جیهاد موحەمەد : لە هەوڵێر کۆرە کراین ! لە سلێمانی چاومان دەردێنن ! لە دهۆکیش لاقمان ببڕنەوە !.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پێوەندییەکی تەلەفوونی بەڕێوەبەرێکی ژووری ئۆپۆزسوێنی پاڵتاکدا ، مام عومەر دەڵێت : ئێمە گوناحین! کەس بە هانامانەوە نەهات کە چاومانییان کۆرەکرد . دکتۆرە عەرەبەکە لە نەخۆشخانەی هەولێر، دوای گەڕانەوەمان لە تورکیا پێیوتم بە داخەوە دەبێت چاوت دەربهێنین ، وتم لە کوێ چاوم دەردەهێنن؟ وتی لە سلێمانی ! وتم زۆر باشە ، لە هەولێر کۆرەماندەکەن ، لە سلێمانی چاومان دەردەهێنن ، لە دهۆکیش لاقمان ببڕنەوە . مام عومەر درێژە بە قسەکانی دەدات و دەلێت: ئێمە گوناحین ، نازانم بۆ وایانلێکردین ؟! بەڵام لە هەموومان گوناحتر ئەوەمانە کە هەردوو چاویان دەرهێنا، زۆر گوناحە زۆر . بە خودای ئێمە بێ وەیین، هیچ دەسەڵاتێکمان نییە . نازانین ڕوو بکەینە کوێ ؟

مام عومەر و شەش هاورێی ئێستا لە نەخۆشخانەی هایدبێرگ لە ئەڵەمانیا پزیشکە تایبەتمەندەکەییان بە سەرسوڕمانەوە لەم کارەسات و تاوانە دەڕوانێت و ، ناچار لە پێناوی ئەوەی ئەم کۆرەکراوانە بەدەم ئازارەوە نەمرن، بریاردەدات چاویان دەربهێنرێت .

دوای ئەوەی دوو نووسینی ترم لەسەر ئەم تاوانە نووسی رۆژنامەی هاوڵاتی کە دەیان جار داوایانلێدەکردم نووسینییان بۆ بنووسم، هەفتەیەک پێش نووسینی ئەو دوو بابەتەم داویانلێکردم بابەتی کولتووریشییان بۆ بنووسم، کەچی لە پڕ نامەیەکییان بۆ نووسیم و وتییان چیتر ناتوانیین بابەتی تۆ بڵاوبکەینەوە ! دیارە باش دەزانم و لام ڕوونە دوای ئەوەی کاک کەمال ڕەوف دەستی لە کاری سەرنووسەریی کێشایەوە، کارمەندە بەڕێزەکانی بەشی بیروڕا و سایتەکە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بابەتەکانی منییان بڵاودەکردەوە ، بەڵام سەرنووسەری نوێی ڕۆژنامەکە کە خودی خۆی خاوەنی ئیمتیازە دوای ئەوەی لای دەسەڵاتدارانەوە فشارخراوەتە سەری چییتر نەیوێرا بابەتکانی من بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئایا ئێمە و مانان بێدەنگ دەبیین لە ئاستی ئەو هەموو تاوانانەی کە دەکرێت بەرامبەر بە هاوڵاتییانی کوردستان ؟! مەگەر مردن بێدەنگمانکات .

لە نووسینەکانی ترمدا بەرپرسیارێتی یەکەمی نابیناییکردنی ئەو ٣٠ هاوڵاتییەم خستبووە سەر سەرۆکی هەرێم .

لەم نووسینەشمدا جەخت لەسەر ئەو ڕایەیی پێشووم دەکەمەوە . جگەلەوە، پڕ بەدەمم هاوار دەکەم ، کوان، لە کوێن ؟: ( خاوەن ویژدانەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان، بۆ ئەم بێدەنگییە لە ئاستی نابیناییکردنی ٣٠ هاوڵاتیی و دەرهێنانی چاوییان ؟، هەڵوێستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆران ، هەڵوێستی هەردوو حیزبی ئیسلامیی ئۆپۆزسوێن ـ یەگرتوو و کۆمەڵ ـ ، هەڵوێستی ڕاگەیاندنەکان و رۆژنامەکان و گۆڤارەکان ، هەڵوێستی رۆژنامە نووسەکان ، هەڵوێستی ڕۆشنبیران و نووسەران و ئەوانەی کە ویژدانی خۆیان نەگۆڕیوەتەوە بە لوێچە دۆلارێک ، هەڵوێستی دادوەرە گشتییەکان ، ئەو یەکێتی زانایەیی کە لەسەر تەرجەمەکردنی کتێبێک ، لەسەر دەستەواژەی جێندەر ، لەسەر بابەتێکی رەخنەگرانە لە دین ، لەسەر دەیان مەسەلە و پرسی مەدەنیی لە مینبەری مزگەوتەکانییانەوە هاوارییان لێبەرزدەبێتەوە، ئەوانە بە سوکایەتیی دەزانن بە دینی ئیسلام، بۆ لە دینی ئیسلامدا ڕەوایە دەیان هاوڵاتیی نابینابکرێت و چاوی دەربهێنرێت؟! وا ئێوەی ( زانای ئیسلام ) بێدەنگن لێیی ! ئەو ڕێکخراوە شارستانیی و مرۆییانەی دەیانەوێت کۆمەڵگا بەرەو شارستانییەت و مرۆڤدۆستی بەرن ، باشترین ڕێکخراویان بە پێی پێوەریی بەهای مرۆیی و شارستانیی لەم بێدەنگییەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ) . بێدەنگیی ئێوە کارەسات و تاوانی زۆر بە دوایی خۆیدا دەهێنێت .

وەزیری تەندروستی: کاتێک رۆژنامە نووسێک پێیدەلێت، لە خەستەخانەکەی شارەزوردا پزیشکی سۆنەر رۆژی ١٠٠ نەخۆش دەبینێت، دەڵێت: ئەگەر وابێت نەقڵی پێنجوێنی دەکەم! ئەوەتا پێنجوێنییەکان دەستیانخۆشبێت هاتوونەتە دەنگ و دەڵێن بۆ پێنجوێن زیندانە تا سزادراوانی بۆ نەقڵکرێت؟!! دەبێت وەزیری ناوبراو داوای لێبوردنمان لێبکات. وەزیری تەندروستی لە نابیناییکردنی ٣٠ هاوڵاتیدا داوای لێبوردن ناکات!، زۆر خەمساردانە لەسەری دەدوێت، لە باشترین حاڵەتدا دەڵێن ئەمە کارەساتە، ناڵێن ئەمە تاوانە. ئەم پارادۆکسیەیی وەزیری تەندروستیی و ئەو تاوانە گەورەیەیی بەرامبەر بەو ٣٠ هاوڵاتییەکراوە لە هەرچ شوێنیکی ئەم دنیایەدا بوایە هەموو حکومەتی هەڵدەوەشانەوە .

ئەم بێدەنگییەیی کە باڵیکێشاوە بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، هێندە ترسناکە کە ویژدان و مرۆڤدۆستیی هەموو کۆمەڵگاکەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. هەر ئەم بێدەنگییەیە کە بووەتە هۆی درێژەپێدانیی: (ئەو هەموو دزێتیی و تاڵانیەیی کە دەکرێت، تاوانەکانیی کوشتنی ژنان، خەمساردیی ئەو حیزبە سیاسیانەی کە هاوپەیمانن یان هاوبەشن لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان، کەچی بە حاڵ نوزەییان لێوەدێت لەسەر سوتاندنی بارەگاکانییان، یان لەسەر کوشتنی ئەندامەکانیان لەناو بارەگاکاندا، لە زیندانیکردنی دەیان ئەندامییان هەتا ئەمرۆ!، درێژەکێشانی کارەسات و تاونێکی ترسناک کە لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا گوزەردەکات، نا سەروەریی یاسا و نا دادپەروەریی و نا سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەر و دادوەرە گشتییەکان ) .

هەرچیی ستەمێکی هەردوو زل حیزبی پارتی ویەکێتیە بە بەکارهێنانی ئامرازی میلیشیاکانییان و حکومەتەکەیان ، ئەوە هەمووی بێدەنگیی خەڵکی کوردستانە کە دەتوانن درێژە بەو ستەمکارییەبدەن، ئەوە هەمووی ئەو نامرۆڤدۆستییەیە کە لە کوردستندا گوزەردەکات . بە داخێکی زۆرەوە خەڵکی کوردستان ئەو زەوینەخۆشەیە کە پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتدارانی سیاسیی کوردستان چ گیاگکەڵەیەکییان بوێت تیاییدا دەیڕوێنن و سەوزیدەکەن . ئاخر دەبوایە لەسەر نابینییکردنی ٣٠ هاوڵاتی دە هێندەی قسەکردن لەسەر دەستور و کاندیدنەکردنەوەی سەرۆکی هەرێم قسەبکارایە ، دژایەتیی هەرچ تاوانێکی مرۆیی و نا دادپەروەریی و نا یەکسانیی هوشیاریی کۆمەڵگا پیشاندەدات .

ئەگەر کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی بە ویژدان و مەدەنیی و مرۆیی بێت بێدەنگ نابێت لە ئاستی ئەو ئازارەی کە ٣٠ هاوڵاتی دەیچێژن لە نابیینکردنییان و چاودەرهێنانییاندا، کاتێکیش خەڵک بێدەنگ دەبێت ئیتر دەسەڵاتێکی مشەخۆری نادادپەروەر زیاتر دەتوانێت خۆی بسەپێنێت و هەژموونی خۆی بەهێزتربکات.

من تێناگەم!، کاتێک تۆ بێدەنگ دەبییت لە ئاستی ئەو تاوانە و دەیان تاوانی وادا، ئیتر چ سوودێکی هەیە؟: (گۆڕینی سەرۆکی هەرێم ؟ گەرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەی؟ گرەنتیی چییە دوای ئەوەی کە دەستور هەمووارکرایەوە، رێگەگیرا لە درێژکردنەوەی ولایەتەکەی سەرۆکی هەرێم، یاسای هەڵبژاردنەکان گۆردرا، یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گۆڕدرا، یاسای خۆپیشاندان گۆردرا، پەیڕەو وپرۆگرامی پەرلەمان گۆردار، دوای هەموو ئەمانە، تۆی ئەمڕۆ (بێدەنگ!)، چ وەک (تاک)، چ وەک(حیزبی سیاسی)، چ وەک(ڕێکخراوی شارستانیی و مرۆیی) چ وەک میدایی ئازاد و ئەهلی، چ وەک ڕۆشنفکر و نووسەر و کەسی بە ئاگا، درێژە بە (بێدەنگیی) خۆت نادەییت لە کاتی جێبەجێنەکردنیی هەموو ئەو گۆڕدراوانەشدا؟).

ئاخر خۆ نموونەمان زۆرە لەسەر ئەوە، ئەوەتا مالکی هەموو دەستوری عێراقی خستوەتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و گوێیپێنادات، ئەوەتا سەرۆکی هەرێم دەیان جار وتی گەندەڵی چارەسەر دەکەین و، لەم رۆژانەشدا سەرۆکی دەستگای دەستپاکی بانگکرد و پێیوت کە نابێت هیچ جیاوازییەک بکەییت لە نێوان هیچ لایەن و کەسێکدا، بەڵام کوا؟! هیچ کرا وهیچ جێبەجێکرا؟. کەواتە بێدەنگی تۆیە درێژەپێدانی هەموو ناهەمووارییەکانی کوردستان، هەموو نادادپەروەرییەکان، هەموو نا یەکسانییەکان، هەموو تاوانەکان.

بوێریی و خۆ نەویستیی و مرۆڤپەروەریی و مرۆڤدۆستیی تۆ، دژایەتیی تۆ بەرامبەر بە هەرچ تاوان و نادادپەروەرییەک کە هاوڵاتییەکی نە ناس و دووری تۆی گرتوەتەوە، ناڕەزایەتییت بەرامبەر بە خودی حیزبەکەی خۆت کە پەیمانەکانی خۆی جێبەجێناکات، کە بە پێچەوانەی قسەی خۆیی و پەیڕەووپرۆگرامی خۆیەوە ڕەفتاردەکات، کە سیاسەتیکردوە بە بازرگانێتی و خۆی پێدەوڵەمەندکردوە، موجامەلەنەکردنی تۆ بۆ حیزبەکەت و ناوچەکەت و خزمایەتیی و خێڵەکەت و هاورێیەتییت، تەنانەت لەسەر نەخوێندنەوەی شوناسی کوردبوون لە کاتیی ناحەقیی و زوڵمدا، باشترین دەسەڵاتە لە سەروو دەسەڵاتی سیاسیی و دەستوریی و یاسایی و هێزیی میلیشیاییەوە. تکایە پێش ئەوەی داوابکەییت گۆڕان لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی وکولتووری سیاسییدا بکرێت، گۆران لە خۆتدا درووستبکە و بێدەنگیی بشکێنە!.

نەرویج

 1,963 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت