Xeldun-Nbwani

بیرمەند و فەیلەسوف ـ خەلدون نبوانی : ئایا فەلسەفە هیچ دەورێکی بینیوە لە بەهاری عەرەبیدا ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیرمەند و فەیلەسوف ـ خەلدون نبوانی ـ لە وتووێژێکی کراوەدا لەگەڵ خوێنەراندا 

فەلسەفە لە شیکاریی جیهانەوە بۆ گۆڕینیی

لە عەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

سەرچاوە : حوار متمدن  .

لە پێناوی بە گەڕخستنی وتووێژێکی فکرییو رۆشنبیریی‌و سیاسیی لە نێو نووسەران‌و کەسایەتییە سیاسی‌‌و کۆمەڵایەتی‌و رۆشنبییرەکاندا لە لایەک، لە لایەکی‌تره‌وه له نێو خوێنەراندا، هه‌روه‌ها بۆ وتووێژ ده‌رباره‌ی چەپگەرایی‌و عەلمانیەت‌و دیموکراسیی واقییعانە‌و شارستانییانەی بنیادنه‌ردا، (وتووێژی مۆدێرن) هەڵساوه بە سازدانی چەندیین دیالۆگ به شێوه‌یه‌کی کراوه سه‌باره‌ت به کۆمەڵێک بابەتێکی هەستیارو گرنگی پەیوەست بە گەشە‌‌کردن‌و بەرەوپێشچوون‌و تازەگەریی‌و بەدیهێنانی هۆشیاریی لە سەر مافەکانی مرۆڤ‌و مافی ژنان‌و دادەپەروەریی کۆمەلایەتی‌و پێشکەوتن‌و ئاشتەوایی کۆمەڵگاکانمانەوە. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وتووێژێکمان ساز کردووه لەگەڵ (د. خه‌لدوون نبوان)ی بیرمەندو فەیلەسوف دەربارەی ئه‌م پرسیاره‌ی، که: ئایا فەلسەفە هیچ رۆڵێکی لە بەهاری عەرەبیدا گێڕا؟ به روانگه‌‌یه‌کی‌تر، ئایا فەلسەفە دەتوانێت چی به سیاسه‌ت پێشکەش بکات؟ ئایا فەلسەفە دەتوانێت چی بە جیهان، یان بە سەردەمەکەی پێشکه‌ش بکات؟

ئەگەر لە وەڵامدا بوترێت هیچ شتێک، هه‌ڵبه‌ت لەم کاتەدا پرسیارەکە بەم جۆرەی لێدێت، کە ئایا فەلسەفە چ سوودێکی هه‌یه؟ لە مێژووی فەلسەفەدا فەیلەسوفە گەورەکان خۆیان وەڵامی جیاوازیان بۆ ئەم پرسیارە هه‌بووه. بۆ نموونە هێگڵ لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا به ناونیشانی (پرنسیپەکانی فەلسەفەی ڕەوا) بەم جۆره قسە لە سەر رۆڵی فەلسەفە دەکات: “کوندەپەپووی منیرڤا تا تاریکی دانه‌یێت، لە شەقەی باڵ نادات.” هێگڵ بەم جۆرە پێناسه‌ی بۆ فەلسەفە کردووه، کە به دوای رووداودا دێت، واته کاتێک دێته ئاراوه، که کار لە کار ترازبێت. به واتهیه‌کی‌تر، هێگڵ جەختی له سه‌ر ئه‌وه کردووه، که تا واقیع کاری خۆی نەکات، یان دەستی خۆی نەوەشێنێت، فەلسەفە دەرناکەوێت. قبوڵکردنی ئه‌م قسەیه‌ی هێگڵ لە سەر ئەوەی، کە فەلسەفە بە دوای واقیعدا بێت، پرسیارەکەمان وەک خۆی دەمێنێته‌وه بە بێ وەڵام. گەر وابێت، ئیتر فەلسەفە چیی پێشکەش بە سەردەمه‌که‌ی‌و خۆی‌و جیهانی خۆی دەکات، که لە کاتێکدا له دوای دوایی واقیعه‌وه به پله‌ی دووه‌م دەکەوێت، یاخود بە دوای رووداوەکانی وەقیعەوە بێت؟ هێگڵ بەم جۆرە وەڵامی ئەم پرسیارە‌ی داوه‌تەوە: فەلسەفە هیچ شتێک پێشکەش ناکات ته‌نها پێناسه‌کردن‌و تیگەیشتن‌و راڤەکردن نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌و سەردەمەی، کە تییایدا واقیعێک دەگوزەرێت‌و دێتە ئاراوە.

ئەم بۆچوونه‌ی هێگڵ ده‌رباره‌ی رۆڵی فەلسەفە، مارکس پەسەندی نە‌کردووه، قایل نەبووه بەوەی، کە فه‌لسه‌فه کاری ته‌نها راڤەکردنی جیهان بێت، یان ته‌نها راڤەکردنی واقیعێکی تێپەڕیو بێت. مارکس حه‌زی کردووه فەلسەفە رۆڵێکی باڵاتر ببینێت‌ له کاریگه‌ریی لە سەر واقیع‌و هاوبەش بێت بۆ گۆڕینی.

لە توێژینه‌وه‌‌ی ژمارە یانزهەمیدا، که دەربارەی فیورباخ نووسیویه‌تی، مارکس به روونی بیری خۆی ده‌رخستووه. تیایدا گوتوویه‌تی، که: ئه‌رکی فەیلەسوف له رابردوودا تەنها ئەوە بووه، کە جیهان راڤە بکات، بەڵام لەمه گرنگتر ئه‌وه‌یه، که به‌شدار بێت له گۆڕینی جیهان، نه‌ک ته‌نها راڤه‌ی بکات‌و هه‌ر ببێت به پاشکۆی واقیع‌و رووداوه‌کان ‌و هیچی‌تر.

بە پێی قسەی هێگڵ فەلسەفە بە دوای واقیعدا دێت. بە پێی قسەی مارکس‌یش فەلسەفە دەبێت کاریگه‌ریی هه‌بێت له گۆڕینی هه‌نووکه‌ی خۆی به‌ره‌و سه‌رده‌مێکی پێشکه‌وتووانه‌تر. هایدگەریش لە کتێبه‌که‌یدا (ده‌روازه‌یه‌ک بۆ چوونه نێو مێتافیزیکه‌وه) دەڵێت: کرۆکی فەلسەفە پرسیارکردنێتی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی گۆرینی سەردەمەکەی خۆی بۆ سەردەمێکی‌تر.” کەواتە فه‌لسه‌فه، یان بەرهەمی هه‌نووکه‌یه‌تی، یاخود لە بنەڕەت‌و لە ریشە‌یدا لە نێو هه‌نووکه‌یدایه‌تی.

لە دوای ئەم سێ پێناسه‌یه‌ی فەلسەفەوە: یه‌که‌م، که تێڕوانینی هێگڵ بۆ فەلسەفە بە دوای واقیعدا دێت. دووه‌م، که تێڕوانینی مارکس بۆ فه‌لسه‌فه وه‌ک فاکته‌رێک بۆ گۆڕینی واقیعێک بۆ واقیعێکی پێشکەوتووتر. سێیه‌م، که تێڕوانینی هایدیگه‌ر بۆ فه‌لسه‌فه، که پرسیاره لە سەر چۆنیەتیی گۆڕینی واقیع. تێروانینێکی‌تر دێت، که ئه‌ویش تێڕوانینه‌که‌ی ڤیتگنشتاین‌ه، کە دەڵێت: “فەلسەفە بێ هیزو بێ توانایە لە ئاستی ئەو واقیعەی، کە تیایدا دێتە ئاراوە.” ئەم فەیلەسوفە لە کتێبه‌که‌یدا، که به ناونیشانی (توێژینه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کان)ه، ده‌ڵێت: “فەلسەفە هەموو شتەکان ده‌خاته به‌رچاو، به‌ڵام بێ ئەوەی بتوانێت راڤە‌یان بکات‌و هیچ شتێکی لێ بەرهەم بهێنێت.” ئەم فەیلەسوفە بڕوای وایە، کە: “فەلسەفە هەموو شتەکان وەک خۆی بەجێدەهێڵێت”. له دواییدا به‌وه ئامۆژگاریمان ده‌کات، که “بیرنه‌که‌ینه‌وه، به‌ڵکو ته‌نها ته‌ماشا بکه‌ین.”

بەهاری عەرەبی‌و پەلکەزێڕینەکانی مارکس

به‌ر له بەهاری عەرەبی، لە کاتی رووخانی دیواری بەرلین، چەپ بە گشتی‌و بیری مارکسی به تایبەتی توشی دۆخێکی لێکترازان‌و نەمانی قیبەلەنمای رینماییکاری خۆی بوو. بۆیە دووباره کەوتە خۆ دروستکردنەوە، نه‌ک وەک چەپی مارکسی، بەڵکو وەک پیاچوونەوە بە بیری خۆیدا بە گوێرەی ئەو گۆڕانکارییانەی، کە زۆر بە خێرایی روویانداو هەموو جیهانی گرته‌وه، بە جۆرێک، کە بیری مارکسی پێشتر پێشبینیی له‌ باره‌وه نەکردبوو. بە بۆچوونی من، ئەو گۆرانکارییانە نەرێنی نەبوون، بەڵکو ئەوە خۆی له خۆیدا مارکسیە‌ته‌ رەسەنه‌که‌ بوو بە گوێرەی یەکێک لە گۆشەنیگاکانی بۆ بە خۆداچوونەوەی بیر بە پێوەری هەڵقوڵانی بیری نوێ لە واقیعە نوێیه‌کەوە. واته بە پێوەری بە خۆداچوونەوەی بیر لە سەر بنه‌مایه‌ک، که بیر هه‌ڵقوڵاوی واقیع بێت. به واتهیه‌کی‌تر، بیر خۆی له خۆیدا دۆگما‌یانه‌و چه‌قبه‌ستووانه نییه، به‌ڵکو گومانی تیا نییە، کە هەندێک لە ته‌وژمه مارکسییەکانی دوای مارکس رەخنەی خۆیان گرتووه له ماوەیەکی زۆر له پێش سه‌رده‌می هەوڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت‌و دژایەتیکردنی مارکسیزم ـ ستالینیزم‌و مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی (راستڕه‌و)، بۆ نموونه، قوتابخانەی فڕانکفۆرت‌و پێشتریش رەخنەکانی جۆرج لۆکاش له کتێبه‌که‌یدا به ناونیشانی (مێژووو هۆشیاریی چینایەتی). هەروەها کارل کۆڕش له کتێبه‌که‌یدا به ناونیشانی (مارکسیزم‌و فه‌لسه‌فه). ره‌خنه‌کانی سارته‌ریش، که لەگەڵ بیری مارکسیدا لە نزیکبوونەوە‌و دوورکەوتنەوەدا بوو؛ جارێک لایەنگیریی دەکردو جارێک رەخنەی لێ دەگرت. دیسان رەخنەکانی ئەلتۆسیر لە خوێندنەوەی نوێیدا بۆ سیستمی سەرمایەداری.

بە پێچەوانەی بۆچوونه‌کانی دکتۆر سادق جه‌لال ئه‌ل عه‌زم، که لە کتێبه‌که‌یدا به ناونیشانی (به‌رهه‌ڵستی کردن له ماتریالیزمی مێژوویی) رەخنەی ئاڕاسته‌‌ی ئه‌و بزووتنەوە‌و دیدگایانە کردووه، که دوورن لە فەلسەفەی مارکسییەوه، من وا ده‌بینم، کە ئه‌و بزووتنه‌وه‌و دیدگایانه زۆر چڕ و پڕ و به سوود بوون بۆ تیگەیشتن لە بزوتنەوەی مێژوو و بۆ شکاندنی پیرۆزکردن‌ و به دۆگماکردن ‌و ئایینگه‌راییکردنی بیر، کە دەقە مارکسییه‌کان بە جۆرێک پیرۆز کراون، کە ئاستیان له سەرووی پله‌ی رەخنە‌دا بێت‌و وەک بیری پێغەمبەران ‌و وته‌‌ی خودایی ته‌ماشا بکرێت، له بێگه‌ردیی و به‌ده‌ر بن له هه‌ر هه‌ڵه‌و ره‌خنه‌یه‌ک.

بیری مارکسی هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی جەنگی ساردەوە پاشەکشەی بە خۆی کرد، که ئیدی وه‌ک بیری شۆڕشگێڕانه نه‌مێنێته‌وه. تا ئەو ئاستە کەوتە سەر رەفە پەراوێزخراوەکانی مێژوو. بوو بە چەمکی سەردەمێکی رابردووو کۆنباو. بوو به کۆتایی مێژوو. هه‌ر وه‌ک فۆکۆیاما دەڵێت: “فەلسەفەی پراکتیزەکراو ئیتر بە راده‌یه‌کی زۆر سه‌باره‌ت به بیری سیاسی چه‌قی به‌ست له نێو قۆناغی جیهانگیریدا، تا گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی، که چەمکی دیموکراسی له بیری مارکسیدا بوو به بابه‌تێک، که هه‌رگیز باس‌و قسەی لە سەر نەکرێت.

لە جیهانی عەرەبیدا، رەوشەکە زۆر تراژییدییانه‌تر کەوتەوە. لەگەڵ رووخانی سیستمە سۆسیالیستییەکاندا چەپگەرایی بوو بە بیرێکی پەراوزیزخراو. که‌وته ژێر چه‌تری رژێمە ستەماکارەکان. تا ئەو ئاستەی بیرکردنەوە لە هه‌ر گۆڕانێک بە شۆڕش کردن، بوو بە موعجیزەیەکی خودایی.

لەگەڵ تێشکانی سیاسی‌و نەمانی پڕۆژە‌ی نەتەوەیی لای عەرەب، مرۆڤه‌کانی هەستیان بە سوکایەتی‌و رسوابوون کرد. هیچ ره‌هه‌ندێک لە بەردەمیاندا نەما رووی تێ بکه‌ن، جگە لە دەنگی دەهۆڵی ئایینیی ـ ئاسمانی هه‌ڕه‌مه‌کی نەبێت. هەروەک چۆن مارکس گوتوویەتی: “کاتێک، که خاک وشک ده‌بێت، ئاسمان دەگەشێتەوە.” بەوجۆرە‌ش فەلسەفە بۆ تیگەیشتن‌و گۆڕینی واقیع وشکی کرد. لە جێی ئەمە‌دا ئایینه ئاسمانییەکان گەشانەوە. لە یەکێک لە کتێبەکانمدا، کە پێناسه‌ی بۆچوونه‌کانی مارکسم کردوە، گوتوومە، که تارمایی ئایینیی سەلەفیی باڵی بە سەر جیهانی عەرەبیدا، کێشاوه. هەروەک چۆن کێبڕکێی خۆ پڕچەک کردن لە سەردەمی جەنگی سارددا باو بووه. لە دەقێکی‌تردا وام پێناسه‌ کردووه، که کێبڕکێی دینداری لە جیهانی عەرەبی رەشبینیشدا بۆته باو. بەڵام لە پڕ ئەو موعجیزەییەی، کە کاتی بەسەر چووبوو، روویدا. موعجیزە‌که خودایی نەبوو، بەڵکو میللیگەرایی بوو. کاتێک شۆرشی (یاسەمین) لە تونس‌دا روویدا، دەرگای خستەسەرپشت بۆ راپەڕینی چەوساوەکان‌و پەراوێزخراوەکان‌و هاڕدراوەکان له دژی ئەو رژێمە ستەمکارە هەژمونکارە مافیاییە عەسکەرتارییەی، کە هەموو بەها مرۆییه‌کانی لە خەڵک زەوت کردبوو. لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا فەرهەنگی مارکسی سەر لە نوێ سەری هەڵدایه‌وه، ئەگەر ئەم بەهارە ویستبێتی گیانی بە بەردا بکاتەوە.

ئەوەی دووباره دەگەڕێتەوە، مارکسی سەدەی نۆزدە نییە، بەڵکو پەلکەزێڕینییەکانی‌و تارماییەکانیه‌تی. ئەگەر چەمکە فه‌لسه‌فییه‌کانی دێریدا وەربگرین، بۆ جێنشینکردنی گوتاری فەلسەفی. ده‌بینین گەڕانەوەی تارمایی مارکس بە مەبەست، یان بێ مەبەست، بە ئاگاییەوە، یان بێ ئاگایی، بۆ گوتاری بەهاری عەرەبی، بە واتهی چەمکە فرۆیدییەکە، گەڕانەوەی باوکی کوژراو نییە. بەڵکو ئەوەی بەردەوام دەبێت، دەربڕینی هەستی کوڕە بە تاوان بەهۆکاری یاسا هەستییەکانی لە ئەنجامی کوشتنەکەیدا، بەڵکو تارامیی مارکس بەو واتهیه‌ی، کە شکسپیر بە هاملێت‌ی باوک ده‌یدات، کە تارماییە قوتاربووەکەی لە دەست زەمەنێک بۆ بیرخستنەوەی هامڵیت‌ی کوڕە بە زەرورەتی تۆڵەسەندنەوە بۆ کوشتنی. واته، گه‌ڕانه‌وه‌ی مارکسی کوڕ، یان فەلسەفەی مارکسی، بۆ ئەوەیە کە بیری (گەلی باوک)ی بخاتەوە کە تۆڵه‌ی له ستەمکارانی بکوژی باوک‌و کوڕ بسه‌نێته‌وه. ئەو واته سیمبولییەی، کە لێردا مەبەستمە، کوشتنی (گەلی باوک)لە سیاسەتی دێموکراسیدا. واته سەرچاوەی دەسەڵاتەکان‌و یاسادانان. ئەوە‌ی لە بەهاری عەرەبیدا ده‌گوزه‌رێت، لە تۆڵەسەندنەوەی هاملێت‌ی کوڕ لە بکوژی باوکی بەولاوە هیچی‌تر نییە. واته جگە لە تارماییەکانی گەلی کوژراوی گەڕاوەیە بۆ تۆڵەسەندن لە ستەمکارانیان‌و موئامەرەچییەکانی بکوژیان. لە شۆڕشەکانی عەرەبیدا لەوە تێگەیشتین، کە هیچ بیرێک بە ئەندازەی مارکس‌و مارکسییەت ناتوانێت دەربڕی ناڵەی گەل بێت. بەڵام دەبێت ئاگامان لەوەبێت کە گەڕانەوە بۆ فکری مارکس وەک شۆرشی تێپەڕاندن‌و قۆناغیی‌و پردێک بەکاریبهێنین، نەک تیایدا چەقبەستین. پەلکەزێڕینە گەڕاوەکانی مارکس گەڕانەوەی تارماییەکانی مێژووی بیری فەلسەفیی عەرەبە، نەک تەنها بە شێوازە مارکسییەکەی، بەڵکو گەڕانەوەی بڕوامان بە کارایی فەلسەفە لە گۆڕانی جیهاندا، وەک عەرەبیش گەڕاندنه‌وەی تواناییمان بۆ شۆڕشکردن‌. ئیتر فەلسەفە من بەرگری لە فەیلەسوف دەکەم و لێی ناترسم.

فەلسەفە پڕۆسەیە. بۆ نموونه مارکسیزم. بە بۆچوونی من فەلسەفە لە بابه‌تێکدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو فەلسەفە ده‌بێت دوو قاچی هه‌بێت. واته ده‌بێت بریتی بێت لە تیۆری‌و پراکتیک‌. ئەگەر واز لە یەکێکیان هێنرا و، به ته‌نها یەکێکیان وه‌رگیرا، ئەوە شەل دەبێت، یان کورت دەهێنێت. هێگڵ هه‌ڵه‌ی کردووه، که فەلسەفەی لە راڤەکردنی جیهاندا چڕ کردۆتەوە. مارکس‌یش بە تەواوی هه‌ڵه‌ی کردووه، کە کۆتایی به فه‌لسه‌فه هێناوە لای هێگڵ‌و جەختی له سه‌ر ئەوە کردەوە، کە فەلسەفە دەبێت رۆڵی لە گۆڕینی جیهاندا هه‌بێت.

کەڵەکەبوونی رۆڵی فەلسەفە

دەبێت ئاگاداربین، که فه‌لسه‌فه هەرچەند هه‌وڵ بدات‌و بیەوێت جیهان بگۆڕێت، ئەو گۆرانکارییە بە شێوازێکی شۆڕشگێڕانە‌و بە یەک جار نایەتە دی، بەڵکو بە شێوازی کەڵەکەبوون‌و هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت. شۆڕش، لەگەڵ ئەوەی پێکهاته‌یه‌کە لە پێکهاتەکانی رۆشنبیریی هەموو نەتەوە‌و گەلان به تێکڕا له جیهاندا، وەک چۆن بیرکاریی موڵکی یەک گەل نییە لە جیهاند، به‌ڵکو هینی هەموو گەلانی جیهانە، بەڵام تایبەتمەندێتیشی هەیە. فەلسەفە لە هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا هاوبەشیی کردووه. لە بەهێزبوونی تواناکانی هەر نەتەوە‌و گەلێک. بە جۆرێک لە جۆرەکان‌، بە پێی تایەبەتمەندێتییە جیاوازەکانییان، هاوبەش بووه لە درێژکردنه‌وه‌و کەڵەکە‌کردنی ئامڕازەکانی بیری رەخنەیی بۆ گۆڕان. بۆ نموونه، ئەگەر دروشەمەکانی شەقامی شۆرشی عەرەبی وەربگرین، کە ده‌یانبین ‌‌و ده‌یانبیستین‌ و ده‌یانخوێنینه‌وه،گوێمان لێدەبێت، که له لایه‌ن که‌سانی ئاسایی و سادەوه، کە پاشخانی رۆشنبیرییان نییە، به‌رز ده‌کرێنه‌وه، بۆمان دەردەکەوێت، که هەموو ئەو چه‌مکانه له خۆ ده‌گرن، که فەلسەفە له سه‌رده‌مه جیاجیاکاندا کاری له سه‌ر کردوون. بۆ نموونه، وەک دروشمی ئازادی، دیموکراسی، دەوڵەتی مەدەنی، یەکسانی‌، سەروەریی گەل، دەستور، هەڵبژاردن، سەروەریی دەوڵەت، شەرعیەتی پەرلەمان، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، مامەڵەی ئاشتیانە لەگەڵ دەسەڵات‌‌‌و نەتەوە یەکگرتوەکان‌و شۆرش‌‌و.. هتد. هه‌موو ئەمانە، کە خەڵکانی شەقام کاریان له سه‌ر کردووه‌ و کاری له سه‌ر ده‌که‌ن، هه‌مووی له بنه‌ڕه‌تدا بەرهەمی فەلسەفه‌ن، که بوون‌ و ده‌بن به چه‌مکی واقیع ‌و لەگەڵ ئەم سەردەمه، یان ئەو سەردەمدا، یان لەگەڵ ئەم گەله‌دا، یان ئەو گەله‌دا دێنه به‌رهه‌م. به تایبه‌تی له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه کاریان پێ ده‌کرێت، که رەنگە هیچ پاشخانێکی رۆشنبیریی‌ و فەلسەفییان نەبێت.

ئەم تارماییە فەلسەفییانە لە سەردەمی دیموکراسیی گریکەکانەوە چەسپیوە تا دەگاتە ئەمڕۆ. ئەمە تەنیا تارمایی فەلسەفەکەی مارکس نییە ـ ئەگەر چی تارمایی فەلسەفەکەی مارکس‌یش زۆر ئامادەیی تیادا هەبووبێت لەم بەهاری عەرەبییەدا ـ بەڵکو تارامییەکانی مونتسکیۆ، رۆسۆ، فه‌ره‌ح ئانتۆن، محەمەد عەبدە، تاهه حسین، شه‌کیب ئەرسەلان، عەبدوڵای عەرەوی، سادق جەلال ئه‌ عه‌زم، ته‌یب تیزینی، نه‌وال ‌سه‌عداوی، فاتمە مرنیسی، رجا بن سه‌لامە‌و عەزمی بشارە بەشدارن تیایدا. هەموو تارماییەکانی ئەمانە شەقامەکانیان داپۆشیوە دژ بە ستەمکاران. هاوبەشیی تیادا دەکەن‌و بەکار دەهێنرێن لە وتووێژو بەرەوڕووبوونەوەکاندا.

دوا قسە‌‌م ئەوە‌یه، کە من بە یەک چاوێک سەیری هەموویانم کردوە. ویستوومە ئاماژە بۆ ئه‌وه بکه‌م، که رۆڵی شارەوە و بناغەیی فەلسەفە لە بەهاری عەرەبیدا بوونی هه‌‌یه. ئەوه‌ی له سه‌ری قسەم نەکردووه، ئه‌وه‌یه، که تارماییە سەلەفییەکان دەبینرێن، کە چۆن وەک گۆشت‌و خوین شه‌قامیان داپۆشیوه. .

له کۆتاییدا ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە بیکه‌م، که ئایا سەر لە نوێ غەزالیی سەلەفی ده‌توانێت ئەم جەنگ‌و پێکدادانانە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی‌ و زالبێتەوە بە سەریدا؟ لەوانەیە لە سەرەتادا بتوانێت ئەوە بکات، بەڵام بەهار لەگەڵ سەردەمە جیاوازەکاندا دەگەشێتەوە‌و دەرازێتەوە‌و چییتر فەلسەفە بە چاوی سووک تەماشا ناکرێت. لە ده‌ریای رۆشنبیریشماندا که‌شتیه‌کان هه‌رگیز بە بێ فەلسەفە چارۆکەدار نابن  .

١٣/٢/٢٠١٣

1,125 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت