Hepsexani-Neqib

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : ئافرەت لە ڕوانگەی ئاینە ئاسمانییەکانەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەم رۆژانەدا کە خەریکی نووسینی زنجیرە وتارێکم لەسەر مێژووی ئافرەتان و، پێگەی بەرزیان لە پێکهێنانی ئەو شارستێنەی ئەوڕۆ پیاو شانازی پێوەدەکات وەک بەرهەمی هزر و بازووی خۆی . لە سەر رووپەڕەکانی فێیسبوک ، دەبینم هەر رۆژەی مەلای مزگەوتێک ، کە دڵنیام بە گەورە و بچووکیانەوە بە زانا و نەزانایانەوە، ئاگایان لە پێگە مێژووییەکەی ئافرەت نییە لە درووستکردنی ئەم شارستێنەی کە وای کردووە ئەوان – مەلاکان ، هەتا ئێستاش لەسەر رەنجی شانی ئافرەتان ، بزەلێنەوە، ئەویش بە هێشتنەوەی تەرازوە لەنگە ناهاوتایەکەی نێوان نێر و مێ هەتا دەگاتە سووکاێتی پێکردنی مێینەش .

یەکێکیان بە ئایەتی قوڕئان و حەدیس ، پاساو بۆ لێدانی ئافرەت دەهێنێتەوە و یەکێکی دیکەیان ، بەپێی ئایەت و حەدیس ، دەیەوێت پێمان بسەلمێنێ کە ، ئافرەت ؛ دوو رووە ، فیتنە بازە ، خیانەتکارە ، ماڵوێرانکەرە ، دەبێ خەتەنە بکرێت ، پیاو لە خشتەبەرو ئاڵۆش  و ورووژێن و ….. … هەتا دەگاتە ئەوەی هەرچی ناحەزیی سەر زەمین هەیە لە ملی ئافرەتەوە دەئاڵێنن .

هەرچەندە ئاینەکان بەگشتی ، بەئاسمانی و نائاسمانییەوە بەکەمێک جیاوازییەوە تێڕوانینیان بۆ ئافرەت ، وەک یەکە ، لێ لەم نووسینەدا تەنها رۆشنایی دەخەمە سەر روانگەی ئاینە ئاسمانییەکان . لە بەدواداچوونی روانگەی ئاینی بۆ ئافرەت ، ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشاوم ، ئەوەیە کە ، ئیسلام دژی هەموو بیر و بۆچوونێکی جوولەکەیە ، کەچی هەموو تێڕوانین و رقبوونەوەی ئیسلام لە ئافرەت ” ئەندڕۆجینی ” پێغەمبەرەکەیان ” محەممەد ” لە جوولەکایەتی/ جوودیزمەوە سەرچاوەی گرتووە ، هیوادارم هەڵەبم ، لێ لەو بڕوایەدام زۆرینەی عیلمدارانی ئیسلام ، ئاگایان لە کتێبی ” جێنێسس ” ی جوولەکە نییە کە ؛ هەموو رقبوونەوەی ئیسلام و مەسیحایەتی لە ئافرەت ، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە . ئەوجا ئەگەر ئاگاداربن ، ئەوا دەبنە دوو روویەکی بێ ئابڕوو .

کتێبی جێنێسس کە ، بەشێکی تەوڕاتە دەربارەی ئافڕاندن ؛ تاوانی هەڵخەڵەتاندنی ئادەم بۆ خواردنی میوە یاساخکراوەکە و دەرهاویشتنی مرۆڤ لە بەهەشت ، دەخاتە ملی دایە ” حەووا ” ئیدی لەوێوە لە هەرسێک ئاینە ئاسمانییەکاندا ، ئافرەت بووەتە بوونەوەرێکی ؛ نەگریس ، سووک ، بێ مێشک ، تەفرەدەر و بەکورتی و بە کوردی ” ئەهریمەن  ” .

پرسیاری ئەوەی ؛ کێ ژیانی ئافڕاندووە ، کڕۆکی بڕوای سیستێمی ئاینییە . لە ئایندا درووستکردن : لەسەر هەردووک لایەنی ئافڕاندن ” توانای دروستکردن لەهیچەوە  ” و وەبەرهێنانەوە بە واتای خستنەوەی وەچە ، دەدوێت .  لە ئاینە هەرە کۆنەکانی سەردەمی ئەکاد و بابلدا ، دایکە خودا بەرپرسی پیت بوو . لێ لەسەردەمی” ئەبڕام – کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئەبڕاهام ” بیرۆکەی ئافڕاندن لە ئایندا لە دایکە خودایەکی وەک تەنها بەرپرس و ئافڕێندەر ، گۆڕدرا بۆ دایکە خودایەکی یاریدەدەری خودایەکی نێرینە یان پادشایەک . ئەوە مابوو تاکە خودایەک جێگەی کۆمەڵە خوداکان بگرێتەوە ، بۆ ئەوەش دەبوو هەردووک توانای” ئافڕاندن لە هیچەوە/ نەبووەوە ” و توانای خستنەوەی وەچەشی هەبێت . ئەم گۆڕانکارییە کە لە کولتووری جیاوازدا زۆر شێوەی جیاوازی هەبووە . دەتوانین بڵێن بۆ شارستێنەکانی رۆژئاوا ، سەرچاوەکەی پەرتووکی ” جێنێسس Genesis ” ە. ( جێنێسس بەشی یەکەمی ئینجیلە کە باسی درووستبوون دەکات . …………. نووسەر . )

چیرۆکی درووستکردنی گەردوون لە جێنێسس دا ، زۆر جیاوازە لە چیرۆکی ئاینەکانی دراوسێی ناوچەکەی . لەو کتێبەدا ” یەهوا/ جێهۆڤا ” کە درووستکەری هەموو گەردوون و ئەوەی تێشیدایە ، بە پێچەوانەی خودا گەورەی ئاینەکانی دەوروبەریەوە ، هیچ یاریدەدەر ، هاوپەیمانی و پێوەندییەکی بە مێیینەوە نییە . William p 199

لێرە بەدواوە هیچ سەرچاوەیەکی هێزی مێینە ” دایکاێتی ” بۆ درووستکردنی گەردون و ژیان لەسەر زەمین نابینین ، هەروەها هیچ پێوەندییەکی نێوان درووستکردن و وەچەنانەوە نابینین . زۆر بە پێچەوانەوە ، کرداری خودا لە درووستکردندا ، شتێک نییە کە مرۆڤ بتوانێ بەشداریی تێدا بکات . پێشکەوتنی مرۆڤ لە بیرکردنەوەی ئەبسستڕاکیدا ، ئافڕاندنی خستە کۆنسێپتی یەک تەنها ناوەوە ” هەناسەی ژیان ” وەک لە کتێبی ” جێنێسس ” دا هاتووە .  ( ئەوجا خودا گوتی ، با رووناکی هەبێت ” رووناکی پەیدا بوو ” ) جێنێسس 1:3 . گوتەی خودا و هەناسەی خودا ، ئافڕێندەرن . بریکاریی هەناسەی خودا وەک رەوان بەخش ، لە جێنێسسی 2:7 دا رونکراوەتەوە . ( ئەوجا خودای مەزن ، پیاوی لەخۆڵی ئەرز درووست کرد و هەناسەی بە کونەلووتەکانیدا کرد – هەناسەی ژیان ، ئەوجا پیاو بوو بە گیانلەبەرێکی زیندوو . ) ئەمجا خودا ئاژەڵی سەر زەمین و باڵندەی ئاسمانی درووست کرد و هێنانی بۆ لای پیاو بۆ ئەوەی ناویان لێ بنێت ، ئیدی پیاو هەر ناوێک لەو زیندەوەرانە بنێت ، ئەوە لەوە دوا هەر ئەوە ناویان دەبێت . جێنێسس 2:19. لێرەدا ئەوە تێدەگەین کە هەناسەی خودا درووستکەرە ، وەلێ نێولێنانی مرۆڤ بۆ بوونەوەرەکان بە گیاندار و بێ گیانەوە شتێکی جیاوازە .

هەر لە کتێبی” جێنێسس ” دا هاتووە و دەڵێ” خودا دەسەڵاتێکی تایبەتی دایە ئادەم بۆ نێو لێنان” ئەگەر سەیری وشەی ” ئادەم ” بکەین لە زمانی جوولەکەدا وەک ” مرۆڤ ” ئەوا دەبێ وا بیر بکەینەوە کە خودا دەسەڵاتی بە نێر و مێ داوە بۆ ناولینانی شتەکان . بەڵام لەم حالەتەدا خودا دەسەڵاتی ناولێنانی تەنها بە نێرینە سپاردووە ، ئەمە رەنگە زۆر ئاسایی بێت ، چوونکە مێیینە هێشتان درووست نەکرابوو ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە دوای ئافڕاندن ی” دایە حەوا ” ش ، دەسەڵاتی ناو لێنان هەر درایەوە دەست پیاو بۆ ئەوەی ئادەم وەک چۆن ناوی لە ئاژەڵ ناوە ، ئاواش ناو لە حەوا بنێت . ( ئەمجا پیاو گوتی – ئەمە ئێستا ئێسکی ئێسکمە ، گۆشتی گۆشتمە ، وێ دەبێ ناوی ” مەڕئە ” بێت لەبەر ئەوەی لە ” مەڕو/ پیاو ” دەرهاتووە . ) جێنێسس 2:23 . لێرەدا ناولێنانەکە شتێکی سیمبۆڵی/ هێماکاری نییە ، ئەوە پێناسەیەکی تایبەتە ، کە ئافرەت وەک بەشێکی سروشتیی پیاو پێناسە دەکات ، کە لێکدانەوەی هەر پێوەندی نێوان دایک و منداڵ دەگەیەنێ . لێرەدا پیاو خۆی وەک دایکی ئافرەت دەردەخات . لە رێگەی موعجیزەی خواوەندییەوە ، مرۆڤێکی دیکە  ” حەووا ” لە جەستەی ئادەم دەرهات  ، هەر وەک ئەوەی کە چۆن دایک گیانلەبەرێک لە جەستەیەوە دەردەچێت . هەر رستەی دواتری جێنێسس ، پێوەندی نێوان هەردووک لایان روون دەکاتەوە ” لەبەر ئەوە دەبی پیاو باوک و دایکی بەجێ بهێڵێت و لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ژیان بەرێتە سەر و یەک گۆشت بن ” جێنێسس 2:24 ، درووستکردنی ئافرەت لە تەنی پیاوەوە ، لێکدانەوەیەکی تایبەتیی بۆ کراوە ، بەپێی ئەو رووداوە – ئافرەت وەک بەشێکی پیاو درووست کراوە ، لەبەر ئەوە پیاو دەبێ پێوەی بنووسێت و لێی جیا نەبێتەوە و لەسەروو هەموو خزماێتییەکەوە رایگرێت و دەبێ یەک جەستەبن . ئەو یەک جەستەییە کە لە داهێنانی پیاوە پێمان دەڵێ ، دەبێ مڵکی پیاو بێت چوونکە بە موعجیزەی خودا لە لەشی پیاو دەرچووە . ئیدی ئەو رستەیەی جێنێسس جۆراوجۆر لێکدانەوەی بۆ کراوە .

کاریگەرترین لێکدانەوەی مەجازیی جێندەر لە ئینجیلدا ئەوەیە کە ، ئافرەت لە پەراسووی پیاو درووست کراوە و حەووا هۆکاری دەرکردنی مرۆڤ بووە لە بەهەشت . ئەوەتا زێدە لە دوو هەزار ساڵە وەک بەڵگەیەکی خواوەندی بۆ ژێردەستەکردنی ئافرەت بەکار دهێندرێت ، لە هەمان کاتیشدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێناسەکردنی بەهاکان و هەڵسوکەوتی نێوان نێر و مێ ، کردووە .

لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت لێکدانەوی میسۆلۆجیا و سەرگورشتەی فۆلکلۆری وەک کتێبی جێنێسس جیاوازبن و لەگەڵ داخوازی و مەبەستی لێکدەرەوەکانیدا گونجێندرابن ، بەڵام ئەوە دەبێنین کە هەموو لێکدانەوەکان بەشێوەی نەریتی پاتریارکین – بەواتای ئەوەی پیاوسالاری بەسەریاندا زاڵە . لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە دو جۆری بە رواڵەت لەیەکدی جیاوازی سەرگورشتەی ئافڕاندن لە جێنێسس دا هەن ، لەجۆری یەکەمیاندا ” جۆری J 2: 18-25,” کە چەند سەدەیەک پێش” جۆری P ، 1:27 – 29” نووسراوە ، خودا دایە ” حەوا ” ی لە پەراسووی بابە ” ئادەم ” درووست کردووە ، بەڵام لە جۆری” پی  P ” دا ، هەردووکیان ” نێر و مێ ” وەک یەک درووستکراون . رەخنە گرانی بایبڵ – مەبەست ئینجیل و تەوڕاتە ، تیشکیان خستۆتە سەر هەردووک لایان و لەو بەینەشدا هەر یەکە جۆرێکیانی پەسەندە . ئافڕاندنی جێنێسسی جۆری P ، هاوتەریبی ئافڕاندنی ” ئینووما ئیلیش ” ی مێزوپۆتێمیایە ، بە تەواوەتی کاریگەریی ئاینە کۆنەکانی مێزوپۆتێمیای پێوە دیارە ” خودا هەردووکیانی وەک یەک درووستکردووە ” لێکدانەوەی لایەنگرانی ئەم جۆرەیان ئەوەیە  ، کە وشەی” ئادەم ” لە زمانی جولەکەدا واتای ” مرۆڤ ” دەبەخشێت و تێیدا مەبەست نێر و مێی مرۆڤە و بە بڕوای وان لێکدانەوەی وشەی ئادەم وەک ” پیاو ” هەڵەیە .

هەرچی چۆنێک بێت ، هەرچی جۆرێکی جێنێسس و لێکدانەوەی هەرکامێکیشیان راستتر بێت ، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە درووستکردنی ئافرەت لە پەراسووی ئادەمەوە ،  زێدە لە سێ هەزار ساڵە دەنوسرێت و دەگوترێتەوە  ، وەک تێڕوانینی خودا لەئافرەت بە نزمتر لە پیاو . ئەگەر حەوا لە پەراسوو یان لە گۆشت و ئێسکی ئادەم درووستکرابێت ، ئەوا ئاماژەیەکی مێژوویی پیاوسالارییە . جێنسسی 15 باسی بەڵێنی پێدانی وڵات و نەوەی زۆر دەکات ک ە” یەهوا / خودا ” بە نەوەکانی ” ئەبڕام ” دەبەخشێت و دواتر بووەتە پەیمانێکی نێوانیان . لێرەدا ئەوەی کە بەلای ئەم نووسینەوە گرنگە زمانی بەڵێنەکەی ە” He that shall come forth out of thine own bowels shall be thine heir ” G 15:4 زمانی بەڵێنەکە تەنها بۆ تۆوی نێرینەیە – ئەو تۆوەی ئەبڕام دەیچێنێ . لیرەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ بەشداریی تۆوی سارای هاوسەری ئەبڕام نییە . ئالێرەدا تۆوی نێرینە پیرۆزی و توانای وەچەنانەوەی لە یەهواوە وەرگرتووە . میتافۆڕ/ مەجازی ، چاندنی تۆوی نێرینە لە منداڵدانی ئافرەت دا ، زۆر کۆنترە لە سەردەمی نووسینی تێستامێنتی کۆ ن” تەوڕات ” . زۆر لەوەدەچێت لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵکارەوە سەری هەڵدابێت ، ئەو مەجازە زۆر نزیکە لە خۆشەویستی ” ئینانا و دومووزی ” – گۆرانی ئەوەی بە ” زەماوەندی هێردێر” ناسراوە . ئەوەی لە جێنێسس دا روویداوە ئەوەیە کە مەجازێکی کۆن هاتووە و گۆڕدراوە بۆ ئەوەی مانایەکی باوکسالاری ببەخشێت . پیرۆزکردنی” تۆوی” ئەبڕام لەلای خوداوە ، بریتییە لە گواستنەوەی توانای نوێکردنەوەی ژیان لە ئافرەتەوە بۆ پیاو . لە جێنێسسی حەڤدەشدا ، یەهوا بەڵێنەکەی زیاتر بۆ ئەبڕام رووندەکاتەوە . …… گێڕدا لێڕنەر ل 189

یەهوا بەڵێنی پێدانی خاکی ” کەنعان ” بە ئەبڕام بۆ هەتا هەتا دووپات دەکاتەوە و لێرەوە نەریتێکی نوێ دێنێتە پێشێ ئەویش بە گۆڕاندنی نێوی ” ئەبڕام و سارای ” خودا ناوی ئەبڕام دەگۆڕێ بە ” ئەبڕاهام Abraham” و داوای لێ دەکات وەک تاکە خودای ” ئیسڕائیل ” رەچاو بکرێت وئەوانەی دەیپەرستن بە نیشانەیەکی جەستەیی لە خەڵکی دیکە جیاوازبن ، ‘ ئەمە پەیمانی منە ، کە دەبێ بیپارێزی ، لەنێوانی من و تۆ و نەوەکانی دوات دێن : هەموو نێرینەیەک لە ناو ئێوەدا ، دەبێ خەتەنە بکرێت ، دەبێ خەتەنەی پێستی سەری چوک بکرێت ، ئەمە دەبێ پاداشتێکی پەیمانەکە بێت ، لە نێوانی من و تۆدا ” جێنێسس 17: 9 – 10.

لێرەدا دەبێ ئاگامان لەوە بێت کە یەهوا ، پەیمانی تەنها لەگەڵ ئەبڕاهامدا بەستووە و سارای هاوسەری ئەبڕاهامی تێدا نییە . بەم کردارەش پیرۆزی سەرکرداێتی خیزان و خێڵی دایە دەست . هەر ئەو شێوازی رێکخستنەی خێزان و خێڵە ، سەردەمێکی زۆر دواتر لە یاسای رۆم دا رەنگی دایەوە ” پاترێ فەمیلیا ” بەواتای باوکی خێزان . هەرچەندە لە شوێنێکی دیکەدا جێنێسس باسی سارا دەکات ،  وەک دایکی نەتەوەیەک ، وەلێ پەیمانەکە تەنها لەگەڵ نێرینەدا بەستراوە .

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ ، بۆ بڕینی پێستی سەری چووکی نێرینە وەک پارچەیەکی لەش ، کراوەتە دیاری ؟ ئەگەر یەهوا ویستووێتی ئەو نەتەوەیە لە نەتەوەکانی دیکە جیا بکاتەوە ، بۆ شوێنێکی بەرچاوی هەڵنەبژاردووە ، وەک لووت یان ناوچەوان بە نموونە ؟ وابزانم ” جۆن کاڵڤین – John Calvin” وەڵامێکی باشی هەیە بۆ ئەم پرسیارە . بە بڕوای وی ، یەهوا ، تۆوی ئەبڕاهامی پیرۆز کردووە کە لە منداڵدانی/ رەحمی ئافرەتدا دەچێندرێت ، هیچ شتێک نییە جێگەی ئەوە بگرێتەوە کە پیاو بۆ بەپیتکردن و وەچەخستنەوە پەنای پێ بەرێتە بەر خودا . ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرنج راکێشترە ، سڕینەوەی هەموو نەریت و سیمبۆڵەکانی دایکە لە بەرهەمهێنانەوەدا . هێمای مەمک – وەک مێیە خودای پیت کە وزەی ژیان بە زەوی دەدات ، گۆڕدرا بە بڕینی ” پێستی سەری کێری نێرینە ” وەک ئاماژەیەک بۆ پەیمانی نێوان خودا و پیاوێک کە دەمرێ .

تاکپەرستی ، خەتەنەکردن ، پێڕەوکردنی یاساکانی خودا کە لە رێگەی مووساوە گەیەندراوە ، ئەرکی سەرشانی نەتەوەی هەڵبژێردراوە و لە دراوسێکانیانیان جیادەکاتەوە ، بەڵام یەکگرتن و پاکیێتییان دەبێ بە بەڵێندانی خەتەنەکردنی نێرینە و پاکیزەیی مێیینەوە بێت هەتا دەچێتە لای مێردی . جڵەوکردن/ بەربەستکردنی سێکسواڵیێتی مێینەی خێزان کە دڵنیایی دەستەباڵایی باوک دەکات ، لە یاسای مرۆڤکردی تێپەڕاندووە ، ویستێکی خودایە کە لە پەیماندا لەگەڵ پیاوی ئیسڕائیلدا بەستووێتی . ئەوجا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی ” کێ ژیانی بەخشیوە ” جێنێسس دەڵێ ” خودا و ئەو پیاوەی لەشێوەی خودادا درووستکراوە ”.

روانگەی مەسیحاێتی

دوای سەدەی یەکەمی سەردەم ، هێرشی جێڕمانەکان تینی بۆ ئیمپڕاتۆریای رۆم هێنا ، چینی نێوەند دوچاری باجێکی زۆر بووبوون ، لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆری چینی نێوەند رووی کردە کڵێسە و بوون بە قەشە و مەنک/ فەقێ ، بۆ ئەوەی باج نەدەن و باش بژین . لادانی ئەو باجە لەسەر ژمارەیەکی زۆری چینی نێوەند پەستێوێکی زێدەتری خستە سەر کشتوکاڵکار/ جوتێرەکان ، ئەوانیش لە ناچاریدا بوون بە ئاینکار ، سەرباز ، دز ، کرێکاری رۆژانە . کێڵگەکان بوونە چٶڵەوانی . ئیدی ئیمپڕاتۆرییەکە بەرەو رمان دەچوو ، بۆیە کۆنستانتین ناچار بوو پێتەختەکەی لە ساڵی 330 دا بگوێزێتەوە بۆ” کۆنستانتینۆپۆل/ ئیستانبوول ”. دواتر جێڕمانەکان لە ساڵێ 476 دا شاری رۆمایان تاڵان کرد ، ئەوە رۆژەش وەک رۆژی کەوتنی رۆم ناسراوە . لە ساڵی 527 دا ، جوستینیان ، بوو بە ئیمپڕاتۆری رۆم و یاسای رۆمی داڕشتەوە ، بۆ ئەوەی تیۆدۆرا کە ئافرەتێکی سۆزانی بوو مارە بکات یاسای گۆڕی و تیۆدۆرای لە بەڕێوەبردنی ئیمپڕاتۆریاکەدا کردە هاودەسەڵاتی خۆی . بەشدار لە هەموو فەرمانگە فەرمییەکاندا . پێکەوە هەمواری یاساکانی ” رۆم ” یان کردەوە بەشێوەیەک لەگەڵ بنەما سەرکییەکانی مەسیحایێتیدا بگونجێت . پێکەوە زۆر مافیان بە ئافرەت رەوا بینی ، وەک مافی مامەڵەکردن بە سامان و مڵکاێتی خۆیانەوە کە تەمەنیان گەیشتە بیست و پێنج ساڵ و بەجێشی بهێڵن بۆ هەرکەسێک بیانەوێت ، هەروەها مافی کەسێکی پێگەیشتوو/ بالغ یان هەبێت ئەگەر بە تەنهاش بژین . هاوسەرگیری بوو بە گرێبەست لە نێوان دوو کەسی هۆشیاردا . تیۆدۆرا ویستووێتی یاریدەی ئافرەتان بدات بەشداری لە چارەنووسی خۆیاندا بکەن ، وەلێ شتەکان وا نەڕۆیشتن وەک ئەو دەیویست .

لە ساڵی 381وە” تیۆدۆسیۆس” ی یەکەم، ئەنجوومەنی ” کۆنستانتین” ی یپێکهێنابوو، ئەو ئەنجوومەنەش جاڕی بیریاری ” ترینیتی/ سێکوچکەیی” دابووکە بریتییە لە” باوک و کوڕ و رەوانی پیرۆز” ، لە روانگەی ئەو بیریارییەوە، باوک و کوڕ و رەوانی پیرۆز، لە یەک ماددەن، هاوسروشتن، یەک شتن کە ئەویش خودایە. لە راستیدا ئەم بیریارییە، لە رەتکردنەوەی مێیە خودا و دوورخستنەوەی ئافرەت لە پیرۆزیی، لە میسۆلۆجیای یۆنانیشی تێپەڕاندووە، میسۆلۆجیای یۆنانی خودایەکی نێرینەی خستە سەرو هەموو خوداکانەوە، وەلێ هێشان جێگەیەکیشی بۆ مێیە خوداش هێشتبۆوە. باوک- خودای مەسیحاێتی وشەی” کوڕەکەی” بەدەمدا دێت و لە رێگەی زمانەوە بەبێ بەشداری مێیینە درووستی دەکات. رەوانی پیرۆز لە خۆشەویستییەکی دوولایەنەی باوک و کوڕ لەدایک بووە. ئەم درووستکردنە جووتبوونی تێدا نییە، چوونکە جەستە بەشداریی تێدا نەکردووە. لە راستیدا بیریاریی ترینیتی شتێکی زۆر لێڵە لە مەسیحاێتیدا، بەڵام دوو مەبەستی سەرەکی پێکاوە، یەکەمیان: ئەوەیە کە دنیای فیزیکی تێپەڕاندووە، ئەوجا کە بوونی فیزیکی کاڵدەبێتەوە یان رەتدەکرێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها پاکی و دڵسۆزییە. دووهەمیان: ترینیتی: درووستکەرە بەبێ ئافرەت، بەبێ جەستە، بەبێ خوێن بەربوون، بەبێ سروشت و لەسەروو سروشتیشەوەیە. ئەوجا جێگەی سەرماسین نییە کە لەدوای سەرهەڵدانی ئەو بیریارییەوە، نەوەیکی زۆری نووسەرانی ئاینەکە خۆزگەیان بوو کە ئافرەت هەر نەبووایە، کڵێسە شێوەی پادشانشینی ئاسمانی پێچەوانەوەی ئەوەی زەمین کێشابوو- شایی بۆ ژیانی دوای مردن وهاوتایی مردن وەک ژیان و، وەلادانی جنس و جەستە و هەروەها تێڕوانینی وەک یەک بۆ دەسەڵات و ئارداری / عەدالەت – بەواتای ئەوەی پیرۆزیشی دا بە دەسەڵات.

لێرەوە وردە وردە لەلای خەڵکی بووە نەریت کە خواوەند بە هێزێکی نێرینەوە ببەستنەوە بێ ئەوەی هەست بەو” سیمبۆڵیزم / هێماگەری” یە بکەن کە هێناویێتی و وایان لێکداوەتەوە کە مەسیحاێتی وەک ئاینێک، ئازادی و هاوتایی پێشکەش دەکات. بەتایبەتیش ئافرەتان کە تینووی ئازادی و هاوتایی بوون. لەبەر ئەوەش بوو ئافرەتان چاکیان لەپێناو بڵاوکردنەوەی مەسیحایێتیدا بەلادا کرد. کلۆتیدا/ کلوسیدای شاژنی فڕانسا وازی لە مێردەکەی نەهێنا هەتا کردیە مەسیحی. وێنەی ئەو جۆرە ئافرەتانە زۆرن، شاژن بیرتا/ بێرسا، شاژنی ناوچەی کێنت بە نموونە، هەمیشە لە گەڵ پاپا گریگۆری دا لە پێوەندیدا بووە و لەسەر ئاینەکە پرسیاری لێ کردووە، هەتا گەیشتۆتە ئەوەی لەسەر بەربوونی خوێنی مانگانەی ئافرەتانیش پرسیاری لێ کردووە. وەلێ ئایا پاپا، وەڵامێکی راستی هەبووە؟

لە کۆتایی سەتەی چوارهەمدا، ئیمپڕاتۆر، سیۆدۆسیوس مەسیحاێتی کردە ئاینی فەرمی ئیمپڕاتۆریای رۆم، هەتا ئەو کاتە مەسیحییەکان وەدوور خرابوون لە کاری سیڤیل، سەربازی و فێرکردن. لە ساڵی 529دا جگە لە کڵێسەی مەسیحیان بڕیاری رووخاندنی هەموو جۆرە کڵێسەیەک درا. هەرچەندە یاسای رۆم جووەکانی دەپاراست، کەچی هەر لەو سەتەیەدا رۆم بڕیاری یاسخکردنی درووستکردنی سیناگۆگ و مارەبڕێی نێوان جوولەکە و ناجوولەکەی دا و دواتریش کاری سیڤیل، سەربازی، کاری یاسایی و … هتد، یان لێ یاساخ کردن. ئیسلامیش هاوسەرگیری نێوان ئیسلام و نا ئیسلامی لا پەسەند نییە. بەڵێ دنیا گۆڕا، ئەوانەی پێشتر نێچیر بوون، بوون بە راوکەر.

بە گەیشتنی سەتەی شەشهەم، ژیان لە رۆژئاوای ئیمپڕاتۆریای رۆم دا زۆر دژوار بوو بە تایبەتیش بۆ ئافرەتان، ناوچەکە ببوە پادشاگەری خێڵە جێڕمانکەکان، پیاوان فرەژنییان رەچاودەکرد و زۆر جارانیش لەگەڵ خزمی نەشیاودا. لەگەڵ ئەوەشدا کە رفاندنی ئافرەت نایاسایی بوو، پیاوان رەچاوی زۆرەملێ لێکردن، کوشتن، یان کوشتنی مێرد و داگیرکردنی ئافرەتان لە بەرەی شەڕدا و بەزۆر مارەکردنیان کردووە. ئاژاوەکان و ئەم کردارە ناڕەوایانەی پیاوان پاڵنەر بوو کەسانێکی زۆر رووبکەنە چۆڵەوانی بۆ ئەوەی لەسەر رێبازی ئاینەکە بڕۆنە رێوە، لەو بوارەشدا ئافرەتان زیاتر لە پیاوان هاندەر بوون. لە ئەنجامدا لەسەرتاپای رۆژئاوای کۆنە ئیمپڕاتۆریای رۆم دا، لە ئیتالیاوە هەتا باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلستان، کۆمەڵگەی ئاینی مەسیحی گەورە و مۆنستێری خاوەن دەسەڵات پەیدا بوون کە لەلایەن سەرەک پەرستگەیەکی ئافرەتەوە” ئابێس abbess” ەوە دەبرانە رێوە. زۆر لەو مۆنستێرانە بوونە خاوەنی زوەیوزارێکی زۆر کە هەزاران کەس کاری تێدا دەکرد و بەو هۆیەشەوە زۆر لە ئابێسەکان بوونە کەساێتی و خاوەن دەسەڵاتی سیاسی.. لە لایەکی دیکەشەوە مۆنستێرەکان، بوونە نێوەندی خوێندن و هۆی پێگەیاندنی سکۆلار و هۆزانڤان و مێژوونووسی سەردەمی رۆم. ئەو دەسەڵاتەی کە لەو سەردەمەدا هێندێک ئافرەت بە توانای خۆیان بەدەسیان هێنابوو، لە دنیای مەسیحاێتیدا، لە ناخی پیاواندارقبونەوەی لە ئافرەت خەستکردەوە. بەڵام لە راستیدا ئەو رقبوونەوە دڕندەییە لە ئافرەت ریشاڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جودێیا و یۆنان. لە جوودیزم دا، ئافرەت پیاو فریودەدات بۆ بێ تاعەتی، هەر ئەوەش لە مەسیحاێتیدا بە تاوانی گەورە ناوبراوە، لە نەریتی یۆنانیشدا، ئافرەت بوونەوەرێکی نزمە و نێرینەیەکی شێواوە. ئەو رقبوونەوەیەی بەناوی” پاوڵ” وە لە تێستامێنتی نوێ” ئینجیل” دا لە ئافرەتان هاتووە. بە ئافرەت دەڵێ: بەبێدەنگی فێری ملکەچی بن رێگە پیشاندەر و دەسەڵاتدار نەبن بەسەر پیاوەوە. هەروەها” پیتەر” یش دەیەوێت ئافرەت؛ ملکەچ و سادە بن و خۆیان نەڕازێننەوە. ( پیتەر و پاوڵ، دوو هاوەڵێ مەسیح و دواتر نامەبەری مەسیحاێتی بوون، …………… نووسەر.) بەپێی بۆچوونەکانی” تیمۆسی و تیتوس” کە لە تێستامێنتی نوێدا هاتوون، تەنها پیاو بۆی هەیە ببێتە سەرەک قەشە/ بیشۆپ. هێندێکی دیکەش پیاو لە پلەیەکی بەرزتر و کارادا دەبینن و ئافرەتیش بە نزمتر و ناکارا/ پاسیڤ. )تێرتولیان – Tertullian 160 – 220) کە سیۆلۆجیستێکی گەورەی مەسیحاێتییە و بە دۆزرەوەی مەسیحاێتی رۆژئاوی ئیمپڕاتۆریای رۆمی ئەو کاتەیە، دەربارەی ئافرەت نووسیوێتی( تۆ دەرگای هاتنەژوورەوەی شەیتانی، تۆ کلیلی کردنەوەی ئەو دارە حەرامکراوەی. تۆ یەکەم پشتگوێخەری یاسای ئاسمانی. تۆ ئەوەی کە ئەوەت رازیکرد کە شەیتان نەیدەوێرا هێرشی بکاتە سەر. تۆ وابە ئاسانی هێمای خودا- پیاوت، شکاند. لەسەر سزادانی تۆ، کە شایستی، کوڕی خواش پێویست بوو بمرێت.) ……. A History of their own p 79

هەرچەندە تێرتولیان، لە سەرەتاوە وەک زەندیق و لادەر لە ئاینەکە سەیر دەکرا، وەلێ لە دواییدا بوو بە باوکی مەسیحاێتی دنیای لاتینی. وەک دەزانین مەسیحاێتی لە رۆژئاواوە گەڕایەوە رۆژهاڵات و بە دنیادا بڵاو بووەوە. تۆ سەیرکە ئەو باوەڕە چۆن هەمو تاوانێک کە پیاو کردووێتی هەتا دەگاتە دەرکردنیشی لە بەهەشت، لە ملی ئافرەتەوە دەئاڵێنێت؟ ئەوجا هەموو قەشە و فەقێکان لەو کاتەوە چڵێسی جنسی و گەندەڵییەکانی خۆیان لە ملی ئافرەتەوە دەئاڵێنن. ئیدی نەک دایە حەووا، هەموو ئافرت بوو بە شتێکی پیس، هەتا کار گەیشتە ئەوەی ئافرەت کە خوێنی مانگانەی هات لە کۆمەڵگە دووربخرێتەوە. لە وەڵامی گریگۆریدا، کە دەڵێ” چوونکە خوێنی مانگانە کارێکی بێ تاوانی سروشتییە، پێویست نییە ئافرەت لەو کاتەدا لە کۆمەڵ دووربخرێتەوە” جێڕۆمی دەڵێ ” هیچ شتێک لە ئافرەتی بە عوزر پیستر نییە، ………………. دەست لە هەر شتێکەوە بدات، پیسی دەکات”. بە گەیشتنی سەتەی سێهەم ئافرەت بۆی نەبووە لە میحراب نزیک ببێتەوە. لە کۆتایی سەتەی شەشدا، مەسیحاێتیش، ئەو باوەڕەی جوودیزمیشی هەڵگرتەوە کە پێی وایە زان پیسی لەخۆدەگرێت و دەبێت لە لایەن قەشەیەکەوە پاک بکرێتەوە. ئەو بڕوایە جێگیر بوو کە پیاو گەورەی ئافرەتە، ئافرەت دەبێ بە ئارام بێت، بێ دەنگ، نەرم، تووڕە نەبێت و لەماڵەوە دانیشێت.

کڵێسەی، یۆنانی/ رۆژهەڵاتی و لاتینی/ رۆژئاویی، لێکدی جیابوونەوە. پاپایەکی رۆم پێویستی بە یاریدەی میلیتاری هەبوو. لەبەر ئەوە لە ساڵی 800 دا، شاڕلەمان کە ئەفسەرێکی فڕانسایی بوو، کردە، ئیمپڕاتۆری، ئیمپڕاتۆریای پیرۆزی ڕۆم و سەرلەنوێ کڵێسەی لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا رێکخستەوە، بەڵام ئافرەتی لێ وەدەرنا. پیاوە ئاینییەکان دووپاتی گوتەکانی” پاوڵ” یان دەکردەوە کە ئافرەت نابێت رێنمایی پیاو بکات یان دەستی بەسەریدا زاڵ بێت. شاڕلەمان، نزیکبوونەوەی جنسی نێر و مێی لە مۆناستێرەکاندا سنووردار کرد، فەرمانی دا راهیب و خوشکان بەجیا بژین. رێگەی لە خوشکانی ئاینی گرت ببنە فێرکاری منداڵان. ئیدی هەموو ئیش و کاری کڵێسە درایە دەست” بیشۆپ” ە کان. لە ناوەڕاستی سەتەی یازدەدا، کڵێسە هەوڵی دا چۆک بە فەرمانڕەوا عەلمانییەکان دابدات بەو نیازەی ئەورووپا بخاتە ژێر دەستی خۆی. پاپا” گریگۆری” حەوتەم و” ئوربان” ی دووهەم، هەموو ئەو سەرۆک کڵێسا و دەسەڵاتدارانەی سەر بەوان نەبوون پاککردەوە و ئەو ناوچەیەی ناونرابوو” ئیمپڕاتۆریای پیرۆزی رۆم” بە تەواوی کەوتە ژێر دەستی پاپا. پاپا گریگۆری لە هەوڵەکەیدا بەڵێنی گۆڕانکاری دابوو، بەتایبەتیش لە ژیانی هاوسەرگیری پیاوە ئاینییەکان/ قەشەکاندا. قەشەکان ژیانی رەبەنییان لا پەسەند نەبوو. لە سەتەی دەهەم دا کە داوایان لێ کرا واز لە هاوسەرگیری بهێنن، قەشەکان بیانوویان ئەوەبوو کە بەبێ هاوسەر برسی و رووتوقووت دەبن. راستییەکەشی هەر وەهابوو، لەو سەردەمەدا ژنە قەشەکان بە رەنجی شانی خۆیان مێردە بێ بەرهەمەکانیانیان بەخێو دەکرد. کەچی سەرباری ئەوەش کڵێسە ژنی قەشەکانی بەوە تاوانبار دەکرد کە پارەی کڵێسە بەفیڕۆ دەدەن. لە کۆتاییدا قەشەی کاسۆلیک هاوسەرگیری لێ یاساخ کرا. لەڕاستیدا رێگەگرتن لە هاوسەرگیری قەشەکان، کارێک نەبوو دژی خودی قەشەکان، بەڵکو هەنگاوێک بوو بۆ دوورخستنەوەی ئافرەت لە کاروباری کڵێسە. هەنگاوی دووهەمی پاککردنەوەی کڵێسە لە ئافرەتان ئەوە بووە کە رێگەی خێرکردن بە پیاوی ئاینی و کڵێسە لە ئافرەتان یاساخ کراوە. سەیر لەوەدایە کە ئافرەتی دەسەڵاتدار هەبوون وەک” بیترس Beatrice ی توسکانی و ماتیڵدای Matilda” کچی پشتگیری پاپایان کردووە. بۆخۆیان کاریان لەسەر کپکردنی دەنگی ئافرەت کردووە لە کڵێسەدا.

ئەو کڵێسایەی ئافرەتان کارێکی زۆریان لە بنیاتنانیدا کردووە و خۆیشیان لەسەر بەکوشت داوە، رێگەی لێ گرتن ببنە ئەندامێکی کارا تێیدا، هەر ئەو کڵێسەیەی لە سەرەتاوە دەیگوت نێر و مێ هاوتان، دواتر گوتی، مەبەست لە دوای مردنە – ئەوەدنیا.

ماویەتی

سەرچاوەکان

William F. Albright, From the stone age to Christianity, Baltimore 1940

Gerda Lerner, The creation of patriarchy, Oxford University Press, 1986

Anderson, Bonnie S, and Judith P. Zinsser. A History of their own, New York: Harper & Row 1988

Marilyn French. From Eave to Dawn, A history of women, vol 1 2002

بەشە پێوەندیدارەکانی؛ تەوڕات و ئینجیل و قوئان.

18/4/2013

2,855 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست