puk

بەختیار شارەزورى : یەکێتى لە دەستى دوودا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستادا دۆسیەى کورد بەگشتى لە گۆڕانێکى خێرادایە چى لەئاستى ناوخۆى خۆى و چى لە ئاستى ناوچەیى و جیهانیدا بەتایبەت لەدواى پەیامەکەى ئۆچ ئالان و کونترۆڵ کردنى ڕۆژئاواى کوردستان و کۆنتڕۆل کردنى نەوتى ئەو ناوچەیە  , کە هەموو ئەم گۆڕانکاریان لە دواى 11 ستیمبەرەوە دەردەکەوێت و لە بەهارى عەرەبیدا دەگاتە پێگەیشتن و زەمینەیەکى باش دروست دەبێت , کە گۆڕانکاریەکان لە بەرژەوەندى کوردا بگۆڕێ ، کە ئەم گۆڕانکاریانە دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکى قورسەوە کە دەکرێت بە پرسیارى قۆناغێکى مێژووى ناو ببرێت … کە ئایا پاشخانى هوشیارى ڕابەرانى کورد لەو ئاستەدایە کە بتوانێت سستمێک بۆ ناوخۆى خۆى بنیاد بنێت کە وەک نەتەوەیکى دیموکرات و خاوەن دامەزراوەیى بێت تا بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دەرەوەى خۆى بکات ..؟

باشورى کوردستان بە حوکمى ئەوەى خاوەنى پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتى خۆیەتى دەتوانێت ببێتە نمونەیەک بۆ پارچەکانى ترى کوردستان کە دەکرێت کارى لەسەر بکرێت تا سستمێکى تەندروست بەرهەم بهێنرێت تا ببێتە بناغەیەک بۆ ئاسایشى نەتەوەى گەلى کورد ، کەواتە پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ هاوکێشەى گۆڕانە ناوخۆییەکانى باشور بکرێت تاوەکو بزانرێت بەکام ئاراستەدا دەڕوات … لێرەوە پرسیارى دوەم دروست دەبێت کە ئایا هەرێمى کوردستان بە پێى باکگراوندى ڕۆشنبیرى سەرکردەکانی تواناى دروست کردنى سستمێکى مۆدیرن و دیموکراتى هەیە ..؟

لە ماوەى 22 سالێ حوکمڕانى خۆیەتى کوردا لەم هەرێمەى باشوردا نەتوانراوە سستمیک هەبێت کە بتوانێت وەک نەتەوەیەک مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکاندا بکرێت و خاوەنى ستراتێژێکى سەربەخۆى خۆى بێت بگرە لەم دیدە زۆر کەمتر حیزبى بازرگان و حیزبى نەخوێندەوار کاریان لەسەر بچوککردنەوەى نەتەوە کردوە بۆ حیزب و پاشان بچوککردنەوەى حیزب بۆ بنەماڵە و گروپ و ناوچەوە نەتوانراوە پابەند بوون بە یاساکانەوە ببێتە ئەو کلتورەى کە هەڵبژاردنەکان لە کاتى خۆیدا بکرێت و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات ببێتە ئەو کلتورەى کە لە حیزب و بنەماڵەکان گەورەتر بێت .. هەڵبژاردنەکان لەکاتى یاساى خۆى لا دەدات چونکە لە بەرژەوەندى حیزبدا نیە کە دەکاتە ئەوەى بزاوت و جوڵە سروشتیەکانى دەستاو دەستکردن توشى ئیفلیجى و وەستانێکى کۆنکرێتى ببێت .

لە دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان و بەرەى ئۆپۆزسیۆن و میدیا ئازادەکان و فراونبونى ڕەخنە و گروپەکانى چاودێرییەوە قۆناغێکى تر دروست دەبێت کە دەکرێت بە قۆناغى بڕینى دەسەڵاتى حیزب و بنەماڵە و ناوچە ناو ببرێت و سندوقەکانى دەنگدان ببێتە حوکمى دەنگى تاکى هاوڵاتى بۆ گوڕینى حیزب و گروپەکان … لە ئێستادا دەکەوینە بەردەم هاوکێشەیەک کە دەکرێت دوو ئاراستە دیارى بکات … یا ئەوەتا دۆخى دۆگمایى و ئیفلیجى و چەقبەستوى بەردەوام دەبێت … یا ئەوەتا دەبینە هۆى دروست بونى سستمیکى دیموکرات .

لە ئێستادا پارتى کار بۆ ئەوە دەکات کە زۆرینەى دەسەڵاتەکان لە دەستى خۆیدا بمێنێتەوەو وەک پێکهاتەى خۆى کە حیزبێکى بنەماڵەییە بیسپێرێت بەحکومى پشتاو پشت و دەستور سەرۆکایەتى بێت و لە بەرامبەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقدا سەرۆکى هەرێم بۆ پارتى بێت بە پێى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى نێوان یەکێتى و پارتى کە دەیەوێت یەکێتى ناچار بکات بە دەنگدان بۆ دەستور و بەشکردنى سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکى عێراق کە دەکاتە ئەوەى کە دیسانەوە لە بازنەیەکى داخراودا یاریە کۆنەکان دوبارە ببێتەوە درێژە بەم دەسەڵاتە بدەن کە هیچ پێوەرێک بە دەسەڵاتێکى تەندروستى نازانێت .

یاریەکە لە نێوان دو بازنەدایە بازنەى گۆڕان و بازنەى پارتى کە دەکرێت یەکێتى بە یەکلاکەرەوەى هاوکێشەکە ناو ببرێت کە ئایا کام ئاراستە هەڵدەبژێرێت ..؟

یەکێتى لە دەستى یەکدا کە مام جەلال بوە ئەگەر وەگ قۆناغێک بۆ بەرگرتن لە شەڕى ناوخۆ ڕێکەوتننامەى ستراتیژى واژۆ کردبێت ئەوا ڕێکەوتننامەى دەباشان ئەو ئاماژەیە بوو کە یەکێتى دەیەوێت وەک هێزێکى یەکلاکەرەوە ئەو هاوکێشەیە چەقبەستوییە بگۆڕێت ئەگەر چى پارتى توانى یەکێتى بە قۆناغ بکاتە یەکێتیەکى کارتۆنى لە ناوەندى دەسەڵاتدا بەڵام دواجار یەکێتى ویستى ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت کە دەکاتە ئەوەى ئێستە هەموو هێزەکان لەبەر پرسى دەستوردان کە ئایا سەرۆکایەتى بێت یان پەرلەمانى وە ئایا کاک مسعود لە دەستور لا بدات بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتننامەى ستراتیژى و لە بەرامبەر سەرۆک کۆمارى عێراقدا بەردەوام بێت ، هەموو ئەمانە یەکێتى دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک ئەگەرەوە … کە لە دواى دەستى یەکەوە لە دەستى دوودا تواناى بڕیارێکى هەیە کە کۆى یەکێتى ڕەزامەند بن لەسەرى .

یەکێتى لە دەستى دوودا کەوتوەتە بەردەم چەند دەستێک ، کە هەموو دەستەکان نابنە یەک دەست و بە دەستى دوو ناوببرێت … چونکە ڕاى جیاوازو بۆچونى جیاواز هەیە کە دەکاتە ئەوەى چەند دەستێک لە دەستى دوودا بونى هەبێت … ڕاگەیاندنە جیاوازەکانى یەکێتى هەر لە سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى و ناوە بە ناوەى ڕاکانى بەپرسانى یەکێتى کە ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە یەکێتى تواناى دەربڕینى یەکڕاى نیە لە سەر گۆرانکاریە ناوخۆییەکان وە لەسەر دەستەکانى دەستى دووى یەکێتیدا چەند بەرەیەک دروست ببێت کە ئەمەش کاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر پرۆسەى دیموکراتى هەرێم دەبێت چونکە یەکێتى هێزى یەکلاکەرەوەیە … دەتوانین بڵین یەکێتى و دەستى دووى یەکێتى لەبەردەم ئەم پەندەدایە .. کە ئایا یەکێتى دەتوانێت نە شیش بسوتێنێ و نە کەبابیش …؟

1,263 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت