شنۆ محەمەد : خۆزگە کوڕ بومایە .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

 

ڕه‌هێلى برام ئه‌و که‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر ئیره‌یی پێ ده‌به‌م ، ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ منیش ڕۆژێك له‌ ڕۆژان له‌لایه‌ن خانه‌واده‌و دراوسێ و گه‌ڕه‌ک و شارو كۆمه‌ڵگاوه‌ وه‌ک ڕه‌هێڵی برام ته‌ماشا بکرێم ، وه‌ك ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتم له‌گه‌ڵ بكرێ و ڕێز له‌که‌سایه‌تیم بگیرێت ، تا وه‌ک مرۆڤێک هه‌ست به‌ بوونى خۆم بكه‌م .

به‌ڵام به‌داخه‌وه ‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌و زیره‌كترو باشترم و بڕوانامه‌م له‌و به‌رزتره‌و چه‌ندین زمانیش ئه‌زانم ، هه‌روه‌ها زۆریش هه‌وڵمداوه‌و هه‌رچه‌ند ده‌که‌م ناگه‌مه‌ ڕێزی براکه‌م ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من كچم .! به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م که‌ ئاواته‌که‌م ته‌نها خه‌یاڵه‌و خۆم باش ده‌زانم که‌ نایه‌ته‌ دی .! وا پێده‌چێت ئه‌بێ له‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی مندا به‌ زه‌لیلی و داماوى له‌ سوچێكى ماڵه‌وه‌ دابنشیم و چاوه‌ڕێى فه‌رمانه‌كانى باوك براو نێره‌كانی ده‌وروبه‌رم بم . .!!!

ئێستا پێتان ده‌ڵێم که‌ بۆچی حه‌ز ده‌که‌م ببمه‌ کوڕ .!! كاتێك ڕه‌هێلى برام بۆ مه‌له‌وانگه‌ ئه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، من ئه‌بێت له‌ ماڵه‌وه‌ جله‌كانى ئه‌و بشۆم ، ئه‌و ئه‌چێته‌ چایخانه‌و من ده‌بێت له‌ ماڵه‌وه‌ چاىی ئاماده‌ ده‌كه‌م ، ئه‌و ئه‌چێته‌ خواردنگه‌و من ئه‌بێت له‌ ماڵه‌وه‌ خواردن دروست بكه‌م ، ئه‌و ئه‌چێته‌ ژوان له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى من ئه‌بێ له‌ ماڵه‌وه‌ له‌چك بكه‌مه‌ سه‌رم و رووى خۆم دابپۆشم  ، نه‌کا كه‌سێك قژه‌ ڕووته‌که‌م ببینێت و بێشه‌ره‌ف ببم .

بۆ ئه‌و سه‌ربه‌رزیه‌ داواى ژن بكات ، به‌ڵام بۆ من سه‌رشۆڕیه‌ داواى مێرد بكه‌م و ده‌بێته‌ مایه‌ى ئابرووچوون ، ئه‌و به‌ ئاره‌زووى خۆى چ کچێکی بوێت هه‌ڵى ئه‌بژێرێ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ هاوسه‌رى ژیانى ، به‌ڵام بۆ من  ! باوكم و ڕه‌هێڵی برام بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن ..!!! كاتێك ڕه‌هێل دێته‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌بێت من گۆره‌ویه‌كانى بشۆم و جله‌كانى ووتوو بكه‌م، شه‌ویش جێگاى نوستنى بۆ راخه‌م ، ئیتر هه‌تا دوایی ..!!

ڕه‌هێل ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ بۆى هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆى داركاریم بكات بێ ئه‌وه‌ى بتوانم شتێک بكه‌م ، ئه‌و له‌ شێوازدا وه‌ك برایه‌كى دڵسۆزم دێته‌ به‌رچاو ، ڕێزم لێ ده‌گرێ و پێم ده‌ڵێت هه‌رچیه‌کم بوێت هاوکارو یاریده‌ده‌رم ده‌بێت ، به‌ڵام له‌ ده‌روونیدا هه‌ر خۆی به‌ خاوه‌نى من ده‌زانێ .! جا بۆ نا .!! من باشترین خزمه‌تكارى ئه‌و و ماڵه‌که‌م ، جگه‌ له‌و خزمه‌تی دایك و باوكیشم ده‌که‌م و هه‌رگیزیش نه‌موێراوه‌ قسه‌ىان بشكێنم . .!! ئێستا ڕه‌هێل له‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ گه‌ر هه‌ر ڕووداوێک له‌نێوانماندا ڕووبدات سه‌رئه‌نجام هه‌ر من تاوانبارم و به‌ چاوى سوكه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێم .

من به‌ هه‌موو ماناو پێودانگێك موڵكى براو باوكى خۆمم ، منیش وه‌ک پاره‌و ئۆتۆمۆبێل و خانوو موڵکی حاجی سه‌عی و ڕه‌هێڵی برامم، ئه‌وان هه‌موو كات خۆیان به‌سه‌ربه‌رز ده‌زانن و لافوگه‌زافی شه‌هامه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌ لێده‌ده‌ن چونکه‌ هه‌میشه‌ چاودێری من ده‌که‌ن و ناهێڵن به‌ قژی ڕووته‌وه ‌، به‌پۆشاکی سه‌رنجڕاکێشه‌وه‌ بچمه‌ ده‌ره‌وه‌و ببمه‌ مایه‌ی سه‌رشۆڕیئ ئه‌وان .! باوکیشم منی زۆر خۆش ده‌وێت چونکه‌ به‌ قسه‌ی ده‌که‌م و له‌و زیندانیه‌ بچووكه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ بۆی ڕه‌خساندووم مه‌ڵاسی داوم و خۆم نیشانی بێگانه‌ ناده‌م ، ماوه‌یه‌کی کورته‌ که‌ ڕه‌هێڵ متمانه‌ی به‌ من زیادی کردووه‌و کلیلی زیندانه‌که‌ی داوه‌ته‌ ده‌ست دایکم . ئیتر ئاوا …! من هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌م و ئه‌ویش هه‌ر ڕۆژه‌ له‌ ماڵێک و هه‌ر مانگه‌ له‌ شارێک و هه‌ر ساڵه‌و له‌ وڵاتێکه‌ .!

ڕۆژێکیان پرسیارم له‌ دایکم کرد داخۆ که‌ی کلیله‌که‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ست خۆم ، ئه‌و وتی ئێمه‌ ده‌یده‌ینه‌ ده‌ست هاوسه‌ره‌كه‌ت و پێى ئه‌ڵین ها بگره‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ شه‌ڕه‌فى خۆمان به‌بێ لکه‌و به‌بێ برین و به‌ جوانی و به‌ سه‌لامه‌تی ته‌سلیمی تۆ کرد ، تۆش له‌م کاته‌وه‌ به‌رپرسى له‌ پاراستنى شه‌ره‌ف و ناموسى خۆت و ئێمه‌ش . ئه‌ویش زۆر به‌ توندى كلیله‌كان له‌مه‌چه‌کیدا قایم ئه‌کات نه‌کا له‌ده‌ستی بکه‌وێته‌ خواره‌وه‌و ئیتر شه‌ڕه‌فه‌که‌ی بڕژێت .

هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و كوڕه‌ و منیش كچ ، بۆیه‌ من ئه‌مه‌وێ ره‌گه‌زى خۆم بگۆڕم تاوه‌كو له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆمدا ببمه‌ مرۆڤێک ،  به‌ڵام مرۆڤێکی ئاسایی نه‌ک سه‌ردارو كوێخا . تا هه‌ست به‌ بوونى خۆم بكه‌م و له‌ هه‌موو زه‌مه‌ن و زه‌مانێکدا وه‌ک مرۆڤێک قسه‌م هه‌بێ ، خۆم هه‌ڵگری شکۆمه‌ندیه‌کانی خۆم بم نه‌ک که‌سانی تر .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
شنۆ محەمەد

About شنۆ محەمەد