ocalan_imrali

عەتا قەرەداخی : چارەنووسی ئاپۆ لە نێوان زیندان و ئیمزا کۆکردنەوەدا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا چارەنووسی ئاپۆ بە کوێ دەگات ؟

ئایا دەوڵەتی تورک ئاپۆ ئازاد دەکات ؟

یان دەشێ ئاپۆ هەمان شێوەى ماندیلا پاش چەندین ساڵی زیندانی ، ئازادکردنی ببێتە کلیلی ئاشتی لە وڵاتێکی وەکو تورکیاداو لە سایەی ئەو ئاشتییەدا گەلی کورد بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بگات ؟

ئایا گومانی ئەوە ناکرێت کە تورکیا بیەوێت بە ناوی ئاشتییەوە کورد بە گشتی و پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرۆکەکەی بەتایبەتی فریوبدات ؟ .

ئایا ئەوە چی دەگەیەنێت کە تورکیا سەرباری ئەوەى کە باسی ئاشتی دەکات بەڵام ئامادە نییە خاسێتی تیرۆریست لە پارتی کرێکاران بکاتەوە؟

ئایا ئەوە چی دەگەیەنێت کە دەوڵەتی تورک لە لایەک باسی ئاشتی دەکات و لە لایەکی ترەوە سوورە لەسەر ئەوەى کە گەریلاکانی پێکەکە چەک دابنێن و بچنە دەرەوەى باکوری کوردستان؟

ئایا ئەمە لە خۆیدا جۆرێک لەرەتکردنەوەى داننان ناگەیەنێت بە پارتی کرێکاراندا؟

ئایا ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵبدات لە رێگای ئەم جۆرە گفتوگۆیەوە جەماوەر لە پێکەکەو سەرۆکەکەى دووربخاتەوەو لە هەمان کاتدا هەوڵبدات ئەو پارتە کوردیانەى تری تورکیا کە خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتی دەکەن وەکو نوێنەری کورد بناسێنێت ؟

ئایا ئەگەر تورکیا بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی خۆی ئەم هەنگاوانەى ئێستای بنێت ، چارەنووسی پارتی کرێکاران و ئاپۆ بە کوێ دەگات؟

ئایا ئەو هەموو ئیمزایەى کە بۆ ئازوادکردنی ئاپۆ کۆدەکرێتەوە دەورو کاریگەرییەکی ئەوتۆی دەبێت ؟

ئایا تورکیا دەوڵەتێکی لەوجۆرەیە کە حیساب ئیمزای خەڵک بکات ، بەتایبەتی ئیمزای هاووڵاتیانی کورد کە دەوڵەتی نوێی تورکیا تاکو ئێستاش ئەوانەى لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودان بە تورکی چیایی ناودەبات و تەنیا لە روانگەى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیشیەوە سەیری کوردی باشوور دەکات و کوردی رۆژهەڵاتیش وەکو ئامرازێک سەیر دەکات کە هەرکات ویستی لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بەکاریان بهێنێت .

دیارە هەمووان ئەوە دەزانن کە ئاپۆ وەکو سەرکردەیەک لە باکووری کوردستان دەورو کاریگەرییەکی گەورەى هەبووە لە درووستکردنی یەکەم شانە سەرەتاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا تاکو ئەو کاتەى کە ئەو پارتە بە تەواوى پەرەی سەندووەو پاشان بە ناچاری رێگای خەباتی چەکداری لە پێناوی مافە رەواکانی کورددا لەو بەشەى کوردستان لەبەرگرتووە ، چونکە ئەوە ئاشکرایە کە بەردەوام داگیرکەرانی کوردستان کوردیان ناچارکردووە پەنا بۆ چەک ببات ئەویش لە ئەنجامی نکوڵی کردنی سەرجەمی داگیرکەرانی کوردستان نەک هەر لە مافەکانی کورد بەڵکو لە بوون و شووناسی کوردبوونیشی . ئاپۆ وەکو سەرکردەی فیکری و مەیدانی پارتی کرێکاران بە هۆی توانای سەرکردایەتی و بوونی جۆرێک لە کاریزماوە لە کەسێتی ئەودا لە ماوەیەکی کورتدا توانی پارتی کرێکاران بکاتە یەکێک لە هەرە هێزە پتەوو تووندوتۆڵەکان لەسەر ئاستی جیهان کە لە پێناوی رزگاری نیشتیمانیدا خەبات دەکەن . هەروەک ئەم پارتەو سەرکردەکەی رۆڵێکی گرنگیان بینیووە لە زیندووکردنەوەى هەستی کوردایەتی لە باکووری کوردستان و تەنانەت کاریگەری دیاریشی هەبووە لەسەر بەشەکانی تری کوردستان . هەرچەندە ئێستا لە رووی گوتاری ناسیونالیزمەوە جۆرێک لە پاشەکشە بە شێوازی کارکردن و لێدوانەکانی ئەو پارتەوە دیارە بەڵام نکوڵی ئەوە ناکرێت کە وەکو پارتێک رۆڵی پێشەنگی هەبووە لە هەڵگرتنی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیدا ، کە ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دەوری ئاپۆ . کەواتە لەم روانگەیەوە نەک هەر دەوڵەتی تورک بەڵکو داگیرکەرانی تری کوردستانیش بەو چاوە سەیری ئاپۆو پارتی کرێکاران دەکەن کە رۆڵیان هەبووە لە زیاتر گەشەکردنی بیرۆکەى جیابوونەوەى کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی کوردیدا ، بۆیە ئەگەری ئەوە کەمە کە تورکیا بەئاسانی مل بۆ ئازادکردنی ئاپۆ بدات . هەروەک دەوڵەتانی تری داگیرکەری کوردستانیش ئەگەر بە ئاشکراش دەری نەبڕن ئەوە لە ئاستی نەگوتراودا لایەنگری ئازادکردنی ئاپۆ نین .

کاتێک کە ئوچالان وەکو سەرکردەیەکی خەباتگێڕ لە پێناوی مافەکانی نەتەوە چەوساوەکەیدا ، بە شێوەیەکی نامرۆڤانەو دوور لە هەر ئەخلاقێکی مرۆیی و لە نەخشەیەکی رێکخراودا دەستگیرکرا. لەو چرکەساتەدا کە ئێمە وەکو کوردو دڵنیام ئازادیخوازانی جیهانیش وەکو مرۆڤ هەستمان بەوە دەکرد کە سووکایەتی بە کەرامەتی نەتەوەیی و مرۆیمان دەکرێت ، دنیای بڕیاربەدەست وایان نیشان دەدا کە سەرکردەیەکی تیرۆریست کە سەرۆکی گەورەترین رێکخراوێکی تیرۆریستییە دەستگیرکراوەو بەوەش دڵخۆشبوون کە ئیتر پارتی کرێکاران هەرەس دەهێنێت و دەوڵەتی شۆڤێنی داگیرکەری تورکیای هاوکارو هاوبەرژەوەندی ئەوان لە ناوچەکەدا رزگاری دەبێت لە دەستی تیرۆر . بەڵام پتەوی پارتی کرێکاران و رەوایی مافەکانی کورد سەلماندی کە ناشێت لە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکدا بتوانرێت نەتەوەیەک بێدەنگ بکرێت . بۆیە بینیمان خەباتی پێکەکەو کورد لە باکوور لەگرتنی ئاپۆدا زیاتر جۆشی سەندوو تەنانەت دەستگیرکردنی ئاپۆ ، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و ، چ لەسەر ئاستی کورد لە تاراوگە جۆرە یەکێتی و یەکبوونێکی نەتەوەیی درووستکرد کە لەدەرەوەى پێشبینییەکانی تورکیاو داگیرکەرانی کوردستان و دەوڵەتانی تریش بوو . ئەم هەڵوێستەى کورد بە گشتی وەکو کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو کارە دژ مرۆییەى تورکیاو هەڵوێستی کەم ئەخلاقیانەى دنیا بەرامبەر بە نەتەوەیەک کە تەنیا دەیەوێت لەسەر نیشتیمانی باوباپیری خۆی بە ئازادی و وەکو مرۆڤ بژی . بێگومان دادگای تورکیا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ ئوچالان دەرکرد بەڵام بڕیارەکە جێیەجێ نەکرا . پاشا بەو فەرمانەى دادگا ، خەباتی پێکەکەو کورد نەک کۆتایی نەهات بەڵکو زیاتر پەرەی سەند . ئەمەش ئەو بۆچوونەى درووستکرد کە تەنانەت ئەگەر ئاپۆش لە سێدار بدرێت ئەوە ناتوانرێت کورد بێدەنگ بکرێت و خەباتی پێکەکە کپ بکرێتەوە . رەنگە تورکەکان گەیشتبنە ئەو بۆچوونەى کە تاکە رێگا لەبەردەمیاندا بۆ درووستکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە تورکیادا درووستکردنی ئاشتییە لەگەڵ پارتی کرێکاران . پارتی کرێکارانیش تەنیا لە رێگای گفتوگۆی ئازادانەوە لەگەڵ سەرۆکەکەیان دەشێ بتوانن بڕیاری ئاشتی بدەن . دیارە بەبێ ئازادکردنی ئاپۆو بەبێ گۆڕینی دەستووری تورکیا بە جۆرێک کە مافی بوونی نەتەوەیی و شووناس بۆ کورد بگێڕیتەوە ئەگەری سەرگرتنی ئاشتی ئەگەرێکی هێجگار لاوازە . بۆیە لەم روانگەیەوە ئەگەر دەوڵەتی تورک بە لۆجیکی عەقڵ بیربکاتەوە ئەوا دەبێ لە هەنگاوی یەکەمیدا ئاپۆ ئازاد بکات و دەستووری تورکیا بگۆڕێت . ئەگەر ئەوەش نەکات ئەوا بێگومان نەئاشتی سەردەگرێت و نەدەتوانێت کورد بە گشتی و پێکەکە بە تایبەتی بێدەنگ بکات .

سەرباری ئەوەى کە ئەمەریکاو زۆرێک لە دەوڵەتانی رۆژئاوا ئەو هەنگاوەى پێکەکەو تورکیا بۆ ئاگربەست بە هەنگاوێکی باش ناودەبەن بەڵام کێشەیکی سەرەکی بەردەم سەرگرتنی ئاشتی لەو وڵاتەدا ئەەوەیە تاکو ئێستا هیچ کام لە تورکیاو ئەو دەوڵەتانە هەنگاوێکی کردەییان نەناوە بۆ لێکردنەوەى خاسێتی تیرۆریست لە پێکەکەو سەرۆکەکەى . هەتا خاسێتی تیرۆریست لەو پارتەو سەرۆکەکەى نەکەنەوە ئەگەری ئەوە نییە کە زەمینە بۆ درووستبوونی ئاشتی خۆش بکرێت. بە تایبەتی بۆ ئامادەکرنی ناسیونالیستی تورکی کە رەگوریشەکەى کەمالیزمە ، بۆ رازیبوون بەوەى کە کورد وەکو نەتەوەیەکی خاوەن شووناسی جیاواز لەو وڵاتە قبوڵ بکات . ئەگەر زەمینەیەکی لەوجۆرە ئامادەکرا ئەوا بۆ دەوڵەتی تورک ئاسایی دەبێت باس لە ئازادکردنی ئاپۆ بکات و بە راستیش ئازادی بکات .

بێگومان ئەو شاڵاوەی کۆکردنەوەى ئیمزا لە کوردستان بە تایبەتی لە باشوور بۆ ئازادکردنی ئوچالان دەستی پێکردووە ، جۆرێکە لە خەباتی مەدەنیانە لە پێناوی ئازادی سەرکردەیەکدا کە ژیانی خۆیی لە پێناوی ئازادی نەتەوەکەیدا بەسەر بردووە . کە دەشێت رووبەری ئەو ئیمزاکۆکردنەوەیە فراوانتر بکرێت و نەک هەر هەموو کوردستان بگرێتەوە بەڵکو بگاتە ئاستێک کە ئازادیخوازانی جیهان و دۆستانی گەلی کورد لە هەموو لایەک بەشداری تێدا بکەن . هەرچەند من بڕوام وایە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان تاکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەوەى رێز لە راوبۆچوونی هاووڵاتیانی خۆیان و تەنانەت رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن ، هەربەوپێیەش گوێ لە داواکاری خەڵک بۆ ئازادکردنی مرۆڤ لە زیندان و لەسێدارەدان بگرن. بەڵام پێویستە ئەم جۆرە خەباتە بەردەوام بێت ، خۆ ئەگەر دەوڵەتی تورک هیچ وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی نەبوو ئەوا باشتروایە ئەو خەباتە لە کۆکردنەوەى ئیمزاوە بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانی هێمنانە بە جۆرێک هەموو کوردستان لە وەها چالاکییەکدا بەشداری بکات . هەروەها هەوڵبدرێت بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری حیزب و رێکخراوە ئازادیخوازەکانی جیهان و پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاواو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەو رووەوە مسۆگەر بکرێت ، چونکە مەسەلەى ئازادکردنی ئوچالان تەنیا ئازادکردنی مرۆڤێک نییە بەڵکو دەشێ ئەو دۆزە بەکاربهێنرێت لە پێناوی زیاتر بە نێودەوڵەتیکردنی کێشەى کوردو داوا رەواکانیدا کە ئازادیء سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی خۆیەتی لەسەر خاکی نیشتیمانی خۆی .

 

1,373 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت