دکتۆر کەمال میروادەلی : لە تورکیا چ روو دەدات ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی دووەم :

ئایا تورکیا وەک تونس ، وەک میسر، یان وەک سوریای لێ دێت ؟ بێگومان نا .

تورکیا زیاتر وەک بەحرەین و سعودیەو قەتەرە لەوەی وەک ئەو ولاتانەی بە بەهاری عەرەبی ناودەبردرێن . واتە لەو ولاتانایە کە لە چوارچێوەی پرۆژەی پاراستنی ئیسرائیلی – ئەمریکی-ناتۆیی دایە .

دوێنێ وتارێکی سەرەکی تایمز نووسیبووی : تورکیا ، ناتوێتەوە ، بەلام نابێ بهێڵین ئەردۆگانێش وەک حوسنی موبارەکی لێ بێت . مەبەستی تایمز ئەوەیە کە ئەردۆگان خەریکە بە چەمووشی و دیکتاۆریی و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە رادەبەدەر دژی خۆپیشاندەران ئەمریکاو ناتۆ بخاتە هەڵوێستێکی تەریقییەوە کە دیسان ئەمریکا دووفاقەو غەرب پشتگیری ( حوسنی موبارەک ) ێکی تورکیی دەکا ، کە دۆستی خۆیەتی و بە دەستی ئاسن لەو هاولاتییانەی خۆی دەدات کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە دژی پرۆژەیەکی دژە- ژینگەیی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەیان کردووە .

مەرەکەبی وتارەکەی تایمز وشک نەبۆوە ، کە دەسەلاتی ئەردۆگان فشی کردەوە : جێگری سەرۆک وەزیران داوای لێبوردنی لە رێکخەرانی خۆپیشاندانی تەقسیم کرد ، پۆلیس لە ئەنقەرە گوڵیان بە سەر خۆنیشاندەراندا بەخشیەوە ! .

تورکیا گەورەترین و بەهیزترین و کۆنترین بنکەی سەربازیی و ئەتۆمیی سارۆخی و ئیستیخباراتیی غەربییە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا .

ستراتیجیترین بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە تورکیان ، لەوانە بنکەی ئینچیرلیک کە کوشندەترین و تازەترین سارۆخی ئەتۆمیی تاکتیکیی ئەمریکی تێدایە . ئەمسالیش بە بیانووی پاراستنی تورکیا لە هەڕەشەی سوریا ، شەش پاتری سارۆخی [ پاتریۆت ] لە باشووری تورکیا جێگیر کران .

ئەو بنکەیە لە اسلی ١٩٥١ دا دەست بە درودستکردنی کرا ، بە پلەی یەکەم بۆ بەرهەڵستی روسیای شیوعی یان یەکێتیی سۆڤیەت بوو . دوای نەمانی شەڕی سارد دەوری سەرەکی ئەو بنکەیە پاراستنی ئیسرائیلە ، لە جیاتی ئەوەش تورکیا داوای هاوکاری ئیسرائیل وئەمریکای دژی کورد کرد .

واتە دەوری سەرەکی ئەم بنکە گەورەو ستراتیجییانە دوای شەری سارد ، دوو ئامانجی سەرەکی بوون : پاراستنی ئیسرائیل و دوژمنایەتی کورد . بە پێێ ئەم ریکەوتنە ئیسرائیل دەوری سەرەکی لە بەدواکەوتن وگرتن و تەسلیمکردنەوەی سەرۆک ئۆجەلان بە تورکیا هەبوو، دەوری سەرەکی لە پێدانی تەیارەو چەکی جەنگی نوێ بە تایبەتی تەیارەی جاسووسیی و بکوژیی بێ فڕۆکەوان [ درۆن ] بۆ لێدان و کوشتاری چەند جارەی گەریلا ژن و پیاوەکانی پەکەکەی هەبوو . ئیسرائیل و ئەمریکا دەوری سەرەکیشان لە کۆکردنەوەی زانیاری و خەریتەی جاسوسی لە سەربنکەکانی پەکەکەی و جوولانەوەکانی لە قەندیل و ستراتیجی لێدان و لە ناوبردنیان هەبوو . تا ئەو رادەیەی سەفیری ئەمریکی لە تورکیا پار داوای لە تورکیا کرد هاوکاری ئەمریکی قبوڵ بکات بۆ لە ناوبردنی سەرکردەکانی پەکەکەی لە قەندیل بە هێرشی تەیارەی درۆن ، وەک لە پاکستان و ئەفغانستان دژی تالیبان بەکاری دێنێت .

ئەمە هەتا ئێران بە قورسی هاتە هاوکێشەکەوەو لە روانگەی ئیسرائیلەوە ئێران بە دوژمنی هەرە ستراتیجیی و خەتەرناک دانرا بەتایبەتی لەبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەلام ئامانجە راستەقینییەکە کۆنترۆڵی هەموو نەوتی رۆژهەلاتی نێوینە .

بەرژەوەندییە ئابوورییە زەبەلەحەکانی تورکیاش لە نەوت و غازی کوردستان وای کرد ، تورکیا ئەو راستییە تاڵە بزانێت ، کە بەردەوامبوونی لە جەنگی کورد هەموو ستراتیجەکەی هەلدەوەشێنیتەوە . نەک هەررێگەی گواستنەوەی نەوت و گازی کوردستان بۆ تورکیا سەلامەت نابێت ، بەلکو هێزی پەکەکە لە سوریاو لە ناو تورکیاشدا هەرەشەیەکی گەورەش بۆ ئارامیی ناوخۆو یەکێتی خاکی تورکیا دروست دەکات .

لە بەرئەوە لە بری پەکەکە دژایەتی ئێران بوو ، بە ئامانجی هاوبەشی ئیسرائیل و تورکیا .

لە بەر ئەوەی هیچ هۆیەک نییە ، کە حکومەتی گوایە ئیسلامیی تورکیا دژایەتی ئێرانی دراوسێ و موسڵمان بکات بۆ خاتری ئیسرائیل . ئەردۆگان دەبوو هۆکارێکی ئایدیۆلۆجی بدۆزێتەوەو بەم جۆرە بوو بو بەشێک لە نەخشەی سەهیۆنیی – ئەمریکی ناتۆیی بۆ ژیاندنەوەو دڕندەگەرییکردنی ناکۆکی شیعەو سوننە بە پارەی قەتەرو سعودییە، بۆ لێدانی دوژمنەکانی ئیسرائیل لە سوریا و ئیسرائیلییکردن و ئەمریکییکردنی ئیخوان موسلیمەکانی میسرو تونس و بەتایبەتی لێدان و گەر بکرێت لەناوبردنی حیزبوڵلای شیعەی لوبنان کە چەندین جار زەبری کوشندەی لە ئیسرائیل داوەو ، ئەوسا چۆک دادان بە ئێران خۆی و دەسەلاتگرتنی شەریکەکانی نەوتی سەرمایەداریی ئەمریکی غەربیی بەسەرهەموو نەوتی رۆژهەلاتی نێویندا و بەکارهێنانی ئەم دەسکەوتە ستراتیجییە ئابووریی و جیۆپۆلیتیکییە بۆ گەمارۆدانی ئابووریی و سەربازیی چین ، کە وەک زەبەلاحێکی ئابووریی لە ئاسیاو ئەفریقا و بازاڕەکانی دنیادا مونافەسەیەکی توندی ئەمریکا دەکا .

پێوەندی ئۆرگانیی تورکیا و غەربی سەرمایەداریی تەنیا سەربازیی نییە ، ئەمرۆ تورکیا بەشێکە لە بزوتنەوەی پارەی سەرمایەداریی غەربیی و ناتوانێت بۆ یەک رۆژیش لێی جیابێتەوە ، دڵ و دەمارەکانی لەگەڵ بزاڤی ترسناکی سەرمایەی گەرۆکی جیهانیی تێکەڵ بوون . گەر ئێران ئەوە دەسال زیاترە بەرامبەر سزای دارایی و گەمارۆی ئابووریی رۆژاوا خۆی گرتووە ، هەر ئەوەندە بەسە ئەمریکا ناوی [ سزادان ] ی ئابووریی بەرامبەر تورکیا بەکار بێنێت یان ئۆباما دەموچاوی خۆی لە ئەردۆگان گرژ بکات ، تا هەر لە ئەنجامی کاریگەریی سایکۆلۆجی ئەمە : نرخی لیرە دابەزێت ، نرخی پشکەکانی کۆمپانیا تورکەکان هەرەس بێنن ، سەرمایەی ناوخۆ رابکات بۆ دەرەوە ، وەبەرهێناننی دەرەوە بوەستێت ، نرخی فائیدە لەسەر پارەی بە قەرز دارو بەرزبێتەوە ، کەرتی گەشتوگوزار بوەستێت ، بە کورتی ئابووری سەرمایە – بەندیی تورکیا هەرەس بهێنێت و وەک یۆنان و قوبروس پەنابەرێتە بەر قەرزی سندوقی پارەی جیهانیی و بانکی ئەوروپیی .

خۆ لە رووی سیاسیی و ئەمنیشەوە ئەوە تورکیا ئەوەندە گرفتی ناوخۆیی هەن کە ئەمریکاو ئیسرائیل بتوانن بە ئاسانی دژی هەر حکومەتێکی تورکیا بەکاریان بێنن لە پێشەوە پرسی کوردو ئازادییە سیاسییەکان و مافی مرۆڤ . لەبەر ئەوە تورکیا ناتوانێت خۆی لە ستراتیجی ئەمریکیی دابرێت ، کورتە رێگاشی بۆ ئەمە خزمەتکردنی ئیسرائیل و سەهیۆنیزمە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا .

کە ئەمریکییەکان باسی ستراتیجی خۆیان لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا دەکەن : باسی سێکوچکەی ئیسرائیل – تورکیا-قەتەر دەکەن .

راستیی قەتەر دەوڵەت نییە ، حکومەت نییە ، ولات نییە . دەنگ و دەستی پێشەوەی ئیسرائیلە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا ، قاحبەترین قاحبەی سیاسییە لە مێژووی دنیادا . دەم و لێوو دەست و پەنجەو چنگ و کەڵپەکانی هەمووی بەو شێوەیە کە ئیسرائیل مەکیاجی دەکاو نەخشەی بۆ دادەنێت .

هەرشتێ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بیانەوی بیکەن : بە پێلاوەکانیان دەیکەن : قەتەر بە ئاشکرایی و تورکیا بە نهێنی و ئیسرائیل – یش بێباکانە وەک مەلای مەنشور دۆخینەکەی کردۆتەوە .

ئەگەر رژێمەکانی تورکیای پێشوو [ قۆندەرەیەکی عەلمانی ] ئەمریکاو ئیسرائیل بوون . رژێمی ئێستا [ قۆندەرەیەکی ئیسلامیی ] ئەمریکاو ئیسرائیلەو لە ناو زیاتر هیچ لە ناوەرۆک نەگۆڕاوە .

بەلکو خراپتر و خەتەرناکتر بووەو زۆر خەستترو قووڵتر چۆتە ناو پرۆژەی سەهیۆنیی وئەمریکیی یەوە . ئەمە هەم لە ئاستی ئایدیۆلۆجی و هەم لە ئاستی سیاسەتی سەربازیی و ئەمنییدا ئەنجامی خەتەرناکی هەبووەو زیاتریشی دەبێت .

١. یەکێک لە پرینسیپ و دروشمە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عەلمانی ئەتاتورکی ئەوە بوو : ئاشتی لە ناوەوە ئاشتی لە دەرەوەدا . واتە دەولەتی تورکی بە هیچ جۆرێک نابێ خۆی تووشی شەرو ئاژاوەی دەرەوە بکات ، یان تەنانەت بە ناوی فروانکردنی دەولەتی تورکی و پارێزگاریی تورک و تورکمانەکان دەستبخاتە ناو کاروباری ولاتانی ترەوە . جگە لە قوبروس تورکەکان کەم یان زۆر ئەم پرینسیپەیان پاراستبوو . رژێمی پێشوو تەنانەت وەک ئەندامێکی ناتۆش ئامادە نەبوو هاوکاری ئەمریکاو بەریتانیا لە داگیرکردنی عێراق لەسالی ٢٠٠٣ دا بکات .

٢. پرینسیپ دووەمی : تورکیا دەولەتێکی قەومییەو هەموو هاولاتییان تورکن و یەکسانن و دەولەت هی هەموویانە .

دەبینین رژێمی تۆرانی نوێی ئەردۆگانی هەردوو پرینسیپەکەی خستە ژێر پێوە ، نەک وەک هەنگاوێکی دیمۆکراتی بۆ پێشەوەو هەڵوەشاندنەوەی بنەما رەگەزپەرستییەکانی دەولەتی تورک ، بەلکو بە پێچەوانەوە : بۆ خزمەتی چینێکی سەرمایەداریی زەبەلاحی نوێ و ژیاندنەوەی تەمای پانتورانیزمی عوسمانیی و پێشکەوتن بۆ دواوەو سنووردارکردنی ئازادیی و مافە دیمۆکراتییەکانی خەلک لە ژیر پەردەی ئایدیۆلۆجی دینیدا ، وەک زامنێکی کۆنەپەرستانە بۆ لێدانی هێزە دیمۆکراتییە ناوخۆکان . ئەمە لە ناوخۆدا .

لە دەرەوەشدا ژیاندنەوەی ئەفسانەی دژە – ئیسلامیی و دژە – ئینسانیی سوننیزم وەک سەرپۆشێکی دینیی بۆ ماکیاجە سەهیۆنیزم – یەکەی و پاسپۆرتێک بۆ بەشداری چالاکانە لە پرۆژەی داگیرکاریی وێرانکاری قەتەری – ئیسرائیلی -ئەمریکی دا دژی ولاتان و کۆمەلگاکانی ئیسلامیی .

لەم ئاستەی دەرەوەدا ئەردۆگان گەورەترین تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر خەلکی سوریا ئەنجام دا . گەر ئەتاتورک ئەرمەنییەکانی رەشبکوژو جێنۆساید کرد ، ئەردۆگان هۆکاری سەرەکی جینۆسایدی رۆژانەی خەلکی بێتاوانی سوریاو لەناوبردنی شارو شارستانییە کۆنەکەیەتی بە دەیان مزگەوت و منارەو شوێنەواری پێش ئیسلامیی و ئیسلامیی مێژووییشەوە . بە بێ هاوکاری تاوانبارانەو نائینسانییانەی ئەردۆگان مەحال بوو ئەم جێنۆسایدە دڕندانەو ویرانکارییە بێ ئامانە بەردەوام نەدەبوو . کەسێک ئاوا موجریم بێ و گۆشتی ژن و مندال بخوات و خوێنی مرۆڤ بخواتەوە ، و بشتوانێت شەو بێ خەم و خەیاڵ بخەوێت چی لێ چاوەڕی دەکرێت ؟

ئەوەتا ، لە ئاستی نێوخۆییشدا ، ئەردۆگان و دارودەستەکەی بێشەرمانە رایدەگەیەنن کە ئەوان %٥١ ی خەلک دەنگی بۆ داون و نوێنەری ئەو زۆربەن و باکییان بە %٤٩ – کەی تر نییە ! ئەردۆگان لە ئاست مەترسی راپەرینی ئەستەمبول و شارەکانی تر کەوتە ئەوئاستە منالبازارییەی بلێت :

” ئەگەر ئەمە دەربارەی خڕکردنەوەی خەڵک بێت .. ئەوە ئەگەر ئەوان ٢٠ کەسیان بۆ بێتە سەرجاددە ، من ٢٠٠،٠٠٠ دێنم ، ئەگەر ئەوان ١٠٠،٠٠ کەس بێنن من یەک ملیۆن دێنم .”

ئەمە عەقڵییەتی خۆکراسیی هەموو دیکتاتۆرەکانە .

ئەم بەچکە دیکتاتۆرە تۆرانییە ئەوەندە لە ئایدۆلۆجییەت و عەقلییەتی خۆپەرستیی و حیزبچێتییدا نقوم بووە ، ئەوەی لە بیر چۆتەوە کە ئەو گوایە سەرۆک وەزیرانی ولاتێکی دیمۆکراتییە ، هی هەموو خەلک ، ئەرکی ئەو ئاشتکردنەوەی خەلک و چارەسەکردنی گرفتەکانیان و پاراستنی بنسازیی وپرۆسەکانی دیمۆکراسییە نەک تێکبەردانی خەلک و شەرەتاقمی شەقام و عە‌زەڵات نیشان دان .

لە ئاستی کێشەی کوریشدا ، وەک لە وتاری پێشوودا روونم کردەوە :

یەکەم ئامانجی ئەردۆگان کەسییەو بۆ گۆڕینی سیستمی پەرلەمانییە بۆ سەرۆکایەتی بۆ مانەوەی خۆی .

ئامانجی دووەم : بێدەنگکردن و بێلایەنکردنی بزوتنەوەی سیاسیی کوردە لە ناوخۆی تورکیا و تێپەراندن و تواندنەوەی دەوری سەرەکی کوردە لە خۆراوا بە یارمەتی بنەمالەی بارزانی .

ئامانجی سێیەمی : هەرەگرنگ و ستراتیجی زامنکردنی کۆلۆنیالکردنی کوردستانی باشوورو خۆراوایە بۆ بەکارهێنانی نەوت و غازو بازارەکانیان بۆ پرۆژە پانتورکییەکانی .

تا ئێستا ئەردۆگان تەنانەت لەگەل کشانەوەی ‌هێزەکانی پەکەکەو عەمەلیاتی سەربازیی و دروستکردنی بنکەی سەربازیی لەو شوێنانەی پەکەکە لێی دەکشێتەوە نەوەستاندووە ، هەزاران زیندانی سیاسیی کوردی بەرنەداوە ، هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ ئازادکردنی زمانی کوردی لە خویندندا نەناوەو دەستوور وەک خۆی ماوەتەوەو ئامادە نییە ئۆجەلان ئازاد بکات .

ئەوە مانای وا نییە من رەشبین بم و بلێم ئەو پرۆسە ئاشتییە باش نییەو هەموو شتێک بە ئارەزۆی ئەردۆگان دەبێت . نا ، ئێستا سەدەی گۆرانە چاوەروان نەکراوەکانە ، ئەو راپەرینەی خەلکی تورکیاش شتێکی چاوەروانکراو نەبوو . یەکێتی نەتەوەیی و وریایی و دووربینی سیاسیی زامنی ئەوە دەکەن گۆرانەکان بۆ بەرژەوەندی خۆمان و بەرەژەوەندی ئاشتیی و مرۆڤایەتیی بەکاربێنین . گرنگ ئەوەیە هیچ لایەنێکی کوردیی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ، بە ئاشکرا یان بە دزیی ، نەبێتە جاش و داردەستی داگیرکەران .

نە لە سوریا ، نە لە عێراق و نە لە تورکیا ، کورد شەری خەلکی تر نەکات و نەبێتە لایەنیک لە ناکۆکییە تایەفیی و نەتەوەییە دروستکراوەکان ، بەلکو وەک هێزیكی ئیجابی پاڵپشتی پێکەوەژیانی ئاشتی و پرۆسەو سیستمی دیمۆکراسی بمێنێتەوە .

کورد پێویستە لە مێژووی دوورو نزیک فێر بێت و لە پێش هەموو شتێک و دوای هەموو شتێک مرۆڤ بێت و کورد بێت و بە هیچ بیانوویەکی دینیی ، ئادیۆلۆجی ، سیاسیی ، نەتەوەیی ، ئابووریی ، نەبێتە قاحبەو قۆندەرەو جاشی هیچ هیزێکی بێگانە و تەنیا و تەنیا هێزێک بێت بۆ مرۆڤایەتیی و چاکە نەک بۆ شەرو کینەو رق و قین و دوژمانیەتیی و خوینخواردنەوەو ئینسانخواردن وەک ئەردۆگان و بەربەرییەکانی قەتەرو ئەسەد و ئیسرائیل دەیکەن .

 3,199 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست