزراو بێت) پاراستنی نیزام و بەرقەرارکردنی ئاسایش وە ئەگەر دەسەلاتێک نەتوانێت ئەو مافانە بپارێزێت و فەراهەمی بکات ئەوا ئەگەر تەنانەت لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگەکانی تاکەکانی کۆمەلیش بەدەست بێنیت( دیارە لە دەرفەتێکی تردا هەول دەدەم قسە لەسەر ئەم لایەنەش بکەم کە چٶن دەسەلاتێک کاتێک شکستی هێناوە و نەیتوانیوە بە ئەرکی سەرسانی هەڵبستیت بەلام لە هەمان کاتدا لە هەلبژاردیكی گالتەجاری زۆرینەی دەنگ دەهێنیت) شەرعیەتی نابیت .

لیرەدا و لە روانگەی ئەو قسە و باسانەی سەرەوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە حکومەتێکی شکست خواردوو لە کوردستانی باشور بونی هەیە. بەلام ئایا ناکرێت حکومەت شکستی خواردبێت و دەسەلات دەسەلاتی حیزبی بیت .؟

گەر هاتوو سەیری دەسەڵاتی ئەم ٢ حیزبە بالا دەستەی کوردستان بکەین ( بە جیاوازێکی کەمی نیوانیانەوە لە ڕوی خەسلەتی سیاسیانەوە) دەبینین هەم دەسەڵاتێکی ملیشیاین وە هەم دەسەڵاتیکی تۆتالیتاریستین.حیزب هەمو کایەکانی کۆمەڵگای کۆنتڕۆل کردوە بە ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانیشەوە. حیزب بڕیار دەدات کە کێ برسی بێت و کی تێر بێت، حیزب ىریار دەدات کە کێ ئازار بدرێت و بە ئازار و ئەشکەنجەوە ژیان بکات وە کێ تەندروست باش بێت، حیزب بریار دەدات کێ ژیان بکات و کێ بمریت. حیزب بریار دەدات کێ بە بەدئەخلاق و کی بە کەسانی ڕەوشت بەرزو شەرافەندمەند ناوزەندە بکرێت .

حیزب شیوازێکی بجوک کراوی خۆی خستۆتە بیر و هۆش و هزری هەمو ئەو کەسانەی کە ئەندامن یان لایەنگرین ئەوانە کەسانێکن کە فیرکراون ژیان لەناو درۆدا بکەن و راستیەکان نەبینن و خەڵک چەواشە بکەن.کاتێک دەڵیم هەر کەسێک لەم لایەنگر و ئەندامانە شیوازێکی بچوک کراوی حیزبە بە بەرنامە و تێڕوانینەوە ، مەبەستم ئەوەیە ئەوانە تا سەر ئیسقان ئازاد کراون لە لایەن سەرکردەی حیزبەکانیانەوە کە لە لۆکاڵ دا وەکو خودی حیزب مامەڵە لەگەل دەوروبەر بکەن ،هەروەک چۆن حیزب و دەسەڵات مامەڵە دەکان لەگەل کۆمەڵ بە گشتی دەکەن ،و مافی پێشیل کردنی ئازادی و سەروەری یاسا و گەندەڵی کردن بە خۆیان ڕەوا دەبینن، تاکەکانیش بە هەمان ئەقلیەتەوە بێ ئەوەی پیویست بکات لە بریارەکانیان بەرامبەر بە نەیارەکانی حیزب بۆ حیزب و دەسەلات بگەڕینەوە ، لە لۆکاڵ دا بڕیاری دەستبەجیی خۆیان دەدەن، تا ئەو ڕادەیەی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی حیزب ودەسەلات و سەرۆک بێت.بەم جۆرە ئەو کەسانەی کە لە درۆدا ژیان دەکەن و ئەلقە لە گوێ و کۆیلەی حیزبن ( کە لە راستی دا هەم خزمەتکاری دەسەلات و حیزبن وە هەم قوربانیانی حیزبن، چونکە حیزب کەرامەت و ناسنامەی مرۆڤایەتی لەم کەسانەی داماڵیوە و نامۆیی کردون بە بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی) بە شیوەیەکی ڕەهایی ئازادن کە لە نەیارەکانی حیزب و ئەوانەی کە ژیان دەکەن لە ڕاستگۆیی دا چاو سورکەنەوە، کەرامەتی مرۆیی یان بشکینن، ڕیسوایان بکەن، ئازار و ئەشکەنجەیان بدەن ، تیرۆریان بکەن، ئەوکۆیلە و ئەلقە لە گوی یانە ڕئگا پیدراون کە بە شیوەیەکی خود بە خودی و ئۆتۆماتیکی ئەم کارانە بکەن ، تا ئەو شوێنەی ئەو کارانەیان لە بەرژەوەندی حیزب و دژ بە خەڵکی ئاسایی و نەیارانی حیزبە. ئەمانە کە من لێرەدا و لە ئێستادا ناتوانم هیج ناوێکی تریان بۆ بدۆزمەوە کە پڕ بە پیستیان بیت جگە لە ناوی چەتەی حیزب و هەریەکێکیان بۆ خۆیان بچوککراوەی حیزبەکەی خۆیانن و دەکرێت پێیان بوترێت (ئۆتۆتۆتالیتی) .

هەمیشە دەسەلاتە تۆتالیتارەکان ئەم جۆرە مرۆڤانە لە تەک مرۆڤی گەمژە و گەندەل لە ئاستی کۆمەڵگا دا بەرهەم دەهێننەوە. هەموو ئەم مرۆڤانە مرۆڤی ئۆتۆتۆتالیستین.شیوازێکی بچوککراوی حیزبن لە ئاستی تاک و لە لۆکاڵ دا.گەمژەکانیش بە هەمان چەشن ئیش و کاری سەرەکیان بریتیە لە چەواشەکردنی راستیەکان و ژیان کردن لەناو درۆدا وە هەمیشە هەول دەدەن مرۆڤەکانی تریش راکێشن بۆناو گیژاوی لە دەست دانی ناسنامەی مرۆیی یان،و ژیان کردن لەناو درۆدا،وە هەمیشە خەریکی داماڵینی مرۆڤەکان و کۆمەڵگان لە بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی، لە بەها رۆحی و مەعنەویەکان ،لە خۆشەویستی، دادپەروەری، کەرامەت، دلسۆزی ، هاوری یەتی، یارمەتی هتد. ئەوانە بە تاکەکانی کۆمەلگا دەڵین دەستبەرداری بەرژەوەندی گشتی کۆمەلگا بە و خەریکی ژیانی خۆت بە. هیچیتر “هەموو یەکێک لە پیناو بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەلگا”لەم سەردەمەدا و لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا نایخوات.ئەو سەردەمە بەسەرچوو.سەردەم سەردەمی سیستەمی سودمەنگەرایی یە.مرۆڤەکان رادەکیشن زیاتر و زیاتر بۆ گرنگی دان بە کایە مادیەکان. هەمێشە دەیانەوێت مرۆڤەکان تەنها و تەنها بکەن بە بەشیک لە سیستەمی سودمەندگەرایی . بە خەڵک دەڵین ئاراستە و مەبەستی ژیانت بگۆرە و لەگەل ئاراستە و مەبەستی حیزب وەرەوە.گەندەلەکانیش بە هەمان چەشن، وەک کۆلەگەیەکی تری مرۆیی ئەو حیزبە تۆتالیتاریستی و میلیشیایی خەریکی بۆگەن کردنی زیاتری فەرهەنگی کۆمەڵگان و لەو ڕیگایەوە حیزبە دەسەلاتدارەکان بە کۆمەڵگا دەڵێن گەندەڵی بەشیکە لە کەلتوری کۆمەڵگای ئێمە.و ئێمە لیی بەرپرس نین .

ئەم کۆلەگە مرۆیی یانەی دەسەلات و حیزبی تۆتالیتاریستی نایانەوێت ئەو ڕاستیە ببینن وە یاخود تێی بگەن کە مرۆڤ بۆ ئەوەی بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی لە دەست نەدات دەبێت خاوەنی هەڵویست و ویژدان و راستگۆیی بێت و دەبێت ژیان بکات لە ناو راستگۆیی دا .ئەوانە دەیانەوێت مرۆڤەکان لەم روخسارو بەها پیرۆز و جوانانەی مرۆڤایەتی داماڵن و بیانکەن بە زیندەوەرێکی شەهوانی و تەنها بە دوای کایە مادیاکان و غەریزە ئاژەڵیەکان بکەون و بگەڕێن و ویڵ بن. کاتیک مرۆڤ گەیشت بەم ئاستە و دەستی کرد بە ژیان کردن لە درۆدا ئیتر خودی خۆشی دەبێت بە بەشیک لە ئۆتۆتۆتالیستی ئەم دەسەڵاتە و هەنگاوەکانی، ڕەفتاری،هەلسو کەوتی و هەموو شتێکی ژیانی رۆژانەی دەبن بە ئاراستە و مەبەستێک بۆ بنیاتنانی زیاتر و زیاتری ژیانێکی ئۆتۆماتیزم.هەموو ئەمانە دەکات وەک کۆیلە و خزمەتکارێک بۆ رازی کردنی دڵی حیزب و دەسەڵات.و سەرۆک .

لێرەدا یەک پرسیاری تری گرنگ دێتە ئاراوە . بۆچی دەسەڵاتە تۆتالیتارستی و دیکتاتۆری یەکان کار لەسەر داماڵینی بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایاتی دەکەن و هەمیشە دەیانەوێت مرۆڤەکان لە ناسنامەی مرۆیی یان داماڵن ؟ بۆ وەلامی ئەو پرسیارە من ئاماژە بە وتەیەکی ئیمانوێک کانت دەکەم . ئیمانوێل کانت دەسەلاتی دیکتاتۆری بە شەیتان ناو دەبات و دەڵێت : “شەیتان نەک تەنها قوربانیەکانی لە ڕووی جەستەیی یەوە تێک دەشکێنێت بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ئامرازانەش کە مرۆڤەکان هەیەتیان تیک دەشکێنێت ، ئەو ئامرازانەی کە ڕەنگە ئەو مرۆڤانەی کە ڕزگاریان بوە لە دەستی شەیتان دەستی بۆ بەرن وەک چەکێک وەلامی شەیتانی پی بدەنەوە” مەبەستی کانت لەم چەمکە ئەوەیە تاکە چەکی مرۆڤەکان و تاکە هاندەر بۆ وەلامدانەوە بە نادادپەروەری و نەبونی ئازادی و پێشئل کردنی مافی مرۆڤ ژیان کردنە لە ناو راستگۆیی دا ژیان کردن لە ناو ڕاستگۆیی دا و رەفز کردنەوەی ژیان کردن لە ناو درۆدا وا لە مرۆڤەکان دەکات کە هەست بە گرنگی بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی بکەن ، وە لە هەمان کاتدا، پابەند بن بە راستگۆیی ، ویژدان و هەڵویست.خودی ئەم روخسارو بەها پیرۆزانەی مرۆڤایەتی هاندەرێکی بەهیزن بۆمل نەدان و خۆ گەمژە نەکردن و دەستپیکردن و بەردەوامیپیدانی ململانێ لە پیناو بەدیهێنانی دادپەروەری و ژیانێکی باشتر بۆ کۆمەڵگا. بەلێ ئەم چەکە چەکیکی کوشندە و ترسناکە و دەسەلات و حیزبە تۆتالیتاریستی و دیکتاتۆرەکان لیی دەترسن.و سڵی لیدەکەنەوە .

لە کۆتایدا دەڵیم چەکی دەستی دەسەلات و حیزبە تۆتالیتاریەکان چاندن و بەهیز کردنی ترسە خۆرسکەکانی ناخی مرۆڤەکانە ( ترسی مەرگ و برسی بون و ئازار و لەکەدار بونی کەسایەتی) و لەگەل ژیان کردن لە ناو درۆدا، بەلام چەکی دەستی جەماوەر پابەند بونە بە بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی(راستگۆیی، هەلویست و ویژدان) و ژیان کردن لە ناو ڕاستگۆیی دا .

1,771 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست