عەتا قەرەداخی : کۆنگرەى نەتەوەیی کوردیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا مەبەست لە کۆنگرەی نەتەوەیی چییە ؟ .

ئایا کۆنگرەی نەتەوەیی تەنیا بە بڕیار دەبێت یان پەیوەندی بە کۆمەڵێ بنەمای تری نەتەوەییەوە هەیە ؟ .

ئایا کۆنگرەى نەتەوەیی چ پەیوەندییەکی بە ناسیونالیزمی کوردییەوە هەیە ؟ .

ئایا بارودۆخی ناوخۆی کوردستان لە لایەک و بارودۆخی ئەو وڵاتانەشی ، کە حکومەتەکانیان کوردستانیان داگیرکردووە گونجاوو رەخساوەە بۆ گرێدانی کۆنگرەى نەتەوەیی ؟ .

ئایا چ پەیوەندییەک لە نێوان گرێدانی کۆنگرەى نەتەوەیی و بارودۆخی نێو ماڵی کورد خۆیدا هەیە ؟ بە تایبەتی لە باشووری کوردستان ، کە بێگومان ئەگەر کۆنگرەى نەتەوەیی گرێ بدرێت ؛ ئەوە بەهۆی ئەوەی ، کە باشووری کوردستان تاکە پارچەى کوردستانە کە بەشێکی زۆری لەژێر سایەى دەسەڵاتی داگیرکەر رزگاری بووەو کورد خۆی بەڕێوەى دەبات ، دەبێ ئەو کۆنگرەیە لێرە گرێ بدرێت . لەسەروى هەموو ئەمانەشەوە ئایا کۆنگرەى نەتەوەیی لە پێناوی چ مەبەست و ئامانجێکدا دەبەسترێت ؟ .

رەنگە بەهەڵەدا نەچووبین ، ئەگەر بڵێین دەربڕینی کۆنگرەى نەتەوەیی لەلای ئەو نەتەوانە درووست بووە ، کە دابەشکراوو داگیرکراو بوون . بە تایبەتی لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و دابەشکردنی وڵاتان و نەتەوەکان لەنێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیزمداو لەوەش تایبەت تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . هەروەک ئیدوارد سەعید دەڵێت : روانینی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات و مامەڵەکردنی لەگەڵیدا ، کە بەجۆرێک لە سووک و بێبەها سەیرکردنی رۆژهەڵات و دابەشکردن و داگیرکردنێتی لەپێناوی بەرژەوەندییە مادییەکانی خۆیدا ، کە بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵیداوە رۆژهەڵات لە رووی مەعنەوییەوە بروخێنێت کە ئەوەش چەمکی ئۆرێنتاڵیزمی بەدیدی ئەم بیرمەندە بەرهەم هێناوە . ئەم سیاسەتەى رۆژئاوا وایکردووە ، کە نەتەوە دابەشکراوەکانی رۆژهەڵات یان ئەفەریقا لەباری دابەشبوون و شکستدا بژین تا ئەو کاتەى کە بنەماکانی ناسیونالیزم دەرکەوتووەو بەرەو گەشەکردن چووە . ئیتر لەوێوە پێویستبوون بەلێکتر نزیکبوونەوەو یەکگرتنەوەى بەشەکانی هەمان پێکهاتەى نەتەوەیی بووەتە ئامانجێکی سەرەکی لەلای نوخبەى ناسیونالیستی ئەو نەتەوەیە . بەڵام لەبەر ئەوەی ، کە ناسیونالیزم نەبووەتە بەرنامەى بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری ئەوتۆ ، کە هەموو دیوارە ناوچەییە سرووشتی و ناسرووشتی یان درووستکراوەکان بڕوخێنێت ، یەکێتی نەتەوە دابەشکراوەکان نەگەیشتووەتە ئەنجام .

چەمکی کۆنگرەى نەتەوەیی داهێنراوی نوخبەى ناسیونالیستی نەتەوە دابەشکراوو وڵات داگیرکراوەکانە ، کە ئەم چەمکەیان هێناوەتە پێشەوە بەو ئومێدەى کە بتوانن لەو رێگایەوە جۆرێک لەیەکێتی نەتەوەیی دەستبەر بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى سیاسەتی حراپ و نامرۆڤانەى داگیرکەرانی وڵاتەکانیان . وەک دەزانین نەتەوەیی عەرەب وەکو نەتەوەیەکی دراوسێی کوردستان لە مێژوویەکی کۆنەوە نیشتیمانەکەیان پارچە پارچە کراوەو چەندین دەوڵەتی تیادرووستکراوە ، کە بەشێکی دیاریان تاکو ئێستا دەوڵەتی خێلن ، چ لەرووی ئاستی پەرەسندنەوە ، چ لەرووی جوگرافیاو دیمۆگراڤیاوە ، چ لەرووی نەسەبەوە.

دیارە رۆژئاوا لەپشتی کۆی ئەو دابەشکردنانەوەیە بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییە مادییەکانی خۆی . واتە لێرەدا دەتوانین بڵێین کۆنگرەى نەتەوەیی بەمەبەستی جۆرێک لە زەمینەسازی بۆ یەکگرتن و یەکبوون ئەنجام دەدرێت . بەڵام ئایا شێوازی ئەنجامدانەکەى چۆن دەبێت و چ نەحش و دەورێکی دەبێت لەسەر کۆی نەتەوەو ، چ رۆڵێکیشی دەبێت لە ئاراستەکردنی نەتەوەدا بە مەبەستی یکگرتنەوەو یەکبوون لە پێناوی رامکردنی ئایندەدا ؟ .

ئاشکرایە کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانەى کە لە مێژوویەکی زووەوە داگیرو دابەشکراوەو بەو هۆیەشەوە یەکێتی نەتەوەیی کورد شێوێندراوە . دیارە بە کاریگەری واقیعی دواکەوتووى ژێر سایەى داگیرکردن و دابەشکردن لەکوردستاندا پەرەسەندنی ئابووری بەوجۆرە رووینەداوە کە ئابووری رۆڵی بزوێنەری مێژوو بینیبێت و هەریەکە لە چینە کۆمەڵایەتییەکان بە سرووشتی لە قۆناغی مێژوویی خۆیدا پێکهاتبێت و ئەرکە مێژووییەکانی خۆیشی جێبەجێ کردبێت . لە کاتێکدا ، کە دەرکەوتنی ناسیونالیزم بەرهەمی قۆناغی مۆدێرنێتەیە یان بە چەمکی مارکسیزم بەرهەمی قۆناغی سەرمایەدارییە کە لەو قۆناغەشدا بۆرژوای پیشەسازی و بۆرژوای نیشتیمانی وەکو چینێکی کۆمەڵایەتی خاوەن شووناس ئەرکی مێژووی خۆی درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییە ، کە دیارە ئەوەش قۆناغی درووستبوون یان درووستکردنی نەتەوەیە . هەڵبەت ئەگەر نەتەوە بەم شێوە سرووشتیە درووست ببێت کە دەوڵەت درووستی دەکات ئەوە مانای وایە یەکێتی نەتەوەیی پێکهاتووەو لەبارێکی وەهاشدا ر ووبەرێک نامێنێتەوە کە تیایدا باسی کۆنگرەى نەتەوەیی بکرێت . دیارە مەبەستمان لەو دەوڵەتەیە کە ناسیونالیزم وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری درووستی دەکات نەک دەوڵەتی لەو جۆرەی کە لە نیشتیمانی عەرەبیدا لە غیابی ناسیونالیزمدا بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا دروومستیان کردوون .

ئێستا ئاشکرایە ، کە لە کوردستاندا هەرچۆن لە رابردوودا کورد لەهیچ کام لەو دەروازانەوە ، کە دەوڵەتیان لێوە درووستبووە، نەیتووانیووە بێتە ناو مێژووەوەو دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی درووست بکات ، لەسەردەمی نوێشدا نە ناسیونالیزمی کوردی بەو جۆرە پەرەی سەندووە تا ببێتە پرۆژەو بەرنامەى سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی لەسەر جوگرافیای کوردستان . نە بەرژەوەندییەکانی رۆژئاواو دەوڵەتانی بڕیار بەدەست لەگەڵ بەرژەوەندی کورددا جووت بوون هەتا لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا هەرچۆن ، چەندین دەوڵەتیان بۆ عەرەب درووست کردووە ؛ دەوڵەتیان بۆ کوردیش درووست بکردایە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش نەک لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە یەکێتی نەتەوەیی پێکنەهاتووە ، بەڵکو لەسەر ئاستی هیچ کام لە بەشەکانی کوردستانیش یەکێتی ناوخۆیی نەتەوەیی پێکنەهاتووە . باشترین نموونەش باشووری کوردستانە ، کە بەردەوام بزووتنەوەى نەتەوەیی لەم بەشەدا لەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەردەوام بووە ، تاکو ئێستاش کورد لەم بەشدا لەسەر ئاستی سیاسی یان هەر هیچ نەبێت لە رووی بەرنامەو ستراتیژەوە نەبووەتە یەکەیەکی یەکگرتوو بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە کەوتبێتە پێش بەرژەوەندییە ناوچەیی و حیزبی و بنەماڵەیی و دەستەو تاقمگەراییەکانەوە. بێگومان هۆی سەرەکی ئەوەش دوولایەنەیە کە یەکەمیان لاوازی ناسیونالیزمی کوردییە بە جۆرێک کە نەیتوانیووە هەموو سنوورە لۆکاڵی و ناوچەیی و رێکخراوەیی و حیزبی و بنەماڵەیی و خێڵایەتییەکان بڕوخێنێت و یەکەیەکی یەکگرتووی لێدرووست بکات ، کە ئەویش نەتەوەیە .

لایەنی دووەم ، پەیوەندی بەو دەسەڵاتەوە هەیە ، کە ماوەى بیست و دوو ساڵە لە کوردستاندا فەرمانڕەوایەو نەیتوانیووە سنووری بەرژەوەندییە تەسکە حیزبی و دەستەیی و ناوچەیی و بنەماڵەییەکان بە تەواوەتی بەجێبهێڵێت و ، ببێتە دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خاوەن شووناس . بە جۆرێک ، کە هەموو تاکێکی ئەم نەتەوەیە سەرباری جیاوازی بیروڕایان هەست بە ئینتیمای خۆیان بۆ ئەو دەسەڵاتە بکەن و ، وەکو دەسەڵاتی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان سەیری بکەن . کە بێگومان ئەوەش پەیوەندی بە لاوازیی دەسەڵاتی کوردییەوە هەیە ، کە نەیتوانیووە بە جۆرێک کاربکات کە تاکەکانی کۆمەڵگە ئەو ئینتیمایەیان هەبێت بۆی . کەواتە ئێستا ئەوە ئاشکرایە ، کاتێ نەتەوە بەسرووشتی نەیتوانی بێت ببێتە یەکەیەکی یەکگرتوو . ئەوا نوخبەى سیاسی لە دوای ئەڵتەرنایتیڤی تر دەگەڕێت بۆ باربووکردنەوەى ئەو کەموکورتییە کاریگەرە ، کە قسەکردن لە کۆنگرەى نەتەوەیی ئەڵتەرنایتڤی نوخبەى ناسیونالیستی کوردییە بۆ یەکێتی نەتەوەیی کە ئەمەی دووەمیان بەرهەمی ناسیونالیزمێکی پەرەسەندووی خاوەن شووناسە .

ئێستا ناوبەناو گوێبیستی ئەوە دەبین کە دەگوترێت پێویستە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە کۆنگرەى نەتەوەیی ببەسترێت کە ئەویش دیارە بە مەبەستی یەکخستنی دیدو تێڕوانینی پارت و رێکخراوو لایەنەکانی هەموو کوردستانە لەسەر بەرنامەو ستراتیژێک کە لە خزمەتی هەموو کورد کوردستانی گەورەدا بێت . بێگومان ئەگەر پارت و لایەنە دیارەکانی هەموو کوردستان لەسەر بەرنامەیەکی ئەوتۆ وەکو ستراتیژێک بۆ خەباتی کورد لە پێناوی گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان رێکبکەون ، ئەوا لە ئێستادا دەبێتە خاڵێکی گرنگ . هەرچەندە ئەوە ناتوانێت جێگرەوەى درووستبوونی ناسیونالیستێکی بەهێزی ئەوتۆی کوردی بێت کە بتوانێت هەموو کورد لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری یان میللیدا رێکبخات و بەرو ئایندە ، کە مەبەست سەربەخۆیی و دەوڵەتە ئاراستە بکات .

ئێمە دەزانین کە ناکۆکی ریشسەیی لە نێوان زۆرینەى پارت و رێکخراوەکانی کوردستاندا هەیەو هۆکەشی ئەوەیە کە تاکو ئێستا عەقڵی سیاسی کوردی و کەلتووری کوردی بە گشتی لەو ئاستەدا نییە ، کە یەکتر قبوڵکردن تیایدا ، بووبێتە بنەمایەکی جێگیر . هەربۆیە ئەگەر کۆنگرەى نەتەوەیی بتوانێت ئەو بۆچوونە لەلای پارت و رێکخراوو لایەنەکانی کوردستانی گەورە درووست بکات ، کە یەکتری قبوڵبکەن ئەوە خاڵێکی گرنگە . بۆیە لە هەموو بارێکدا گرێدانی گۆنگرەى نەتەوەیی کوردی سەرباری ئەو تێڕوانینانەى لەسەرەوە باسکران بەڵام هێشتا شتێکی پڕ بایەخەو دەشێ رۆڵی کاریگەر ببینیت لە نزیککردنەوەى دیدوبۆچوونی کورددا بە گشتی ، ئەوەش ببێتە هۆی کاری هاوبەش و لەبەرگرتنی رێگای ئاشتی و مۆدێرن بۆ گەیشتن بە کۆی ئەمانجەکان کە ئەویش لە سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردیدا دەگاتە ئەنجام .

 

3,853 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست