kemal-Mirawdeli

دکتۆرکەمال میراودەلی : سووڕیی سەدساڵەی مێژوو لە کوردستاندا ، ١٩١٤- ٢٠١٤ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەرەو یادکردنەوەیەکی مەزنی سەد ساڵەی دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٤ دا !!

(١)

لە سالێ ٢٠١٤ دا سەدساڵی تەواو بەسەر دەستپێکردنی شەری جیهانی یەکەمدا تیدەپەرێ ، ئەو جەنگەی نەخشەی جیهانێكی سیاسیی نوێی دروستکرد ، نەخشەیەک کە کوردی وەک نەتەوەیەک و خاکێک، بۆ سەد ساڵی رەبەقی دوای خۆی ، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ، سڕیەوە ، کردی بەخاکێکی داگیرکراوو دابەشکراو ، گەلێكی چەوەساوەو جینۆسایدکراو .

ئەوەتا دوای سووڕی سەدساڵەی رۆژگار ، ئاسۆیەکی نوێ خەریکە لە ناو تەمومژی خۆلاویی و خوێناویی مێژوودا لە دایک دەبێت .

ئاسۆیەکی ئەرخەوانیی لەسەر سەرمان وەستاوە ، کە نەیگرین تێدەپەڕێ و رەنگە دیسانەوە خڵتانی خوێنی خۆمان بێت و لە نەخشەیەکی نوێشدا خەونەکانمان بەرجەستە نەبن .

ماوەیەک لەمەوبەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ، لە سەردانێكی تایبەت بۆ مۆزەخانەی ئیمپریالی جەنگ لە لەندەن رایگەیاند کە حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی داهاتووەوە بۆ ماوەی چوارساڵ [ واتە هاوتەریبی ئەو چوار سالەی خایاندنی جەنگ ] لە رێگای چالاکیی جۆر بەجۆرەوە یادی ئەم جەنگە و سەرەتاو پرۆسەو رووداوەکان و ئاکامەکەی و دەرسەکانی دەکاتەوەو ٥٠ ملیۆن پاوەندی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردوووە .

دیارە دەسەلاتی بەربەریی کوردیی شتێک شک نابا پێی بوترێ هەستی مێژوویی ، عەقڵی دیرۆکیی و یادەوەریی رابردوو ، یان خەمی نووسینەوەی مێژوو . دەسەلاتێکە هەموو خەم و خولیایەکی پاراستنی ستاتسکۆیە ؛ هەموو بیرکردنەوەیەکی : نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە و لە دەستنەچوونی دەسکەوتە گەندەڵییەکانی تاوانکاریی و دزیی و خیانەت و داگیرکارییەکانییەتی دژی خاک و گەلی خۆی .

ئەو کاتە گومڕایەی ئەمرۆ کە ئەمڕۆ هەڵدەلوشێ و مێژووی دوینێ دەخاتە ژێر پێوەو دەرفەت و دامەزراوەکانی سبەینێ کاول دەکات .

ملیۆنەها دۆکیومێنتی داگیرکاریی بەعس و ئەنفالستانکردنی کوردستان و ئەنفالکردنی خەڵکەکەی کەوتە بەردەستیان چیان لێکرد ؟

کوا دەزگایەکی ئەرشیڤی نەتەوەیی جینۆساید ؟

کوان بەڵگەنامە نووسراوەکان ، فلیمەکان ، یادەوەرییەکان ، وێنەکان ، زانیاری لەسەر گۆڕە بە کۆمەلییەکان ، سەحراکانی زیندە بەچالکردن ، زیندانەکانی ئەشکەنجەو ئەتککردنی بەکۆمەڵ ؟

کوا کاری زانکۆ وێرانەکانمان ؟

کوان بەرگ لە دوای بەرگی نووسینەوەیەکی بابەتیی زانستیی ئەکادیمیی مێژووی ئەو سەدساڵەمان تا ببێتە پانۆرامایەکی خۆناسین وراستیینامەی وانە لێوەرگرتن بۆ نەوەکانمان ؟

کوان ئەو دەرسە جێنۆسایدییانەی لێیان فێربووین ؟

نەک هەر مێژوو بابەتییانە و پیشەییانە و سیستماتیک نانووسرێتەوە ، نەک هەر مێژوو دەکوژرێ و شوێنەوارەکانی کوێردەکرێنەوەو شوێنپێکانی دەسڕدرێنەوە ، مێژوویەکی سەر لە بەر ساختەکارو فشەساز ، مێژوویەکی حیزبیی بنەماڵەیی روو زەرد و بۆش و بێ بنەمای زانستیی و ستانداردی ئەکادیمیی ، مێژوویەکی بێ ناوەرۆک و ناساز، لەلایەن دەسەلاتی حیزبیی گەندەل و بێ فەرهەنگ و بێ سەواد و بٶشنبیرەکانییەوە ، دەخرێتە بەردەم نەوەکان .

(٢)

لە ١٩١٤ دا لە دەروازەیەکی خوێناوی مـێژووەوە لە باکوور چووینە ژوورێ و ئەمڕۆ دوای سەد ساڵ لە دەروازەیەکی خویناوی ترلە رۆژاوا دەردەچین .

تونێڵێکی سەدساڵەیی سەخت و و خوێناویی و پر کارەسات و جینۆساید بوو .

مەرگی زۆر سەرکردەی قارەمانمان بینی ،

شەهیدبوونی خەباتکارانی پاڵەوانمان بینی ،

قڕانی دێهات و شارمان بینی ،

ئاوارەیی و کۆچ و کۆچبارمان بینی ،

رەشبکوژیی و زیندەبەچاڵکردنی هەزارانمان بینی ،

ئاشبەتاڵ وگوازتنەوەو تاڵانمان بینی ،

ئەنفال و ئەنفالستانمان بینی ،

شەڕی خۆفرۆشیی و خیانەت و خۆکوژیی و تاوانمان بینی،

دزیی وساختەیی و گەندەڵیی بێ ئامانمان بینی.

دەبوو دار وبەردەکانیش لەم پرۆسە مەرگەساتییە فێربن و دەرس وەرگرن

ئێمە وەک نەتەوە پێویستیمان بەوە هەیە بە جددی یادی ئەم سەد ساڵە بکەینەوە

ئەوە تەنیا مێژووی باشوور و باکوور نییە ، مێژووی هەموو پارچەکانە .

مێژووی پارچەپارچەکردنمان و کردنی ئەم پارچەگەرییەیە بە چوارچێوەیەکی دەوڵەتیی و حەقیقەتی نەخشەی سیاسیی ودیپلۆماسیی و یارییە خەتەرناکەکانی جیهان و دابڕانی کورد لە یەکترو لە مێژ -ووو کەلتوورو ناسنامەی خۆی .

بۆیە پێویستە هەر لە ئێستاوە بەرنامەیەکی فراوان بۆ یادکردنەوەی ئەم سەد ساڵە دابنێین .

ئەوەتا گەڕاوینەوە بۆ خاڵی سەرەتا: لە سالی١٩١٤دا کەمال ئەتاتورک بەلێنی دا تورکیایەکی نوێ بۆ کوردو تورک پێکەوە بنێ . بەڵام بۆ سەدساڵ ئەم بەڵینە بوو بەمێژووی داگیرکاریی و خوێن وستەم و تواندنەوەی رەگەزپەرستانە .

ئێستاش ئەردۆگان، کە مەستی جێنۆسایدکردنی گەلی سوریایە، هەمان بەڵین دەدا ، بەلام ئێمە نابێ بە هەمان رێگادا بڕۆینەوە ، ئەمە تەنیا بە عەقل و بەرنامە بۆ یەکێتی و هاوکاری نەتەوەیی و فێربوون لە دەرسەکان و وننەکردنی رووناکایی و تاریکاییەکانی مێژوومان دێتە دی .

مادام فەرەنساو بەتایبەتی بەریتانیا دەوری سەرەکیی لە پەیمانی سایکس – بیکۆو دابەشکردن و داگیرکردنی کوردستان و هەلوەشاندنەوەی سیڤەرو لەناوبردنی حکومەتی خوارووی کوردستان و پشتگیری دەولەتی ناتۆیی تورک وئێران و حکومەتی عەرەبیی عێراق دژی کورد هەبووە ، باشترە زۆر چالاکی ئێمەش شانبەشانی چالاکییە چوارساڵییەکانی بەریتانیا لە لەندەن بێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و بیرهێنانەوەی تاوانەکان و ناهەقییەکان .

دیارە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان باشترین دەزگایە کە ئەم کارە لە ئاستێکی کوردستانیی و جیهانیی بالاو کاریگەردا ئەنجام بدات . چاوەڕوانین .

لە بەشەکانی داهاتوودابە شێوەیەکی کرۆنۆلۆجیی پانۆرامایەکی ئەم سەدساڵە پڕ کارەساتەتان پێش دەکەم .

1,980 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست