Abubakir-Caf-2

ئەبوبەکر جاف : مارکس دژ بە کورد .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

Marx contre kurde

5/5/ یادی لە دایک بونی کارل مارکسە لە ساڵی 1818 ، مارکسێک مانایەکی تری بە میژوو بەخشی ، مانایەکی تر بە ململانی ، مانایەکی تر بە پەیوەندییەکان ، مانایەکی تر بە چینەکان ، بە سەرخان و ژیرخان ، مانایەکی تر بۆ رابردوو ، بۆ ئایندە .. کۆمەڵێک ڕوداو هەن میژوو دابەش ئەکەن . میژوی پێش ئەم ڕوداوە ، مێژوی پاش ئەم ڕوداوە ، زێدەڕۆیش ناکەین , گەر مێژوی پێش مارکس و تارماییەکانی جیاواز بێت لە مێژوی پیاش مارکس مارکسیزم. مارکس وەک ئەوەی فۆکۆ لەگەڵ نیچەو فرۆیدا وەک برینێکی ناو جەستەی پڕ غروری مۆدێرنەی ئەیبینیت ، یا وەک ئەوەی پۆڵ ریکۆر ئەڵێت، ئەم سیانە ڕابەرانی فکری سیستەماتیزەکراوی گومان و نیگەرانین لە مۆدێرنە

مارکس بۆ دونیای ناکوردی هەرکەسێک بوبێت، بۆ کورد و کوردبون و کۆمیۆنێتی کوردی هیچی کەمتر نەبوو لە ساتع حەصری ، میشێل عەفلەق و هەر شۆڤێنی و فاشییستێکی تری ( نەفیکەر و نەرێکەری کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردی.

مارکس کەی و چۆن و بۆچی هاتە ناو کۆمیۆنێنتی کوردییەوە..؟ کی هێنای ؟ بۆ چی گەمەو مەبەستێک هێنرا؟ بەچی لایکدا کەوتەوە..؟ چی بەخشی بە کوردبون، چی لێسەندینەوە…

مارکس بە درزێکدا هات کە بە زۆر درزکرابوو. ئەو بە ناوی خەباتی چینی چەوساوە ، خەباتی پرۆلیتاریاو خۆ ڕێکخستنەوەی چینە زەحمەتکێشەکان.. ناچاری پارتێکی کۆمۆنیست ڕابەرایەتی ئەم چینە بکات. نەتەوە و پرسی نەتەوەو نەتەوایەتی، دەوڵەتی نەتەوەیی .. بیدعەی سەرمایەدارین.. فڕوفێڵی سەرمایەداری و چینە باڵادەستەکانن بۆ تێکدان و کەرت و پەرتکردنی ( چینی کریکارو خەباتیان ) . و ناسنامەی نەتەوە.. تەنها لە غیابی بەهەشتی کریکاراندا کێشە ، رزگاربونی کریکاران بە مانای ئازادی و یەکسانی و بەرابەری دێت . ئەوکاتە شوناسی نەتەوە ( کە پەرچەکردارێکە) پێویست بەقسەوباس ناکات .

فاشیەتی وڵاتە داگیرکەرەکانمان.، نەخشێنرابوو بە ئیدۆلۆژیای مارکسیزم ، بە خەمی ئومەتی عەرەبی و تورکی و ئێرانی . کە ڕێژەیەکی زۆر پەنا برابووە بەر مارکس و نەسلەکانی . فاشیزم و نازیزم و فۆرمە جیاوازەکانی ستەمکاری ، لە منداڵدان و هەناوی مۆدێرنەدا لە دایک بوون ، مارکس و مارکسیزم دراوێکی مۆدێرنەیە ، دراوێکی دەرکەتن و دەرکەوتەکانی فۆرمە جیاوازەکانی مۆدێرنەیە .

لە هەناوی بەعسدا مارکس نوستبوو، پاڵنەری رۆح و هەناسەی ( فاشیزم و بەعسیزمی عەرەبی ) بوو . وەک فکر مارکسیزم بە تێکەلاوکردنی لە گەڵ( ئایبنێکی بە ئایدۆلۆژیکراودا ) پارادیمێک و نمونەیەکی ( دکتاتۆری یەک سەرکردە ، یەک حزب ، یەک چین …) ی دروستکردبوو . پێکهاتەی و بونیادی حزبەکان ، بە حزبە کوردییەکانیشەوە ، بونیادێکی مارکسی – لینینی بوو ، فۆرمەکانی رێخستن و گردبوونەوە ، پلە بەندی و ئۆرگانەکان… ئەم تایپە لە حزبایەتییەکی ( میرات مارکسی) ئێستاکەش دەستی لە گەروماندایە.مارکس لە کوێی ترەوە هاتە ناومانەوە ..؟ مارکس لە رێگەی کۆمەڵێک هیزەوە هاتە ژوورەوە .، کە دەبوایە دەرگامان لێنەکرابایەتەوە ، دروستبونی پارتە کۆمۆنیست و سۆسیالیست ماوییەکان و ترۆتسکییەکان،.. لە ئاست پرسیاری کوردبوندا چ وەڵامێکیان هەببوو .. ئەم پارتە مارکسی مەشرەبانە ، هەمیشە و هەردەم لە پێناوی ( ئوممەمیەت و جیهانی بونی چینی کرێکارو زەحمەتکێشدا، نەتەوەو پرسی نەتەوایەتی دوا ئەخرا ، ، مێژوی حزبی شیوعی عێراقی و هەوڵ و کاریان بۆ درزخستنەناو بزوتنەوەی کوردایەتییەوە ، دابەشکردن و درزخستنە ناو (هێزە کوردییەکانەوە) .

هەوڵدان بۆ بە گژدادان و زەقکردنەوەی بە ئەنقەستی ( جیاوازییەکانی کۆمیۆنێتێی کوردی.. ئەمانە بە پلەیەکی بنەڕەتی مارکس و مارکسیزم بەرپرسیارن. لە سەرو بەندێکدا ، کە کورد پێویستی بە ( پرۆسەی بە نەتەوەیکردن ) بوو . جگە لە پەیوەندی گوماناوی هێزە ( چەپ و مارکسی و کۆمۆنیستەکانی عێراق و کوردستان لە گەڵ رژێمە فاشیستەکانی سەردەست . لەمەش کارەساتتر شادەماری خۆێنی بەعسیزم و راسیزمی عەرەبی لە یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیزمەوە خوێنی بۆ دەهات . کێشەکە بە پلەی نایاب کێشەی ناسیۆنالیزم بوو . کیشەکە. ( کوردبوون و کوردنەبون ) بوو ، لەم سەروبەندەدا ، دەستەیەکی زۆری منەورو خوێنەوارانی کورد ، خەرێکی ( موختاراتی لینین بوون ، بە دیار ڕۆمانی دایکەوە خەیاڵیان بۆ خەباتێک ئەچوو ، کە تەنانەت ئێستاکەش زەمینەی ( کۆمەڵایەتی- مێژووی ) نییە .

ئەم نوخبە لە بری ئەوەی ( مێژوو ، ئەکتەرو ڕوداوەکانی مێژوو ) بە شێوەیەک وێنا بکەن و بەحوزوری بهێنن ، کە لە پرۆسەی ( بە نەتەوەیی کردنی کوردا) توزیفی بکەن . کە ئەمەش نەکرا ، ڕوداوەکان بە شێوەیەک شێوێنرا ، کە گوایا ( ململانێیکانی ناو مێژوی کورد ) چینایەتی بووە ، ئیتر بێئاگا لەوەی ( تەنانەت یەک ڕوداوی ناو مێژوشمان لە نێوان( سەرمایەدارو دەرەبەگ و چینی زەحمەتکێش و کرێکاردا دروست نەبوە. تەنانەت تا ئێستاکەش لە دۆخە کۆمەڵایەتی- سیاسیەدا(چین ، کرێکار ، سەرمایە ، سەرمایەداری ، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ، پەیوەندی ژیرخان و سەرخان. ململانێکان. بێگانەبون و نامۆ بوون …) هیچ لەمانە ڕاڤەیەکی مارکسی ، یا مانایەکی ئابوریانیەی مارکس وەرناگرن .

مارکس لە ڕۆحی کۆمەڵێک کەسی ( ستەمکار و دکتاتۆر و فاشیدا) نوستبوو ، کەسانی : سەددام ، ئەتاتۆرک ، ئەسەد .. کامیان نەنەخشێنرابوون بە شەرعییەتی ئیدۆلۆژی و شۆڕگێری ، کە هەردو شەرعییەتەکە برَێکی زۆر لە مناڵدانی مارکسدا سیستەماتیزەو بە ئیدۆلۆژیا کرابوو . ئەو سییستمە ( سەربازی و ئەمنی و پۆلیسییەی) ستەمکارو ستەمکارەکان کۆمەڵگەیان پێ لێدەخوڕی ، کۆمەڵگەیان پێ رێکدەخستەوە ، بۆ لە مناڵدانی مارکسەوە ، لە مناڵدانی مارکسیستەکانەوە بە نەبەکامڵی دەرنەچوو بوو..؟

کەرتبون و دوبەرەکی ناو هێزە سیاسیە کوردییەکان ، لە بەرچاوی کاڵی مارکس و مارکسیزم بوو ، کام لەم هێزانە بانگەشەی ڕەسانەیەتی و تەقەموسکردنی رۆحی مارکسیزمی لە خۆیدا بکردایە ، ئەویتری بە نا مارکسی و نا کرێکاری تەوهین دەکرد ، بێنە و بەردەی کاک هێزی ئێمە عێراقچییە ، یا کوردستانیەکی شوناس کرێکاری و زەحمەتکێشییە .. مەیلێکی سۆڤیەتی هەیە ، یا نزیکترە لە چینی ماوتسییەوە .. ئەم پرسە نەزۆکانە دەیان ساڵ پرۆسەی ( فۆرمەلەکردن و سیستەماتیزەکردن و رێکخستنی گوتارێکی ( کوردانەی ) دواخست .

ئەم بابەتەم لەهەفتەنامەی سڤیل . ژمارە 180  بڵاوکراوەتەوە  .

1,172 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست