عەتا قەرەداخی ; حیزب و خێڵی کوردی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حیزب و خێڵی کوردی : جیاواز لە رووخساردا هاوشێوە لە گەوهەرو ناوەرۆکدا  .

حیزب دامەزراوەى کۆمەڵگەى شارە. هەر بەو پێیە ئەگەر سەیری مێژووى درووستبوونی حیزب بکەین لە کوردستاندا کە لە بیستەکانی سەدەی رابردووەوە سەرەتای شێوازى رێکخستنی حیزبی کە مەبەستمان حیزبایەتیە دەرکەوتووە ، ئەوا دەشێ ئەو پرسیارەمان لەلا درووست ببێت ئایا لەو مێژووەدا کۆمەڵگەى کوردی چ خاسێتێکی کۆمەڵگەى شاری هەبووە ؟ رەنگە خۆیبوون وەکو کۆنترین رێکخراوێکی دیاری لەو جۆرە دەربکەوێت بتوانرێت وەکو حیزب سەیر بکرێت . بەڵام بە شێوەیەکی ئاشکراتر دەتوانین بڵێین مێژووى حیزبایەتی لە کوردستاندا لە کۆتایی سیەکانی سەدەی رابردووەوە دەست پێدەکات لەو کاتەى کە حیزبی هیوا دادەمەزرێت ، هەرچەندە ئەوەش دەزانین کە لە پێش ئەم مێژووەدا چەندین رێکخراوو کۆمەڵەى سیاسی لە کوردستاندا یان لە دەرەوەى کوردستان بە ناوى کوردەوە هەبوون .

کەواتە ئەگەر بڕوامان بەو قسەیەى سەرەوە هەبێت کە حیزب دامەزراوەى کۆمەڵگەى شارە ، ئەوە دەبێ بڵێین کۆمەڵگەى کوردی لە کۆتایی سیەکانی سەدەی رابردووەوە هەنگاوی گواستنەوەوى بەرەوە بوون بە کۆمەڵگەى شاری ناوە . دیارە ئەو راستیەش دەزانین کە کۆمەڵگەى شار کۆمەڵی خاسێتی تایبەتی خۆیی هەیە کە مەرج نییە ئەو خاسێتانە پەیوەندیان بەوەوە هەبێت کە لەو کۆمەڵگەیەدا شوێنی نیشەتەجێبوونی خەڵک پێی بووترێت شار کە بریتی بێت لە شوێنێکی تا ئەندازەیەک قەرەباڵغ کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تێدا بژی بەراورد بە گوند یان لادێ. بەڵکو مەبەست لە شار ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی شاری تێدا بەرهەمهاتبێت و عەقڵی شارو کەلتووری شارو شێوازى پەیوەندی شار بەڕێوەى ببات و کۆمەڵگە بووبێت بە کۆمەڵگەیەک تاکە کەس بە تەنیاو لەسەر بنەمای بوون و ئامادەبوونی خۆی تیایدا ببێتە خاوەنی شووناسی خۆیی و ئاراستەى پەیوەندییەکان لە شێوازى ئاراستە هەرەمیەوە گواسترابێتەوە بۆ شێوازى ئاسۆیی و لەو نێوەندەشدا حیزبیش وەکو دامەزراوەیەکی خاوەن شووناسی کۆمەڵگەى شار یان کۆمەڵگەى مەدەنی پێکهاتبێت و چیتر دامەزراوەى خێڵ یان عەشیرەت یان پێکهاتەى تایەفە یان مەزهەب نەبێت. ئەگەر ئەم راستیانەمان لەبەرچاو بێت و نەمانەوێت خۆمان فریو بدەین ، ئەوا لە لایەک دەزانین کۆمەڵگەى کوردەواری نەک بۆ ساڵی چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوو بەڵکو بۆ ئێستاش نەبووەتە کۆمەڵگەى شار ، هەروەها حیزبی کوردیش لەهەر بەرگ و شێوازێکدا خۆی نیشان بدات و هەر جۆرە دەمامکێک بپۆشێت ، ناتوانێت لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و لە سەر زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی و لە نێو بونیادێکی کۆمەڵایەتی لەم جۆرەى کۆمەڵگەى کوردەواریدا ببێتە دامەزراوەى کۆمەڵگەى شار، بۆیە لەم رووەوە ئەو حیزبەى کە کەمترین دەمامکی پۆشیووەو بەسرووشتی وەکو خۆی چۆنە بەو جۆرە خۆی دەردەخات و کاردەکات و دەجوڵێت ئەوە لەوانیتر راستگۆترەو نزیکترە لە واقیعی کۆمەڵگەوەو کەمتر بە وەهم دەژی . لە راستیدا زۆرینەى حیزبەکانی ئێمە لە هەموو کوردستاندا نەیانتوانیووە هەڵگری ئەو شوناس و ئەو بیرو ئایدیۆلۆجیایانە بن کە ئیدیعایان دەکەن .

حیزبی وامان هەیە خۆی بە نوێنەری راستەقینەى ناسیونالیزمی کوردی دەزانێت و بە خەیاڵ کوردستانی گەورە رزگار دەکات و دەوڵەتی سەربەخۆی یەکگرتووى کوردستان درووست دەکات بەڵام نازانێت رەهەندەکانی ناسیونالیزم چیەو نەشیتوانیووە سادەترین خوێندنەوە بۆ کۆمەڵگەى کوردی بکات و ئەوەش وای لێکردووە تەنانەت نەتوانێت کەمترین رێژەى جەماوەری خەڵکی کوردستان لە خۆی کۆبکاتەوە ، لە هەمووشی سەیرتر زۆرجار پێی وایە تتەنیا ئەو مافی ئەوەی هەیە کە باسی مەسەلەى نەتەوایەتی کوردی بکات .

حیزبمان هەیە خۆی بە چەپ دەزانێت و خۆی بە نوێنەری پرۆلیتاریاو زەحمەتکێشان و بەش مەینەتانی کوردستان دەزانێت ، بەڵام چەندین ساڵە نەیتوانیووە جەماوەردارێتی خۆی لە نێو ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتیانەدا بسەلمێنێت و خۆی بکات بە حیزبێکی جەماوەردار کە بتوانێت رابەرایەتی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ریشەیی لە پێناوی گۆڕینی سیستێمی فەرمانڕەوایی و عەقڵی و کەلتووری ئەم کۆمەڵگەیەدا بکات ، بەڵکو وەکو حیزبی نوخبەیەک لە رۆشنبیری چەپ ماوەتەوە کە هاوشێوەى حیزبەکانی تر سەرکردایەتیەکانیان لە بازنەیەکی تا ئەندازەیەک داخراودا ماوەتەوەو رووبەرەکەی فراوانتر نابێت .

دەمێنێتەوە سەر ئەو حیزبانەى کە خۆیان وەکو نوێنەرو رابەرو بزووێنەری بزووتنەوەى نەتەوایەتی کوردی نیشان دەدەن و تا ئەندازەیەکی زیاتریش بەراورد بە چەپ و ئیسلامیەکان و ناسیونالیستە ئاسۆ کورتەکان جەماوەرداریتی خۆیانیان سەلماندووە . کە ئەوانیش لەم بەشەی کوردستاندا یەکەمیان پارتیە وەکو حیزبی دایک و ئەویتریشیان یەکێتی نیشتیمانیە کە لە هەناوى پارتیەوە هاتۆتە ژیان و ئەویش لە ئەنجامی روانینی سەرکردەکانی ئەو باڵەى کە ویستیان لە ژێر چەتری پتەوى دەسەڵات و کەسێتی بەهێزى بارزانی بێنە دەرەوەو تاوانی کوشتنی باوک ئەنجام بدەن ، بەڵام سەرئەنجام ئەو کاتەى کە پرۆژەى ئەو کوشتەنەیان هەبوو لە ئەنجامی بەهێزى باوک نەیانتوانی پرۆژەکەیان جێبەجێ بکەن و دواترو پاش ماوەیەکی تا ئەندازەیەکی درێژو وەرگرتنی هەڵوێستی ناجۆریش لە روانگەى بەرژەوەندی نەتەوایەتی و هەڵوێستی نەتەوایەتیشەوە ، بە ناچاری هاتنەوە ژێر سایەی دەسەڵاتی باوک . دواتریش کە دەسەڵاتی باوک دووچاری شکستێکی کاتی هات ، ئەمانی کوڕانی پێشتر لە باوک هەڵگەڕاوە ، هاتنەوە مەیدان و هەمان شێوەى ئەو کاتەى کە ویستیان تاوانی کوشتنی باوک ئەنجام بدەن ، کەوتنەوە باسکردنی هەڵەو کەموکورتیەکانی باوک و وایان نیشاندا ئەوە لە ئەنجامی دەسەڵاتی یەکلایەنەى باوک و گوێنەگرتن لەمانی کوڕو سیاسەتی تاکڕەوانەى ئەوى باوک ئەو شکستە روویداوە. بەڵام لە کورترین ماوەدا ، کوڕی یەکەم هەمان دەوری ئەو باوکەى بینی کە پێشتر ویستبووی پرۆژەى کوشتنی ئەنجام بدات . ئەمی کوری ئەوسا کە رابەرایەتی کوشتنی باوک و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەوی دەکرد ، بەشێوەیەکی سەختتر لە ئەوی باوک پێش ئەوەى کوڕەکان بگەنە ئەوەى کە پرۆژەى کوشتنی ئەوی باوک ئەنجام بدەن ئەم وریایانە کوڕەکانی بەشێوەیەک پەرت و بڵاوکردەوەو بە دژی یەکتر بەکاری هێنان کە سەرباری جوڵەى هەندێکیان بەڵام هەرگیز نەتوانن لەبەرامبەر ئەوی باوکی یەکێتیدا رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت کە شایانی باس بێت . هەمیشەش وەکو پاشکۆی ئەوی باوک دەرکەوتوون و دەردەکەون و لە ئاستی ئەودا ئامادەبوونێکیان نەبووەو نییە کە شایانی باس بێت . لە رووی سیۆسیۆلۆجیەوە کوڕانی پاش باوکی یەکێتی نیشتیمانی وەکو کۆمەڵی کوڕی پاشکۆ یان بێ شووناس دەردەکەون کە هەموو شتێک لە دەستی ئەوی باوکدا کۆبووەتەوەو هۆکەشی ئەوەیە ئەو لە هەموو بوارەداندا کە پێویستن بۆ بوون بە باوکی سیاسی ، تواناو شارەزایی و چالاکی و لێهاتوویی لە ئاستێکدا بووە کە هەمیشە کوڕەکان لە ئاستی ئەودا بچووک و نادیار بوون .

ئیسلامیەکان کە بەرهەمی رابوونەوەى ئیسلامین و زیاتر درێژکراوەى ئەو ئاراستە ئیسلامیانەن کە لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردوودا لە نیشتیمانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامیدا سەریان هەڵداوەو دەرکەوتوون و لەگەڵ رژێمە تۆتالیتارەکانی وڵاتەکانیاندا لە ململانێی سەختدا بوون ، بەڵام ئەوە کۆڵی پێنەداون هەرچەندە هەندێ جار سەرکوتکردن و زیندانیکردن و کوشتن لاوازى کردوون بەڵام ئەوان لە ناو نەچوون و لە دوای درووستبوونی رژێمی ئیسلامی ئێرانیش هەرچەندە ئەو رژێمە شیعە مەزهەبەو هەموو لایەنە ئیسلامیەکانیش لەگەڵ مەسەلەى شیعەگەرێتیدا کۆک نین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی سیستێمێکی ئیسلامی سیاسی وەکو ئێران لە زۆر رووەوە پاڵپشتێکی مەعنەوی گەورە بووە بۆ پەرەسەندنی لایەنە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە عێراق و کوردستانیشدا بە تایبەتی . مێژووى ئیسلامیەکانی کوردستان وەکو درێژکراوەى ئیخوانی موسلیمین لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی حەوتەمی سەدەی رابردوو بەڵام تا دەیەی نۆیەم دەرکەوتنێکی ئەوتۆیان نەبوو واتە تا سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و سەرهەڵدانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران کە لەو کاتەدا لایەنە ئیسلامیەکانی عێراق بە شیعەو سوونەو کوردیشەوە بە ئاشکرا وەکو حیزبی سیاسی دەرکەوتن .

لە راستتیدا هەرچۆن حیزبە شیوعیەکانی ئەم ناوچەیە بە کاریگەری سۆڤێت و حیزبە بە ناو ناسیونالیستەکان لە ئەنجامی هاوشێوەکردنی کۆمەڵگەى کوردی بە کۆمەڵگەکانی ترو لە ژێر فشاری سەختی داگیرکەرانی کوردستاندا بە ناچاری بۆ بەرگریکردن درووست بوون ، لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستانیش لە ژێر کاریگەری حیزب و رەوتە ئیسلامیە سیاسیەکانی نێو جیهانی ئیسلامیدا درووست بوون . بەڵام بە گشتی ئەم حیزبانە بە چەپ و راستیانەوە ، بە عەلمانی و دینیانەوە ، بە نەتەوەیی و کۆمۆنیستیانەوە ، هەموویان لە رووی بیرو ئایدیاو رەفتارو ئەخلاقی سیاسی و ئایدیۆلۆجیاوە ، لە رووی ئەو شێوازەى کاری پێدەکەن ، کوڕی راستەقینەى واقیعی کۆمەڵگەى کوردین لەو روانگەیەوە کە هەرچۆن کۆمەڵگەى کوردی نەبووەتە کۆمەڵگەى شار، هیچ کام لەم حیزبء رێکخراوانەش نەبوونەتە حیزب و رێکخراوی کۆمەڵگەى شار ، بەڵکو هەموویان دامەزراوەى کۆمەڵگەى لادێن کە مەبەست لەمەش کۆمەڵگەی خێڵە ، هەمووشیان بە بێ جیاوازییەکی ئەوتۆ ئەڵتەرنایتیفی خێڵ و عەشیرەتن . رووبەری نفوزو دەسەڵات و جوگرافیاشیان هەر هەمان شێوازی نفوزو دەسەڵات و جوگرافیای خێڵ و عەشیرەتەو عەقڵی باڵادەستی هەمووشیان هەر عەقڵی خێڵە .

من پێشترو لە ساڵی 1995دا نووسیوومە پارتی حیزبێکە هەموو ئەندامان و قاعیدەو لایەنگری ئەو حیزبە بە شێوەیەکی رەها سەرکردایەتی پارتی یان سەرکردایەتی بنەماڵەى بارزانیان قبوڵەو بوونی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە ئەندام و لایەنگری ئەو حیزبە بن و ئەوەندەشی کە دڵسۆزی و وەلائی بەهێزیان بۆ سەرکردایەتی بارزانی و بنەماَڵەى بارزانی پەیوەستی کردوون بە پارتیەوە مەرج نییە ئەوەندە پەیوەستبوون بە بەرنامەو پەیڕەوو ستراتیژی پارتی خۆیەوە پەیوەستی کردبن و ئەو ئینتیمایەى بۆ درووست کردبن ، ئەمەش هەمان شێوەی پێشترو پێش دامەزراندنی پارتییە کە جەماوەرێکی زۆر پەیوەستبوون بەم بنەماڵەیەوە لە رووی پەیوەستبوونیان بە رێبازی نەقشبەندییەوە( بڕوانە گۆڤاری سەراب، ژمارە ( 4) ساڵی 1995 ، هەروەها کتێبی سلێمانی زەمینەى سەرهەڵدانی تەسەوف و ململانێ ، سلێمانی، 2002). دیارە کاک عەبدورەحمان سدیقیش هەمان بۆچوونی لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی ئەم دواییەى تەلەفیزیۆنی نالیادا دووبارە کردەوە . لێرەوە دەتوانین بڵێین هەموو ئەو حیزب و رێکخراوانەى لە کوردستاندا هەن هەر هەمان شێوەی پارتی کاردەکەن بەڵام ئەوان ئیدیعای زۆری دیموکراسی و بوونی بوار بۆ گەیشتنی هەر ئەندامێک بە بەرزترین پۆستی حیزبی دەکەن کەچی لە رووی راستیەوە هەر هەمان سیاسەتی پارتی پەیڕەو دەکەن ، لە کاتێکدا هەموو یان هەر هیچ نەبێت زۆرینەى ئەندامانی پارتی نەک هەر رازین کە بنەماڵەى بارزانی سەرکردایەتی پارتی بکات بەڵکو شانازیش بەوە دەکەن و لەبەر ئەوە پارتین کە بنەماڵەی بارزانی سەرکردایەتی پارتی دەکات . واتە دەتوانین بڵێین ئینتیمای زیاتر لە نێو دامەزراوەی پارتیدا بۆ بنەماڵەى بارزانییە زیاتر لەوەى بۆ پارتی بێت .

بێگومان بە گشتی حیزبەکانی تری کوردستان هەمان سیاسەتی پارتی پەیڕەو دەکەن لە کاتێکدا بە حیسابی خۆیان ئەاون زۆر جیاوازن لە پارتی . یەکێتی نیشتیمانی لە دامەزراندنیەوە کە نزیکەى 35 ساڵە مام جەلال سکرتێرێتی . پارتی کرێکارانی کوردستان لە دامەزرانیەوە عەبدوڵا ئوچلان سکرتێریتی و داوی ئەوەش کە ماوەیەکی دوورو درێژە لە زینداندایە کەچی حیزبەکەى بوێری ئەوەى نەبووەو نییە کە سکرتێرێکی تر هەڵبژێرێت. کۆمەڵەى ئێران عەبدوڵای موهتەدی سکرتێری باڵیکێتی و سەید برایمی عەلیزادەش سکرتێری باڵەکەی ترێتی . کاکە حەمەی حاجی مەحمود لە درووستبوونی سۆشیالیستەوە بەو شێوەیەی ئێستای سکرتێری ئەو حیزبەیە . کاک قادر عەزیز ئەگەرچی حیزبەکەیشی شتێکی ئەوتۆی نەماوەتەوە لە ساڵی 1986 بە دواوە کە زەحمەتکێشان درووست بووە سکرتێری ئەو حیزبەیە . بنەماڵی مامۆستا عەبدولعەزیزی پلیسی تا بزووتنەوە رۆحی تیابوو ، تاکو ئێستاش هەر بەرپرسی یەکمی بزووتنەوە خۆیانن . ئاغای مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ و مامۆستا شیخ محەمەدی سەرگەتی کە خۆی بە بەرزنجەیی ناودێر دەکات ، پێشتر لە بزووتنەوەو ئێستاش لە درووستبوونی کۆمەڵی ئیسلامیەوە هەردووکیان ئەمیر و رابەرن . ئەوە مامۆستا سەلاحەدینی بەهادینی خورماڵی کە پێشتر مامۆستای سەرەتایی بووەو بە پێچەوانەى زۆرینەى ئیسلامیەکانەوە کە عەرەبیەکی باش دەزانن ئەم عەرەبیش بە باشی نازانێت کە ئەوە زۆر پێویستە بۆ سەرۆکی لایەنێکی ئیسلامی کە زمانی ئەو ئایینە بە باشی بزانێت ، کەچی لە درووستبوونی یەکگرتووی ئیسلامیەوە ئەمینداری گشتی ئەم حیزبە ئیسلامیەیە . پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دوای شەهیدکردنی قاسملۆو شەرەف کەندی چەند جارێک سکرتێری خۆیی گۆڕیووە هەرچەندە من پیموایە ئەگەر قاسملۆ بمایە ئەویش هەرگیز دەستبەرداری سکرتێری حیزبەکەى نەدەبوو . ئەوەش ئاشکرایە کە ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسان و کادیرانی ئەم حیزبانە ناڕازین بە مانەوەى ئەم کەسانە بۆ ماوەی وەها دوورو درێژ لە سکرتێرێتی و سەرۆکایەتی حیزبەکانیاندا ، بە پێچەوانەى پارتیەوە کە هەموو پارتیەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە یەکێک لە بنەماڵەى بارزانی سەرۆکی پارتەکەیان بێت .

لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم حیزبانە نە لەگەڵ بەرنامەو پەیڕەوى خۆیانداو نە لەگەڵ جەماوەری خۆیاندا وەکو ئەوەى کە پێویستەو دەبێت راستگۆ نین چونکە ناتوانن دان بەوەدا بنێن کە ئەمانیش حیزبی کەسێک یان بنەمالەَیەکن . هەروەک بەرنامەو پەیڕەوى ناوخۆی حیزب هیچ گرنگی و بایەخێکی نییە . دیارە ناواقیعیشن چونکە ناتوانن دان بەو واقیعەدا بنێن کە هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە ئەمانیش وەکو حیزب ئەڵتەرنایتیڤی خێڵ و عەشیرەتن و سەرۆکی حیزب یان سکرتێری حیزب دەوری سەرۆک خێڵ یان شیخی عەشیرەت دەبینێت و ئەندامانی سەرەوەی حیزب پیاوماقوڵانی خێڵ و عەشیرەتن و ئەندام و لایەنگریش کوڕانی خێڵ و عەشیرەتن . بۆیە من ناتوانم جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان کەریم بەگی هەمەوەندو مستەفا بەگی جاف و کوێخا سمایلی تەلان و کەریم خانی برادۆست و شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریم و شێخانی بامەڕنی و سەرۆک عەشیرەتی مەتنی و میراودەلی و …. زۆرینەى سکرتێرو سەرۆک حیزبەکانی ئێستای کوردستاندا بکەم چونکە ئەو سەرۆک عەشیرەتانە کە ناوم بردوونء زۆریشیان مردوون تاکو مردنیان هەر سەرۆکی عەشیرەت بوون ئەم سەرۆکء سکرتێری حیزبانەش دەبێ بە سەرۆکیء سکرتێری ببرێن بۆ گۆڕستان . دیارە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی سیستێمی فەرمانڕەوایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەوەیە کە ئەو کەسانەى لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە چوونەتە سەرکورسی دەسەڵات تا مردنیان یان تا کوشتنیان لە کودەتا یان تا ناچارکردنی هەندێکیان لەم ساڵادا بۆ وازهێنان هەر لەسەر ئەو کورسیانە ماونەتەوەو لە پێناوى ئەو مانەوەیەشدا زیاترین خوێنیان رشتووەو بوونەتە ناشیرینترین نموونەى دەسەڵاتدارێتی و رژێمی دیکتاتۆری . باشە لە کاتێکدا هیچ سەرۆک حیزبێکی کوردی تا مردن ئامادە نەبێت سەرۆکایەتی یان سکرتێرێتی حیزبەکەى رادەستی کەسێکی تر بکات ، داخۆ ئەگەر بچێتە سەرکورسی فەرمانڕەوایەتی کوردستان و دەسەڵاتی گشتی وڵاتی لەدەستدا بێت ، دەبێ چۆن وازبهێنێت ؟ کەواتە دەبێ ئاستی جیاوازییەکان لە نێوان سەرۆک و سکرتێری زۆرینەى حیزبەکانی کوردستان و سەرکردە تۆتالیتارەکانی ناوچەکەدا لە چ ئاستێکدا بێت ؟

بێگومان ئەمە واقیعی کۆمەڵگەى کوردییە و حیزب هەرچۆن خۆی نیشان بدات هەمان سرووشتی دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەتی هەیەو ئەگەر بەو بۆچوونەى ئێستاشیەوە بەردەوام بێت کە سەرۆک و سکرتێری مەرجی بەردەوامبوونی هەتا مردنیان هەبێت ، ئەوا ناتوانرێت ئومێدی ئایندەو ئاسۆیەکی گەش بۆ بیناکردنی سیستێمێکی دیموکراسی لە داهاتووی کوردستاندا پێشبینی بکرێت. مانەوەى حیزبی کوردی و کارکردنی بەم جۆرەى کە تاکو ئێستا پێی بەردەوامبووە ، سەرەتایی بوون و مانەوەى ئەم کۆمەڵگەیە لە بازنەیەکی داخرادا نیشان دەدات . ئەوەش دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵگەى کوردی تاکو ئێستا نەبووەتە کۆمەڵگەى شار هەر بۆیە حیزب و رێکخراوەکانیشی بە ئاشکرا جێگرەوەى دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەتن و بە عەقڵ و ستراتیژی ئەو دامەزراوە سەرەتاییانە کاردەکەن .

11,140 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست