puk

بەختیار شارەزورى : یەکێتى لە بەردەم قۆناغێکى نوێدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خولى ئەمجارەى هەڵبژاردنەکان زۆر هەلى مێژووى بۆ حیزبەکان دروست دەکات کە ئەگەر خاوەنى یەکێتیەکى ناوەکى و دەرک کردن بە قۆناغیکى نوێیان هەبێت ئەوا دەتوانرێت ئاراستەى گۆڕینى حوکم لەم هەرێمەدا دیارى بکات ئەمە بۆ خۆى چارەنوسى حیزبەکانیش دیارى دەکات ، لە دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان و بەرەى ئۆپۆزسیۆن کەوتوینەتە بەردەم قۆناغێکى گرنگ کە ئایا ئەم هەرێمە بەرەو حوکمى دیموکراسى و سستمى پەرلەمانى  و سەروەرى یاسا و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات و خەباتى پەرلەمانى و مافەکانى تاک دەڕوات یان بەرەو حوکمى بنەماڵەیى و کومپانیاکان و پەرواوێزخستنى پەرلەمان و سستمى سەرۆکایەتى ..

ئەمە بۆ خۆى ئەو پرسیارەیە کە دەکرێت لەم خولەى هەڵبژاردندا وەڵامەکەیمان دەست بکەوێت ..؟ یەکێتى نیشتمانى ئێستە لەبەردەم هەلێکى مێژویدایە و کەوتوە بەردەم لیپرسراویەتیەکى مێژوییەوە کە ئەگەر پێشتر ئەم یەکێتیە لە قۆناغێکدا گەورەترین هێز بوبێت و بەرهەمهێنى فکرو گیانى شۆڕشگێڕیەتى بو بێت ئەوا لە ئێستادا تا ئاستێک خاڵى بوەتەوە لە فکر و دژ بە پرینسیپەکانى خۆى وەستاوەتەوە ناتوانێت ئەو هێزە سۆسیال دیموکراتە بێت کە خۆى نوێ بکاتەوە و پرینسیپە حیزبیەکانى خۆى بپاریزێ ئەمەش دواى پرۆسەى بە کۆمپانیاکردنى ئەم یەکێتیە و پرۆسەى بەکارتۆنى بونى لە لایەن پارتیەوە و سازش کردن لە دروشمەکانى لە بەرامبەر شەریکى کۆمپانیایى خۆ ئەگەر لە قۆناغێکدا ڕێکەوتنامەى ستراتیژى واژۆ کردبێت لەبەر دوبارە نەبونەوەى شەڕى برا کوژى ئەوا ئێستە ئەم قۆناغە کۆتایى هاتوە پێویستە ستراتیژێکى ترى هەبێت کە لەگەڵ قۆناغى نوێ و گۆڕانکاریەکاندا بگونجێ کە ئەمەش دەکاتە ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ بنەما فکریەکانى خۆى و بتوانێت کار لەسەر دروشمەکانى بکات کە بڕوا بونە بە بنەماکانى سۆسیال دیموکرات ئەویش خاڵى دوەمە کە باوەڕبونە بە بنەما دیموکراتیەکانەوە ، لە ئێستادا  ,کە دەکەوینە بەردەم ئەگەرى خولێکى نوێ ى هەڵبژاردنەوە کە یەکێتى دەتوانێت ئەو یارچیە بێت کە ئاراستەى ئەم هەرێمە دیارى بکات بەوەى هێزى نێوان بازنەى گۆڕان و بازنەى پارتیە ئەوەش دەزانین کە گەورەترین پشکى بچوکبونەوە بەر ئەم یەکێتیە کەوتوە  , کە ئەگەر لە ناوخۆى خۆیدا دابەش نەبێت وەک یەکێتیەکى دواى مام جەلال ئەوا دەتوانێت هەڵگرى ئەو دروشمانە بێت کە لایەنگرانى لە ئێستادا باوەڕیان پێ ى نەماوە ، بۆ ئەوەى یەکێتى لە سۆپەرمارکێتێکەوە بگەڕێتەوە بۆ حیزبى بوون ئەوا پێویستە دەرک بەوە بکات کە قۆناغى نوێ و ئەم خولەى هەڵبژاردن قۆناغى بڕینى چەق بەستوى دەسەڵات و دەستاو دەستکردنێتى بە تایبەت زۆرترین بزاوت و جوڵە و جیاوازیەکان لە سنورى سەوز و یەکێتیدایە کە بە تەواوەتى و ڕۆژ بە ڕۆژ جیاوازى لە نێوان زۆنى زەرد و زۆنى سەوزدا زیاتر دەبێت کە لە زۆنى زەردا حیزبى قائید و حوکمى بنەماڵە و سستمى سەرۆکایەتى قبوڵ نەکردنى فرە حیزبى و جیاوازیەکان  بەرەو ئاقارێکى خراپ دەڕوا بە تایبەت دواى سوتاندنى بارەگاکانى گۆڕان و یەکگرتو کە ئەگەر یەکێتى بەردەوام بێت لە هاولیستى و هاو ستراتیژى و و ئەو چەق بەستویەى کە هەیە ئەوا خاڵى دەبێتەوە لە بەهاکان .

یەکێتى لەسەرتاکانەوە  لەسەر ئاستى حیزبى و پێکهاتەوە زۆر جیاواز بوە لە پارتى بەڵام بە تێپەڕبونى کات و خلیسکانى بەرە و حوکمى بنەماڵەیى بە تەواوەتى بەرەو بچوکبونەوە دەچێت لە ئێستاد لەبەردەم هەلێکى گەورەدایە کە بتوانێت بە لیستى جیا دابەزێت و پێوانەکانى خۆى بزانێت و لەسەر نزیکایەتى لە بنەما فکریەکانى خۆى بگەڕێتەوە بازنەى خۆى ئەو هاوکێشەو چەقبەستویە کۆتایى پێ بهێنى کە ئەو راستیە دەزانین کە ئۆپۆزسیۆن تا سەر هەر ئۆپۆزسیۆن نابێت و دەبێت بە پێ ى یاساکان چانسى وەرگرتنى دەسەڵاتى هەبێت کە دەتوانین بە گریمانە قسەى لەسەر بکەین و ببێتە پرسیار کە ئەگەر یەکێتى توانى بەلیستى جیا دابەزێت و هاوپەیمانیەتیەک لەگەڵ لیستەکانى تردا دروست بکات ئەو کات دەستەڵات بگوازرێتەوە بۆ لیستێک و هاوپەیمانیەتیەکى تر . ئەگەر قۆناغى گواستنەوەى سیاسەت بریتى بێت لە دروست بونى ئۆپۆزسیۆنێکى کارا ئەوا گرتنە دەستى دەستەڵات  لە لایەن لیست و هاوپەیمانێتیەکى ترەوە قۆناغى دوەمە کە ئێستە لە باکگراوندى هەموو حیزبە کوردیەکاندا ئەم باوەڕە بونى هەیە بەڵام ئەگەر بۆ ئەم خولەى هەڵبژاردن بەرەى ئۆپۆزسیۆن توانى زۆرینە بێت پارتى دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن ..؟ لە ئێستادا یەکێتى لەبەردەم وەڵامى زۆرینەى پرسیارەکاندایە :

1- ئەگەر بەلیستى جیا دابەزى و نەیتوانى ئەو دەنگە بێت کە بەشدارى پێکهێنانى حکومەت بکات چى هەڵوێستێکى دەبێت ..؟

2- ئەگەر لیست و هاوپەیمانیەتیەکى تر توانى حکومەت پێک بهێنى بە بێ پارتى ، یەکێتى تا چ ئاستێک بەرگرى دەکات لە ئەگەرى دروست بونى پشێوى ..وە خۆى تا چ ئاستێک پێ ى هەزم دەبێت و پشتگریى دەستاو دەست کردنى دەسەڵات دەکات وەک یەکێک لەو بنەمایانەى کە خۆى باوەڕى پێیەتى…؟

3- ئایا یەکێتى دەتوانێت لە کۆت و بەندى پارتى ڕزگارى بێت و ئەو هێڵە جاڵجاڵوکییەى لەسەر بەرژەوەندى لەگەڵ پارتیدا هەیەتى کۆتاى پێ بهێنى ..؟

4- ئایا یەکێتى دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر باوەڕبون بە سستمى پەرلەمانى و بەرامبەر بە سستمى سەرۆکایەتى وەک دژێک بوەستێتەوە ..؟

5- ئایا یەکێتى دەتوانێت ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە کە لە ئەنجامى وون بونى مام جەلالدا دروست بوە ..؟ بە وەرگتنى هەڵویست و خۆ بە سەربەخۆ کردنى یەکێتى دەتوانرێت وەک هێزێکى کاریگەر بێ پاشکۆیەتى کردن بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانى ململانێکان خۆ ئەگەر بە دیوى دوەمدا بێت ئەوا لەم خولەى هەڵبژاردندا بانگەشەى مەرگى خۆى دەکات .

1,358 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست