Rzgar-319x345

دکتۆر کەمال میراودەلی : سکالایەک بۆ کاکە رزگار لە چلەی دواکۆچیدا!! .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کاکە رزگار هەر چەند بیر دەکەمەوە ، خەندەکەت دەبینم ، ناتوانم ، بیر لەو نهێنییە ‌ ئەشکەنجەدارە نەکەمەوە ، لەو مەتەڵە ، لەو پرسیارە بێ وەلامە ، لەو ئەفسانە پر ئەفسوونە ، ناتوانم بیر لەو نیوسەعاتە نەکەمەوە کە بەیانی زووتر هەستایت وتت : قۆڵت دێشێت ، ئەم جارە قۆلێ چەپت بوو ، بۆیان شێلای ، وتت نا دەمەوێ بخەومەوە . چارەکە سەعاتێك و هەستایتەوە . وتت : ئاه ، هەموو جەستەم دێشێت ، ئیدی هەر ئەوە بوو ، ئازارەکە زۆر بوو ، کار لە کار ترازا بوو ، چاوەکانت لێک نان و هەلت نەهێنانەوە .

من بیر لەو چارەکە سەعاتە دەکەمەوە ، لە بیرکردنەوەت لەو کاتەدا ، لەو دەمە تێپەرییەی نێوان بوون و نەبوون ، نێوان مان و نەمان ، ژیان و ئەوەی پێی دەڵێن مەرگ .

من نازانم کامیان بە ئەرکتر بوو، گرانتر لەسەر شانت ، باری ژیان یان تارمایی مەرگ . ئەم گوازتنەوەت چۆن دەبینی ، خەمی ژیانت بوو یان مردن ، هی خۆت یان ئەوانی تر، هی راستیی یان خەیال ، هی بەیانیباشکردن کردن یان مالئاواییکردن ، هی خەوتن یان هەستانەوە .

نازانم لەو لەحزەدا بەراستی باری ژیان ئەوەندە قورس بوو کە دڵت هەلی نەدەگرت ، ئەوەندە بە کێشەو ئالۆز بوو کە مێشکت وەری نەدەگرت ، یان ئەوە ئەو لەحزە بۆشەیە کە دێ کاتێ کە دێ ، و هەموو هاتن و رۆیشتنەکانی تر دەوەستێنێ .

ئاه، ژیان چەند خۆشە . من دەمەوێ نهینییەکت بۆ ئاشکرا بکەم من ئەو پەری ریالیستێکی رەشبینم یان رەشبینیكی ریالیستم .

من ‌هەست دەەکەم ئەمە هەلویستی وجوودیی نییە، ئەمە باوەڕی فەلسەفی نییە ، هەموو کەس بۆ ئەوەی ریالیست بێت دەبێ رەشبین بێت ، بۆ ئەوەی راستیی و جوانیی رەشبینیی تێبگات دەبێ ریالیست بێت : شتەکان وەک خۆی ببینێ بە بێ ئەو وەهمەی هەمیشە بۆیانی زیاد دەکەین .

ئەمە بژاردەو بەرخواست نییە ، ئەمە ئایدیا و ئاکار نییە ، ئەمە ئەمە راستییەکە لەدەرەومان دایە ، لە ناومان دایە ، گرفتەکە ئەوەیە ئێمە زۆربەی جار بە چاو بیردەکەینەوە ، چاوی دەرەوە، بۆیە ‌هێندە باسی گەلارێزان دەکەین ، چونکە گەڵا زەرەدکانی پاییز لە بەرچاومان بە لێشاو دەوەرن ، شەپۆلی رەنگی زەردیان ئاوازی مەرگ بە گوێماندا دەچرپێنن ، وێنەی دوامالئاوایی لەبەرچاوماندا دەنەخشێنن ، یاسایەکی سروشتی لە مێشکماندا دەچەسپێنن .

بەلام چونکە چاوی ناوەوەمان ناکەینەوە نابینین : هەموو وەختێ گەلا لە دەورمان دەوەرن و نایانبینین .، چرۆ لە دەرەوە ەدەوەرن و نایانبینین ، چرا لە دەورمان هەلدەبن و دەکوژێنەوە نایانبینین .

چرۆکان لە ناوەوە دەوەرن لافاوی گەلاریزانە ونایبینین ، ئەو هەموو چرکانە لە سەعاتێکدا دەوەرن نایانبینین ، بیرناکەینەوە چەند چرکە لە ٢٤ سەعاتدا دەوەرن ، بەلام چونکە ئەو گەلاڕێزانە سپییە ، بێ رەنگە، نادیارە .، لەبەر چاومان زەرد ناچیتەوە بۆیە نایبینین .

نا ئێمەی مرۆڤ گەلارێزانی بەردەوامی خۆمان نابینین ، یان چاوی لێدەنوقینین .

چرکەکان ، چرۆیەکان ، دەوەرن لە ناوەوەو لە دەرەوە ، چرۆکانی کۆنەدرەختی ژیان لە وەرانێكی هەمیشەییدان هەتا لە گەل سایکلی عەدەمی بەرلەبوونمان یەگدەگرینەوە .

ئێمە چین جگە لە بڵقە سایکلێکی پەراویزەکەناری ئۆقیانووسەکانی بوون ، لە تۆزەگەردێکی رەشەبایەکی بێ ئامانی ئەمسەرو ئەوسەری گەردوونە ملێۆنییەکانی کانی بوون، گەردوونانی بیسنوورو بێ سەرەتاو کۆتایی و مرۆڤێکی گۆشتیی جەستەیی زەبوون و زەلیل و زالم بە رامبەر خۆی .

کاکە رزگار ، دڵنیام لە رەشبینی ریالیستی ئەم بیرەدا لەگەڵم نەدەبووی ، تۆیەک کە هەموو لەحزەیەکی ژیان لات خۆشەویست بوو، پڕ ماناو پڕ ئامانج بوو .

تۆ ژیانت زۆر خۆش دەویست . بە سادەیی منالێک ، خۆشییت بە هەموو شتە جوانە بچووکەکان دەهات ، مانا گەورەکانیش رایانکێشا بوویت و تووشاین کردبوویت .

بۆیە تۆ ژیانت نەکرد بە خۆشیی بۆ خۆت ، کردت بە ئەرک بۆ خۆت .

ژیان لای تۆ پۆزەتیڤانە خەبات بوو ، بۆ خزمەتی ئەوانی تر، کۆمەڵ ، مرۆڤ ، مرۆڤایەتیی .

بۆیە بیر لەو نیو سەعاتە نەفرەتییەی نێوان ژیان و مەرگت دەکەمەوە ؟ چۆنت بیر دەکردەوە ؟ ئایا دەستەویەخە بووی لەگەڵ دڵت کە چیتر ئەرکەکانی پێ هەلنەدەگیرا ، یان لەگەڵ مێشکت کە گومانی لە ماندووبوونییەکان دەکرد ، یان لەگەل پشووە رەشەبایەکی لە نەکاو کە هەموو چرۆکانی بەیەک هروژم لەبەر چاوت وەراندن و یەکەم جار بوو ئاوا لە قووڵاییەکی پەنهانەوە هاوارکەی : ئای لەم ئازارە زۆرە ؟

ئەمە چ بوو ، بۆ؟

ئەوەیە رەشبینیە ریالیستەکەم ، ئەوەیە ریالیستییە رەشبینییەکەم . بەلام لە گەل ئەوەشدا و لەبەرئەوە هەموو لەحزەیەکی ژیانم خۆش دەوێت ، هەموو داهێنانێکی مرۆڤ سەرنجم رادەکێشێت بەتایبەتی کە دەزانم کەسانیكی وەک تۆ هەن ژیان جوانتر دەکەن ، پێمان دەلێ : تا خۆشەویستی هەبێت ژیان شایانی ژینە ، تا ئێمە هەستی مرۆڤایەتیمان بەرامبەر یەکتر هەبێت ژیان هەموو لەحزەیەکی بە نرخ و شیرینە .

من لەوە سەرم سورماوە ئەوانەی بێ خۆشەویستیی ، دژ بە خۆشەویستیی و جوانیی دەژین، بۆ دەژین ، چۆن دەژین ؟

بەلا م کاکە رزگار گیان ، من ئیستا بیر لە تۆ دەکەمەوە ، بۆیە نالێمەوە ، ئاخ کاکە رزگار خەندە هەمیشەییە خۆرسکەکەت هەموو جارێ چەند شادی دەکردم ، چەند ژیانیی لە بەر چاوم جوانتر دەکرد ، چەند لەو ڕەشبینییانەی خۆمی کەمتر دەکردنەوە ؟ گەر ئەمە بڵێم باسی خۆم دەکەم ، نا من بیر لە تۆ دەکەمەوە ، لە گەشتی ژیانت و گەمارۆی ناهەقی ئەو نیو سەعاتەی تێپەڕبوون .

لە نهێنیی ئەو نیو سەعاتە ، لە بیروخەمەکان و خەونەکانت لەو لەحزانەدا .

کاکە رزگار یەکێک لە نەفرەتییەکانی رەشبینییە قوولەکەم ئەو هەستە بوونیارییە رۆحییە قووڵەمە بە نادادیی ژیان ، کە هەموولەحزەیەک دەستەوستان خەمبارم دەکات : نادادپەروەریی ، نەبوونی عەدالەت و بەلانس .

وەلامنەدانەوەی چاکە بە چاکە ، هەق بە هەق ، راستیی بە راستیی .

زاڵیی رەشەبا بە سەر شنەبادا ، زاڵیی لافاو بە سەر جۆگەو کانییدا ، زالیی درکەزیی بە سەر گوڵ وچرۆدا ، زاڵیی درۆو ساختەیی بە سەر راستگۆیی و پاکبیرییدا ، زاڵیی تەماع و تاوان بە سەر چاکەو میهرەبانییدا .

لە دوایشدا زالبوونی مەرگ بە سەر ژیاندا …

مردن بۆ هەمووانە ئەمە یاسایەکی یەکسانە ، بەلام هێشتا لە جۆرو کات و هەلبژاردنی مردندا داد نییە ، یەکسانی نییە، لۆجیک و مانا نییە .

کاکە رزگار، بۆ تۆ؟ کە تۆ جوانی جوانییەکان بوویت ؟!!

بۆ لەم کاتەدا ، کە پێویستی پێویستییەکان بوویت ؟!!

نەمبینیوەو نەمبیستووە لە هیج کاریكی نارێکی، دژایەتی ، دووبەرەکی ، ناحەزیی ، حیزبایەتی ناشیرین لە دووریشەوە تەرەف بووبیت ، گوێگر بووبیت ، مەیلدار بووبیت .

بۆ هەموو کاریكی خێرو جوانیش ، لە هەر کات و هەر شوێنێکیشدا بوو بێت ، خۆت لە بیر چۆتەوە ، ئامادەو بەخشندەو بەکار بوویت .

چۆن دوا چالاکی تۆم لە کۆڕەکەی خۆمدا لە بیر بچیتەوە ؟ ئەو ٢٠ دەقیقەی پێکەوە باسی ناوەرۆک و پرۆسەکەمان کرد ، ئەو چوار سەعاتەی بە جوانترین شێوە بەرێوەت برد ، ئەو خەندە شیرینەی بە هەمووانت دەبەخشیی ، ئەو رەوشە ناسکەی هێمنایی و هیوای بەهۆلەکە و دەرەوەی هۆڵەکە دەبەخشی .

ئاخر ئەمەیە رەشبینییەکەم کاکە رزگار : بۆ تۆ ؟

خۆ تۆ بەداخەوە یەکەم هاورێی خۆشەویستیش نەبوویت کە ئاوا بە لە نەکاوی بە ناکامی بە ئازاراوە جێت هێشتین !١

کاکە د ، شیرکۆ ، کاکە د. عوسمان جٶلا، کاکە د. سیروان ، کاکە سەعدوڵلا . ئاخ!

هەموویان هاورێی هەرە نزیکی دەیان سالە ، هەرە خۆشەویست ، هەرە جوانمەردو بەخشندە ، هەرە رووناکبیرو ولاتپەروەر، هەرە مرۆڤدۆست و چاکەدۆست ، لەم لەندەنەی رەنج و غوربەت وئاوارەییدا ، دا لە هەڕەتی گەنجیی و بەخشندەییدا ، بە دڵوەستان یان سەرەتان لە تەنیایی رەشبینیدا جێیان هێشتم .

کاکە رزگار دوای مەرگی ناکامی تۆ ، رۆژانە سەدان هەوالی مەرگ هەڵدەڕژێن : هەمووی مەرگی ناهەق ، کوشتن ، بڕین ، سەربڕین ، خوێنخواردنەوە . لافاوی تاوان . ئەوە ئەو مرۆڤە هەمیشە وەریوەیە لەم ژیانە کاتییە تیپەرەداو بۆ ئەم ژیانە کاتییە تێپەرە دەیکات .

کوشتنی ژیان و ژینگە . منال ، ژن ، گوڵ ، درەخت ، کانی ، بەرەبەیان ، شنەبا ، خۆر، جوانیی ، شیعر ، ئاواز ، ئاو ، ئاوایی ، ئاشتی ، هیوا ، مانا ، عەقڵ .

رەنگە ئەوە ئارامێک بۆ تۆ کە چیتر ئەم مەرگستانەی تاوان و ناهەقیی ئازارت نادات .

من باوەرم بە چیرۆکەکانی دوامەرگ نییە ، ئەوە ئێمە نین ، ماوەکان ئازادن لە بیرو یادەوەری و بۆچوونی خۆیاندا وێنەکان دروست بکەنەوە بەلام ئەوە ئێمە نین ئێمە هەر ئەوە ین کە هەین کاتێ هەین . بۆیە من بیر لە ساتەکانی بوونت دەکەمەوە . لە کاتەکانی ژیانت ، لە جوانییەکانت ، لە گەورەیی و بەخشندەییت ، لە میهرەبانیی و چاکە خوازییت ، رۆژەکان مانگەکان سالەکان کە وا لە بەردەمممان و لەناو هەناوماندا وا خێرا تێپەڕێن و خۆمان نەبینی ، تۆمان نەبینی ، لەژیانتدا نەمانپرسی ، نەمانزانی تۆ کێیت ، تۆ وەک خۆت خۆت دەبینی و دەناسی ، وەک بیرەکانی ناوەوەت ، وەک پرسیارەکانی نیوسەعاتە نەفرەتییەکە .

ئاخ بەس تۆ لە [ کۆیە ] کەتدا بووایە چ گۆڕانیک لەو شارۆچکەدا روویدەدا ، چەند جوانتر دەبوو ، جەند رووناکتر دەبوو ، جەند ئینسانیی و میهرەبانتر دەبوو !!

گۆڕین بۆ چاکە تەنیا مرۆڤانی چاک دەتوانن بیکەن ، گۆرین بۆ باشترتەنیا مرۆڤانی خاوەن ئەزموون و تواناو پرۆفێشن و خزمەتبەخشیی ودڵسۆزیی دەتوانن بیکەن ،

بەلام مەخابن ، لە گەندەڵستان و جەنگەلستانی ولاتەکەماندا ، بلاوترین هەوال کوشتن وخۆسووتاندنی كچانە ، مەرگی سەرجاددەکانە ، بلاوبونەوەی دەردو سەرەتانە ، رەگداکوتانی بێدادیی و تاوانە .

رزگارە رزگارکەرەکانیش دەبێ لە ئاوارەییدا باوەش بە مەرگی غوربەتدا بکەن .

بۆیە کاکە رزگار بە ئازارەوە بیر لەو ١٢ سەعاتە دەکەمەوە : لە نیوان بەرێوەبردنی کۆرەکەدا و لە نێوان بوومەلەرزەی هەوالی مەرگی تۆ لە هەناومدا :

هەواڵێک : باوەر دەکەی یان نایکەی ، تێی دەگەی یان ناگەی ، قبووڵی دەکەی یان نایکەی . هەر ئەوەیە . ئەمەیە ، کۆتایی ، کۆتایی ،

چوار سەعاتی نموونەیی ئەرکەکانی ژیان و خزمەت و بەخشندەییت .

١٢ سەعاتی نێوان .

نیو سەعاتی نێوان ئیرە و ئەوێ .

بەیانێش جەستە سرو بچوکبۆوەو ساردبۆوەکەت لە تابووتێکدا . هەر چەند لە ناوچەوانی پاک و چاوەجوانەکانت وردبوومەوە وەلامێکم بۆ نهێنی ئەو نیو سەعاتی گوازتنەوەیە بە دەست نەکەوت . هەموو لۆجیک و تاکە لۆجیکێک کە پێی راهاتووین ئەوە بوو هەڵت بگرین بۆ ناو گۆڕێکی قوول ، زۆر قووڵ ، تەسک و تەنگ ، و جەستە جوانەکەت بە خۆڵ و قوڕو گوڵی دوورەولاتیی داپۆشین .

ئەی چۆن رەشبین نەبم کاکە رزگار!

هێچ شتێ دڵم ناداتەوە .

من سوپاس وستایشی دوای مەرگی تۆم ناوێ !

من دادم دەوێ ، وەلامم دەوێ ، خەندە شیرینەکەی تۆم دەوێتەوە ، بەردەوامی ژیان و کاری جوانی تۆم بۆ خزمەتی ولاتەکەم و مرۆڤایەتی دەوێ .

هەموو حەپەسان و رامانەکەم لەو ١٢ سەعاتەی دوا بینیندا ، لەو چارەکە سەعاتەدا خڕ بۆتەوە، کە کاتی گوازتنەوە کە بوو، لە ژ – ەوە بۆ – م .

لە وشەیەکی دووبرگەییەوە بۆ وشەیەکی یەک برگەیی بە روالەت لە زار سوک و سادە ، بەلام پڕ لە گوناه وناهەقیی و بێدادیی :

مرد ، مات ، داید !!

بیر لەو نیو سەعاتە دەکەمەوە : ئایا ئەو کاتە ژیانت ئەوەندە وەرز بوو ، ئەرکەکان ئەوەندە گران بوون ، ئێشەکە ئەوەندە سەخت بوو ، ئەو دلە گەورە لەو جەستە گۆشتییە ناسکەدا ، هەڵی نەکردو هەڵی نەگرت !

یان ئەوە پلۆتی چیرۆکە قەدەرییەکەی خۆت بوو لەگەڵتا لە دایکبوو، یان بەدیهێنانی ئارەزوویی بان – ئاگایی وبێئاگایی خۆت بوو کە بەس بەسە . با چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی بێت .

نازانم ، سەرسامم . کاکە رزگار ئەوەندە جوانیی و خۆشیی و هیوا هەبوون بۆیان بژیت . لە پێشەوە جگەرکگۆشەکانت و هاوسەرە نموونەییەکەت ، و ئەوسا کارەکەت ، هاوڕێکانت ، شارەکەت ، ولاتەکەت ، مرۆڤایەتیی بە مانا قووڵ وفراوانەکەی .

ئەی بۆ؟

بۆ تۆ؟

ئەی بۆ رەشبین نەبم ؟

ئەی بۆ لە دەست بێدادیی نەناڵم و لە بێمانایی بیتۆییدا، ماناکان نەتوێنمەوە ؟

کاکە رزگار بیر لە تۆ دەکەمەوە، لە گەشتی کوردانەی پڕ سەختیی و ئازارو خەبات و ئاوارەیی و سەرفرازیی و سەرکەوتن .

بیر لە جوانییەکانت دەکەمەوە .

لە خەندە هەمیشەییە شیرینەکەت .

بیر لە دوا دوازدەسەعاتی ژیان و ئەو نیو سەعاتە هەڵواسراوەی نێوان ژیان و مەرگت دەکەمەوە .

بیر لە بیرەکانت دەکەمەوە . لە جەستە سڕەکەت ، لە دوا دیداری ئەو بەیانە نیسانییە پڕ خۆرو جوانییەدا .

لە دەنگی دەفەو هەلگرتن و شاردنەوەی تەرمەکەت .

ئەو هەست و خرۆشانە هەست پێدەکەم لە قووڵاییمادا سەردەکەن و دەبنە فرمێسکی وشک ..

چ بکە م؟ داد ، فریاد ، چۆن رەشبین نەبم ، کاکە رزگار ؟

 

827 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست