جیهاد موحەمەد : دواکەوتنی کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆران لەبەر چیی بوو ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم مەسەلەیە زۆر خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ، زۆر شیکاریی و ڕاڤەکردنی بۆ دەکرێت لای چاودێرە سیاسییەکان و رۆژنامە نووسەکانەوە . منیش بۆ خۆم ، وەک هاوڵاتییەک کە بە دواداچوونم هەیە بۆ پرسە سیاسییەکان و بە تایبەتی بە وردی ئاگام لە هەڵچوون و شەرەقسەی سەرانی هەردوو لایەنی هاوپەیمانی ستراتیژیی (یەکێتی و پارتی) هەیە لەم ڕۆژانەدا . لەگەڵ ئەو ڕایەدام کە ئەو دواکەوتنە لەسەر داوای پارتی بووە .

پارتییەکان دوای ئەوەی بۆنی ئەوەیانکرد کە یەکێتی ، یان چەند سەرکردەیەکی یەکێتی ڕایان وایە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ بە لیستی جیا دادەبەزن ، زۆر شڵەژانیان پێوە دیارە ، هەر یەکەیان کەوتنە لێدوانی سەیروسەمەرەی وا کە بۆنی هەڕەشەوگوڕەشە و هەندێک جار سوکایەتیپێکردنی لێدێت بۆ یەکێتیەکان . ئەم شڵەژانەی پارتی لەلایەکەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم حیزبە پێی قبوڵ نییە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنێک بەدەستنەهێنێت کە بە ئاشکرا دیاربێت کە حیزبی یەکەم نیین لە کوردستاندا . چوونکە وتراوە ، پارتی لەگەڵ سیندا هەڵبژاردن بکات دەبێت هەر ئەم یەکەم بێت ، هەڵبەت ئەم یەکەمییەش لە لوتبەرزییەکەوەیە کە هیچ بەها و نرخێک بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی تر دانانێت کە پێش پارتی بکەوێت . هەرچەندە ئەم حیزبە متمانەی نەک بە یەکێتی نییە ، بە گەورەترین هێزیش متمانەی نییە جگە لە چەواشەکاریی و ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نەبێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حساباتی ورد بۆ خۆی بکات . لەم حساباتە وردەشدا ، یەکێتی بە باشترین هاوپەیمانی دەزانێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە ، یەکێتی بکات بە شایەر لە هەڵبژاردنەکاندا وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی تردا ئەمەیکرد و دەمێکە یەکێتی دەستەمۆکردوە بۆ ئەو کارانە، پارتی دەیەوێت شاییلۆغانی هەڵبژاردن بە یەکێتی سازبکات و یەکێتی بکات بە دەهۆڵ لێدەر و زوڕناژەنی هەڵبژاردنەکان .

پارتی خوازیاری ئەوەیە کە هەم حیزبیی یەکەمیی مسۆگەر بکات ، هەم سەرۆکایەتی هەرێم بۆ حیزبەکەی مسۆگەر بکات ، ئەگەر ئەو سەرۆکایەتییەش بۆ سەرۆکی حیزبەکەیان( مەسعەد بارزانی ) نەبێت ، لەسەر ئەو بنەما یاساییەی کە پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن باسی دەکەن کە مافی نییە لە دوو جار زیاتر ئەو پۆستە وەربگرێت ، گرنگ ئەوەیە لە دەست حیزبەکەی خۆیاندا بێت و لە دەستی نەدەن . سەرۆکایەتی هەرێم بۆ پارتی لە هەموو پۆستێکی سیاسیی گرنگترە ، چوونکە لەو پۆستەوە وای پیشاندەدن کە تەنیا ئەو بنەماڵەیە و ئەو حیزبە لە کوردستندا بوونی هەیە و، ئەوانی تر بۆ جوانکاریین لە نەخشەی سیاسی کوردستاندا.

پارتی، نەک هەر بەوە ڕازی دەبێت کە دەسەڵات لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا دابەشبکات لەگەڵ یەکێتیدا ، بەڵکو ئامادەیە هەر چوارساڵەکەی سەرۆکایەتی حکومەت بدات بە یەکێتی ، لە پێناوی چەند پۆستێکی زۆر گرنگتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا .

یەکەم / زۆر گرنگە لای پارتی سەرۆکایەتی هەرێمی لە دەستا بمێنێتەوە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا .

دوەم/ زۆر گرنگە لای پارتی هەرسێ وەزارەتی نەوت و دارایی و ناوخۆی لە دەستا بمێنێتەوە . ئەم سێ وەزارەتە بڕبڕەی پشتی پارتین و زۆر ستراتیژیین بۆ پارتی . لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە :

١/ سەرچاوەی سەرەکی داهاتی کوردستان وردە وردە بەرەو ئەوە دەڕوات کە بە زۆری لە داهاتی نەوتدا کۆبێتەوە ، ئەم داهاتە تا هەنووکە کەس نازانێت چەندە و دەچێت بۆ کوێ !، کە ئاماژەکان هەموویان ئەوە نیشاندەدەن کە تەنیا پارتی سودی لێوەردەگرێت و یەکێتی لەو داهاتە بێ بەشە ، یان کەمێکی بەردەکەوێت. پارتی لە پێناوی ئەوەی ئەو داهاتە گرنگ و گەورەیە لە دەستی خۆیدا بهێلێتەوە سازشی زۆر دەکات لەگەڵ یەکێتیدا . لە لایەکیتر بۆ ئەوەی نهێنی گرێبەستەکان بۆ هیچ لایەنێک و لەوانەش بۆ یەکێتی و گۆڕان دەرنەکەوێت .

٢/ وەزارەتی دارایی گرنگە لای پارتی و، هەموو سازشێکی لەسەر دەکات، لە پێناوی ئەوەی کە ئەم حیزبە بە ئارەزووی خۆی یاربکات بە دارایی کوردستانەوە.

٣/ وەزارەتی ناوخۆ گرنگە لای، بۆ ئەوەی کە بتوانێت لەم ڕێگەیەوە کۆنترۆڵی هەموو خۆپیشاندا و نارەزایەتیەکی توندڕەوانە بکات دژی حکومەتی هەرێم و حیزبەکەی خۆی. کاتێکیش ئەم وەزارەتەی لە ژێردەستا بوو بە ئاسانی دەتوانێت ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی لە لای مەسرور بارازانی بهێڵێتەوە.

بە پێی ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوە لای من وایە کە ڕاسترین هۆکار بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆران لەوێوە سەرچاوەی گرتوە کەلەسەر داوای پارتی بووە. پارتی هەموو هەوڵێک دەدات کە ئەو دوو لایەنە سیاسییە لە یەکتری نزیک نەکەونەوە. چوونکە هەموو نزیکبوونەوەیەکی یەکیتی و گۆران، تای تەرازوەکەی پارتی لاسەنگ دەکات و، شیمانەی ئەوە دەکرێت کە پارتی نەتوانێت ببێت بە حیزبی سەرکەیی و یەکەمیی لە کوردستاندا. ئەمەش بۆ پارتی جێگەی قبوڵ نییە و لوتشکاندنە.

لای من وایە کە ئەگەر پارتی لاسەنگبێت و ئەو سەرکەوتنە بەدەستنەهێنێت کە خۆی لەسەری ڕاهێناوە، ئەوە هیچ دوور نییە کە کوردستان بئاڵێنێت لە ئاگری شەڕی ناوخۆوە جارێکیتر. چوونکە لە یەکەمیی نەبوونی پارتییدا، ئەم حیزبە چەندین پۆستی گرنگی لە دەستدەچێت، لە دەستچوونی ئەو پۆستانەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی گەندەڵییەکانی، داهاتی نەوت دەردەکەوێت، گرێبەستەکان دەردەکەون. پارتی چییتر ناتوانێت وەک دەمسپی کە حساب بۆ هیچ لایەکی سیاسی نەکات خۆی بگەیەنێتە هەرچ وڵات و کۆمپانییایەک کە قازانجی مەعنەوییی و مادیی بێشوماری لێبکات. ئەمەش بۆ پارتی وەک ئەوە وایە کە خوێنبەرەکانی دڵی ببرییت. بۆیە هەموو نزیکبوونەوەیەکی یەکێتی و گۆران ئازار بە دڵی پارتی دەگەیەنێت و سەرکردەکانی هاوارییان لێبەرزدەبێتەوە.

٢١/٣/٢٠١٣

1,865 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت