دکتۆر کەمال میراودەلی : لە تورکیا چ روو دەدات ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی یەکەم : خۆکراسیی ئەردۆگان

دەسەلاتخوازەکان هەموو وەک یەکن : لە جەوهەردا فاشیستن !

لە چەند وتارێکی جیاوازی ئەم مانگەدا ، دوو روانگەی تیۆرییم پێشکەش کردن کە بۆ لێکدانەوەی رەوشی تورکیاش و تێگەیشتنی هۆکارەکانی تەقینەوەی راپەرینی خەڵک دژی ئەردۆگان و رژێمە دەسەلاتگەرییەکەی رووناکیبەخشن :

١ وەهمی دەنگۆ- کراسیی : ئەوەی کە ئەوسەرکردانەی مەیلی دیکتاتۆریەتییان هەیە یان ئەجندای سیاسیی ئایدیۆلۆجیی تایبەتی خۆیان هەیە ، بردنەوەی هەلبژاردن بە دەنگی زۆرینەی خەلک بە هەموو پرۆسەی و پراکتیسی دیمۆکراسی دەزانن و لەمەوە دەیکەنە پاکانە بۆ هەر بڕیارو وکردارێک بە ناوی زۆربەی دیمۆکراسییەوە .

ئەمەشم ناونا : دەنگۆکراسی واتە ( حوکمی دەنگەکان ) کە وەک فاکتێکی جیا لە دەرەوەی رێوشوێنی کارکردنی دەزگاو ستراکتورە دیمۆکراسییەکان وەردەگیرێت .

واتە سەرۆکی حیزبی دەسەلاتخواز دەیەوێ هەر بە ناوی دیمۆکراسی و دەنگی زۆربەوە یەک بە یەکی دامەزراوە دیمۆکراسییەکان پەک بخا یان بیانخاتە ژێر دەسەلات و بەرژەوەندی حیزبی براوەوە بۆ ئەوەی تاهەتایە گەر بتوانێت لە دەسەلاتدا بمێنێتەوە .

بەم جۆرە دوای هەڵبژاردن :

دیمۆکراسی [ دەسەلاتی خەلک ] دەبێ بە دەنگۆکراسی [ دەسەلاتی دەنگەکانی زۆربە ]

دەنگۆکراسی دەبێ بە حیزبۆکراسی ( دەسەلاتی حیزبی براوە )

حیزبۆکراسی دەبێ بە سەرۆکراسی [ دەسەلاتی سەرۆکی حیزبی براوە ]

سەرۆکراسیی دەبێ بە خۆکراسیی [ دەسەلاتی خۆم ]

بەم جۆرە دەسەلاتی دیمۆکراسی : دەسەلاتی خەلک لە لایەن خەڵکەوە بۆ خەڵک دەبێ بە خۆکراسی : دەسەلاتی خۆم لەلایەن خۆمەوە بۆ خۆم واتە دیمۆکراسی دەبێ بە : [ دەمەوێ کورسیی ] و دەستی لێبەرنادەم .

ئەم خەیالی خۆکراسییە : وەک چۆن لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر بارزانی هاتووە ، لە تورکیاش بەسەرئەردۆگان هاتووە .

بەلام لە کاتێکدا لە تورکیا ئەردۆگان بەرامبەر بە هێزی سیاسیی و کۆمەلایەتی فروان بۆتەوە ، لە کوردستان بارزانی وەک ئاهەنگی چاخواردنەوە بریارەکان تێدەپەرێنێ ، دوای ئەوە ئۆپۆزیسۆن دەلێن : چایەکە لە زاری ئێمەدا تاڵ بوو .

ئەردۆگان لە تورکیا هەمان گەمە دەکات و دەیەوێ سسیتمی حوکم بکاتە سەرۆکایەتی و خۆی ببێتە سەرۆک کۆمارو تا چەند دەورەی تر بەلای کەمەوە دە ساڵی تریش حوکم بکات و سیستمی حوکمرانیی تورکیا بە پێی بەرنامەی ئایدیۆلۆجی خۆی و خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابڕێژێتەوە .

هۆی سەرەکی هەوڵی ڕێکەوتنی لەگەڵ کوردیش ئەم ئامانجە دیکتاتۆریەیە .

ئەردۆگان بەرژەوەندیی لەوە دایە دەستوورەکە بگۆرێت بۆ سسیتمی سەرۆکایەتی بۆ خاتری مانەوەی خۆی .

ئۆجەلانیش بەرژەوەندی لەوەدا دەبینێت دەستووری تورکیا بگۆڕدرێت بۆ فرە -نەتەوەیی بۆ خاتری پاشەرۆژی نەتەوەکەی خۆی .

واتە لە جیاتی ئەوەی کە تەنیا تورکیا وەک ولاتی یەک نەتەوەی نەژادپەرستیی تورک بناسرێت وەک ولاتی هاوبەشی تورک و کوردو نەتەوەکانی تر بناسرێت .

تا چ رادەیەک دەبێ ( ئەردۆگان ) ێك باوەڕی پێبکرێت کە ئاوا دڕندانە دوو ساڵە نەخشەی جێنۆسایدی رۆژانەی خەلکی سوریا بۆ خاتری ئیسرائیل و خەونی پانتورانیزم جێبەجێ دەکات و دوژمنایەتی سوننەو شیعەی بە توندترین شیوە ژیاندۆتەوە و ئاوا ئێستاش وەک هەردیکتاتۆرێکی فاشیست بە زەبری جەندرمەو ئەوپەڕی توند وتیژیی بەرامبەر خەڵکی خۆی دەوەستێ کە سەرەتا وەک سەیرانێکی کۆمەلایەتی لە باخەکەی تەقسیم کۆبوونەوە؟

ئەوە دەبێ چاوەریی حوکمی رورداوەکان بین .

بە پێی راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا خەستەخانەکانی تورکیا ، ١٧٠٠ کەس گیراون و ١٧٠٠ کەسیش بریندار بوون و دووکەسیش کوژراون . ئەمە تەنیا لەبەرئەوەی خەلک بە ئاشتی سەیرانئاسایی دژی بریارە قەرەقوشییەکانی ئەتاتورکی نوێ وەستان .

روانگەی دووەم :

لە وتارێکدا دەربارەی مردنی حیزب ئەوەم روون کردەوە کە سیاسەت بۆ گەنجان و نەوەکانی ئێستا بە پلەی یەکەم ستایل و شێوەی ژیانە کە ئازادیی تاکەکەس لە هەڵبژاردندا و بڕیاردانی جۆری ژیان و چارەنووسی خۆی جەوهەری ئەو سیاسەتە پێک دێنێت ، نەک دین و نەتەوایەتی و ئایدیۆلۆجیاو ناسنامەی چینایەتی بە مانا تەسکەکەی .

ئەمە مانای ئەوە نییە زۆر پرس و بابەت نییە تاکەکان کۆبکاتەوە : هەموو ئەو پرسانەی پێوەندییان بە ئازادی تاک ، پێوەندییە کەسییەکان ، پاراستنی ژینگە ، ژیانی کۆمەڵگایی ، یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی ، دژایەتی رەگەزپەرستی و جیاوازیگەری دەرهەق ژنان و منال و کەمئەندامان و هتد ئەو گروپانە کۆدەکەنەوەو تٶڕەکۆمەلایەتییەکانی ئینتەرنێت [ وەک فەیسبووک و تویتەر ] لە لایەکەوەو شەقام و باخ و شوێنە گشتیەکان ، چاخانەکان ، یانەکان لە لایەکی ترەوە ئەو شوێنانەن ئەو تاکانە پێکەوە کۆ دەکەنەوە .

بۆیە سەریر نییە کە راپەرینەکەی تورکیا لە سەر پرۆژەی سەرمایەدارییانەی ئەردۆگان بۆ لە ناوبردنی باخێکی گشتی کە ژینگەی کۆمەلگایی هاوبەشی خەلکی ئەستەمبول پێکدێنێت ، و گۆڕێنی بە مۆڵی بازرگانی بتەقێتەوە . بەلام دیارە ئەمە تاکە هۆکارەکە نییە : ئەمە رەمزو کۆکەرەوەی هەموو هۆکارەکانی هەوڵی تاکێکی خاوەن ئەجندای دیکتاتۆرییە [ ئەردۆگان ] کە دیمۆکراسی بکاتە خۆکراسیی و ملهوڕانە بڕیار دوای بریار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەو بنسازییەکانی دیمۆکراسی و تەسککردنەوەی پانتایی ئازادییەکانی خەلک و تێکدانی ژینگەیان دەربکات و پەرچەکرداری تاکەکانی خەڵکیشە کە بەهێزی گیانبەخشانەی یەکگرتوویان ئازادییەکانیان و ژینگەیان و دیمۆکراسییەکەیان بپارێزن .

دیارە هەروەک میسر چەپەکان و ژنان و [ لە تورکیا کوردیش وەک قەبتییەکانی میسر] ئەو ‌هێزە ناوکییە هوشیارە رێکخراوو بنەڕەتییانەن کە ناهێڵن بلێسەکە بکوژێتەوە تا هەموو ولات دەگرێتەوە . بە پێچەوانەی درۆکانی ئەردۆگانەوە هیچ حیزب و رێکخراوێک لە پشت ئەم راپەرێنەوە نییە .

وەک تونس و میسر ، گەل خۆرسکی وەک کاردانەوە دژی ستەمگەریی رۆژهەڵاتیی دەستی پێکرد کە رۆژ بە رۆژ ئەردۆگانی عەقڵ – فاشیست زیاترو زیاتر بەهێزی دەکات .

تا دەسەلات زیاتر توندوتیژی بەکاربێنێت و خوێن بڕژێت زیاتر بڵێسەی شۆڕشی بەهاری تورکیی پەڕەدەستێنێت ..

1,829 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست