obama

دکتۆر کەمال میراودەلی : هۆپاما : ئۆباما و هیوای گۆڕان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەرجەمەو لێکدانەوەی هۆنراوەی هۆپاما

پێشەکییەکی پێویست :

لە سەرەتای ٢٠٠٩ – وە ، گۆرانی گەورەو هیوابەخش لە جیهان و کوردستاندا روویان دا . ئۆباما وەک یەکەم ئەمریکی ئەفریقایی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کۆتایی ٢٠٠٨ دا هەلبژێردراو لە مانگی یەکی ٢٠٠٩ دا وەک سەرۆک لە سەر تەختی سەرۆکایەتی ئەمریکیی رۆنرا .

پەیامی هیوابەخش و توانستی خەلک لە گۆرینی رژێمەکان و هەلومەرجی ژیانیان و هاواری [ یەس ، وی کان ] ‘  بەڵێ دەتوانین ؛ جیهان بگۆڕین و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە ئەمریکاو دنیادا لێی کرا ، کەم یان زۆر کاری کردە سەر پرۆسەی سیاسیی و سایکۆلۆجی تاکەکان لە جیهاندا . بەتایبەتی کۆتاییهێنان بە سەردەمی ناحەزو نەخوازراوی جۆرج بوش و تاقمە شەڕانییەکەی ، موژدەیەکی خۆش بوو بۆ زۆربەی گەلانی جیهان بە ئەوروپاشەوە .

من هۆنراوەیەکم بەئینگلیزی بە ناوی [هۆپاما ] وە واتە [ هیوا- ما ] بە یاریکردن لە سەر ناوەکەی نووسی ، کە لە ٢٩/١٢/ ٢٠٠٨ لە سایتی رۆژنامەی ئەلەکترۆنی ئەمریکی [ ئەمریکان – کرۆنایکل ] بلاو کرایەوە ، کە دیارە ئێستاش لە سەر سایتەکە ماوە .

http://www.americanchronicle.com/articles/view/85425

هۆنراوەکە پێشکەش بە ئۆباما کراوە ‘ بە هیواوە ‘. لەبەر ئەوەی نەکراوە بە کوردیی و خوێنەری کورد هیچ دەربارەی نازانێت لێرەدا تەرجەمەی دەکەم . هۆیەکی تریش بۆ یادکردنەوەی ئۆباماو ئەو هۆنراوەیە لێرەدا ئەوەیە کە بەراستی دوای هەلبژاردنی ئۆباما من لە نەکاو ئەوەم بەخەیاڵدا هات ، بەهەر شێوەیەک بکرێت خۆم بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاندید بکەم و بەشداری لە هەلبژاردنی داهاتودا بکەم . بەلام لە بەرتوانابوونی [ ئیمکانبوونی ] ئەوە بێ هیوا بووم چونکە دەمزانی سەرۆک لە لایەن حیزبەکانی پەرلەمانەوە هەلدەبژێردرێت نەک لە لایەن خەلک و شەقامەوە وەک ئەمریکا .

دیارە کەسێک روانگەیەکی فەلسەفیی عەقلانیی بۆ ژیان و رووداوەکان هەبێت ، ناتوانێت بە هیچ رواڵەتێک هەلبخەڵەتێ و سەرنجی پشت دیاردەو دووربینی رووداوەکان و پرۆسەکان دەدات . بەلام هەندێ جار بێهیوایی ئەوەندە تەنگ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەلدەچنێت ، هەر تروسکەی هیوایەکی نوێ  ، خورپە بە دڵی دەدا گەرچی ‘ وەهم ‘ و ‘ خەیالیکی ‘ تێپەڕ زیاتریش نەبێت . بەتایبەتی کە لە ولاتێکی زلهێزەوە بێت کە گۆڕانکاریەنی کار لەهەموو پرۆسە سیاسییەکانی دنیا دەکەن .

هۆنراوەکە ئەوە روون دەکاتەوە ، ئەگەر خۆشییەکی وەهمیش بێت مادام پێخۆشبوونی سەرکەوتنی ئۆباما /هۆپاما بە کۆمەلییەو ملیۆنان لەجیهاندا بەشدارن تێیدا ئەوە شایانی ئەوەیە بەشداری لەو وەهمە خۆشە یان خۆشییە وەهمییەدا بکەیت . چونکە راستیی بەشداریی کۆمەلایەتی و هاوپشتیی و هاودەنگیی مرۆڤایەتییە کە شتەکان دەکاتە راستیی . کورد لەوە زیاتریشی وتووە کە دەلێ ت: مردن بە کۆمەڵ جەژنە پیرۆزەیە . واتە لە وەهمیش بەدەر، مردنیش بێت گەر بە کۆمەل و بەیەکێتی هەست و سۆزو خۆشەویستیی یەکتر بەشداری تێدا بکەین ، وەک جەژن و جەژنەپیرۆزەی بەکۆمەڵ وایە . لەو لەحزەیەدا بوو کە منیش هەستم کرد هاوسۆزیی ئەو خەلکەی دنیام کە تروسکەی هیوایەک و زیاتر لە سەرکەوتنی ئۆبامادا دەبینن و جەختم لە سەر ئەو لایەنە کردووە نەک پێداهەڵگوتنی ئۆباما کە دوورە لە ئەخلاقی نووسینی منەوە .

لایەنەکەی تر ئەوە بوو کە ئۆباما یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەفریقی بوو کە زۆر لە نیوە سەدەیەک پێشتر نا مافی ئەوەشیان نەبوو لەگەڵ سپییەکان سواری پاس – یش بن . ئەمەش دەرخەری گرنگیی ئیرادەی مرۆڤیی و باوەڕبوونە ، نەک بە ئەگەری گۆڕان ، بەلکو بە کٶلنەدان و دروستکردنی گۆڕان بوو . ئەم خاڵەش لە هۆنراوەکەدا گرنگیی رەمزیی تەواوی پێدراوە .

هۆنراوەکە بە ئینگلیزی وەک لە سایتەکەدا بلاوکراوەتەوە

Poem by Kurdish poet Kamal Mirawdeli

To President-elect Obama with hope

Yes: “There is nothing false about hope”

We will hope against hope

But hope we will never drop

Maybe it is just an illusion

But we share it with exhilaration

And soon we know, what we have become

A new nation

Let us be fully awake and dream

Let us be bright and beam

All things cannot be what they seem

But we dream

And toll the death knell of yesterday´s nightmares

And defeat our ´finite despair´ with our ´infinite hope´.

Our ´No way´ with “Yes, we can´´

Yes we can: you and me

Coming all the way up from the deep dark recesses of history

Like a bursting summer stream

The black Solomon has come through the jungle safe and sound

Tamed the lions, tigers, wolves, snakes, and the white eagle,

Speaking a universal language understood by the dead and the living,

By humans and animals and birds and flowers and green grass and streams and rivers and oceans and skies

Language so universally shared is heard by God too

Nay, we will never give up this diction, this conviction again

Hope breeds hope

The white eagle takes the message of the black King

To the sun

What a small globe!

What a sweet hope!

Who fails to feel the dawn´s dew?

Change we can:

I and you.

 

وەرگێران و لێکدانەوە :

هۆپاما : بۆ ئۆباما بە هیواوە

بەلێ:  ” هیچ شتێکی ساختە لە هیواخواستندا نییە .”١

ئێمە ‘ دژ بە هیوا ، هیوامان هەیە ‘ ٢

بەلام قەت دەستبەرداری هیوا نابین .

رەنگە ئەمە تەنیا [ وەهم ]  ێک بێت

بەلام بە خرۆشەوە بەشداری تێدا دەکەین

هەر زووش دەبینین ئەمە ئێمەی کردووە بە نەتەوەیەکی نوێ . ٣

دەسا با تەواو بەخەبەر بین و خەون ببینین ٤

با زیت و وریا بین و پڕشنگ لە روومانەوە بدرەوشێتەوە

هەموو شتەکان ناکرێ بەو جۆرە بن کە دەیانبینین

بەلام ئێمە خەون دەبینین

و زەنگی مردنی مۆتەکەکانی دوێنێ لێ دەدەین

و ‘ بیهومێدیی کۆتاییمان ‘ بە  ‘ هیوای بیکۆتاییمان ‘ دەبەزێنین ٥

‘ هەرگیز ناکرێ  ‘ بە  ‘ بەڵی دەتوانین ‘  دەبەزێنین

تۆو من ،

ئەو هەموو ڕێگە دوورەمان لە قولاییە تاریکەکانی مێژووەوە

تا ئێرە بڕیوە ٦

وەک کانییەکی هەڵقوڵاوی هاوین

[ سۆلێمان ] ی رەش ساغ و سەلامەت بە جەنگەڵدا تێپەڕ بوو

شێرەکان و پڵنگەکان و گورگەکان و مارەکان و ‘ بازی سپی ‘

دەستەمۆ کردن

بە زمانێکی گەردوونیی دەدوا

کە مردووەکان و زیندووەکان لێی تێدەگەیشتن

مرۆڤەکان و زیندەوەرەکان و تەیرەکان و گوڵەکان و سەوزەگیاو جۆگاکان ورووبارەکان و ئۆقیانووسەکان و ئاسمانەکان لێی تێدەگەیشتن

زمانێک بەشدارییەکی هێندە گەردوونیی هەبێت

خوداش لێی تێدەگات ٧

نا ئێمە هەرگیز جارێکی دی ئەم زمانە وازلێناهێنین

ئەم باوەڕىوونە

هیوا هیوا دەپەروەرێنێت

بازی سپی پەیامی پاشا رەشەکە بۆ خۆر دەبات

ئای کە زەمینیكی بچووکمان هەیە

ئای کە هیوایەکی خۆشمان هەیە

کێ هەیە هەست بە شیرینی شەونمی بەربەیان نەکات

گٶڕین : دەتوانین بیکەین

تۆو من پێکەوە . ٨

 

لێکدانەوەیەک :

هۆنراوەی ئۆرگانیی

ئەمەش لەو جۆرە هۆنراوانەیە کە بە ئۆرگانیی ناویان دەبەم واتە هەموو هۆنراوە کورتەکە لە دەوری یەک بیرۆکە ، ئایدیا دا دەسوڕێتەوە . وەک پشکوتنی پەڕی گوڵ یان رەشەگەلای چڵە ریحانەرەشەیەک ، رەوشی بوونی زمانەوانیی ئۆرگانی خۆی بە بیرو وێنە ، واتە لۆجیک و ئیستاتیکا، پێکەوە تەواو دەکات و کۆتاییەکەی سەلمێنەوەی سەرەتایەکەی یان چارەسەری کێشەو پرسەکەی ئایدیاکە دەبێت .

ئایدیای هۆنراوەکە

ئایدیای هۆنراوەکە رامانە لە پەیامی هیواو دروشمی ‘ بەلێ دەتوانین ‘ ی ئۆباماو سەرکەوتنی لە هەلبژاردنی ئەمریکی و ئەگەری دروستکردنی هیوا یان وەهمی گۆران بۆ جیهان و مرۆڤایەتی بە گشتی لە ریگای پەیامێکی گەردوونی کە جیاوازی رەگەزو زمان و نەتەوەی تێدا نەبێت و یەکیتی هیوای مرۆڤایەتی بۆ ژیانی ئاشتیی و ئازاد بسەلمێنێت  .

لۆجیک

لۆجیک یان دایەلیکتیک جەوهەری هەموو نووسین و دایەلۆگ و دەربڕینێکە : واتە ناکری شتێ بنووسی ، یان وێنا کەیت کە جۆرێ ناکۆکی تێدا نەبێت : دەربڕین و بەرێوەبردن و چارەسەری ئەو ناکۆکییە جەوهەرییە لە کارەکەدا یان پرۆسەکەی، رەوشی بوونی نووسینەکە دیاری دەکات. گومان و بیری دووانەیی [کۆدژیی] میکانیزمی دروستبوونی ئەو دایەلێکتەن. لێرەدا گەرچی هاتنی ئۆباما/هۆپاما وەک هیوایەکی گەورە خۆی دەنوێنێ، بەلام ئەو هیوایەش بە بێ[دژ] ەکەی. [ئەوی دی] یەکەی ناتوانرێت وێنا بکرێت. دژەکەی گومان – ە، گومانی ئەوەی کە ئەمە لە وەهمێک زیاتر نەبێت، چارەسەری ئەو کۆدژیی یان ناکۆکییە لۆجیکییە بەوە کراوە کە وەهمیش بێت مادام بواری بەشداری بەشێکی زۆریی مرۆڤایەتی لە وەهمی گۆڕان و ژیانی نوێ دەدات،و هیوا بە تاکەکەسانیش دەدات بجولێن و بگۆڕن، زۆر لە بێهیوایی باشترە.

پرۆسە

پرۆسەی دەربرێن بە وتەیەکی ئۆباما خۆی دەستپێدەکات[ بروانە دەقە ئینگلیزییەکە بۆ ئەسلی وتەکان]:

١ “هیچ شتێکی ساختە لە هیواخواستندا نییە”. واتە گەر تۆ تەنیا هیوا وهومێد بۆ چاکەیەک دەرببرێت ئەمە رەواو قبوڵکراوە کەس ناتوانێت بە وتنی شتێکی ساختە تۆمەتبارت بکات، گەر پێشت نەکرێت.

٢. دژ بە هیوا هیوامان هەیە؛ دیارە ئەم دەربڕینە یەکەمجارە ئاوا لە کوردیدا بەکار بێت و تەرجەمەی حەرفی وتە ئینگلیزییەکەیە. ومانای ئەوەیە کە خواستێکی بەهێزت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک هەبێت هەرچەند کۆسپ و ئاستەنگی سەختیش لە گۆڕێ بن. ئەسلی وتە ئینگلیزییەکە لە ئینجیل وەگیراوە: [رۆمانس: ٤:١٨]. لە شوێنێکدا کە قەدیس پۆل دەربارەی پێغەمبەر ئیبراهیم ئەبراهام] دەنووسێت. [[ئەو (واتە ئیبراهیم) دژ بە هیوا هیوای خواست کە ببێت بە باوکی زۆر لەنەتەوەکان. ]

” From “The Dictionary of Cliches” by James Rogers (Ballantine Books, New York, 1985).

واتە هیوات هەر هەبێت لەو کاتەش کە هیوا بەجێت دێڵێت و بە تەنیا دەمێنتەوە!

٣. لەمەوە هۆنروەکە ئەو بیرە دەردەبرێت گەر هیواکەی ئۆباما خۆشی وەهم بێت، دژ بە ئەو هیوا وەهمە ئێمە دیسانەوە هیوامان هەیەو لە کاتێکدا هەموومان، وەک ئەمریکی لێرەدا، بە خرۆش و خۆشییەوە بە پیر ئەو وەهمەوە دەچین و بەشداری تیدا دەکەین ئەوسا دەزانین ئەو هەموو ناکۆکییە سیاسییانەی هەمان بوون نەماون و بووین بە نەتەوەیەکی نوێی یەکگرتوو لە دەوری خۆشیی و خرۆشیی وەهم یان هیوادا!

٤. بەلام ئەو وەهم و خەونبینینە نابێت بە خەوتنەوە بێت، دەبێ بە چاوی کراوەوە خەونی مەزن ببینین [دیارە بۆ ئەوەی هەلنەخەلەتێین] ئاگامان لە پرۆسەکە بێت و بیپارێزین. ئەو وەختە دەزانی کە راستە هەموو شتەکان بەو جۆرە رووناک نین کە دەیانبینین بەلام بە خەون و خۆشی خۆمان کۆتایی بە مۆتەکەکان دێنین و روخسارمان بە خۆشی درەوشاوە دەکەین

٥. ئەمە وتەی یەکێک لە سەرکردە ئەمریکییەکانە بە داخەوە ناوەکەم لە بیر نەماوە. واتە بێهیوایی بە پێناسە کۆتایی هەیە بەلام هیوا بێ بنەو هەرگیز کۆتایی نییە کەوایە دەتوانین بێهیوایی بە هیواداریی ببەزێنین و وتەی بیهومێدیی و خۆ بەدەستەوەدان و رەشبینیی: [[هەرگیز نابێت و هیچ ناگۆڕدرێت]] بە [[بەڵێ دەتوانین بیگۆڕین ]] بگۆڕینەوە!

ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی

مادام بابەتەکە ئۆباماو پەیامەکەیەتی و خۆی و سەرکەوتنەکەی نوێنەرو بەرجەستەکەری ئەو پەیامەیە، بەشی دووەمی هۆنراوەکە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی رەمزییە لە پرۆسەی سەرکەوتنی ئۆبامای رەش لە گەیشتنی بە بەرزترین پۆستی ئەمریکادا وەک هێڵی جیاکەرەوەی ئەو هیواو وەهمە!

٦. تۆ و من: کورد و ئەفریقایی مێژوویەکی دوورو درێژمان بڕیوە کە لە قولایی ستەمگەرییەکانەوە دەستی پێکردوەو بە پرۆسەی خەبات و رزگاریبووندا رۆێشتووە

٧. ئۆباما وەک دەزانین لە باوکێکی ئەفریقی رەش و دایکێکی سپی لە دایک بووە. وەک خۆی باسی دەکا دایکی هۆکاری سەرەکی پێگەیاندنی ئەو بووە بە تایبەتی بە زامنکردنی فێربوونی زمانیکی ئینگلیزی باش و پەروەرەدو خوێندنێکی باش. جەختی ناوەرۆکی ئەم هۆنراوەیە لە سەر زمانەکەیەتی. بەهۆی ئیرادەی کەسیی وپشتگیریی دایکی و ئەوسا ژنە ئەفریقییەکەی و توانستی زمانەوانییەوە ئۆباما توانی ئەو پرۆسەیە تەواو بکات. گەورەترین تایبەتمەندی سەرکردایەتی ئۆبامو توانستی قسەکردنی باش و وتاردان و کۆگەیاندنە (کۆمیونیکەیشن). مادام لە ئاستی کەسییدا سیاسەت لە کۆمەلگای دیمۆکراسییدا هونەری قسەو دایەلۆگ و گەیاندنە، ئۆباما گرەوی لەم لایەنەوە بردۆتەوە. لایەنێكی تری زمان ئەوەیە لە رێگای زمانی مرۆڤایەتی، دایەلۆگ وقەناعەتپێکردن و پەیامی ئاشتی یەوە بگەیە ئەنجام نەک بەربەرەکانی و دەستدرێژیی و تاوانکاریی و توندوتیژیی، ئەمەش سەلماندنی بەهرەی زمانە وەک دیارییەکی خودایی گەردوونیی.

بۆ دەربرینی بەرجەستەی ئەمانە لە ئۆبامادا هۆنراوەکە ئۆباما وەک حەزرەتی سولێمان سەیر دەکا کە دەوترێت زمانی گیانلەبەرانی زانیوە. پێغەمبەرێکی رەشەو بە توانستی زمان و دایەلۆگ دەتوانیت وەک جۆگایەکی هاوینە لە جەنگەلدا هەلقوڵێت و بە سەلامەتی پییدا تێپەر ىێت وبە زمانەکەی پڵنگ و شێرو گورگ ،، هتد دەستەمۆ بکات. ئاماژەیە بە خەباتی مەەدنی بێ وچانی رەشەکان بەرامبەر ستەمکاری رەگەزپەرستی و تاوانی جەنگەلییانەی سپی-پێستە ئەوروپایی و ئەمریکییەکان بەرامبەریان. گرنگترین ئەنجام بەدەست‌هێنانی زمانێکی گەردوونی هیواو ئاشتییە بۆ پاراستنی زەمین وەک مرۆڤ و ژینگەو نەتەوەکان. ئەم زمانە گەردوونییە زیندەوەرو شتەکانیش تێی دەگەن و وەک پەیامی هیواو خۆشەویستی خوداش تێیدەگات و پشتیوانی دەکات و بازی سپی پەیامەکە بە خۆر دەگەێنێت.

ئەنجام

ئەنجامەکە سەلماندنەوەی سەرەتاکەیە واتە وابەستەبوون بە هیواو دەستلێبەرنەدانی زمانی گەردوونیی هیوای ژیانێكی ئاشتی داپەروەرانە بۆ مرۆڤایەتی. هیوا هیوا دروست دەکا و لەم سەردەمەدا زەمین ئەوەندە بچووک بۆتەوە کە هەموو بتوانین لە پرۆژەی هیواو گۆرێنی جیهاندا بۆ باشتر بەشداری بکەین.

تا چەند ئەمە هیوا بوو، هیوایە، تا چەند دیوەکەی تری و ئەوی –دییەکەیەتی کە وەهمە؟: ئەوە هەر کەسێک ئازادە چۆن حوکم دەدات.

بەلام من ماوەیەک لەمەو بەر وتاریکی دوورو دێژم بە ئینگلیزیی نووسی بە ناوی:

ئۆباما: دەموچاوی بۆری شەڕخوازیی و لاوازیی ئەمریکا ! ئەمەش لینکی وتارەکەیە :

http://www.americanchronicle.com/articles/view/290926

لەو وتارەدا بە توندی رەخنەم لە ئۆباما گرتووە بەرامبەر بێدەنگبوونی لە جینۆسایدکردنی تەمیلەکان لە بەرچاوی ئەوو ێدەنگی بەرامبەر تاوانەکانی فاسیستی تورکیی بەرامبەر گەلی کوردستان.

1,366 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت