Ahmad-Qabanci

أحمد القبانجي : لە کولتووری دیندا ژن لە پەراسوی چەپی پیاو دروستکراوە ! .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە عەرەبییەوە :  جیهاد موحەمەد .

ئەگەر بە شوێن خڵتە مێژووییەکەی فیکری دینیدا بگەڕێن کە هەڵوێستێکی نەرێنی وەرگرتوە بەرامبەر بە ژن، ئەوە دەبێت بچینە نێو ڕەگ و ڕیشە و دۆزینەوەی غەوشی ئەو شێوازە بیرکردنەوەیە، لەم گەڕان و پشکنینەشدا یەکەم شت کە بەرەوڕووی دەبینەوە جیاوازی جێگە و پایەی ژن و پیاوە لەو چیرۆک و حەدیسانەی کە لە هەردوو تیپەکەدا( چیرۆکەکان و حەدیسەکان) وا قسە دەکەن کەیەکەمجار ” خودا ” خۆی ” ئادەم ” ی دروستکردوە دواجاریش ” حەوا ” ی دروستکردوە. (ئەمەش یەکەم غەوش و لاوازییە) ، جگە لە جیاوازی چۆنیەتی دروستکردنییان کە بەم شێوازانە دەیگێڕنەوە :

١/ بەشێک لە چیرۆکەکان وا باسیدەکەن کە خودای گەورە ژنی لە پەراسوی چەپی “ئادەم” دروستکردوە( ئەمە لە تەوەراتیشدا هەروا هاتووە) هەروەک چۆن لە تەفسیری بوخاریدا هاتووە: وایداناوە کە ژن لە پەراسوی چەوتی پیاو دروستکراوە کە کاتێک بتەوێت ڕاستیکەیتەوە دەشکێت، ئەگەر وازیشی لێبهێنیت ئەوە بە خواری دەمێنێتەوە، بۆیە دەبێت لەسەر ئەو ( ڕاستیە دینییە!) مامەڵە لەگەڵ ژندا بکرێت. هەروەها صاحب المنار دیسان بە گوێرەی تەفسیری ئایەتی ١٨٩ لە سورەتی ئەعراف دەڵێت: أبن حبان وایگێراوەتەوە کە أبی هریرة وتویەتی : ” ژن لە پەراسویەکی چەوت دروسکراوە “.

٢/ سەرچاوەکانی شیعەش دەڵێن “حەوا ” لە زیادەی ئەو قوڕە دروستکراوە کە لە دروستکردنی ” ئادام ” ماوەتەوە ، ئەم چیرۆکەش لە دەمی عمرو بن أبي المقدام دەگێڕنەوە کە وتویەتی : ” پرسیارم لە أبا جعفر کرد “: خوا لە چ شتێک “حەوا ” ی دروستکردوە ؟

لە وەڵامدا وتی:” ئەم خەڵقە چی دەڵێن لەو باریەوە؟”. دەڵێت : منیش وتم : ” دەڵێن خوا لە پەراسویەک لە پەراسوەکانی ئادەم حەوای دروستکردوە”. ئەویش وتی: “درۆدەکەن، خوا ئەوەندە بێدەسەڵاتبوو هیچی دەستنەکەوت پەراسوی ئادەم نەبێت حەوای لێدروستبکات!.

منیش پێموت قوربانتبم ئەی لە چ شتێک دروستیکردوە؟ وتی: باوکم بۆی باسکردووم کە باوانی وایان باسکردوە کە: پەیامبەر(موحەمەد) دروودی خوای لەسەربێت وتویەتی: خوای گەورە چنگی کردوە بە قوڕێکدا و (ئادەم)ی لێدروستکردوە، زیادەی ئەو قوڕەی لە دەستیدا ماوەتەوە (حەوا)شی لێدروستکردوە.

ئەمە کورتە و پوختەی ئەو چیرۆکە دینیی و تەفسیرانەیە لە دروستکردنی حەوا دا، کە بە ئاشکرا ڕەگەزی نێری زیاتر بە هەند وەرگرتوە و، ڕەگەزی مێی بە نمرە دوو داناوە، وەک دیارە “ئادەم”ی بە یەکەمیین دروستکراوی خودا داناوە و، حەوا بە لقێک، یان بەشێک لەو داناوە، ئەم تەفسیر و لێکدانەوانەش بە دوایی خۆیدا بارێکی دەروونی خراپ بۆ مرۆڤەکان دروستدەکات، کە جیاوازی هەیە لە نێوان نێر و مێدا، بە تایبەتی لای رەگەزی مێ ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا بۆ ڕاژەی نێر و تێرکردنی غەریزە سێکسییەکانی نێر دروستکراوە، ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە هەوڵێکە بۆ دورخستنەوەی ژنان لە خەبات و تێکۆشانیان تا بە یەک چاو تەماشاکرێن و هەموو مافەکانی خۆیان وەک پیاو بەدەستبهێنن و ڕزگاریانبێت لە پلە دوویی.

ئێستا بزانین ڕاستیی و مەعقولیەتی ئەم جۆرە لە تێروانین بە گوێرەی عەقڵ و دەقەکانی قورئان چۆنە..

ئەگەر ژن(حەوا) لە پەراسوی چەپی(ئادەم)دروستکراوە چۆن چیرۆکی دوەم ئەمە بەدرۆدەخاتەوە، ئایا خوا توانای نەبووە لە شتێکی تر جگە لە پەراسوی چەپی ئادەم حەوا دروستبکات؟ بۆچی لە پەراسوی چەپ و لە شتێکی تر نا، ئەی چۆن ئادەم لە قورێک دروستکرا کە لە پێکهاتەکەیدا چەندین ماددەی وەک ئاو و ئاسن و قسڵ و سودیۆم و کاربۆن و شتگەلێکی تری سروشتی هەبوون، بەڵام لە دروستکردنی حەوا دا کە لە هەمان قوڕ دروستیکرد کەچی بەو ئاستە بایۆلۆژیی و فەسلەجییە دروستنەبووە، تەنیا پێکهاتەکەی قسڵیە؟

لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە ئەم قسەکەر و تەفسیرکەرانە ئەوندە خۆیان ماندوو نەکردوە کە زانیاری ئەوەیان هەبێت پەراسوەکانی چەپ و پەراسوەکانی راست لە پێکهاتەیاندا جیاوازییان نییە!!.

بەهەرحاڵ درێژە بە قسەکردن نادەین لەسەر ئەو چیرۆکانەو جۆرە بیرکردنەوانە، لەگەڵ ئەوەی کە هەندێک لە زانایانی ئەهلی سونە قبوڵیان کردوە، بەڵام صاحب المنار کە زانایەکی ڕوناکبیر بووە لە نێوان قبوڵکردنی و بەرپەرچدانەوەیدا وەستاوە، لەبەر ئەوە نا کە ئەم لیکدانەوانە جیاوازە لەگەڵ عەقڵانیەتدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە چیرۆکی دروستکردنی حەوا لە پەراسوی چەپی ئادەم لە تەوراتدا هاتوو، پەمامبەر(موحەمەد) درودی خوای لەسەربێت، فەرمانی داوە نە بڕوا بە ئەهلی کتاببکرێت نە بدرۆبخرێنەوە ئەگەر دەقێک لە لای ئێمەوە لەسەری نەنووسرابوو یان نەوترابوو، بۆیە صاحب المنار دەڵێت ئێمە لەم مەسەلەیەدا ڕادەوەستین و قسەیەک ناکەین لەسەر ئەو فەرمودەیە. هەندێک وایلێکدەدەنەوە کە بە هۆی خواروخێچی ژنانەوە ئەو لێکدانەوەیە کراوە کە ژن ئەوەندە خوارە وەک پەراسو وایە ئەگەر بتەوێت ڕاستیکەیتەوە دەشکێت، هەمان شت لە سەرچاوە شیعیەکاندا هاتووە.

بەڵام لەسەر چیرۆکی دوەم، ئێمەش هەمان ئەو پرسیارە دەکەین کە لە چیرۆکەکەدا هاتووە لەگەڵ چەند پرسیارێکیتردا:

ئایا خودا هێندە کەمدەستبوو لە دروستکردنی حەوا دا کە پەنابەرێت بۆ زیادەی قوڕکەی ئادەم بۆ دروستکردنی؟

تۆ بڵێی خودا قوڕێکی تری دەستنەکوتبێت و وشکە ساڵی بووبێت تا ناچاربووبێت لە زیادەی قوڕەکەی ئادەم حەوا دروستبکات؟

بۆچی ئەم سوکایەتییە بە ژن! کە لە زیادەی قوڕی پیاو دروستکراوە؟

ئایا ئەم حوکمە بەسەر هەموو مێینەی ئاژاڵەکان و مێروەکاندا جێبەجێکراوە، یان لەگەڵ نێرکانییاندا وەک یەک وان؟

بڕی ئەو زیادەیە چۆن بەشی دروستکردنی مرۆڤێکی تریکرد بە هەمان پێکهاتە یان شتێک کەمتر، چوونکە هەموومان دەزانین کە زیادە کەمترە لە پێکهاتەی یەکەمی وەک زیادەی پارچە قوماشێک، یان زیادەی دروستکردنی خانوبەرەیەک یان هەرشتێکی تر؟

دەبێت خودا، زانیبێتی کە کۆئەندامی زاوزێی ئادەم بە تەنیا ناتوانێت کاری زاوزێکردن تەواوبکات، کەواتە چ پێیستبوو ئادەم لە حەزلێکردنی سێکس دا لە خوا بپاڕێتەوە کە مرۆڤێکی لەسەر شێوەی مێینە بۆ دروستبکات؟

دیسان خودا، دەبێت زانیبێتی پێوانەی ئەو قوڕەی کە “ئادەم”ی لێدروستدەکات چەندبێت، لەم حاڵەتەشدا نابێت قوڕەکە زیادەی هەبێت، ئەم لێکدانەوە و قسەکردنانە لەسەر پاشماوەی قوڕەکەی کە “ئادەم”ی لێدروستکرا نەزانینیی خودا پیشان دەدات، ئایا خودا وەک ئەوانەی کە خانویەک دروستدەکەن و زیادە لە کەرستەکانیاندا دەبێت وەک هەندێک چەو و لم و گەچ و چیمەنتۆ، نەزانە، یان نەزانبووە؟.

پاشان ئەگەر “حەوا” لە هەمان قوڕی “ئادەم” دروستکرا بۆ دەبێت بە زیادە ناوببرێت ئەگەر مەبەست لە سوکایەتیی نییە بە ژن و دانانی ژن نییە لە پلەی دوەمدا؟

ئێستا ئەم مەسەلەیە بە گوێرەی قورئانی پیرۆز بەراورد دەکەین و بزانین خودا چۆن “حەوا”ی دروستکردوە؟

ئەوەی کە ڕاماندەگرێت ئەوەیە کە لە ئایەتە پیرۆزەکاندا ئەوە نەهاتوە کە “ئادەم” دروستکراوی یەکەمە لای خوداوە و “حەوا” دروستکراوی دوەمە، بەڵکو ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە ئەوەیە کە “ئادەم” یەکەم خەلیفەی خودای مەزنە لەسەر ڕووی زەویدا، لە سورەتی بەقەرەدا وا هاتووە:

(وإذ قال ربك للملائكة إني جاعل في الارض خلفة..).

بەڵام کێ یەکەم دروستکراوی دەستی خودایە؟ ئایا ئادەم یان حەوا؟ قورئان لەم مەسەلەیەدا قسەیەکی نەکردوە.

لە ئایەتێکی تردا : ( يأيها الناس اتقوا ربكم الذي خلقكم من نفس واحدة وخلق منها زوجها …).

بەڵام کێ “الزوج”ە ؟ ئایا ئادەم یان حوا؟ لە زمانی عەرەبیدا “الزوج” بە پیاو و بە ژنیش دەوترێت، کێ ناڵێت مەبەست لە حەوا بووە و لە دواجاردا ئادەمی بۆ دروستکراوە، ئەگەر تەمومژی ئایەتەکان روونبکەینەوە بە جۆرێک لەگەڵ عەقڵدا بگونجێت ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئادەم و حەوا پێکەوە دروستکراون، کە هەردووکیان یەک شتبوون و لە دواجاردا کراون بە دولەتەوە، یان وەک صاحب المنار دەڵێت: ئەگەر جەماوەری ڕاڤەکەران وای دابنێن کە ئادەم باوکی بەشەریەتە، ئەوە لە هیچ ئایەتێکدا نەهاتووە بەڵکو ئەوە لێکدانەوەی خۆیانە.

لە لایەکیتریشەوە دەڵێت:” بە گوێرەی(لفظ النفس) یان (جنس الواحد)و بە بێ گوێدانە چیرۆک و ڕێسا و لێکدانەوەکان بەها و ڕاستیی مرۆڤ ئەو بوونەورە نایابەیە کە جیاوازە لە هەموو بوونەوەرەکانی تر، مرۆڤی لە یەک توخم دروستکردوە و جیاوازی بەوە دروستنابێت کە ئادەم لە پێشدا دروستکرابێت وەک ئەهلی کتاب و جەماوەری موسڵمانان ئاماژەی پێدەدەن، یان بەوە ئەو بەها و نایابیە کەمناکاتەوە و نافەوتێت وەک هەندێک لە شیعەکان و سۆفیەکان دەیڵێن، یان هەندیک لە ئسوڵیەکان پلەو پایە دەدەن بە مرۆڤەکان لەسەر ئەو بنەمایە”.

لە ئایەتی ١٨٩ دا هەمان ناوەڕۆک هاتووە:

( هو الذي خلقكم من نفس واحدة وجعل منها زوجها ليسكن إليها فلما تغشاها حملت حملا خفيفا فمرت به فلما أثقلت دعوا الله ربهما لئن آتيتنا صالحا لنكونن من الشاكرين * فلما آتاهما صالحا جعلا له شركاء فيما آتاهما فتعالى الله عما يشركون  ) .

بە گوێرەی ئەم ئایەتەش باوک و دایک وەک یەک هاوبەشن، هەڵبەت کە وترا باوک و دایک واتە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ هەروەک(صاحب المنار) گێراوێتیەوە لە دەمی(صاحب الانتصاف) کە وتویەتی : ” ئەم ئایەتە ئاماژە نادات بە هیچ کام لە نێر و لە مێ بە تەنیا، ئیتر ئەملاو ئەولای ناوێت و پێویست ناکات لێکدانەوەی زیاتری بۆ بکرێت جگە لەوەی کە هیچ کامیانی بە یەکەم یان دوەم دانەناوە.

زۆرێک لە ڕاڤەکەرانی سونی و شیعی دەڵێن : مەبەست لە یەک توخم ئادەم بووە، بەڵام ئەم لێکدانەوانە بە گوێرەی عەقل و بە گوێرەی ئایەتەکانی قورئانیش لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی هەڵەیە و تەنیا مەبەست لێێ زاڵکردنی دەسەڵاتی پیاوە بەسەر ژندا  .

8-4-2013

 سەرچاوە : حوار متمدن

2,184 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست