پشکۆنەجمەدین : قەیرانی سیاسیی کوردستان و شکاندنی لەمپەرەکان .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

کوردستانی باشوور، لە سەردەمی ڕاپەڕینەوە و تا ڕۆژگاری ئێستا ، قەیران بە قەیران دەسپێرێت و سیستێمە سیاسییەکەی ، لە نێوەندی تەنگژەکاندا ، گا توندوتیژ و خۆێناوی و گا بارگاوی بە خەسڵەتە نا تەندروستەکانی ، دەبزوێت .

ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان ، پاشی هەڵبژاردنەکانی هاوینی  2009، لە پێناوی بەنۆرماڵکردنی دەستەڵاتی سیاسی و جێگێرکردنی پرۆسەی دیموکراسی و بنیاتنانی سیستێمێکی یاساڕێژکراو، خولقاندنی فەزایەکی هێمنی دامودەسگایی بۆ کردنەوەی دەریچەیەک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و دابینکردنی جۆرێک لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەرین و فراونتر بوونە . تەمەنی چوارساڵانی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و بزێو، وێڕای کەلێن و کەموکوڕییەکانی، سیاسەتی بۆ نێو شەقام گێڕایەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هۆشیارتر و چالاکانە، لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارن . بەشداریی خەڵک ، بەو مانایەی ئاکتیڤترن لە خولقاندنی هێزی فشار بۆ سەر دەسەڵاتێک کە پاشی تێپەڕاندنی 21ساڵ ساڵ لە تەمەنی حوکمڕانیی خۆی، جارێ: نۆرماڵ و یەکگرتوو نییە، زەوینەی ئاشتییانەی دەستاودەستکردنی خۆی نەخولقاندووە ، تاپۆی حزب و بەرژەوەندییەکانی حیزبی لە خۆی نەتەکاندووە ، خەسڵەتەکانی زەبر و توندوتیژیی لە پرۆسەی ئاشتەوایی و سازان بنبڕنەکردوە! جۆرێک لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریی فەراهەم نەکردووە و دەستوورێکی بۆ ڕێکخستنی ژیانی خەڵک و میکانیزمی چۆنییەتی حوکمڕانی ڕێک نەخستووە و ڕیفراندۆمی لەسەر نەکراوە .

قەیرانی دەستوور و هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێم، یەکلاکردنەوەی سیستێمی سیاسی (سەرۆکایەتی/ پەرلەمانی)، لە زەمان و دۆخێکدا هەڵدەچێت کە ئێراق، کوردستان و نێوچەکە لە قەیرانێکی قووڵی تاییفی و مەزهەبی کەوتوون و ئەم هاوکێشە سیاسی _ ئیقلیمییە گڕگرتووەیش، کارکردی خۆی لەسەر پرۆسەی سیاسیی هەنووکەییی کوردستان دادەنێت و هێزە نێوچەییەکان ، بەرژەوەندییەکانیان و دەستێوەردانەکانیان، ئەقڵێکی کراوە و نیاز و نییەتێکی ئاشتەوایی و سازانی نیشتمانیی هێزە سیاسییە کوردییەکان دەخوازن .

کرۆکی قەیرانە سیاسییەکە ، تێپەڕاندن یان گێرانەوە و هەموارکردنەوەی دەستوورە لە پەرلەمان و مافی یاساییی خۆ‌هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەشتساڵەی هەرێمی کوردستانە و هەردوو ڕەگەزی قەیرانەکەش لێک هەڵپێچراون و پێکەوە پێبەستن .

چەند مانگێکە، نەخشە و ڕیزبەندیی هاوکێشە سیاسییەکان لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەستەڵاتدا لە لایەک و خودی دوو حیزبە حوکمڕانەکەیش لە لایەکی دیکەوە ، لەم قەیرانەدا، پەرتن و هاوڕا نین .

خودی ئەم قەیرانە، هێندەی پێوەندی بە ململانێی ئۆپۆزیسیۆن، یەکێتیی نیشتمانی و پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە، ( ئەگەر کارکرد و کاریگەریی میدیای لێ دەرهاوین )، کەمتر بووەتە خەمی شەقام و تەنگژەکەیش لەبری ئەوەی خولقێنەری جۆرێک لە سازان و ڕای گشتی بێت ، بەرەو پەرتبوون و نەسازان دەیئاژووێ !

گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەی، پێش ئەوەی ریفراندۆمی لەسەر بکرێت و خەڵکی کوردستان قسەی خۆی بکات، دەشێ بەشێکی کێشەکان چارەسەر بکات و لایەنێکی کێشەکە بەلادا بخات. گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان، پاش ئەوەی چەند سالێکە پەرلەمانی جێ هێشتووە و لەسەر مێزی بڕیاری سەرۆکی هەرێم چاوەڕێ دەکا، هیچ بەندێکی یاسایی لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان پشتگیری لێ ناکات، تەنها بەندێکی پشتگوێخراوی بڵاونەکراوەی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی 2011 نەبێت .

ئێستا ئەم پرۆسەی “گەڕانەوەیە”، هەم ئۆپۆزیسیۆن هەم یەکێتیی نیشتمانیش، داواکار و داخوازییانە و پارتیی دیموکراتیش، بە جۆرێک لەسەر “نەگەڕانەوە” و ڕیفراندۆم مکوڕە و جەختی لەسەر دەکات.

پارتیی دیموکرات ، هەتا کوێ و کام پلەی بەرزبوونەوەی قەیرانەکە ، پێ دادەگرێ؟ جارێ ڕوون نییە. ئەگەر ” پارتی” دەستبەرداری سێبارە هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی ببێت و کاندیدێکی دیکەی بۆ ئەو پۆستە هەبێت، ئەوا دەریچەیەک لەبەردەم پرۆسەی “گەڕانەوە و هەموارکردندا” دەکرێتەوە . لە پێچەوانەی کاردا، قەیرانەکە ڕوو لە بنبەست دەنێ و دوور نییە سەرجەمی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیی کوردستان، لە دۆخێکی ترسناک بنێت .

دەستوور، وەکو دەکۆمێنێتی یاسایی و فرەلایەن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە فرەجۆرەکانی نێوان دەسەڵاتی حوکمڕانی و خەڵک و دیاریکردنی سروشتی سیستەمی حوکمڕانی و یاساڕێژکردن و بە دامودەسگاییکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردن، ئەگەر قۆناخە یاساییەکانی خۆیشی تێپەڕاندبێت و لە دیدی لایەک یاخود چەند لایەنێکەوە، دەرفەتی یاساییی هەموارکردنەوەی نەمابێت، دیسانیش بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پرۆسە سیاسییەکەی کوردستان، لە یاساکان پیرۆزترن و ئەو یاسایانەی کە مرۆڤەکان دایانڕژتوون و چەسپاندوویانن، دەشێ گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی ئەم قۆناخەی ئێستا، دەستبەری هەموارکردنیان بن .

لەمپەرەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە زۆرن و هەندێکیان زادەی ململانێی حیزب و هێزەکانی کوردستانن .

تەنیا ڕێگایەک بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە سیاسییەی ئێستا، پشوودرێژی، گفتوگۆ و کرانەوە، دانوستاندن و لەپێشچاوگرتنی کۆی پرۆسە سیاسییەکەیە و هەوڵدانە بۆ ساتوسەوداکردن لەسەر بەرژەوەندییە تایبەتەکان و بینینی واقیعیانەی دۆخە سیاسییەکە .

31ی مای 2013 

1,072 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
پشکۆ نەجمەدین

About پشکۆ نەجمەدین