ocalan_imrali

ئەبوبەکرجاف : لەو دیو پەیامەکەی ئۆجەلانەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کاڵکردنەوەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی پارتی لەم پرۆسەیەدا ، هەم گەمەیەکی ( بێتامە ) و هەمیش هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیانەی بەرانبەر بە پارتی  , کە ڕەنگە خراپ بشکێتەوە .

ئەوەی لە تورکیا دەگوزەرێت ، ئەزمون و شێوازێکی نوێی حکومەتکردنە ، ئەزمونێکی نوێی دەسەڵاتە . ئەزمونێک ، دەکرێت وەک ئەزمونێکی پۆست ئیدۆلۆژی ، ئەزمونێک لە سەروی ناسیۆنالیزم و فۆرمە نوێیەکانی پارتە سیاسسیە ئاینییەکانەوە بیبینین .

بۆچی ئەم فۆرمە لە سیاسەتکردن و حوکومەتکردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی تورکیاوە جیاوازە؟ . دەسەڵاتی زیاد لە نیو سەدەی ناسیۆنالیستێکی توندڕەو فاشی ، جگە لە ماندوکردن و تەنگ پێهەڵچنینی کۆمەڵگەیەک , کە نەک تەنها شوناسی ئاینی هەبوو . بەڵکە زەمەنێکی درێژ و هەلەمەرجێک کە مەحکوم بوو بە مۆدێرنیزاسیۆنی گردبوونەوە مرییەکان . ئەم ئەزمونە لە تورکیاو جیهانی ئیسلامی ، شوان و سەربازی پاراستنی شوناسە دیینییەکە بوو . خەلافەتی عوسمانی و مەرکەز و سێنتەری خەلافەت , دەسەڵاتی ( زەمەنی – موقەدەس) ئومەتێک بوو . ئەو فۆرمە توندڕەو دەرونبیمارەی وەک ناسیۆنالیزمی تورکی لە فۆرمە (ئەتاتورکییەکەیدا) تێکشکێنەری جوگرافیایەکی (سیاسی- ئاینی ) بوو. قەدەری خەلافەتی عوسمانییەکان ، بەریەککەوتنی بوو لە گەڵ(چەندین چرکەساتی بەرزو نزمی ئەقڵانیەت و مۆدێرنێتئ و مۆدێرنیزاسیۆنی ) رۆژئاوا.

برَێکی زۆر کە درزی خەلافەتی گەورەو گەورە تر کرد . مۆدێرنێتەو مۆدێرنیزاسیۆن و دەرئەنجام و دەرهاویشتەکانی خودی مۆدێرنە بوو ، تەنانەت لە دەرکەوتنی شوناس و ئیدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەکان و تەوژم و ئاراستە ناسیۆنالیستەکانی رۆژئاوا و فۆرمێکی ساختەو موزەیەف و رَیئەکسیۆنەری وەک ( ناسیۆنلیزمی جیهانی ئیسلامی و بە تایبەتتر ناسیۆنلیزمی فاشیانەی عەرەبی ) .ئەوەی ئێستا ئەزمون دەکرێت پاشەکشەو پەشیمانیەکی گەورەیە لە شکستی ( خەلافەت و ئومەتی ئیسلامی) . لە ناسیۆنالیزمێک کە هەمیشە و بەردەوام کاری خۆ جیاکردنەوە ، تۆخکردنەوەی هێڵە جیاوازەکانی نێوان تورکییەک و نا تورکییەک . ئەمەش گومان هەڵناگرێت دەبێت لە چوارچێوەی تاوانەکان و دەرئەنجامە ترسناک و بەربەرییەتیکانی ( مۆدێرنێتەو مۆدێرنیزاسیۆنی کۆمەڵگەدا ببینرێت ، هی نەبێت بەو فۆرمە بیمار و نەخۆشەی ناسیۆنالیزمی دونیای ئیسلامی ..

ئەوەی ئێستا پراکتیکە دەکرێت ، و ئەزمەندەکرێت ، هەم پاشەکشەیە لە مێژویەکی دۆزەخیانەی ( تۆرانیزم ) ، هەم ڕاوەستانە لە سەر دەرئەنجامێکی ترسناکی مۆدێرنانە کە ناسیۆنالیزمە ، یا ئەو هێزانەی کەڵکەڵەی ناسیۆنالیزمی سەدەکانی نۆزدەو بیستیان هەیە . گرنگ تر لە هەموی ( فۆرمەلەکردن و رێکخستنەوەی ناوەکی کۆمەڵگەیەکە کە ماندوی دەستی هێزە ماندوکەرەکانە ، و کۆتایی هێنانە بە وەهمێک ، وەهمێکی ئیدۆلۆژی کە زیاد لە نیو سەدە کرابوو بە سروت و ڕیتواڵی رۆحی -سیاسیانەی کۆمەڵگەیەک . وە پنتێکی گرنگتر و ستراتیژی- ژیاری ئاشتکردنەوەی ئەو نەتەوە و جڤاتانەیە کە سەردەمانێک لە ژێر چەتری خەلافەتدابوون . ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ جیهانی ئیسلامیدا ، و پێش ئەمەش دروستکردنی ئیجماعێکی ( تورکیانەیە) لە نێوان پێکهاتە و هێزو گروپەکانی ناو کۆمەڵگەی تورکیادایە . بە ئاگا لەوەی , کە کۆمەڵگەی تورکی و نا تورکی ماندووە ، درزی گەورەو فشۆڵی گەورە لە ناو جەستەی ( سیاسیانەی ) کۆمەڵگەی تورکیدا دروستی کردووە . کەڵکەڵەی ئەکتەرو بکەرەکانی ناو هێزێکی ( سیاسی – ئاینی ) مۆدێرنانە ، چونکە ئەم هێزە ( ئاینی- سیاسییە) دراوێکی مۆدێرنانە یا ناو دراوێکە لە چرکەساتی مۆدێرنەیەکی زیادەرۆ و توندڕەو . لێرەوە ئەمانەوێت چی بلێێن..؟

ڕاستە ئەوەی ئێستا بەدەستهاتوە لە کرانەوەی فەزای گشتی سیاسی- کۆمەڵایەتی ، لە دیالۆگ و بە خۆداچونەوەو پاشەکشە لە تۆرانیزم ، پاشەکشە لە سیکۆلاریزم و سیکۆلاریزمێکی ساختەو سەپێنراو ، لە گوتاری ناسیۆنالیستییەک کە بەر مەبنای ( خۆێن و ڕەچەڵەک بەند ) بوو , بۆ فۆرمێکی تری کۆبونەوەوە گردبوونەوەو شوناس وەرگرتن.. بە تایبەت بۆ کێشەو پرسێکی ( نەتەوەیی – شوناسی ) وەک کورد ، بڕێکی باش فشاری پارتی کرێکاران و ئەو هێزانەیە , کە دۆست و لایەنگیری ( ئیدۆلۆژیانەی ئەم پارتەن ) ، بەڵام بون و تەجەلابونی ( ئیرادەیەکی ) سیاسیانە وژیاریانەی ( ئەم هێزە نوێیەی کە ئەردۆگان نوێنەرایەتی سیاسیایەنی ئەم چرکەساتەیەتی ) .

لایەنێکی تری سەرەکی لەم پرۆسەی ئاشتبونەوەدا ، کە لە هەڵایەکی ( مێدیایی و گەمەیەکی سیاسیانە ) دەیانەوێت لە بیرببرێتەوە ، یا بۆ مەبەستێکی ( تایبەت) کاڵبکرێتەوە ، ڕۆڵی ( سیاسی- ئابوریانەی) باشوری کوردستانە ، بە تایبەت پارتی و ئەو ئیدارەیەی کە پارتی سەرۆکایەتی ئەکات . هەوڵەکانی سەرۆکی هەریم و سەرۆکی کابینەی ئێستای ) حکومەت . کە لە زۆر جێگەدا لە پەیوەندییەکی ( سیاسیانەوە) گۆڕاوە بۆ هاورێیەتی. پەیوەندیە چڕەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا( ئەوشمان لە بیرنەچێت مادام ( ئەم کارە ئەرکێکی نەتەوەیی- ئەخلاقیانە ) یەو و پارتی پێی هەستاوە پێویست بە باسکردنی ناکات ، یا کەمتەرخەمییەکی مێدیایی پارتی هەیە ، لە دەرخستنی ئەم حەقیقەتەد ا؟! . ئەمەش باس و خواسێکی ترە . پاشان بونی بەرژەوەندیەکی ( ئابوریانە) ، کە لە هەزاران کۆمپانیای بچوک و گەورەی تورکیدا ، خۆیدەبینێتەوە . کاڵکردنەوەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی پارتی لەم پرۆسەیەدا ، هەم گەمەیەکی ( بێتامە ) و هەمیش هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیانەی بەرانبەر بە پارتی کە ڕەنگە خراپ بشکێتەوە . تورکیاو ئەم هێزە نوێییە ( سیاسی- ئیدۆلۆژییە) تازە دەستبەرداری کوردستان نابێت . چ بە ڕەهەندێکی ئابوری لە بە گڕخستنی سەرمایەی ئابوری ، پەیداکردنی بازاڕ ، گرنگتریش ، ئاشتکردنەوەی ( ژیاریانەی ) نەتەوەکانە لە شوناسوەرگرتنێکی نوێدا ، کە تەنها فۆرمێکی ( تورکیایانەی ) هەیە ، جیاواز لەو هێزو بزوتنەوانەی لە دونیای عەرەبیدا هەبووەو هەیە .

ئەم بابەتەم لەهەفتەنامەی سڤیل لە. 31/3/2013 بڵاوکراوەتەوە .

1,645 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست