Newshirwan-3

کامیار سابیر : فۆبیا لە نەوشیروان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە وتاری پێشوومدا ” کاندید بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم : خۆکوژیی سیاسیی ” ، کۆمەڵێک دۆست و برادەر و نەیاری فیکریی و سیاسیی ، رەخنەی ئەوە دەگرن، کە گوایە من زۆر موعجیبی نەوشیروانم و داکۆکییەکی ئاشکرا لە گۆڕان دەکەم و وەک کادیرێکی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان مامەڵە دەکەم و لایەنە مۆراڵیی و ئێتیکییەکانی( ئێسیک) نووسین و سەربەخۆییم لەدەست داوە ! بۆ ئەوەی سەری خوێنەر نەیەشێم و بەیەک پارەگرافی دوورودرێژ و پێکەوەنووساو هەموو شتەکان نەنووسم ، بەم خاڵانەی خوارەوە ، هەندێکی تر، ئەو لیخناوەی “سیاسەتی کوردیی “….. لێڵتر “رۆشنتر” دەکەمەوە .

1. بەشێوەیەکی نیمچە رەسمیی ، من لە لایەن میدیای گۆڕانەوە ، بایکۆتکراوم و هیچم بۆ بڵاو ناکەنەوە . هۆکارەکەی نازانم ، جگە لەوەی رەخنەم لە ئەدای هەندێ کادیر و ماستاوچیی و ئەو هەلپەرستانەی غەمی پۆست و پارە و مەقام ، سەری گەرمکردوون ، گرتووە . ئەم نووسینەم ( لینکەکەی لەخوار ئەم خاڵەوە ، دادەنێم ) ، ئەندام پارلەمانێکی گۆڕان ، گوتی بۆ نەتناردووە بۆ سایتی سبەی ، گوتم ئەوە لەسەر داوای تۆ دەینێرم ، بڵاویان نەکردەوە ! تەحەدای هەموو گۆڕان و کادیرە زۆروبۆرەکانیان دەکەم ، لەئاست مەسەلەی گەندەڵیی و تایبەتمەندیی ئەوانەی سیاسەت دەکەن و دەبنە سیمبۆڵی گۆڕان لە سیاسەتی کوردییدا ( بەتایبەت بابەتی کاندیدەکانی هەڵبژاردن) کەسێک ئەوەندە بەوردیی بابەتی ناو ئەم لینکەی ، چۆڕاندبێتەوە . ڕەهێڵپۆســــــــــت  .

2. ئەوە زۆر راستە ، کایەی سیاسیی ، زەلکاوێکی زۆر بۆگەنە لە کوردستاندا ، هەر ئەوندە هەڵپلای خراپ نغرۆی لیتاوی دزیی و گەندەڵیی و درۆ و ملشکاندن و بێمۆراڵیی و بێ پرەنسیپیی دەبیتەوە . لەکاتێکدا …. بەشێکی بەرچاو لەو رۆشنبیر و نووسەرانەی، بە پرۆژەی فیکریی و ئەڵتەرناتیڤی سیاسیی و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانییەوە ، قازانەکانیان لێی دەڕژێتەوە ، ئەی بۆچیی ناوێرن یان نایانەوێت لەسەرپرسی کاندیدکردنی کەسێک ، قسەیەکی حیسابیی بکەن ؟ ئایا بڕوابوون بە پرۆژەی دێمۆکراسیی و هەڵبژاردن ، بەدەستاودەستکردنی سیاسەت و بەرکەنارخستنی سیاسییە فاشیلەکان ، و ئاڵتەرناتیڤی سیاسیی ، هیچ مانایەکی دەمێنێتەوە، ئەگەر بە تەوژمێکی بەهێزەوە بەشداریی لەهەڵبژاردنەکاندا نەکرێت؟ بەبڕاوی من، پارتیی و دەسەڵات، پێیانخۆشە، رۆشنبیر و چالاکوانە سیاسیی و مەدەنییەکان ، لەئاست ئەم پرسە هەستیارەدا ، خەریکی پرۆژەی فیکریی و مەعریفیی بن و هیچ قسەیەک لەسەر ئەم عەنتەریاتە سیاسیی و خێڵەکیی و عەشایەریی و کەڵەگاییەی چەند بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند ( لەسەر حیسابی ئەنفال و هەڵەبجە و کێشەی کورد ) نەکرێت . هەرەوها هەموو ئەوانەی تانە لە نەوشیروان دەدەن و فۆبیایان هەیە بەرامبەری، خزمەتێکی خۆڕایی بە پارتیی و دەسەڵات دەکەن .

3. من فۆبیام بەرامبەر نەوشیروان نییە، وەک هەندێ لە (ئیسلامییە رادیکاڵەکان و شیوعییە دێرینەکان و کۆمۆنیستە فەندەمێنتالیستەکان و پارتییەکانی ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و رۆشنبیرە دوالیستەکان) هەیانە. نووسینی زۆر توند و تیژم لەسەر خودی نەوشیروان هەیە، لە ٢٠٠٩ و ٢٠١٠، لە “ئاوێنە”دا بڵاوبوونەتەوە و رەخنەم لە دید و هەڵسوکەوتی سیاسیی و کولتووریی ئەو گرتووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بۆ باڵانسی سیاسیی لەئەمڕۆی هەرێمدا، باشترین کاندیدە کە بتوانێ هەژموونی حوکمی بنەماڵەیی و عەشایەریی، لە دەسەڵاتی سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمدا بخاتە کەنارەوە .

4. بە نەغمەی گشتیی و بە هێڵێ پان و مەعریفەی بەرین و فیکری راڤەکارەوە رەخنە ناگرم . بەشەفافیی و رێکوڕەوان رەخنە دەگرم . بەئاشکرا دژایەتی هەموو ئایدیۆلۆژیاکان دەکەم و لەسەروو هەمووشیانەوە ( ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسیی و کۆمۆنیزم ) . لەکاتێکدا زۆر نووسەر و رۆشنبیرمان هەیە ، دنیایەک نووسینیان لەسەر ئیسلام و فیکری ئیسلامیی هەیە ، کەچیی کەس نازانێ ، خۆیان چۆن لە ئیسلامی سیاسیی دەڕوانن ؟ لەسەر ناسیۆنالیزم ، چەندین کتێب ( کۆکردنەوەی ستوون وسێمینار و وتار )یان هەیە ، کەس نازانێ ئایا ناسیۆنالیستن ، یان رەتی دەکەنەوە .

ئەمجۆرە نووسەر و رۆشنبیرانە ، تەنیا بە گیان کۆمۆنیزم خڕن ، چونکە کۆمۆنیزم ( بزوتنەوەی کرێکاریی ناڵێم ) گڵۆڵەی لە لێژییە لە جیهاندا و لە ئاستی کوردستانیشدا هێز و دەسەڵاتێکی ماددی و مەعنەویان لەپشتەوە نییە . هەروەها ترسی ئەوەیان نییە کە جەماوەری خوێنەر لەدەست بدەن ، چونکە زۆربەی خوێنەری ئێمە جەڵەبیی بیردەکەنەوە . ئەمجۆرە نووسەرانە تەواو خۆیان ساغکردووەتەوە کە ئەنتی کۆمۆنیست و مارکسیست و بۆڵشەفیزمن ، بەڵام لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی و ناسیۆنالیزمە عەشایەرییەکەی کورددا ، هەر منگەمنگیانە و بۆڵەبۆڵی مەعریفیی و فیکریی دەکەن . هەرچەندە من لەگەڵ بۆچوونە بەیەکداچڕژاوەکانی ژیژەکی فەیلەسووفدا هاوڕا نییم ، بەڵام ئەو پیاوە شەهامەت و شەخسیەتێکی بەهێزی هەیەو بە ئاشکرا دەڵێ کۆمۆنیستم ، بەپێچەوانەی نووسەر و رۆشنبیرە زۆر بڵێکانی کوردەوە، خۆیان لەهەمبەر ئایدیۆلۆژیاکاندا ساغ ناکەنەوە و موجامەلات و کوردەنامووسیی دەکەن .

5. به‌شێکی زۆری رۆشنبیر و نووسه‌ری کورد، بۆ خۆگه‌وره‌کردن و و پۆزلێدان ، بۆ ئه‌دای نێرگسیی و ریتۆریکی خۆبه‌زلزانیی ، به‌شتی گشتییه‌وه‌ فه‌زای کۆمه‌ڵ سه‌رقاڵ ده‌که‌ن . نایانه‌وێ ده‌خاله‌ت له‌سیاسه‌ت بکه‌ن ، له‌کاتێکدا سیاسه‌ت هه‌موو کایه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ژیان و جڤاکی کوردیی داگیرکردووه‌ . برغوو نەماوە، سیاسەت شلی نەکاتەوە ، بەڵام بۆ خۆنه‌بانکردن هه‌میشه‌ له‌کاته‌ هه‌ستیار و پێویسته‌کاندا ، ده‌چن خه‌ریکی کایه‌ فه‌لسه‌فیی و مه‌عریفیی و فیکرییه‌کان ده‌بن و ریشسپییانه ‌، ریتۆریکی ئه‌کادیمیی تەخشان دەکەن . له‌ کاتێکدا له‌م کاته‌ هه‌ستیاره‌دا ده‌بێ قسه‌ی جدیی و شه‌فاف و راشکاوانه‌ بکه‌ن ، ئایا هه‌ڵبژاردن مانایه‌کی ده‌مێنێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر یه‌که‌مین که‌سی گۆڕان ، به‌بیانووی ته‌مه‌ن له‌سه‌ریی و سه‌رقاڵیی و ناساغییه‌وه ‌، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی بڕوای به‌سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم نییه‌ ، خۆی لە کاندیدکردن به‌دوور بگرێ ؟ ئایا گۆڕان ، بچێته‌ پشت هه‌ر کاندیدێکی تر ئه‌و زه‌خمه‌ سیاسییه‌ی ده‌بێت لەکاتێکدا ، نه‌وشیروان خۆی بێت ؟

6. لە وتاری پێشوومدا ، ئەم دەربڕینەم بەکار هێنا ” کاندیدەکانی تر ، لە تەکنۆکراتەکان و ئەکادیمست و رۆشنبیرەکان و سیاسییە خاوێنەکان بن ! ئەم پێشنیارەیان ، زیاتر لە گەمەی منداڵان و پێدانی مەمەمژەک بەمنداڵ دەچێت “. ئەم روانینە ، عەقڵیەتی پاتریارکیی بۆ نەوشیروان نییە ، مانای ئەوە نییە ، دەبێت باوکێک هەبێت دەست بەسەروگوێلاکماندا بهێنێت و رزگارمان بکات . من مەبەستم ئەوەبوو ، لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی هەرێمدا ، هەموو کاندیدەکان، جگە لە ” کەمال میراودەلیی”، ئەوەندەی لەگەمەی منداڵان دەچوون ، ئەوەندە لە کارێکتەری سیاسیی و تەنانەت کەسی جدییش نەدەچوون . مەبەستم ئەوە بوو ، ئەمجارەش ئەو جۆرە مەمەمژانە نەکرێتەوە بازاڕی سیاسیی و بەسەر خەڵکدا ساغبکرێنەوە .

ئەم رەخنەیە لەمن ، ( واتە مەمەمژەکم بەکارهێناوە ) لەباری فیکریی و مەعریفیی و عیرفانییەوە ، زۆر جوانە ، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع و ئەو دیفاکتۆ سیاسییە کولتوورییەی بەسەر هزری تاکی کوردەوەیە ، جگە لەقسەیەکی حەکیمانەی سەر سفرەیەکی رازاوە ، شتێکی تر نییە . هەموومان دەزانین ، کە کوردستان پڕە لە کەسانی باش و خاوەن هەڵوێست و رابردوو پاک و لێوانلێو لە کەسانی بوێر، بەڵام ئایا لە ناو گەلێکی وەک کورددا، تا ئێستا ناسیۆنالیزمە عەشایەریی و خێڵەکییەکەی توانایەکی لەڕادەبەدەری بۆ مۆبەڵایزکردنی تاکی کورد هەبێت، کە کەرکوک دەگێڕێتەوە! تەنیا ئەوان دەستی ئەمین و سەمامی ئەمانن( زمانەی دڵنیایی) بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان! رۆشنبیرەکانیشمان جورئەت نەکەن، بەڕاشکاویی ئەم گۆماوی ” ئەحمەقکردنەی تاکی کورد” بەتەواویی بشڵەقێنن، بەدڵنیاییەوە، کەسی رۆشنبیر و ئەکادیمیست و تەکنۆکرات، وەک گاڵتەی منداڵانی لێ دێت، ئەگەر خۆی هەڵببژێرێت و بکەوێتە بەرامبەر، بنەماڵەیەکی بەهەژموونی وەک ماڵی مەلا مستەفاوە و هەڵبژاردنیش دەبێتە گاڵتەی منداڵان .

7. با نموونەکە واقیعییتر بکەینەوە. هەڵبژاردنی پێشوو، کەسێکی وەک کوڕەکەی برایم ئەحمەد خۆی هەڵبژارد، جگە لەوەی گەمەیەکی تەکتکتیکیی یەکێتیی و پارتیی بوو، بەڵام ئایا ئەوە جگە لە منداڵ هەڵخەڵەتاندن و دانی مەمەمژە بەهەندێ گەمۆڕ و گەلحۆ، شتێکی تر هەبوو؟ ئەو پیاوە رۆبۆتە کە دۆڕابوو، دەچوو یەخەی کەمال میراودەلیی دەگرت، نەدەچوو رەخنە لە بارزانیی بگرێت، ئەو هەموو تەزویرەی کردبوو. هەروەها خۆکاندیدکردنی ئەو بێ پرۆفایلانەی تر، جگە لە ” وازیی منداڵانە” شتێکی تر هەبوو. بەدڵنیاییەوە ئەمجارەش هەرکەسێک خۆی کاندید بکات، تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەڕەسمییش بچێتە پشتییەوە و وەک کەمال میراودەلیی گورگانخواردی نەکەن، هەر چانسی سەرکەوتنی ئەستەم دەبێت، چونکە تەزویرکردن بۆ دەسەڵات زۆر ئاسان دەبێت، بەڵام ئەگەر نەوشیروان خۆی بێت، بە ئۆتۆماتیکیی جەماوەری یەکێتیی و زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکێکی زۆری ناڕازیی دێنە پشتیەوەو پارتییش جورئەت ناکات، بە قەبارەی پێشوو دەست بۆ ساختەکاریی ببات .

8. سەیرەکە لەوەدایە، ئەو رۆشنبیر و نووسەر و ژۆرناڵیستانەی، ئەو قسە فۆرماڵیی و مەعریفیی و فیکرییانە دەکەن، زۆربەیان پیاوی دەسەڵاتن و لەبنەوە ئەگەر نەشکڕدرابن، کەرامەتیان بە پارچە زەوییەک و بڕینەوەی مووچەی خانەنشینی فلیقێنردراوەتەوە. راستە سامانی نیشتمانیی و بودجەی گشتیی و خاکی کوردستان موڵکی هەمووانە و پێویستە هەموو کەس سوودی لێ ببنێت، بەڵام کاتێک من بەنووسین، دژایەتیی دێسپۆتیزمی دەسەڵاتی کوردیی بکەم، لەژێرەوەش بچم عەریزە بۆ کەسیفترین و نزمترین پیاوی حیزب بنووسم و داوای عەرزەی لێی بکەم، داوای مووچەی خانەنشینیی لێ بکەم و بە ناوی بڵاوکردنەوەی مەعریفەشەوە، بچم لە رۆژنامەو ئۆرگانە موخابەراتییەکانی ( پاراستن و زانیاریی) دا وتار و توێژینەوەی فیکریی! بنووسم، بۆ بڕێک پارەی گەندەڵیی کۆنتراکتیان لەگەڵدا بکەم، کە بەحیسان دژایەتی گەندەڵیی دەکەم، ئەوە ئەو کەسەی بڕوام پێ دەکات کە من دژایەتیی خزمخزمێنە و گەندەڵیی دەسەڵاتی کوردیی دەکەم، لەمن کەمترە!( نموونەی ئیفترازییم لەسەر خۆم هێناوەتەوە و تاقەتی شەڕی کەسم نییە ).

9. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە و ئەو خاڵانەی لە وتاری پێشوومدا ئاماژەم پێکردوون، تەنیا و تەنیا کەسێک لە توانایدا هەبێت ، کۆتایی بە سیلالەی حوکمی عەشایەریی و بنەماڵەیی بهێنێت لەڕێگەی هەڵبژاردن و مۆبەڵایزی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، نەوشیروانە. خۆزگە دەیان کەسایەتیی تر هەبوونایە ئەم توانایەیان هەبووایە، بەدڵنیاییەوە هەن، بەڵام توانای مۆبەڵایزکردن و ئاراستەکردنی رای زۆرینەیان نییە. بەداخەوە ئەمە بەرهەمی سیاسەت و کولتووری سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و بگرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. خۆزگە نەوەی نوێ( کە من ئیمانێکی زۆرم پێیان هەیە) بیانتوانیایە، ئەم هاوکێشانە قڵپ بکەنەوە، بەڵام بەداخەوە ناتوانن .

نەوەی نوێ دەکرێ رۆڵی کارا بگێڕن، دەکرێ جومگە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردن و کارگێڕیی و دانانی نەخشەو پلان لەئەستۆ بگرن، بەڵام لەم دۆخە سیاسییە تێکقرژاوەی کوردستاندا، تەنیا دوو کاندید دەتوانن ئەمە بکەن، ئەوانیش نەوشیروان، یان کاندیدێکی زۆر بەهێزی یەکێتیی دەتوانن ( گومانم هەیە لەوەی یەکێتیی یەک کەسایەتی بەهێزی تێدا مابێت، لەسەر نیوەیان لەلایەن پارتییەوە نەکڕدرابن). ئەوە بێجگە لەوەی یەكێتیی وەک حیزب، هێشتا خۆی ساغنەکردووەتەوە و هەر وەک لقێکی بۆڵەبۆڵکەری پارتیی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا دەکات .

10. خاڵێکی تر کە زۆر گرینگە، رەچاوکردنی دۆخی ئیقلیمییە. هیچ کەسێک بەئاسانیی نابێت بە سەرۆکی هەرێم ئەگەر رەزامەندیی ئێران و ئەمێریکا و عێراقی لەسەر نەبێت( تا رادەیەکیش تورکیە و جیهانی عەرەبیی). پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئیقلیمییەکان، لێرەدا خۆیان دەسەپێنن و وەک ئەمری واقیعیش یەخەی ئەو کاندیدە دەگرن. نەوشیروان، دەتوانێ لە نێو راکێشڕاکێشی ئەم پێوەندییانەدا، عەقلانییەتی سیاسیی بەکار بهێنێت، لەکاتێکدا ئەمە بۆ هەر کاندیدێکی تری ئۆپۆزیسیۆن زۆر سەخت دەبێت .

1,427 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست .