کامیار صابیر : کاندید بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

 خۆکوژیی سیاسیی

لەهەلومەرجی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، دۆخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەیە ، بۆ رووبەڕووبوونەی دەسەڵات و پیاوانی دەوڵەت ، پێویستە ئۆپۆزیسۆن ، پیاوی بەتوانا و خاوەن کاریزما و شەهامەتی سیاسیی هەبێت . ئەم دۆخە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە ، دەیان پاشخانی دینیی، عەشایەریی ، مێگەلیی ، رەشۆکییبوونی زۆرینە و چاولەدەستیی و خۆبەبچووکزانیی ……… تاد , لە ناخی زۆرینەی تاکەکاندا هەیە .  پێمان خۆش بێت یان ناخۆش ، ئەم دۆخە لە هەرێمی کوردستاندا لە لووتکەدایە .

لەنێو هەموو ئەو کاندیدانەی تا ئێستا بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ کاندیدی پارتییدا ( بارزانیی بێت ، یان هەر کەسێکی تر لە بنەماڵەکەی ) پێشنیارکراون ، هەموویان وەک خۆکوژیی سیاسیی یان وەک گاڵتەی منداڵان ئەژمارد دەکرێن . هۆکاری ئەمانە لەم چەند خاڵەدا روون دەکەمەوە :

1. بە خۆتەکاندن لە هەژموونی ئایدیۆلۆژیا ، دەکرێ کەسێکی وەک مامۆستا سەڵاحەدین ، ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی ببێ بە کاندیدی سەرۆکی هەرێم ، بەڵام ئایا ( م . سەڵاحەدین ) ئەو جورئەت و عەقڵانییەتە سیاسییەی بەتەواویی هەیە ، لای کەم دەستبەرداری ئایدیۆلۆژیاکەی ببێت و بەرژەوندیی گشتیی بخاتە پێش ئایدیۆلۆژیاکەیەوە ؟ بەسەیرکردنێکی خێرای پرۆژەی ئیخوانییەکان ، مرۆڤ تووشی شۆک دەبێت ، ئەگەر بڕوای بەوە هەبێت ، ئەم کەسایەتییە ، لەتوانایدا هەبێت و لەبەر خاتری بەرژەوەندیی گشتیی و خەڵکی کوردستان ئەم میتۆدە سیاسیی و فیکرییە پێڕۆ بکات .

هاوکات ، بەدرێژایی مێژووی یەکگرتووی ئیسلامیی و زۆربەی هێزە ئیسلامییەکانی تر، هەمیشە لە سیاسەتەکانی پارتییەوە نزیک بوونە ، بەتایبەتی لەگەڵ ماڵی بارزانییدا ، بچووکترین کێشەی سیاسیی و دینیی و پێکەوە گونجانیان نەبووە . ئەو ستەم و راونان و بارەگا سووتاندنانەی لەژێر قەڵەمڕەویی پارتییدا دژ بە ئیسلامییەکان کراوە ، تەنیا بۆ ئەوە بووە کە پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر رانەکێشن . هەرگیز بۆ ئەوە نەبووە کە تەرەیان بکەن و دژایەتییان بکەن . تا ئەم ساتەش ، بەشێکی زۆر لەمەلاکانی کوردستان ، لەنێوان سیاسەتەکانی یەکگرتوو و پارتییدا ، زۆر ئەستەمە لێک جودا بکرێنەوە . نموونەیەکی بەرچاو بهێنینەوە . مەلابەشیری کۆنە دۆستی یەکگرتوو ، ئەندام پارلەمانی ئێستای پارتیی ، یەکێکە لەو دەیان مەلایەی ، بە زەڕەبینیش سیاسەت و بەرنامە و ئیرشاداتەکانیان لێک جودا ناکرێنەوە . تازەترین شەکرشکاندنیش، ، یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی ، لەسەر فەخامەتی بارزانیی بەناوی دڵشاد گەرمیانیی، شکاندی .

هاوکات ، تەنیا لۆبییەکی بچووک لەناو پارتییدا ، دژایەتیی ئیسلامییەکان بە گشتیی بکەن ، لۆبیی کۆنە شیوعیی و چەپەکانە . ئەم لۆبییەش ، بە تەواویی رامکراون و ناوبەناو بە رۆبۆت بۆ هەندێ ئەجێندای حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی لە هەڕەمی سەرەوەی دەسەڵاتی ناو پارتییەوە دەجوڵێنرێن و زووش پاتریی لە رۆبۆتەکانیان دەردەهێنرێت و خامۆش دەبنەوە . بەم پێودانگانە ، هەست ناکرێ ، بنکەی حیزبیی و جەماوەریی ، پارتیی و ئیسلامییەکان زۆر جیاوازییان هەبێت . تەنیا گەنجەکانی ناو هێزە ئیسلامییەکان کەمێک بزۆزن و جەریئانەتر لەسەرکردایەتییەکەیان رەخنە دەگرن ، بەڵام توانای جوڵاندنی ئاراستە سیاسییەکانیان نییە .

2. گەرەنتی ئەوە چۆن دەدرێت ، پێش هەڵبژاردن بەچەند هەفتەیەک ، (م . سەڵاحەدین) بە دوو دەعوەتی بارزانیی و برازاکەی ، لە کاندیدکردن پاشەکشە ناکات و ئۆپۆزیسیۆنیش بەگشتیی خەجاڵەتبار ناکات ؟ رابردووپاکیی و دەستپاکیی و دەست سوورنەبوون بەخوێن ، هەموویان خاڵی گەشی هەرکەسێکن ، خەریکی سیاسەت بێت ، بەڵام ئایا  ” م . سەڵاحەدین  ” جورئەتی ئەوەی هەیە لەبەرامبەر دەسەڵات و ماڵی بارزانییدا ، نایەکی بەرز ، بەنەفەسێکی دوور و درێژەوە ، هەڵبکێشێ و بیداتەوە و تەحەدایان بکات ؟ ئایا ئەو هێزە جەماوەرییەی ( حیزبیی و رای گشتیی ) بۆ ئەم زۆرانبازییەی هەڵبژاردن لەگەڵدا دەبێت؟

کۆمەڵگەی کوردیی ، راستە زۆربەی موسڵمانە ، بەڵام ئیسلامییەکان کەمینەن . لەبەرامبەردا زۆرینەی هەرێمی کوردستان ، خەڵکانی لیبراڵ ، ئازادییخوازی مەدەنیی ، سێکیولار ، چەپ ، زانستخواز و نەوەی نوێن ، کە گاڵتە بە هەموو موقەدەساتە ترادیسیۆنییەکان دەکەن . ناکرێ کاندیدی کەمینەیەک ، بکرێ بە کاندیدی سەرەکیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی سیاسیی لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی هەرێمدا . ئەمە خۆکوژییەکی سیاسییە ، بۆ ئۆپۆزیسیۆن بەگشتیی و گۆڕان بەتایبەتیی .

3 . کاندیدەکانی تر، لە تەکنۆکراتەکان و ئەکادیمست و رۆشنبیرەکان و سیاسییە خاوێنەکان بن ! ئەم پێشنیارەیان ، زیاتر لە گەمەی منداڵان و پێدانی مەمە مژەک بەمنداڵ دەچێت . راستە دەیان تەکنۆکرات و کەسانی ئەکادیمیست و رۆشنبیری باشمان هەیە ، بەڵام توانای مۆبەڵایزکردنی جەماوەریان نییە . لەسیاسەتدا مۆبەڵایزی خەڵک ، یەکێکە لە کارێکتەرە سەرەکییەکانی تەحەداکردن و بردنەوە و شکستهێنان بە بەرامبەرەکانت . تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بە گشتییش بچنە پشت یەک کاندیدی تەکنۆکراتەوە ، بەدڵنیاییەوە ، سەرکەوتن بەدەست ناهێنن . زۆر ئەستەمە کاندیدێکی نیشتمانیی ( نەک نەتەوەیی) هەبێت ، کە بتوانێ لای کەم زۆرینەی جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ناڕازیی بەلای خۆیدا رابکێشێت و دەنگی پێ بدەن . وێڕای ئەوەی ترسی ئەوەش دەبێت هەبێت ، کەسایەتییەکی لەم چەشنە ئەگەر ئەو پۆستەش بەرێتەوە ، دەسەڵاتی ئێستا، پارە و هێزی لەژێر دەستدایە ، ئەگەر بە دەیان میلیۆن دۆلارێکیش نەکڕدرێت ، ئەوە پێکەوە ، بە پارەو بە زەبری هێز و ترساندن ، رامی دەکەن و ماڵیی دەکەن .

4 . ئەگەر ئۆپۆزیسۆن بە گشتیی و گۆڕان بە تایبەتیی ، دەیانەوێ ئەم هەڵبژاردنە بەجدیی ببەنەوە ، پێویستە نەوشیروان مستەفا ، واز لە عەقڵیەتی پۆست وەرنەگرتن بهێنێت . تەنیا کەسێک لە کوردستاندا ، پڕاوپڕ بشێت بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم ، فیت و قیت بێت بۆ ئەم پۆستە ، خودی نەوشیروان خۆیەتی . ئەمجۆرە قودسیەتدانە بە نەوشیروان ، لەلایەن هەندێ ماستاوچیی و خۆبەرەپێشەوە ، گوایە نەوشیروان پۆست وەرناگرێ و حەزی بە پۆست و مەقام و دەسەڵات نییە ، بڕوای بە سیستمی پارلەمانییە و رەخنەی لە سیستمی سەرۆکایەتیی هەیە ، جگە لە تەقدیسکردن ، ئەفسانەتاشینێکی زۆر بێتامیشە . دۆڕاندنی نەوشیروان ، کۆتایی تەمەنی سیاسیی ئەو نابێت ، بگرە تەوژمێکی سیاسیی ئەوەندە گەورە دەدات بە هەڵبژاردنەکان ، کە گۆڕان وەک حیزب چانسی بردنەوەی بەتەواویی دەچێتە سەرەوە . نەوشیروان دەبێت جورئەت لەخۆی نیشان بدات و لە ئاخیری تەمەنی خۆیدا ، لەڕێگەی دەنگدانەوە ، تەحەدای دەسەڵات و ماڵی بارزانیی بکات و لەوێوە دەستور و سیستمی سیاسیی بگۆڕێت .

5 . هیچ کاندیدیک ، نە ( م .سەڵاحەدین) و نە هیچ کاندیدێکی تر ، جگە لە نەوشیروان مستەفا ، توانای ئەوەیان نییە ، لەباری سایکۆلۆژیی و فیکریی و مۆراڵییەوە ، بتوانن دڵ و دەروونی لایەنگران و رێکخستنەکانی یەکێتیی (  لەخوارەوە ، نەک لەسەرەوە ، چونکە زۆربەی سەرکردایەتیی یەکێتیی لەلایەن پارتییەوە ، بە پارەی زۆر کڕدراون ) بەلای خۆیاندا رابکێشن . یەکێتیی ئەمڕۆ ، وەک حیزب و سیاسەت و سەرکردایەتییەکەی ، جگە لە مەئمور وموریدی پارتیی و پاشکۆی سیاسەتەکانی بارزانیی ، شتێکی تر نیین . لەکاتێکدا ، جەماوەری یەکێتیی لەناخەوە قوڵپ دەدەن و خۆیان دەکرۆژنەوە ، تەنیا و تەنیا نەوشیروان دەتوانێ ، سەرنجیان بەلای خۆیدا رابکێشێت . بەبێ باڵانسێکی لەمجۆرە ، بەبێ لەبەرچاونەگرتنی داخ لەدڵیی رێکخستنەکانی یەکێتیی و جەماوەرە تەرەکەی یەکێتیی ، هیچ کاندیدێک چانسی بردنەوەی ئەم پۆستەی نییە .

 6. گۆڕان ،  دەبێ زۆر باش لەوە ئاگادار بێت ، رێکخستنەکانی خۆی ، جەماوەرەکەی خۆی ، زۆرترینیان کەسانی عەلمانیی و مەدەنیی و مۆدێرنن . زۆرینەی ئەم هێزەش لە ریزی گەنجانی کوڕوكچدایە ، بۆیە وێڕای ئەوەی کاندیدی باکگراوند دینیی ، ناتوانێ ، سەرنجی جەماوەر و رێکخستنەکانی یەکێتیی بەلای خۆیدا رابکێشێت ، بەڵکو ناتوانێ سەرنجی زۆرینەی جەماوەر و رێکخستنەکانی گۆڕانیش بەلای خۆیدا رابکێشێت . بۆ هەر کاندیدێکی تریش (  تەکنۆکرات و رۆشنبیرو ئەکادیمیست ) ، هەمان هاوکێشە دروستە  . 

7 . خۆکاندیدیکردنی نەوشیروان، زەخمێکی گەورە بە سەرجەم پرۆسێسی هەڵبژاردن دەدات . سەتان (سەدان ) هەزار کەس لە کوردستاندا ، کە تەواو وەڕەس بوونە لە درۆی سیاسییەکان و قاچاغچییەکانی نەوت و تاڵانکردنی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک سەرۆک و بنەماڵە و بەرەبابەوە ، بێئومێدییەکی قەترانیی لە ناخیاندا ، کەڕووی کردووە و هیوایان بەهیچ نەماوە و ئامادە نیین بچنە سەر سندووقی هەڵبژاردنەکان . نەوشیروان مستەفا دەتوانێ ئەو هیوایەیان بۆ بگێڕێتەوە و بەلێشاو بیانهێنێت بۆ دەنگدان .

8 . نەیارەکانی نەوشیروان مستەفا لەم هەڵبژاردنەدا ، کێ دەبن ؟ گومانی تێدا نییە ، پارتیی بەهەموو هەژموونی خۆیەوە لە بەرامبەر نەوشیرواندا دەوەستێتەوە . هەروەها هەندێک لە مەلا فەندەمێنتالیست و ئیسلامییە رادیکاڵەکان و سەلەفییەکان ، هەندێک شیوعیی و کۆمۆنیستی عەیار قورس ( عیارثقیل) ی ئایدیۆلۆژیی لەگەڵ هەندێک لەو کوردە پرۆکسیانەی کوردستانی رۆژهەڵا ت ، کە پارتیی ، کەرامەت و شەهامەت و فیکر و ئەخلاقیانی بە پارە کڕیوە ، دژایەتیی دەکەن . لەبەرامبەریشدا زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان ، دەچنە پاڵ نەوشیروان و ئۆپۆزیسیۆنەوە . ئەمەش عەدالەتی هەڵبژاردنێکی پڕ لەباڵانس دەبەخشێت  .

9. رقی زۆرینەی خەڵکی کوردستان ، لەدەسەڵات ، لە پارتیی و یەکێتیی ، لەسەر دزیی سامانی گشتیی و گەندەڵیی و خزمخزمێنە و قۆرغکردنی زۆربەی کایەکانی ژیانە لەلایەن کەسانی حیزبیی فاشیلەوە ، سەرچاوەی گرتووە . نەوشیروان ، ئەگەر میلیۆنێریش بێت لە ئێستادا ، لە چاوی زۆرینەی خەڵکدا ، بە کەسێکی دەستپاک و خاکیی و سادە ناسراوە . بەنەفسبەرز ناسراوە لەبەرامبەر پارەو پۆستدا ، بەکەسێکی نیشتمانیی ناسراوە ، بەسیاسییەکی قسە لە روو ، حەق و رەق ناسراوە . ئەم پیاوە سیاسییە ، دەتوانێ هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان بگۆڕێت لە قۆناغی یەکەمدا ، ئەگەر بە فۆرماڵییش بێت ، دەتوانێ دەسەڵات و پارە لەدەست پارتیی و یەکێتیی بسەنێتەوە .

10. رۆماننووسی ئەمێریکایی ، فرانک هێربرت Frank Herbert لە رۆمانی ( تەپۆڵکەی لم – Dune ) دا دەڵێت ” دەسەڵات ، دزو بەرتیلخۆرەکان بەلای خۆیدا رادەکێشێت ، گومانت لەهەرکەسێک هەبێت ، توخنی دەسەڵات بکەوێت “. زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش مافی خۆیانە گومانیان لەهەر کەسێک هەبێت ، توخنی ئەو پۆستە بکەوێت و خۆی بۆ کاندید بکات ، جگە لە نەوشیروان مستەفا نەبێت ، لای کەم لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا . وێڕای هەر سەرنجێک لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم و پەژراندنی سیستمی پارلەمانیی بەسەر سەرۆکایەتییدا ، بەڵام ئەگەر نەوشیروان خۆی کاندید نەکات ، ئۆپۆزیسیۆن بە گشتیی و گۆڕان بەتایبەتیی ، دەچێتە شەڕێکەوە، وەک خۆکوژیی سیاسیی بە ئەژمارد دێت  .

1,714 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست