Karikater

ئاکۆ برایم : ئیسلام جوانە ناشیرینى مەکەن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

من بۆخۆم موسڵمانم و تا دواڕادە باوەڕم بەخودا و قورئان و پێغەمبەر هەیە ، سەرجەم فەرزەکانیش وەکو خۆى جێ بەجێدەکەم . ئیسلام و ئاینەکەیم وەکو بنەماو رێبازو رێ رۆشنکەرەوەیەک بۆ ژیانم داناوە ، ئەوەندەى بتوانم و بۆم بکرێت داکۆکى لەئاینى پیرۆزى ئیسلام و قورئان و فەرمودەکانى پێغەمبەر دەکەم. هەموو دەم ئیسلامم وەکو بەرنامە ورێبازێکى پاک وبێگەردى ژیان داناوە، هەرگیزیش نەمکردوە بە کارت و دەست کەلاى دەستم،تا لەرێگەیەوە حوکم بدەم کە فڵان فاسیقە وفڵان بێ دینە.ئەوە حەڵاڵە ئەوە حەرامە. چونکە هەرکاتێک ئاین بوە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و تۆمەتبارکردنى خەڵک و، رەفتارکردن لەسەر بنەماى حەڵاڵ و حەرام، بەکارهێنانى ئاین بۆ لەخشتە بردن وتۆقاندنى میللەت، لەلایەن کۆمەڵێک کەس و بەناو مەلا ،بۆ بەرژەوەندى و مەرامى تایبەتى خۆیان ،ئەودەم ئاین هیچ مانایەکى نابێت وجوانى وپاکى خۆى لەدەست دەدات و دەبێتە کۆمەڵێک کۆت و بەند ومەرج دەخرێتە ملى کەسانی ساویلکە و سادەو خۆش باوەڕ .

گەر دیقەت بدەین لەماوەى ئەم چەن مانگەدا ،شەپۆلێکى موتەتەڕیفى و توندڕەو و،ناحاڵى و تەوژمێکى ئیسلامى عەفەوى سەرى هەڵداوە ، زۆرێک لەو رابەرو سەرکردەو خۆ بەئیسلام زانانە، لێمان بونەتە خەلیفەى پێنجەم وشەشەم و، بەدیلى پێغەمبەر . راست و چەپ و شەلم کۆێرم حوکم وفتوا دەدەن.گەر سەرنج بدەن، بەناو سەرکردەیەک ،بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ دەق و شەرع و فتوایەک،یەکسەر و لەخۆڕا دەڵێت، ئاواتە خوازم کە ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ سەر بیروباوەڕى ئیسلام. گەر بەوردى لەو وتەیە وردبینەوە،ئەوا تێدەگەین کەئەو بەڕێزە، بەبێ هێچ شتێک ولەخۆڕا ئۆجەلانى بە کافر و غەیرە دین ومورتەد شوبهاند، حوکمى بێ باوەڕى وبێ دینى بەسەر ئەو داسەپاند،ئەمە لەکاتێکدا بۆ حوکمدان لەسەر بێ بڕوایى و بەکافر ناساندنى کەسێک،پێویسە کۆمەڵێک سیفات و خاڵ لەوکەسەدا هەبێت ئەویش ( بڕوانەبون بەخودا،بەپێغەمبەر، بە قورئان ، بە رۆژى دوایى ، بەفریشتە و بەفەرزەکان و حەج وزەکات و…) ئایا ئەوبەڕێزە گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى، کە ئۆجەلان هیچ کام لەو ئەرکانە بەجێ ناهێنێت؟!یان راستەخۆ ئینکارى لەبونى خودا کردبێت تا واى پێدەڵێت. ؟ لەکاتێکدا دەیان بەسەرهات و روداو هەیە کە دەڵێت ،فڵانە کەس بێ باوەڕو مولحید و زیناکەر بوە، بەڵام لەکۆتایى تەمەنیدا خودا هیدایەتى داوە و موسڵمان بوە ، یان لەسەر کارێکى خێر یان چاکەیەک یان دورکەوتنەوە لە خراپەیەک، خودا لە هەموو تاوانەکانى خۆش بوە و بەخشیویەتى و بەهەشتى بەنسیب کردوە ، استغفر اللە وپەنا بەخوا تۆبڵێت ئەو مامۆستا بەڕێزەلە خودا شارەزاترو زاناتر بێت؟ شتێکى دیکە کەمن زۆرجار لە وتارى هەینى و، فەرمایشت و ئامۆژگاریەکانى ئەو مامۆستا ئاینیە بەڕێزانەم بیستوە،لەسەر گومان بردنى خراپ و تۆمەت خستنە پاڵ برا وهاونیشتمانى و هاوزمانى خۆت ، مامۆستایەک دێت بەبێ ئەوەى هیچ رێز و سەنگ و حورمەتێک بۆ خۆى و مێزەرەکەى و ئاینەکەى دابنێت، زۆر بەشێوازێکى بازاڕى و دور لەهەموو داب وعورفێکى ئیسلامى وکۆمەڵایەتى جنێو بە کۆمەڵێک کەس دەدات و سوکایەتیان پێدەکات، کە ئەمەش لە ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەک رێگەى پێنەدراوە و شتێکى نەهى لێکراوە ئەوە فەرمودەى پێغەمبەر کە ئیمامى بوخارى ریوایەتى کردوەدەفەرموێت: [ومن لعن مۆمنا فهو کقتله ومن قژف مۆمنا بکفر فهو کقتله] ئەمەشیان لەلایەن عەبدولڵاى کوڕى مەسعود گێردراوەتەوە( لیسَ المومِن بگعَان ولا لعَان ولا فاحش ولا بژی ) ئەمانە قسەى من نین و لەگیرفانیشم دەرم نەهێناون ، بەڵکو فەرمودەى پێشەواى ئیسلامە ، (د.خ) گەر باوەڕت پێیەتى ئەوە راستیەکەیە ، گەر باوەڕیشت پێى نیە و پێت خۆشە لەرێگەى مینبەر و مێزەرو ئاینەوە خەڵک لەخشتە بەریت و بخوازیت بەو تۆمەت و قسە و ناڕاستیانەت خەڵک بۆخۆت رابکێشیت و هەوادارت زۆر بێت، وەکو هەندێک مەلاى دیکە بیکەیتە زەخیرەیەک بۆ پاشەڕۆژ و دەنگدان و خۆکاندیدکردن ، ئەوەیان شتێکى دیکەیە ، بەداخەوە تا ئێستا خەڵکانێکى بەسەزمان و داماو و خۆش باوەڕمان هەیە،بە وتارەحەماسى و فرمێسکە درۆیەکانى کەسانى وەکو ئێوە فریو دەخۆن وادەزانن کەئێوە نمونەى سەلەفى ساڵح وئیسلامى عەیارە بیست و چوارن. بالێرەدا هەندێک راستى بخەمە بەرچاو، سەبارەت بەو کەسانە کەئێستا لێمان بونەتە ئیمامى زەمان و، تەکفیرمان دەکەن و خوێن وماڵمان حەڵال دەکەن، بابزانین خۆیان چۆنن، تا چەند سیفات و خاسیەتى ئیسلامەتیان تیا هەیە؟ کەسێکى وەکو مەلا مەزهەر خوراسانى کە ماوەیەکە لەسەر شاشەو میدیاکان دەردەکەوێت و، هەرجارەى لەئاوازێک دەخوێنێت و ، تەلەفزیۆن و ئەڵقە و دراما حەرام دەکات و، هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵى مەدەنى و ژنان و لاوان، ئایا بەڕێزى تا چەند پایەندە بەئاینەوە؟ئایا بەڕێزى خۆى لە حەرام پاراستوە ؟ توخنى ناکەوێت، ئایا دەزانن کە ئەو مامۆستایە جگەرە دەکێشێت، سەیرى ئەو دیمەنە بکەن http://www.youtube.com/watch?v=YFKSv1dWxd8  (( لەکاتێکدا بەپێى بیرو بۆچون فتواى زۆربەى عالمانى دین و، لیژنەکانى فەتوا، جگەرە بە مونکیرەکان و حەرامکراوەکان ناسراوە ئەوەتا خوداى گەورەلەقورئاندا دەفەرموێت(ێا ڕَیُهَا اڵژِینَ آمَنُوا کُلُوا مِنْ گَیِبَاتِ مَا رَزَقْنَاکُمْ ۆاشْکُرُوا لِڵهِ إِنْ کُنْتُمْ إِیَاهُ تَعْبُدُونَ) واتا( ئەى ئەوانەى ئیمانتان بە خوداو پێغەمبەرى خودا هەیە ، لەو رزق و رۆزیە پاکانە بخۆن کە پێمان بەخشیون، ئەگەر خودا دەپەرستن سوپاسى بکەن) کەوایە باشەو سودى جگەرە لەکوێدایە؟ ئەوەش نا پێشەواى ئیسلام (دخ) لەسەر بێت لە فەرمودەیەکدا دەفەرموێت(لن تزول قدما عبد یوم القیامه حتى یسڕل عن ڕربعه عن عمره فیما ڕفناه وعن جسده فیم ڕبلاه وعن علمه ما عمل به ، وعن ماله من ڕین ڕکتسبه وفیم ڕنفقه})واتە لەقیامەتدا مرۆڤ لەسەرچوار شت پرسیارى لێدەکرێت، ئەویش یەکێک لەو پرسیارانە ئەوەیە (پارە و پول و ماڵت چۆن دەست کەوت ولەچیدا سەرفت کرد). دەبێت مەلا مەزهەر چ وەڵامێکى بۆ ئەو رۆژە پێ بێت .

یان ئەوە شمولى مەلا ناکات و مەبەست لێى خەڵکانى دیکەیە؟ شتێکى دیکە کە پێمخۆشە باسیبکەم وئاماژەى پێ بدەم ئەویش مامۆستایەکى ئاینى و مامۆستاى کولیژى شەریعەتە، کە ئێستا لەیەکێک لەکەناڵە ریشن و موحاجەبەکان بەرنامەى هەیەو، باسى ئاینى پیرۆزى ئیسلام و حوکم وشەریعەتى ئیسلامى دەکات،ئەویش کەسێکى ناڕاست و دوو لە بەرژەوەندى خوازە، ئەم بەرێزە کاتى خۆى بەقسەو ئەملاو لا، کۆمەڵیک لاو وگەنجى بەلاى خۆیدا راکێشا، مێشکى زاخاو دان ولەسەر جیهاد و تەکفیرکردنى کۆمەڵ، پەروەردەى کردن ،بەجۆرێک مێشکى شۆردبونەوە دەیگوت،ئەم حکومەتى کوردیە ،زادەى دەستى ئەمریکاو جولەکەیە، هاوکاریکردن یان موچە وەرگرتن لێى حەرامە،تاواى لێکردن زۆرێکیان بەقسەو وتارەکانى تێکەوتن و، لەگەڵ خۆیدا چونە ناو حزبێکى ئیسلامیەوە و،دەمودەست جاڕى شەڕیان لەدژى حکومەتى هەرێم و میللەتى کورد دا،بەداخەوە لەشەڕێکدا کۆمەڵێک لەو لاو و گەنجە کەم ئەزمونانە بەکوشت دران و تیا چوون، لەبرى ئەوەى بەڕێزى تۆڵەى براو هاودینەکانى بکاتەوە ،روى خۆ بەسورى وسەربەرزى بهێڵێتەوە، زۆر بێ باکانە بایدایەوە، سەنگەرى چۆڵ کرد وهاتەوە وتەسلیم بەحکومەت بوەوە،هەربەوەشەو نەوەستا بەقەولى خۆى لەوحکومەتە عیلمانى و کافر و داردەستى نەێرانیە بوو بەمعاش خۆر .

 لەوانەش سەیرتر مەلایەکى دیکە کە لە حزبێکى ئیسلامیدا پۆست و پلەى هەیە، لەمزگەوتەکەیدا لەگەڵ کۆمەڵێک نوێژ خوێن و، براى دینى بەیانیان خەریکى وانە خوێندن و خەتمى قورئان بوون، ئەوە بو ئاسایش پێى زانین و هەڵیکوتایە سەریان و، بەمامۆستایان وت ،ئەمە ئەخیر رۆژە ،ئیدى نابێت بەهیچ شێوەیەک،دواى نوێژى بەیانى مزگەوت کراوە بێت ،ئاوا کۆببنەوە قەرەباڵغى بکەن. ئەگەر نا ئەوا رێگاى دیکە دەگرینە بەر، مامۆستاش کە جێنشینى پێغەمبەر و رێنوێن وپێشەواى ئێمەو موسڵمانانە، مەفروز بوو لەسەر ئەو شتە بێتە دەنگ ورێگەنەدات سوکایەتى بەمزگەوت کەسایەتى بکەن،کەچى بەداخەوە وا دەرنەچوو، سوک وباریک لێى کشایەوە و بەهاوڕێ ونوێژ خوێنانى وت، ئاسایە بۆخۆتان لەماڵەوە خەتمى خۆتان بکەن. مەترسى و پاوانخوازى ئەم تەوژمە ئیسلامیەى پاش بەهارى عەرەبى هاتۆتە ئاراوە، ئەوەیە کە رابەران وسەرکردەو پێشەواکانى ئەو شۆڕشە،سەرلەبەریان کەسانى کالفام و هەرزە و نەخوینەوارن،هیچ شارەزایى و زانستێکیان لەعلومى ئیسلامى و شەریعەت و ئەحکامەکانى دا نیە، سەرەبەرەیان بە فیت و رێنمایى وڵاتانى دیکە دەڕۆن بەڕێوە، من تێناگەم خۆتەقاندنەوە و کوشتنى هاوڵاتیانى مەدەنى لەکام سورەت و ئایەت دا حەڵاڵ ورەوایى پێدراوە ، ئەوە کام زاناو پێشەوا و رابەرى ئیسلامیە، لەناو بازاڕێکى پڕ لەهاوڵاتى فتواى ئوتومبیل تەقاندنەوە و دەدات ؟ بەکام دین ومەزهەب خوێن رشتنى موسڵمان بەدەستى موسڵمان حەڵالە وجائیزە ، کێ فتوا دەدات لەبەردەم قوتابخانە و فەرمانگە و شوێنە پر لەمەدەنیەکاندا کارى تێکدەرانە بکەیت؟ تۆ سەیرى ئەم دیمەنە بکە ئیدى هەموو شتێکت لامەعلوم دەبێت کە ئەو کەسانە ئەوانەى ئێستا خۆیان کردوە بە ئیمامى حەمزەو خالیدىکوڕى وەلید ، چۆن فەرمانیان پێکراوە هەرچى جوانى شارستانیەت و کەلەپور هەیە بیڕوخێنن ، وەکو چۆن ئیستا هەوڵ ودەنگۆیەک هەیە بۆ تێکدانى ئەهرامەکانى میسر، باشە برایانى موسڵمان ،ئەهلى حەق و جیهاد و کەتیبەکانى فیردەوس و رەیان وچى وچى، کورد دەڵێت مرۆڤ کەمرد شەیتان دەستى لێ هەڵدەگرێت بەڵام ئەوەتا تەماشا بکەن وببین ، ئەو مردوانە تەنها لەبەر ئەوەى موسڵمان نین و مەسیحین،لەلایەن بەناو ئیسلامی و توند رەوەکانى سوریاوە چۆن سوکایەتى بە گۆڕەکانیان دەکرێت،کە ئەمە نە خوداىگەورە نەپێغەمبەرەکەشى رێگەیان بەوکارە نەداوە داوە و نەهیان لێ کردوە  http://player.vimeo.com/video/62750016   ئەوەتا پێغەمبەر (د.خ) لەسەر بێت دەفەرموێت ( کسر العگم المیت ککسر الحى فى الاپم) ئیدى نازانم ئەو بەناو ئیسلامى خۆ بەخەلیفە و قائید و ئیمام والى یە ئەم حوکم وشەریعەت و توندرەوى وتەکفیرکردن و حەرام و مونکیرانەیان لەکام شوێن دەرهێنابێت، توبڵیت خوانەخواستە نەعوز بیلا خۆیان بۆخۆیان لەبەر مەسڵەحەت و بەڕێکردنى کاروبارى خۆیان دەستکاریان نەکردبێت ( ولاتقربوالێلاە ) یان بێ ( وانتم سکارى) لێ نەکردبێت ؟؟ برایانى موسڵمان ، سەلەفى وجیهادى و کەتیبەکانى حەق و ئەێحابى جەننە ، ئەوە بەچاوى خۆتان دەبینن ، ئیسرائیل چى بە برا عەرەبە موسڵمانەکانتان دەکات؟ رۆژ بەرۆژ تەنگیان پێ هەڵدەچنێت و لەدین و زمان و خاکیان دەکات .

ئەوە قودسە لەژێر دەستى کافران دایە، کاروابڕوات چەند ساڵى دیکە فەلەستین و خاکەکەی دەبنە موڵک ومیراتى جولەکە، لەوەش زیاتر ئەوە بۆرما تان لەبەر چاوە، دەبین چ سوکایەتیەک بەقورئان و موسڵمانان دەکرێت، لەسەر وتنى شەهادەت، لەسەر نوێژکردن ، رۆژانە بەسەدان کەس دەکوژرێن، دەیان مزگەوت خاپور دەکرێن،چەندین قورئانى پیرۆز وکەلامو اللە دەسوتێنرێن، ئەى کوا دەنگتان ؟کوا هەڵوێستتان؟ گەر راست دەکەن وخۆتان نادەن لەخەتى گێلى، لەوێ جیهاد و قیتال بۆتە واجیب و فەرزى عەین، لەبرى ئەوەى بومبێک بەسەیارەى داماوێک، یان لەناو بازارێک تەقە لەیەک دوو پۆلیسى هەژار بکەیت، بچیت لەوێ جیهاد و غەزا بکەیت، قودس یان بۆرما رزگار بکەیت ، کافران و دوژمناى خودا زەلیل سەر شۆڕبکەیت،جائیز تر و رەواتر نیە؟؟ 

1,258 جار بینــراوە