کامیار سابیر : ئۆجەلان ، ناسیۆنالیستەکانی کوردی نیگەران کردووە ! .

  خوێندنەوەیەکی فیکریی بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان . پێش هەموو شتێک پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣ی ئۆجەلان، ئەگەر لەژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمدا یان لەژێر کاریگەریی ئەو کرێدتە کاریزماییە بێسنوورەی دراوە بەئۆجەلان بخوێنینەوە، بە […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

خوێندنەوەیەکی فیکریی بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان .

پێش هەموو شتێک پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣ی ئۆجەلان، ئەگەر لەژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمدا یان لەژێر کاریگەریی ئەو کرێدتە کاریزماییە بێسنوورەی دراوە بەئۆجەلان بخوێنینەوە، بە لێکدانەوەیەکی عەقڵانیی و سیاسیی و کولتووریی وردمان ناگەیەنێت. ئەو پەیامە لایەنی ئەرێنیی و نەرێنیی( پۆزەتیڤ و نەگەتیڤ) ی زۆر تێدایە. قسە لەسەر ئەو دەربڕینە شیعریی و پەخشانییانە نییە(وەک نموونە: ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمی ئاو ڕاوه‌ستن ، فڕێ ده‌درێنه‌ زه‌لکاوه‌وه‌)، قسە لەسەر ئەو ریتمە فیکریی و سیاسییە بەیەکدا چڕژاوەش نییە، کە بڕوا ناکەم ئۆجەلان خۆیشی لێیان تێبگات.

سێ ڤێرژنی جیاوازی کوردییەکەی ئەو پەیامەم( کرمانجیی ناوەڕاست) خوێندەوە، وێڕای ڤێرژنە کرمانجییەکەی ( بە واقیعیی لە دوو زمانی جیاواز دەچن، تا لە دوو زاراوەی یەک زمانی کوردیی بچن)، لەگەڵ ڤێرژنە ئینگلیزییەکەدا جیاوازیی و وردەکاریی، لە تێرمۆنۆڵۆجیی، گەیاندنی چەمکەکان، کۆنتێکستسی رستەکان………تاد لە زۆر شوێندا هەیە. ئەم جیاوازییانەم وەک ئەوە دێتە بەرچاو، چۆن میدیا زۆروزەبەندەکانی پارتیی دیموکرات، بە زمانە جووت-تایە کوردییەکە بە بارزانیی دەڵێن، سەرۆکی کوردستان- سەرۆکا کوردستان! کەچیی بە زمانی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی و بیانییەکانی تر، زۆر موحتەرەمانە” سەرۆکی هەرێمی کوردستان” بەکار دەهێنن.

ئۆجەلان، لای کەم قسەی بۆ هەموو کوردەکانی کوردستانی باکوور کرد، قسەی بۆ رای گشتیی جیهانیی کرد، ناکرێ بەو زمانە پڕ لەکۆد و لێڵیی و تەماوییە رای سیاسیی و کولتووریی خۆی دەرببڕێ. بۆ نموونە تێکەڵکردنی ئەم هەموو چەمکە سیاسیی و کولتوورییە، نیشانەی ئەوەیە ئەم سەرکردەیە ناتوانێ تەجاوزی ئەو باکگراوندە چەپە ستالینییە بکات، کە مەغزی سیاسیی و کولتووریی ئۆجەلانی لە رابردوودا سمیوە. ئاخر چەمکی ئیمپیریالیزمی رۆژئاوا! کەی پێوەندیی بە فۆرمەلەی دەوڵەتی نەتەوەییەوە ( نەتەوە –دەوڵەت) هەیە؟ ئەمە لە تێکەڵکردنی خۆڵەمێش و ماستاو دەچێت!

زمانی نووسینی وتارێکی کورتکراوە و پوختکراو، نزیکەی دوو ساڵە کاری لەسەر دەکات، کە تەواوی گەلی کورد و زۆرینەی چاودێرانی سیاسیی و ژۆرناڵیستەکانی دنیا، دەیبیستن و دەیخوێننەوە، بەتایبەت، ئۆجەلان فەزڵی سیاسەت و فیکر بەسەر چەکدا دەدات، چۆن دەبێ لەڕووی داڕشتنی فیکرییەوە ئەوەندە داغان بێت؟ من قسەم لەسەر ئەو بەشەیە کە کراوە بە کرمانجیی ناوەڕاست( واقیعێکی تاڵە، زمانی کوردیی لەنێو دایەلێکتەکانیدا، وەرگێڕانیان بۆ دەکرێ)، ئەو زمانە، ئەوەندەی لە پەخشان و شیعر و لاواندنەوە دەچوو، ئەوەندە لە وتارێکی سیاسیی و فیکریی زۆر گرینگ ناچوو کە بۆ مەزنترین نەورۆز لەمێژووی گەلی کورددا ئامادەکرابێت. ئایا هیچ فیکر و حیکمەتێک لەم دەربڕینانەدا هەیە(مۆدێرنێته‌ی کاپیتالیزمی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیی، مۆدێرنێته‌ی دیموکراتی بونیاد بکه‌ن)؟

ئاخر ئەم چەمکە سیاسیی و کولتوورییانە، لە کۆنتێکستی خۆیاندا، لە رەهەندی خۆیاندا، مەوداکانیان، کایەکانیان، بەهاکانیان و ئەجێنداکانیان، گونجاوتر و کاریگەرتر بەکار دەهێنرێن، نەک بەو دەربڕینە شیعرییانە؟ ئەم مۆدێرنەیەی ئۆجەلان، کە وەک خوێنەرێک عەوداڵی خوێندنەوەیە لەسەر مۆدێرنیزم، بەڵام تا هەنووکە نەیتوانیوە تیۆرایزی مۆدێرنیزم لەگەڵ بزوتنەوەی سیاسیی و چەکداریی کورددا بکات!

ئەو پاشخانە ئایدیۆلۆژییە کلاسیکییەی بەسەر چەپبوون و مێنتاڵیتیی و هزری ئۆجەلاندا زاڵە، تووشی دۆگمای فیکریی کردووە. مرۆڤ کە نەتوانێ لە ڕووی فیکرییەوە تەجاوزی ئایدیۆلۆژیایەک بکات، هەمیشە ئەو چەمک و دەربڕینانە بەکار دە‌هێنێت کە پێشتر فێری بووە، جا ئەگەر قسە لە هەر کایەیەکی سیاسیی کولتووریی بکات. بۆ نموونە چەمکی”یەکسانیی” وەک تێرمێکی چینایەتیی، هیچ پێویست ناکات لەو کۆنتێکستەدا باس بکرێت، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی( دادی کۆمەڵایەتیی) ئەگەر بەکاربهێنرایە، زۆر گونجاوترو سیاسییترو عەقڵانییتریش بوو.

دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین، ئۆجەلان، مرۆڤێکە ، لەپلانێکی نێودەوڵەتییدا، فڕێنراوە ئەم پیاوە ١٣ ساڵە زیندانییە و لە دنیای دەرەوە دابڕاوە، لەژێر گوشارێکی رۆحیی و جەستەیی زۆر قورسدایە، زیندانی کەمالیستەکان و نیۆعوسمانییەکان، خراپترین ریکۆردیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا هەیە. بەواتایەکی تر، ئەم پیاوە دیلە و ئازاد نییە، کەسێک لە زینداندا بێت ئیرادەی ئازادی نییە. لەژێر گوشارو بنمیچی زینداندا، مرۆڤ ناتوانێ بیرکردنەوەی ساغ و ئازادی هەبێت. ئەو لە زینداندا کە خاوەنی فیزیکیی خۆی نەبێ، خاوەنی ئیرادەی ئازادیش نابێت، بەتایبەت لەنێو ئەو هەموو فیلتەرە موخابەراتییەوە ئەو پەیامە بێتە دەرەوە.

لەهەمووی گرینگتر، ئەوەیە، ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا، شەختەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژیی شکاند. ئۆجەلان بڕوای بە کوردستانی گەورە و پارچە لێکترازاوەکانی کوردستان نەماوە( یان هەر نەیبووە). بەراشکاویی ئاماژە بە کوردستانی تورکیەو سوریەو عێراق دەکات. بەئاشکراش، لای کەم لەم قۆناغەدا، خەباتی گەلی کورد وابەستەی ئەو وڵاتانە دەکات، کەتێیدا دەژین. ئەمە هەرچۆنێک بخوێنرێتەوە، دڵ و دەروونی نەتەوەییەکانی گڕ تێبەرداوە! دارێکی داوە بەڕۆحی ناسیۆنالیستە بێفیکرەکانی کورددا، نووزەیانی لێ بڕیوە، بەڵام لای من جورئەتێکی سیاسیی و عەقڵانییەتێکی سیاسیی و کولتووریی گەورەیە و وەک کرێدتێکی فیکریی و کولتووریی سەیری دەکەم.

مرۆڤ بە ویژدانەوە قسە بکات، کەس وەک سەکردەی بەعس، عیزەت دوریی، لەڕووی فیکریی و سیاسییەوە شرۆڤەی پەیامە سیاسییەکەی ئۆجەلانی نەکرد. من دڵنیام زۆرکەس لە حەقیقەتی ئەو پەیامە و لەسەر مەسەلەی بەدەوڵەتبوونی کورد! و دەوڵەتی نەتەوەیی کورد تێگەیشتن، بەڵام کەس لە کورددا، بەهۆی عاتیفەی نەتەوەییبوون و ترسی لەدەستدانی جەماوەر و خوێنەرو لایەنگر، جورئەتی نەکرد وەک ئەو سەرکردەیەی بەعس واڵای پەیامەکەی ئۆجەلان بکات.

پارتیی لەهەموو حیزبێک زیاتر پەیامی ئەو سەرکردەیەی بەعسی ورووژاند، بەڵام ئەجێندای پارتیی ئەوەیە بە شەقامی کوردیی بڵێ، ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە بارزانیی لە باڵۆنەکەیدا هەڵیگرتووە، ئەوەتا ئۆجەلان دەرزییەکی تیژیی پێدا کرد و تەقاندی. دیارە پارتیی دوو گوتاری جیاوازی بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی هەیە. لەناخەوە بڕوای پێی نییە، بەڵام بۆ مێگەل و شەقام، ناوبەناو مارمارۆکەی دەوڵەتی نەتەوەیی دەبرژێنێ. وێڕای ئەوەی، پارتیی ترسی ئەوەی هەیە، هەڵکشانی هەژموونی سیاسیی و کولتووریی ئۆجەلان و پەکەکە، بە واتای کۆتاییهاتنی خەونە ئیمپڕاتۆرییەکەی بارزانیی دێت لەئاستی کوردستانەکانی تردا. گەورەبوون و باڵاکردنی پەکەکەو ئۆجەلان، بچووکبوونەوە و داکشانی پارتییە لەهەموو ئاستە لۆکاڵیی و جیهانییەکاندا.

هاوکات، راستە پەیامەکەی ئۆجەلان، کەموکوڕیی زۆری تێدایە، یەکێک لە سەرەکییترین کەموکوڕییەکان، دەبووایە جەختی لەسەر زمانی خوێندن و پەروەردە بکردایەتەوە لە ناوچەکانی کوردستانی تورکیەدا، راستە ئەو چەکدانان و ئاشتییەی ئۆجەلان داوای دەکات، ئەگەر پەکەکە بەتەواویی بیپەژرێنێ، جۆرێکە لە تەسلیمبوون بە ئەجێندای نیۆعوسمانییەکان. هاوکات فەزڵی هەموو خەبات و قوربانییەکانی ئەو بەشەی کوردستان، لە خودی خۆیدا دەبینێتەوەو باسی خۆی زۆر دەکات. ئەمە لە زینداندایە وا دەڵێت، ئەگەر لەدەرەوە بێت و ئازاد بێت، ئایا کەس دەوێرێ لەناو نزیکترین هەڤاڵەکانیدا بچووکترین رەخنەی لێبگرێت؟ ئەم تاکپەرستییە و ئەم کاریزما بێئەندازە گەورەیەی بە ئۆجەلان دراوە بەتایبەتیی لەدوای زیندانییکردنەکەیەوە، بەپلەی یەکەم سەرکردایەتیی پەکەکە لێی بەرپرسیارە.

کورد لە کوردستانی باشووردا(نەک چەمکی سەقەتی باشووری کوردستان)، تەجروبەیەکی زۆرتاڵی بەدەست تاکڕۆیی و گەورەکردنی سەرکردە و رۆحی نەتەوەیی گەلی کوردەوە هەیە. ئاشبەتاڵی ١٩٧٥، ئەگەر بەهۆی پیلانی نێودەوڵەتیی و لەبەرچاوگرتنی ژیانی زۆرینەی گەلی کوردەوە( وەک پارتیی دەڵێت) بووبێت و بارزانیی و پارتیی لەپێناوی ئەوەدا ئاشبەتاڵیان کرد، کە کورد هەمووی تێدا نەچێ، ئەوە بەشی هەرە زۆری واتە ٩٠%ی بەهۆی ئەوەوە بوو کە یەک پیاو، یەک سەرکردە، بڕیاربەدەست بوو. هەموو ئەوانەی تر موردیدو بێدەسەڵات و هیچکارە بوون. تەنیا کەسێک بۆ مێژوو جورئەتی کرد دەنگ هەڵبڕێ عەلی عەسکەریی بوو، ئەویش چونکە تەنیا باڵ بوو، هیچی پێنەکرا. بۆیە ئەم هەژموونە گەورەیە لە کاریزماو سێمبوڵ بەخشین لەلایەن پەکەکەوە بە ئۆجەلان دراوە، سەرەنجام زیانی بۆ کورد دەبێت، ئەگەر عەقڵانییەتی سیاسیی و پلورالیزمی فیکریی و سیاسیی لەبەرامبەر رای یەک شەخسدا هاوکاریی نەکەن.

لە کۆتاییدا، زۆر گرینگە جەخت لە لایەنی فیکریی ئەو پەیامە بکرێتەوە. چەک هەڵگرتن و خەباتیی چەکداریی زیانی بۆ کورد زۆر هەبووە. ئەو هەموو ئینێرژیی و توانا ماددیی و رۆحییەی لەشەڕی چەکدارییدا خەرجکراوە، بەراوردی بکەین، لەگەڵ ئەو هەموو کاولکاریی و دواکەوتوویی و ئاست نزمییەی ژیانی کوردستانی باکووردا، ئەوسا تێدەگەین، ئەوکوردانەی لە پارچەکانی تری کوردستانەوە، یان لەهەندەرانەوە دڵیان بە خەباتی چەکداریی خۆشە، بۆ گەشتوگوزار و جەژنی نەورۆز سەردانی قەندیل دەکەن و شانازیی بە چەک و گەریلابوونەوە دەکەن، چەند لە دنیایەکی فانتەسییدا قسەی شاعیرانە دەکەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من لەگەڵ ئەو چەکدانانە بێمەرجەدا نییم، کە تورکیە و ئەمێریکا دەیخوازن. پەکەکە دەتوانێ، چەند هەزار گەریلایەک لە سوریە و قەندیلدا بهێڵێتەوە بۆ پاراستنی خۆی و ئەگەری هێرشکردنی تورکیە، وەک کارتی گوشاریش لە گفتوگۆدا بەکاریان بهێنێت. کورد و پەکەکە، پێویستیان بەتەقاندنی یەک فیشەکی تر نییە، وەک هێرشکردن و کوشتنی جەندرمەی تورکی و جاشی کورد. لێرەدایە، دەبێ پێشوازیی لەو جورئەتەی ئۆجەلان بکرێ بۆ راگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن. تێگەیشتن و پەژراندنی ئەو بەشە لەناوەڕۆکی پەیامەکە زۆر سەخت و قورس و ژاناوییە، بەڵام عەقڵانیی و واقیعیی و دووربینیی دەوێت.

سەرەنجام، کورد پێویستیی بە دەوڵەتی نەتەوەیی، لەسەر بناغەی یەک نەژاد، یان وەک چەمکە سیاسییەکە لەسەر بناغەی یەک ئێسنیک نییە. کورد پێویستی بەدەوڵەتێک هەیە، کە نیشتمانێکی هەبێ، ئینتیمای هەبێ، لەگەڵ نەتەوەکانی تردا بژێت، لەچوارچێوەیەکی فیدراڵیی، کۆنفیدراڵیی یان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی نیشتمانییدا بێت. ئەم دەوڵەتە هەرگیزاو هەرگیز لەسەر خاکی هەموو کوردستانی گەورە و دابەشکراو، تەنیا و تەنیا بۆ کورد دروست نابێت. نە عەقڵانییەت، نە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نە هێزی وزە و نەوت وبازاڕی جیهانیی رێگە بەدەوڵەتێکی یۆتۆپیایی لەم چەشنە دەدات.

دەکرێ ئەم دەوڵەتە لە هەرێمی کوردستانەوە دروست ببێ، یان لە کوردستانی سوریەوە، تەنانەت لە هەرێمی سەربەخۆی کەرکوکیشدا ئەگەرێکی واقیعییە، بەڵام دەبێت دەوڵەتێکی نیشتمانیی بێت، کە نەتەوە و ئایینەکانی تریش لەخۆ بگرێت، نابێ زمانەکەی، تەنیا زمانی کوردیی ( جووت-تایە، یان فرە تایەی دایەلێکتە کوردییەکان) بێت، بەڵکو دەبێ زمانی نەتەوە و ئێسنیکەکانی تریش زمانی هاوبەشی کارگێڕیی و پەرورەدە بن، نابێ سروودی نەتەوەیی کورد( ئەی رەقیب) سروودی نیشتمانیی بێت، دەبێ سروودێک بێت، هەمووان لەخۆ بگرێت، نابێت ئاڵای کورد( ئاڵاکەی پارتیی)، یان ئاڵاکەی پەکەکە، ئاڵای ئەو قەوارەیە بێت، بەڵکو دەبێت ئاڵایەکی نیشتمانیی یان کوردستانیی( بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و سێکتەکان) بێت و چەمکی هاوڵاتییبوون بکرێ بە بناغەی ئیرادەی مرۆڤی کورد و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا دەژین.

859 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
کامیار سابیر

ئەرشیڤی بەڕێز: کامیار سابیر