Hellbjardn1

بەختیار شارەزورى : ترس و تەشویش و تەزویر و هەڵبژاردن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕۆژ بە ڕۆژ هەرێمى کوردستان ڕوو لە قەیرانى قوڵتر دەکات و ئاماژەکان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە یاریەکان بەرەو ئاراستەیەکى تر دەڕوات ، کە دەکاتە ئەوەى بڵێین : ئەوەى کە پێ ى دەوترێت سەرەتاکانى دیموکراسى و مۆڕاڵى سیاسى و پابەند بوون بە پرنسیپە یاساییەکانەوە بوەتە مەهزەلە لاى هاوڵاتى ، ئەگەر نا ترس لە دۆڕاندنى کورسى دەسەڵات و ترس لە دەستاو دەستکردنى دەسەڵات مەلە کردنە بە ئاراستەى پێچەوانەى ئەو قۆناغەى کە ئێستە ، سەرەتاکانى لاى هاوڵاتى دەرکەوتوە .

( دۆڕاندن ) ئەو چەمکەیە کە لە دنیاى سیاسەتدا ئاساییە و ناکاتە پەراوێز بوون بە پێچەوانەوە ، چۆن بردنەوە ئاساییە ، ئەوا دۆڕاندنیش ئەو چەمکەیە کە دەبێت حیزبە کوردیەکان هەزمى بکەن ، ئەگەر نا ! کەواتە حیزبەکانى دەسەڵات… دەسەڵات بە تاپۆى خۆیان دەزانن ئەوەشى بانگەشەى بۆ دەکەن ، تەنها گاڵتەکردنە بە هاوڵاتى و دەنگدەرەکانیان ، یان با بڵێن : جۆرێکە لە ماکیاجکردنى شەیتانە خوێن خۆرەکان بە فریشتەیەکى بەهەشتى .

ئەم ترسە و پەنا بردن بۆ تەشویش و تەزویر جۆرە یاریەکە کە دەبێت حیزبى دەسەڵات پێش یاریەکە بەهەر نرخێک بێت براوە بێت ئیتر لادان لە بەهاکان لاى سەرانى دەسەڵات سفر بوەتەوە ..ئەوان ئامادە بن دەنگەکان کپ بکەن و ئازادیەکان بسپێرن بە یاساکانى جەلاد و هەوڵى ئەوە بدەن لە کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا جگە لە دەنگى خۆیان هیچ دەنگێکى تر نەمێنێت ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە کۆتاییان هاتوە چونکە ناتوانن بە بێ ترس بێنە گۆڕەپانکەوە و یاریە دیموکراتیەکان بکەن .

تەشویش خستنە سەر ( ک. ن . ن ) و ( نالیا) سەرەتایەکە بۆ کوشتنى بەها نیشتمانیەکان و موراڵى سیاسى و دەیانەوێ ئەوەى پێ ى دەوترێ داهاتى گشتى ببێتە موڵکى حیزب و دەستبەرنەدان لێ ى بەهەر نرخێک بێت وە حساب نەکردن بۆ ئەو هەموو نوسین و ناڕەزاییە کە دەکاتە ئەوەى لە نێوان نێرەر و وەگردا خاڵى دوەم وون بێت واتا وەرگر نەبێت ئەو کات هەموو ناڕەزایەتیەکان ناچار دەبن ئاراستەى تر وەربگرن کە ئەمەش ترسناکترین دۆخە کە ئەگەرى ڕو بە ڕوبونەوەى هەیە ئەو کات هەمومان زەرەرمەند دەبین و جارێکى تر بەدەستى خۆمان مێژو دوبارە دەکەینەوە ، هەموو ئەمانە بریتیە لەوەى ( پارتى و یەکێتى ) لە ژێر دەمامکە شاراوەکانیاندا نایەنەوێ قۆناغى دەرچون لە پاوانخوازى حیزب کۆتایى پێ بێت و قۆناغى دیموکراسى و سەرەتاکانى دەوڵەت بوون دروست ببێ .

تەشویش و تەزویر ئەو دوو هەوڵە بێزەونانەن کە هەر کەس و لایەنێک پەناى بۆ ببات دەچێتە فایلى ڕەشى مێژووە وە لە هەر وڵاتێکدا بێت دەبێتە وڵاتى تەزویر و شکاندنى بەهاکان و لادان لە یاساکان …. ئەگەر ئەم سەرەتایە ڕێ ى لێ نەگیرێ بە تایبەت ئێستە کە پارتى و یەکێتى حاکمى وڵاتن ئەوا دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتى مێژوییەوە … ئەى ئەگەر حاکمى وڵات خۆى هەڵسێت بەم کارە چى ڕوودەدات پەندێکى کوردى هەیە دەڵێت ( پێشڕەوەى هەر قافڵەیەک مانگا بێت ئەوا بە ناو قوڕو چڵپاوا دەیبات ) .

ترس و تەشویش و تەزویر ، ئەو هەوڵانەن کە دەبێت کۆمەڵگا ڕێى لێ بگرێت . ئەمەش دەکەوێتە سەر پاشخانى ڕۆشنبیرى ئەو کۆمەڵگایە ، تا چى ئاستێک دەتوانێت ڕێ ى لێ بگرێت ، چونکە ئێمە هەمومان بەڵێنمان داوە بە هاوڵاتیان کە دەرنەچین لە یاساکان بۆیە پێویستە کۆمەڵگا لەسەر ئاستى تاک و گروپەکان نەفرەت لە هەر کارێکى وا بکات لە ئاست گۆڕین و گواستنەوە بێت لە قۆناغى حیزبى و مێگەلى و چەقبەستوییەوە بۆ قۆناغى حوکمدارى و سەروەرى یاساکان و پابەند بوون بەو دروشمانەى کە دەکاتە پەیمانێکى کۆمەڵایەتى و هەوڵدان بۆ قۆرخ کردنى هەموو بەهاکان .

1,736 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست