سامان فەرەج : کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و سەرنجێکی تر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( بوونی ئازادی هیچ بەهایەکی نیە ئەگەر ئازادبوون لە هەڵەکردندا نە گرێتەوە .. گاندی )

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل کۆتایی بە کارەکانی کۆنگرەی گشتی هێنا و پوختەی کارەکانیان لە شانزەخاڵدا ڕاڤەکردوە ،کە ئەوانیش ئامانجە هەنووکەییەکانە بۆ یەکخستین و داکۆکی کردن لە دۆزی کورد بەگشتی و تێکۆشان لە پێناو ئازادکردنی ڕێبەری زیندانی کراو – عەبدوڵا ئۆجەلان- دا، ئەوەی شایستەی باسە کۆنگرە لەشەش کۆمسیۆن پێکدێ کە ئەوانیش پەیوەندی نیشتمانی ونێونەتەوەیی وژنان وخوێندکاران … هتد . هەروەها ئەمە چواردەهەمین کۆبوونەوەی ئەو ڕێکخراوەیە لەپاش یەکەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی، بەڵام بە سیانزەهەمین کۆبۆنەوەی گشتی هەژمار ئەکرێ. کۆنگرەی ئەمساڵ لە برۆکسل لەهەلومەرجێکدا چێ بوو، زۆر جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو ،ئەویش لەپاش ئەو گۆڕانکاریە سیاسی وکۆمەڵایەتیانەیە کە کوردستان و دۆخی بزاڤی ڕزگاری کوردی پیا تێپەڕ ئەبێ بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە کۆنگرە گشتگیر و بێ کەماسی بێت، بە پێچەوانەوە کۆنگرەی نەتەوەیی ڕەنگە هاو قەبارەی ناونیشانەکەی نەبێت ، ئەمەش بۆجوونی تاکە کەسی نیە . بگرە بێ ئاگابوونی زۆرینەی نەتەوەیەک لە ئاست پرۆسەیەکی وابەرزدا گەواهی ئەم ڕاستیەیە .

ئاشنابوون و تێگەیشتن لە ئاکامەکانی کۆنگرە مافی هەموو تاکێکی کوردستانە، بەڵام کۆمسیۆنی ئامادەکار ی کۆنگرە وەک پێویست روونکردنەوە و زانیاری لەسەر بەستن و باس وخواستی کۆنگرە نەگەیاندە پانتایی جەماوەرو تەنها لە ساتی سازدانی کۆنگرەکەدا و لە میدیای لایەنە بەشدارەکان درک بەوە کرا کە کۆنگرەی نەتەوەیی لە سازدانی کۆبوونەوەی گشتی دایە. پاشتریش لە سایتی پێنووسەکاندا چەند زانیاریەک کە لە بەشداربوویەکی کۆنگرەوە سەرچاوەیان گرتبوو ،تیایدا تیشک خرابووە سەر چەند لایەنێکی تری کۆنگرەکە ، هەر چەندە ئاوێنەنیوزیش بە تایتڵێکی نێگەتیڤەوە ڕاڤەی بۆ هەمان زانیاری ولێدوانەکانی ئەو ئەندامە بەشداربووە کردبوو، بەڵام تەکنیکی شێواندنی ئاوێنە جێگەی متمانە نەبوون لەلام. بۆیە لام باش بوو سەرنج بخەمە سەر ئەو بابەتەی کە لە پێنووسەکاندا وەشێندراوە نەک ئەوەی کە لە ئاوێنەدا بەشێواوی خراوەتە بەردیدی خوێنەران و کەسانێکیش کە ڕەنگە ئاستی مەعریفی وئەکادێمیان هێندە لاوازو کەم ئەزموونە ، تێنەگەیشتنیان لەوزانیاریانەیان کردۆتە بابەتێکی نەرێتی بۆ سەرکەسایەتی ئەو ئەندامە(خاتوو نالیا ئیبراهیم)و لەهەمان کاتدا بۆ زیاترنیشاندانی بێ قەبارەیی و کەم ئاستی خۆیان .

ئاشکرایە ئازادبوون وپشکەوتنی نەتەوەیەک لە ئازادبوونی تاکەکانی دایە ،ئازادبوون و ڕۆشنبربوونی ژنانی کۆمەڵگایەک نیشانەی ڕزگاری هەموو کۆمەڵگاکەیە، لە کۆنگرەیەکی لەم جۆرەشدا کێشەی ژن هاوتا وهاوکێشی ووتاری نەتەوەییە، خەباتی ژنانی کورد دوولایەنەیە لە قۆناغەکانی ڕزگاری نیشتمانی دا ،بۆ ئازادبوونی کۆمەڵگاکەی هەروەها بۆ ئازادبوونی لەسیستەمێکی نێرسالاری، ووتار بریتی نیە لە نیشاندانی چەند ژنێک لە سەربانکۆیەک ، بەڵکو گوێگرتن وکارکردنە بۆ خواستەکانی ، ئەگەری بوونی ووتاری ژن مانای ئەو میتۆدەیە کە لێکدانەوە بۆ ڕابردوو ، ئایندەی ژن ئەکات، نەک بۆ تێڕوانین لەژن لەئامادەبوونیدا وەک جەستەیەک،کارەساتی هەرەگەورەی ئێمە لە تێنەگیشتن و ڕاڤەکردنی ووشەکانە بەقەدەر تەسکی هۆشی خۆمان، نالیا ئیبراهیم ئەو خانمە ئازا و ئازادەیە کە ڕاستگۆیانە لەم خاڵەدا هەڵوێستە ئەکاو بە پێویست و بەمافی خۆی ئەزانێت وەک ژنێک کە ووتارێک هەبێت بۆژنان،چونکە دیدوخوێندنەوەی ئەو خانمە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی دیدیکی تایبەت و جیاوازە،، جیم مۆریسنی ناوداری ئەمریکی ئەڵێ : ئەوە دۆستە، کە هەموو ئازادیەکت بۆ فەراهەم ئەکات هەر بۆ ئەوەی کە تۆ، خۆت بیت ،دیارە دیدی بە دۆست ڕوانین لە لایەن خاتوو نالیاوەبۆ کۆنگرە لەو ڕاستتیەوە سەرجاوەئەگرێ کەئەمە خۆی لەخۆیدا بەرز ڕوانینە لە مەوداکانی ئەم ڕێکخراوە نەک بە کەم نرخاندنی .

دووسێ هەزارساڵ بەر لەئێستا گریکەکان بۆ زۆرینەی بوونەوەر و ڕووداوەکان دید و میتۆدێکی تایبەتیان تۆمارکردوە ، کەچی ئێمەی کورد لەچەرخی تەکنەلۆجیادا لە خواست و قسەکردن لەسەر ووتارێک ، خۆمان تووشی پەرکەم دەکەین، لە ساڵانی سی بەدوواوە ژنانی کوبا مافی کارکردن و دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی پەراوێزپێکردنی لە شۆڕشی کوبادا و بگرە لە ساڵانی ١٩٥٩ بەدواوە ، ڕێکخراوی ژنان بووە بنکەیەکی فەرمی لەدەولەتدا و چالاکانە کاری بۆ پێگەیاندن و هۆشیاری زیاتری ژنان کرد ، ژنانی ئنگلیز لەسەدەی هەژدەوە خاوەن ووتاری تایبەتی وسیاسی خۆیان بوون، هەلوومەرجی جەنگی جیهانی یەکەمیش نەبووە هۆی لاپاڵ پێخستنیان وبگرە لەپیاوان زیاتر قورسایی شەڕو بەڕێوەبردنیان کەوتە سەرشان ولە دواتریشدا ئەمە هۆکارێک بوو بۆ بەرجەستەکردنی مافەکانیان ،  ئەوەی بزاڤی ڕزگاری گەلی کوردیش لە باکوردا زیاتر تایبەت مەند ئەکات هاوپشک بوون و بەشداریکردنی ژنانە لەو بزاڤەدا ، بەڵام ئەمە پاکانەیەک نیە بۆ ئەوەی کە ژنان : چیتر زات نەکەن باس لە بوون و مافی خۆیان بکەن ، ئەوەی پرۆفایەڵی ژنە سەرکردەیەکی وەک شەهید ساکینە بخوێنێتەوە ، لەوڕاستیە ئەگات کە چەند کارابووە بۆ بەهێز کردنی تەڤگەری ژنان لەبزاڤی ڕزگاریدا ..

کۆنگرە سەرکەوتوانە سازدرا لە ئایندەشدا سەرکەوتوو تر ئەبێ ئەگەر کەسانی لاواز و ناوێزەو پاشقڕەو وەلاوە نێ تانەیکەنە پانتاییەک بۆ خۆدرخستن و ماستاوکردن و لە پانتایی نەتەوەیەکەوە کار بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی بکات ، خوازیارم هەموو ئەندامێکی کۆنگرە وەک خاتوو نالیا لە بەرزیەوە بڕواننە ئەو پرۆسەیە و خوازیاری زیاترو کاری باشتربن نەک درۆکردن وخۆگێلکردن و سەرکزکردن ،دەنا کۆنگرە ش دەبێتە ژمارەیەکی تری دووبارەبووەی ڕێکخراوەتەقلیدیەکان و کێشەی کوردیش بەژمارەی زۆری ڕێکخراو چارەسەر ناکرێ .

1,568 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت