Muhemed-Zekeria

محمد زکریا توفیق : کاتێک عەقڵ لە ئارادا نابێت و پیاوانی دین حوکم دەکەن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

لە عەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

لە بەهاری 1543 دا کاتێک  ” نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس ”   لە سەر جێگەی مردن بوو، داوایکرد کە کتێبەکەی بڵاوبکرێتەوە کە تییادا نووسیبووی کاتێک چاودێری ئاسمان دەکەین ئەستێرەکان بە دەوری ڕۆژدا دەسوڕێنەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ڕەنگدانەوەی تیشکەکانیان و ڕووناکییەکانیان و ئاراستەکانیان کە نەزانراو بوون لەمەوپێش .

ئەم دۆزینەوەیەش ، ئەوەی سەلماند کە زەوی ناوەند نییە، وەک لەمەوبەر بڕوامان وابوو. هەموو ئەو ئەستێرانەی کە دەیبینین بە دەوری ڕۆژدا دەسوڕێنەوە، زەویش هەروا بە دەوری خۆیدا و بە دەوری رۆژدا دەسوڕێتەوە ، واتە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە پێییانوابوو ڕۆژ بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، ئەوە تەنیا لە خەیاڵێک زیاتر هیچیتر نەبوو . ڕاستی شتێکی ترە و پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە .

لەسەر ئەم بۆچوون و دۆزینەوەییەی ” نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس “، پیاوە دینیەکان وتیان ، ئەمە کفرە ، پەنامان بەخوا ، بەم جۆرە پیاوانی کەنیسە دژایەتی ئەم هەواڵە گرنگەی کرد .  پیاوانی کەنیسە پێییانوابوو کە ئەوان گرنگییەکی زۆر بە مرۆڤ دەدەن و بەو زەوییەی کە مرۆڤ لەسەری نیشتەجێیە، بەڵام ” نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس “، بەم هەواڵەی مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی بێ بەها و پوچ، هەروەها زەویش دەکات بە ئەستێرەیەکی بچووکی بێ سود و ناگرنگ، چوونکە زەوی دەخاتە هاوشانی ئەستێرەکانی ترو هەموویان بە یەک چاو تەماشادەکات و پێیوایە زەویش بەدەوری ڕۆژدا دەسوڕێتەوە. بۆیە پیاوانی کەنیسە بە پەلە کەوتنە تاوانبارکردنی ” نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس ” و بەرهەڵستیکردنی بەناوبانگییەکەی و سڕینەوەی دەستکەوتە زانستییەکانی و پشتگوێخستنی نووسین و کتێبەکانی . بەڵام بە هۆی تۆکمەیی نووسین و تاقیکردنەوەکانی بە پشتیوانی هاوکێشە بیرکارییەکان و ژمارە و حساباتی ورردی گەردونی ، پیاوانی دینی کە زانیان ناتوانن بەرپەرچی تیۆریی و دیدگا زانستییەکانی بدەنەوە ، ناچار وتیان ئەم قسانە تەنیا تیۆرییەو هیچیتر و ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت .

لە کۆتایی سەدەی شانزەیەمدا، زانا و فەیلەسوف”جیرانۆ برۆنۆ” دەرکەوت بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و لێتوێژینەوەکانی ” نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس ” ، تا بتوانێت ڕەهەندگەلێکی زیندوتر و دوورتری پێ ببەخشێ . برۆنۆ هەموو تیۆرییەکانی ” نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس ” لە هەموو ئەوروپادا بڵاوکردەوە ، وڵات بە وڵات و، شار بە شار. بە زیادکردنی تیۆرییەکی نوێی خۆی بۆ تیۆرییەکانی کۆبرنیکۆس . برۆنۆ تیۆریە نوێکەی خۆی بەسەر هەموو ئەستێرەکانی تردا جێبەجێکرد . ئەوەشی زیادکر کە زەوی نەک تەنیا بە دەوری ڕۆژ و خۆیشیدا دەسوڕێتەوە ، بەڵکو رۆژ بۆ خۆی قەوارەیەکی ئاسایی و دیاریکراوی هەیە ، وەک هەموو ئەستیرەکانی تری ئاسمان . وە هەندێک لە ئەستێرەکانی ئاسمان وەک زەوی وان و ئەشێت ژیانیشی تیا بێت .

لە ساڵی ١٥٩٤دا برۆنۆ زیندانی کرا، بۆ ماوەی ٦ ساڵی تەواو، بۆ ئەوەی بە بۆچوونەکانی خۆیدا بچێتەوە. لە ساڵی ١٦٠٠دا دادگاییکرا و ئیدانەیانکرد. لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوو دان بە تاوانی خۆیدا بنێت و خۆی تاوانباربکات و پەشیمان بێتەوە، بۆیە سزایەکی تووندیاندا.

لە دوای ئەوەی دەم و زمانیان بەست و رووتیانکردەوە، هەردوو دەست و قاچیان بەستەوە بە شیشی ئاسنینەوە. دوای ئەوە ئاگریان تێبەردا بە زیندوێتی سوتاندیان لە نێوان حەشاماتێکی زۆری دیندار و بروادارەکاندا، کە هاواریان دەکرد مردن بۆ بێ دین و بێ بروا و کافرەکان.

دوای ٣٢ ساڵ لە سوتاندنی برۆنۆ، زانای ئیتالی(گالیلۆ) توانی کتێبەکەی بڵاوبکاتەوە ، کە تیایدا خولانەوەی زەوی بەدەوری رۆژدا پشتڕاستکردەوە بە کۆمەڵێک هاوکێشەی زانستی و سەلماندنێکی بێ ئەملاولا. کاتێک دەسەڵاتداران بەمەیان زانی ، توڕە و هەڵچوونێکی شێتانە گرتنی ، وە دەست بەسەریانکرد هەتا گالیلۆ پەشیمانبێتەوە لە بۆچوون و دیدگا زانستییەکانی . بەڵام بلیمەتی گالیلۆ لەگەڵ ئاسۆ ڕووناکەکانی ئەو سەردەمەدا هاوسەنگ و تەبا بوون . داهێنانە تلسکۆبەکانی و ، ئەزموونە تایبەتەکانی لە یاسای ڕاکیشاندا ، لە ناوی ئیتالیا و دەرەوەدا زانراوبوون . لەبەر ئەوەبوو کە دەسەڵات نەیتوانی گالیلۆ لەسەر ڕاو بۆچوونە زانستییەکانی لە سێدارە بدات ، بەڵام بێ سزاش دەرنەچوو .

گالیلۆ لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بوو کە دەسەڵات دەستیانکرد بە تۆقاندنی و هەرشەلێکردنی . وازیان لێ نەهێنا تا بە چۆکداهێانیان و سەریان پێشۆڕکرد و ڕسوایانکرد . ناچاریانکرد کە دانبنێت بەوەی کە وتویەتی هەڵەیە و ، ئەوەی ئەو خوێندنەوەی بۆ کردوە وردبینیی تێدانییە و کەوتوەتە هەڵەوە چوونکە پیاوێکی بە ساڵاچووە و لە پایزی تەمەنیدایە . بەڵکو ئەوەی کە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە ئەوەیە کە پیاوانی دینی دەیڵێن . واتا زەوی ناوەندی گەردونە . ئەستیرەکان بە دەوری ئەم ناوەندەدا دەسوڕێنەوە .

کاتێکیش کەنیسە بڕیاریدا کە سەرەتای جیهان لە رۆژی یەکشەممەی ٢٣ ئۆکتۆبەری ساڵی ٤٠٠٤ ی پێش زایندا دەستیپێکردوە ، ئێسک و پروسکی” وکلیف ” یان لە گۆڕەکەی دەرهێنا ، لەبەر ئەوەی وتبووی تەمەنی زەوی زیاترە لە سەدان هەزار ساڵ ، بۆیە کەنیسە فەرمانی دا کە ئیسکوپرسکەکەی بهاڕن و فرێی بدەنە نێو دەریاوە لەبەر ئەوەی ئیسکوپروسکی ئەم کافرە زەوی پیس نەکات .

پیاوانی کەنیسەی کاثولیکی بڕوایان وابوو کە هیچ گومانی تێدانییە کە زەوی تەختە . لەسەر ئەو لۆژیکەی کە دەیانوت : ” ئایا درەختێک دەبینرێت سەروخوار ڕوابێت ؟ یان کەس باران دەبینێت بەرەو سەرەوە ببارێت و سەرکەوێت ؟ ئەگەر لایەکی تر لە زەوی هەبێت ، وەک ئەوانەی کە دەڵێن زەوی بازنەییە ، کەواتە دەبێت ئەو بەشەی تری زەوی مەخولقێکی تری لەسەربێت . ئەمەش بەومانایە دێت کە دەبێت مەسیح بچێت بۆ ئەوێ و جارێکی تر لە سەلیب بدرێتەوە . وە بەو مانایەش دەێت کە شێوەیەکی تری بەهەشتی عەدەن و ئادەم و حەوایەکی تر هەیە . ئەمانەش مەحاڵە ، بۆیە زەوی تەختە و بازنەیی نییە و هیچ شێوەیکی تری نییە “.

نەخۆشی، پیاوانی کەنیسە لایانوابوو کە نەخۆشی بەڵای شەیتانە. ئەوەشەیتانە سەرچاوەی برسێتی و وشەکەساڵی و نەزۆکی ژنان و تێکچوونی مەناخ. شەیتان خۆی لە مەناخ هەڵدەکێشێت و تەمومژاویی دەکات، لە ڕێگەی سیحرەوە خۆی دەگەیەنێتە هەرچ شتێک کە بیەوێت، بۆ گەیاندنی خراپەکاریی و گوناحپێکردن. بۆیە پاپا”بیوس”ی پێنجەم داوایکرد ناوی پزیشکەکان ببرێت بە پزیشکی ڕۆحی. چوونکە نەخۆشییەکان لە شەیتان و رۆحە شەڕانیەکانەوە دێن.

دەرد و بەڵا، وەک ئاوڵە و کۆلێرا، ئەوە ویستێکی خوداییە. بۆیە کوتان دژی هەندێک لەو دەردانە بە تەواوەتی ئەفرۆزەکراوبوو لەلای پیاوانی کەنیسەوە. ئەم ئەفرۆزەکردنە بووە هۆی ئەوەی کە بۆمبێک فرێبدرێتە ماڵی دکتۆر”بولستون” کاتێک ناوەندێکی دامەزراندبوو بۆ کوتانی خەڵک دژی نەخۆشی ئاوڵە.

ناڕازیی بوونی کەنیسە بۆ شیکاریی جەستە دوای مردن هۆکارێک بوو بۆ دواکەوتنی زانستی پزیشکی لە ئەوروپادا. لۆژیکی پیاوانی دینی ئەوەبوو کە شیکاریی جەستە دوای مردن ، جەستە دەشێوێنێت و ئەم شێواندنەش دەچێتەوە ناو ژیانی کەسانی تر بە شێوەیەکی ترسناک .

ئەم ناڕەزایەتییەی کەنیسە بۆ شیکاریی جەستە لە دوای مردن هۆکارێک بوو بۆ دواکەوتنی زانستی پزیشکی لە ساڵی ١٧٧٠ی زاینیدا ، چەندین شتی سەیر و سەمەرە دەرکەوتن . چەندین ڕاپۆرت گەیەندرایە ئەکادیمیایی زانستیی مەلەکی ، کە ئاو گۆڕدراوە بۆ خوێن لە چەند شوێنێکدا . پیاوانی کەنیسەش بە پەلە ڕایانگەیاند کە هۆکاری ئەو ڕوداوە سەیرانە دەگەڕیتەوە بۆ توڕەیی خوای گەورە .

کاتێکیش ئەم دیاردەیە لە وڵاتی سویدا ڕوویدا ، زانا ” لویس ” هەستا بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوە بوو کە مێرویەکی وردی بچووک کە ڕەنگی سورە لە ئاوەکەدا هەیە و رەنگی ئاوەکە وا پیشاندەدات کە سوربێت .

کاتێکیش ئەم هەواڵە گەیشتە گەورەی ئەساقیفەکان ، وتی ئەم ڕاڤەکردنە کاریێکی شەیتانییە . ئەم شیکارییە زانستییەی ئەفرۆزەکرد ، وە بڕیاریدا کە ئەو دیاردەیە دیاردەیەکی ناسروشتییە ، وە زانا ” لینۆس ” ی ناچارکرد پاشەکشەبکات لەو ڕاپۆرتە زانستییە ، وە ناچاریشیکرد کە ڕاپۆرتێکی تر دەربکات بەوەی کە ئەم دیاردەی ئاوی سورە لەسەرو توانا زانستییەکانەوەیە کە بیزانێت و زانیاری لەسەر بدات . پیاوانی کەنیسە دەیانوت چاکنەکردنەوەی کەنیسە و نەتوانین بۆ پیدانی باج بۆ چاکردنەوەی ، ئەوە دەسەلمێنێت کە هۆکارەکە بروسکە و چەخماخەنییە . کاتێکیش بنیامین فرانکلین فڕۆکە کاغەزییەکەی خۆی هەڵدا ، سەلماندی کە بروسکە و چەخماخە هیچ نییە جگە لە بروسکە و چەخماخەیەکی کارەبایی نەبێت ، بە پەلە خەڵک کەوتنە دانانی زنجیری بەرپەرچدانەوەی بروسکەو چەخماخە ، بۆ مژین و بەتاڵکردنەوەی ئەو بروسکە و چەخماخە کارەباییە لە زەویدا .

بەڵام پیاوانی کەنیسە بەکارهێنانی قەدەغەکردنەکانی بروسکەکانیان ئەفرۆزەکرد . وە ئەم بەکارهینانی بروسکانەشیان تاوانبارکرد بەوەی کە هۆکاری بەرپا بوونی ئەو زەویلەرزەیەیی ساڵی ١٧٥٥ کە لە شاری ماساشوست روویدا .

لە ساڵەکانی ١٧٥٠ وە بۆ ساڵی  ١٧٥٣ ، ٤٠٠ تاوەری کەنیسەکان وێران بوون بە هۆی ئەو بروسکە کارەباییانەوە ، وە ١٢٠ مرۆڤیشی کوشت ، کە ئەرکیان ڕاژەکردنی زەنگەکانی کەنیسە بوو . بەڵام ئەو خانوبەرانەی کە بەرپەرچدانەوەی بروسکە کارەباییەکانیان دانابوو هیچ زیانێکیان پێنەگەیشت . لە دواجاردا ناچار هەموو کەنیسەکان ئەو بەرپەرچدانەوانەیان بەکارهێنا تا لە زیانی ئەو بروسکە کارەباییانە دووربکەونەوە .

لەسەردەمی سەدەکانی تاریکییدا ، باو و بۆران و گەردەلول و زریانەکان بە کاری شەیتانی ڕاڤەدەکران . بۆیە پاپا جۆرجی سیازدەیەم فەرمانیدەرکرد کە زەنگی کەنیسەکان لێبدرێت لە کاتی هەرچ باو و بۆرانێکی بەهێز و ڕەشەبا و گەردەلول و زریان و هەورەگرمە و شەستەباران و ڕەهێڵەبارانی زۆردا ، یان لە کاتی هەورە بروسکە و چەخماخەدا .

لە سەدەی پانزەهەمدا بروایەکی ڕەشبینانە دەرکەوت ، بەوەی کە ئەوە ژنانن کە هاوکاریی شەیتان دەکەن لە دەرکەوتنی ڕەشەبا و باو و بۆران و تەرزەبارین و بەفربارینی زۆر و هەستانی لافاوەکاندا ، یان لەو کارەساتە سروشتیانەی کە دەردەکەون .  بۆیە پاپا ” ئنوسنت ” ی هەشتەم ، لە ٧ی مانگی دێسەمبەری ساڵی ١٤٨٤ی زاینیدا ، فەرمانی دەرکرد بە زیندانیکردنی هەموو سیحربازەکان . لە ئەڵامانیادا کەنیسەکان هەستان بە ڕاودونان و زیندانیکردنی هەموو ئەو ساحیرانەی کە بەرای ئەو هۆکاری کارەساتە سروشتییەکان بوون . بە هەزاران ژنیان کەلپچەکرد و ڕایانکێشانە بەردەمی ئەشکەنجە و لێدانەوە ، چەندین ژنیان سوتاند و لە سێدارەیان دان بۆ ئەوەی ڕۆحەکان پاکبکرێنەوە لەم ڕۆحە گڵاوانە .

هەتا هەنووکە جەنگی نێوان تێۆرییە داروینیزمییەکانی گەشەسەندنی زیندەوەرەکان بە مرۆڤیشەوە لەگەڵ چیرۆکەکانی ناو کتێبە پیرۆزەکان لەسەر خەڵقکردن بەردەوامە . کاتێک هاوسەری قەسیس ” ورشیستر ” هەواڵی تیۆریی داروینی پێڕاگەیاند ، وتی : ” دەڵێن ئێمە لە مەیموونەوە هاتووین!!! داواکارین و هیوادارین ئەمە ڕاست نەبێت ، ئەگەر ڕاستیشە داوکارین لە خوای پەروەردگار ئەم ڕاستییە بشارێتەوە لای هەموو کەس ” .

لە ساڵی ١٦٠٩ی زایندا ، دەردی ترس لە ساحیرەکان هەموو فەرنسای گرتبوەوە . سەدان کەس بڕوایان وابوو کە شەیتان دەچێتە گیانیانەوە . ڕقیان لە سەگەوەڕیش بوو . لیژنەیەکی پەرلەمانی دروستبوو بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی کە تۆمەتباربوون بەوەی شەیتان چۆتە ڕۆحیانەوە . نیشانەکانیشی تێکچوونی چاویان و دەرزیئاژنین بوو بە لەشیاندا ، لە هەرچ شوێنێکدا هەستیان بە ئازار نەکردایە واتا لەو شوێنەوە شەیتان چۆتە ناو جەستە و ڕۆحیانەوە .

تۆمەتبارانیش بەدانی هەمان تۆمەت بۆ کەسانی تر دەیانویست تۆمەتەکان لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە . هەشت کەس لەو تۆمەتبارانە دادگاییکران و سزادران . پێنج کەسیان هەڵهاتن و سێ کەسیشیان حوکمی سوتاندنیان درا . ئەو حەشاماتەی لە دەوری ئەو ئاگرە کۆبووبوونەوە کە تاوانبارەکانیان دەخستە ناوییەوە سوێندیان دەخوارد کە بە چاوی خۆیان شەیتانەکانیان بینیوە لەسەر سەری مرۆڤە سوتێنراوەکەوە دەرپەڕیوە و ڕایکردوە لە شێوەی بۆقدا بووە .

لە لۆرین دا، ٨٠٠ کەسی سیحرباز سوتێنرا بە تۆمەتی پراکتیزەکردنی جادوگەریی لە ماوەی ١٦ ساڵدا . لە ستراسبرگ ١٣٤ کەس لە ماوەی چوار رۆژدا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٥٨٢ لە سێدارەداران . لە لۆرین لە ماوی ١٠دەساڵدا لە ساڵدا لە ١٥٦٢ وە بۆ ١٥٧٢ ٦٠ کەس لە سێداردران . لە بێرن ، لە بیست ساڵی کۆتایی سەدەی شانزەهەمدا ٣٠٠ کەس لە سێدارەدرا . ٢٤٠ کەسیش لە بیست ساڵی یەکەمی سەدەی حەڤدەدا لە سێدارە درا.

لە ئەڵەمانیا ، کاثۆلیکەکان و پرۆتستانەکان کێبڕکێیان دەکرد لە ناردنی سیحربازەکاندا بۆ کورەی سوتێنەر . ئەوەی کە زۆر سەیرە ، سەرۆکی ئەساقیفەکان ١٢٠ کەسی سوتان بە هۆکاری ئەوەی گوایە ئەمانە بوونەتە دروستبوونی مەناخێکی زۆر سارد بۆ ماوەیەکی درێژ لە ساڵی ١٥٩٦دا. کاتێکیش نەخۆشی لە ناو ئاژاڵاندا بڵاوبوەوە لە دەوروبەری شۆنگو ، ئەم نەخۆشی و دەردەیان گەڕانەوە بۆ هۆکاری بوونی سیحربازەکان . بۆیە قونسولیەتی بافاریان بڕیاری سزادانی بەهێزی دا بەسەر سیحربازەکاندا لە میونخ .

لە هینبرج ـ ی نەمسادا ٨٠ کەس لە سێدارەدران، لە ١٦١٧ وە تا ١٦١٨ بە فەرمانی ئەساقیفە ورزبرگ ٩٠٠ کەس لە ساحیرەکان سوتێنران.

لە ساڵی ١٥٧٢ لە ساکسۆن ، بریارێک دەرچوو بۆ سوتاندنی سیحربازەکان هەتا ئەگەر کارێکی زیانبەخشیشی نەکردبێت . ١٥٠٠ تا ١٥٩٠ سحیرباز سوتێنران . لە سترستیتن ، ٣٠٠ کەس سوتێنرا لە ماوەی ٢ ساڵدا .

لە ئەلوانجن ، لە ساڵی ١٦١٢دا ١٦٧ سیحرباز لە سێدارە درا .

زانایانی مێژووی ئەڵەمانی وای دەخەمڵێنن ئەوانەی بە تۆمەتی جادوگەرییەوە تەنیا لە ئەڵەمانیادا لە سێدرە دراون لە سەدەی حەڤدەوە دەگاتە ١٠٠ هەزار کەسی بێگوناح و بێ تاوان.

ترس و تۆقین لە جادوگەریی و سیحربازی بەردەوامبوو هەتا سەردەمی گالیلۆ و کیبلر. بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ بەردەوام بوو، تا دۆزینەوەی کیشوەری ئامریاک لە لایەن کرستۆفر کۆلۆمبسەوە، واتا تا ئەو سەردەمەی کە بە سەردەمی عەقڵگەرایی و بەکراهێنانی میشک دەناسرێت.

لە نەتەوە یەکگرتوەکانی ئامریکادا لە شاری سالم ـ ی سەر بە ولایەتی ماساشوست، دەیان کچی تەمەن منداڵ توشی هستریا بووبوون، ڕایاندەگرتن کە دانبنێن بەوەی کە ئەم هستریایەی توشی بوون بە هۆکاری پیرێژنە جادوگەر و سیحربازەکانەوەیە، ئەمەش وایلێدەکردن زیاتر توشی تۆقین و ترس و لەرزبێن.

کچە تەمەن منداڵەکان دەیانقیژان و هاواریان دەکرد و پەنجەیان بۆ پیرێژنەکان ڕادەکێشا کە ئەوانە تاوابارن و توشی هستریاییان کردوون: سیحربازەکان، سیحربازەکان، سیحربازەکان. لە کۆتایی دادگاکانیشدا زۆرێک لەو پیرێژنانەی کە لەبەردەم دادگادا دانییان بە تاوانبارێتی خۆیان دا دەنا، دەکەوتنە گریان و پاڕانەوە و تکاکردن بۆ ئەوەی لێیان خۆشبن. بەڵام ئیدانەیاندەکردن و دادگا سزای مردنی بە سوتاندن دەدا بەسەریاندا.

تێکچوونی باری دەروونیی و عەقڵی، بە کاریگەری ئاڵۆزیی و جادوگەریی و ئەرێنی بردن و ئەو جۆرە شتانە ڕاڤەدەکرا، ئەمانە بە هێزی شەرەنگێزیی و نا سروشتی دادەنران، هەموو ئەو شتانەی کە دەبوونە هۆکاری هەڵچوونی مرۆڤ و کێشەکانیان، بە تایبەت لای عاشقەکان و ئارەزوومەندەکان و خاوەن ڕق و کینە لە دڵەکان هەموو ئەمان بە کاری شەیتانیی و جادوگەریی و سیحربازیی دادەنران.

هەموو نەخۆشیی و ئاڵۆزییە عەقڵیەکان و میشک، برسێتی و وشکە ساڵیی و زریان و باو و بۆرانەکان بە کاری شەیتانیی و جادوگەریی و سیحربازیی دادەنران.

هەتا ئەمڕۆش دەنگدانەوەی ئەو ئەفسانەو خەیاڵە پوچانە لە ناو کۆمەلگاکانی ئێمەدا زۆرن، کۆمەڵێک ئایەتی دینی و سروشتی دینی و جنۆکە و هەوڵدان بۆ خۆ پاراستن لەو کارە شەیتانیی و جادوگەرییانە بە نوشتەکردن ودۆعا خوێندن بۆ خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لە چاوی پیس بەردەوامە.

ئێمەس لە ناو کۆمەڵگاکانی خۆماندا بە هۆکاری نەبوونی عەقڵ و بەکارنەهێنانی عەقڵ و دواکەوتنی ئەفسانەو خەیاڵە پوچەکان و بە هۆکاری حوکم و کاریگەریی دین بە هەمان ئاراستەدا دەڕۆین کە پڕێتی لە ناعەقڵانیەت و پوچگەرایی. هەموو ئەمانە کارێکیکردوە کە موسڵمانان لە ناو لمی ژیانی سەرەتایی و گردۆڵکە و بەرزاییەکانی دواکەوتویەتیدا بژین.

زانیارییەکانی وابەستە بە بڕوا بە چیرۆکە ئەفسانەییەکان و خەێاڵە بێ بنەماکان و جادوگەریی و سیحربازیی و دێو و خێو ـ وەوە، ترس و لەرز و بڕاوبوونێکی کوێرانە بە دەقە نووسراوە پیرۆزە ئاسمانییەکانەوە بە بێ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە، چاومان لێڵ دەکات و نایەڵێت ڕاستییەکان ببینین. وامان لێدەکات کە دەوروپشتی خۆمان نەبینین و بیرمان بۆ شتگەلێک بڕوات کە بوونیان نییە.

ئەمەش یارمەتیمان نادات بۆ تێگەیشتن لە یاساکانی سروشت و ئەو یاساگەلەی کە سروشت دەجوڵێنێت و کاری گەری خۆی هەیە لەسەر جوڵە و گۆڕینی شتومەکەکانی دەوروپشتمان. دواکەوتنی زانستی پزیشکی لە ئەوروپادا بەهۆکاری ئەوە بوو کە کەنیسە شیکاریی جەستەی قەدەغە و حەرامکرد بوو لە دوای مردن بۆ تاقیکردنەوە پزیشکییەکان و تاقیکردنەوەکانی چۆنیەتی کارکردنی ئۆرگانەکانی جەستەی مرۆڤ.

ئەم چیرۆکە دڵتەزێن و دواکەوتوانەی کە ململانێیەکی بێ پەروایان بەرپاکردبوو لە نێوان زانست و تیگەیشتنە هەڵە دینییەکاندا ژماریەکی یەجگار گەورەبوون. ئەمەش کورت نەبووبوەوە لە یەکێک لە دینەکان دا، یان لە سەردەمێک لەسەردەمەکاندا بەڵکو دینەکان و سەردەمێکی زۆری گرتبوەوە. چیرۆکی سزادانی زاناکان و سزای مردنیان کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات.

خەلیفە مەنسوری ئیسلام لەسەردەمی عەباسیەکاندا، ئبن موقەفعی تۆمەتبارکرد بە کافرێتیی، بڕیاریدەرکرد بە بڕینەوەی هەر چوار پەلی و لێکردنەوەی سەری، دواتر سوتاندنی لاشەکەی.

حەلاجی سۆفیگەری ئیسلامی بەناوبانگ، خەلیفە مقتدرباللە تاوانباریکرد بە کافرێتی، سزای مردنی بۆ دەرکرد. دەستیانکرد بە قامچی لێدانی تا هەزار قامچی، دواجار هەردوو دەست و هەردوو قاچیان بڕییەوە، دوای ئەوەش سەریان لێکردەوە و لاشەکەیان سوتاند. خۆڵەمێشی لاشەکەشیان فڕێدایە ناو ڕووباری دجلەوە.

سەرهرەوەردی، لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیدا، بە هەمان شێوەی حەلاج کوشتیان.

خەلیفە موعتەسەم، ئیمام حەنبەلی زیندانیکرد و ئەشکەنجەیدا.

کندی، کە فەیلەسوفێکی ئیسلامی بوو، رووتیان کردەوە و دەستیانکرد بە لێدان و سوکایەتیپێکردنی لە ناو کۆڕی سروتی دینیدا شەست قامچیان لێدا.

ڕازی، بە کتێبەکانی خۆی دەیانکێشا بەسەریدا تا هەردوو چاوی کوێر بوو لە تاو ئازار، کاتێکیش یەکێک لە قوتابیانی داوایکرد کە چارەسەریبکات، نەیانهێشت و ڕێگەیان پێنەدا.

ئبن ڕشد، هەموو ماڵ و کتێبەکانیان سوتاند و تاوانباریانکرد بە بێ بڕوا. ئبن سینا و ئبن خەلدون ڕزگاریان نەبوو لە تۆەمەتبارکردنیان بە کافرێتی.

لە سەردەمی نوێشدا، دکتۆر فەرج فۆدەیان کوشت بە هۆکاری ڕاکانی و بەرگریکردنی لە قبتیەکانی میسر.

نەجیب مەحفوز، کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا، ویستیان بیکوژن و سەریبڕن بە هۆی ڕاکانیەوە.

دکتۆر ئەبو زید و ژنەکایان لە یەکتری جیاکردەوە، بە هۆی لێتوێژینەوەکانیەوە. کتێبەکانی تاها حسین و نەجیب مەحفوزیان قەدەغەکرد بۆ خوێندن لە قوتابخانەکان و پەیمانگاکان و زانکۆکانی میسردا.

تۆقاندن و ترسانێکی گەورەیان بەرپاکرد لەسەر بیری نوێ بە دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە. ئەگەر کار وا بڕوات زوو یان درەنگ دەگەینە ئەو سەردەمی تارییکەیەی کە ئەورپای پیا تێپەڕبوو، جیاوازییەکەشمان ئەوەیە کە ئەورپا توانیان ئەو قۆناغە تاریکستانە تێپەڕێنن و خۆیان ڕزگار بکەن لەو دەردوبەڵایە.

ئەوان لە دین تێگەیشتن وەک پێویست. دین و زانست و سیاسەتیان جیاکردەوە. بەلام ئێمە تا ئێستاش دین و زانست و سیاسەت تێکەڵ دەکەین. وە تێنەگەیشتووین لە بڕوا و مانای بڕوا.

زانست دەخەینە جیگەی بڕوا، بڕوا دەخەینە جێگەی زانست و سیاسەت. پێشکەوتن بە مانای خۆی، هۆکار و زەوینە خۆشیی خۆی هەیە، دواکەوتوییش لە خۆوە نایەتە ئاراوە. ئەگەر بەخۆماندا نەچیینەوە و حساباتی خۆمان بە وردی نەکەین ئەوە حەتمەن ون دەبین لە تاریکیدا. ئەو نەتەوانە زۆرن کە ون بوون لەم تێکەولێکەیەدا کە جەنگیان لەگەڵ عەقڵ و عەقڵگەرییدا بەرپاکردبوو وە حوکمی دینیان قبوڵکردبوو، جیاوزاییان نەدەکرد لە نێوان چاکە و خراپەدا، لە نێوان زانست و دیندا، پیویستە ئەوە ببێت بە وانە بۆمان.

سەرچاوە /  حـــــــــــــــــــــــــــــوار متمـــــــــــدن

 ١٨/٣/٢٠١٣

1,855 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست